بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ساڵح حەیدەری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ساڵح حەیدەری

ساڵح حەیدەری (١٩٢٢–٢٠٠١) چالاکوانێکی سیاسی و نووسەری کورد بوو.

سەرەتای ژیان و خوێندنی

[دەستکاری]

ساڵح کوڕی حەیدەر کوڕی عاسم و لە بنەماڵەی بەناوبانگی حەیدەرییە، ٩ی ئایاری ١٩٢٢ لە گەڕەکی عارەبانی شاری ھەولێر لەدایکبووە. بە حەوت ساڵی خراوەتە بەر خوێندن، ١٩٣٥ قۆناغی سەرەتاییی لە قوتابخانەی ھەولێر بڕیوە؛ کە پۆلی چوارەمی سانەویی خوێندووە، ١٩٣٩–١٩٤٠ پۆلی پێنجەمی لە سانەویی مەرکەزیی بەغدا تەواوکردووە. لە کۆلیجی حقووق وەرگیراوە، بەڵام پاش دەوامی چەند حەفتەیەک وازی لێھێناوە و چووەتە خانەی بەرزی مامۆستایان. ١٩٤١ لەبەر جووڵانەوەکەی ڕەشید عالی گەیلانی و دەرنەچوونی لە ھەردوو خولی دەرسی ئینگیزیدا، دەستی لێھەڵگرتووە. ١٩٤٣ چووەتەوە بۆ کۆلیجی حقووق.[١][٢]

زیندانی کردنی

[دەستکاری]

ساڵانی ١٩٤٧–١٩٤٨ گیراوە و لە بەندیخانەی کەرخ توندکراوە، بۆیە خوێندنی پێ تەواونەکراوە. پاش لێکۆڵینەوە و حوکمدان، زیندانەکەی لە بەندیخانەی کووت و نوگرەسەلمان و چاودێرییەکەیی لە قەزای سامەڕڕا بەسەربردووە. ١٩٥٩ چووەتەوە حقووق و ١٩٦١ بڕیویە. ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦١ چووەتە کۆلیجی ئەفسەرانی ئیحتیات و بووە بە ئەفسەر، ١٢ی حوزەیرانی ١٩٦٢ لەبەر ھۆی سیاسی دەستبەردار کراوە.[١][٢]

وەزیفەکانی

[دەستکاری]

١٩٤١ بە نووسەر لە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ھێڵی ئاسنی شەمەندەفەر لە بەغدا دامەزراوە. شوباتی ١٩٤٢ خزمەتەکەیی –بەھۆی داود حەیدەریی وەزیری دادەوە کە ئامۆزای بووە- گواستووەتەوە بۆ دادگای بەراییی ھەولێر. ١٩٤٣–١٩٤٤ کارەکەیی بردووەتەوە بۆ بەغدا، ھەم خوێندوویەتی و ھەم وەزیفەی دیوە. لەبەرئەوەی حوکم دراوە بە زیندان، دەستی پێ لە وەزیفە کێشراوەتەوە و دوورخراوەتەوە. ١٩٥٠ بە ماڵەوە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی بابی لە دێی (بێریات)ی ھەولێر.[١][٢]

  • ١٩٥٣ ڕووی کردووەتەوە بەغدا و لە ھێڵی ئاسنی بەغدا کاری کردووە بە مووچەیەکی ڕۆژانە و پێ بەپێ لە کۆمپانیای پێشبڕکێی مەنسوور (ڕایسز) کاری ھەبووە.[١][٢]
  • پاش ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ ھاتووەتەوە سەر وەزیفە لە داداگای بەراییی بەغدا، ١٩٦٣ دەرکراوە.[١][٢]
  • شوباتی ١٩٦٦- ئابی ١٩٦٧ لە (کۆمپانیای نیشتمانیی پیشەسازییە کیمیایییەکان) کاری کردووە.[١][٢]
  • ٢١ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٨ ھێنراوەتەوە بۆ وەزیفە لە دادگای بەراییی ئاکرێ.[١][٢]
  • ٢٠/١١ ھەمان ساڵ گواستراوەتەوە بۆ دادگای شەرعیی ناوچەی (ڕەسافە)ی بەغدا.[١][٢]
  • لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٧دا دەستی کێشاوەتەوە بۆ خووەتەرخانکردن بۆ ڕۆژنامەی «العراق». ١١ی ئایاری ١٩٧٨ پلەکەی گەییوەتە یاریدەدەری دادوەری لەپێشتر (مساعد حاکم أقدم) و ١٨ی ئایاری ١٩٨٠ خانەنشینبووە.[١][٢]

چالاکی سیاسی

[دەستکاری]
  • ١٩٤٢ ڕێکخەری یەکەم شانەی مارکسی لە ھەولێر،[١][٢]
  • ١٩٤٣ بەرپرسی یەکەم ڕێکخستنی مارکسیی خۆجێییی (کۆمەڵی میللەت) ناو،[١][٢]
  • ١٩٤٤–١٩٤٦ بەرپرسی حیزبی (شۆڕش)،[١][٢]
  • ١٩٤٥–١٩٤٦ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی (ڕزگاریی کورد)،[١][٢]
  • ١٩٤٧ سەرپەرشتی کەرتەکانی ھەردوو حیزبی (تەحەڕڕور) و (شیوعی) لە ناوچەی (ڕەصافە)ی بەغدا و ھەردوو کەرتی ئەعزەمییە و کازمییە،[١][٢]
  • ١٩٥٦–١٩٥٧ ئەندامی یەدەکی حیزبی شیوعیی عیراق و پاشتر لە یەکگرتنەوەی باڵی شیوعییەکانی کورد و پارتی دا، بووە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان.[١][٢]
  • بەشداریی نووسینی ڕۆژنامەنووسیی نھێنیی کردووە لە (یەکێتیی تێکۆشین ١٩٤٣–١٩٤٤)، (شۆڕش و ڕزگاری ١٩٤٤–١٩٤٥)، (ئازادی ١٩٤٦–١٩٤٧)، (ئازادیی کوردستان ١٩٥٧)، (ڕایە الشغیلە ١٩٥٣–١٩٥٦)، (خەباتی کوردستان ١٩٥٧–١٩٥٨)، (خەبات ١٩٦٣–١٩٦٤)، (کادر ١٩٦٨–١٩٧١)دا. لە «گەلاوێژ» دا نووسیویە.[١][٢]
  • ١٩٥٩ ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی نەقابەی ڕۆژنامەنووسانی عیراق، ١٠ی شوباتی ١٩٥٩ خاوەندی ئیمتیازی گۆڤاری «ڕٍزگاری»، ١٩٥٩ نووسەر لە «خەبات»، ١٩٧١ و ١٩٧٦–١٩٨٠ سەرۆکی نووسینی ڕۆژنامەی «العراق» و پاشکۆ کوردییەکەی،[١][٢]
  • ١٩٥٩–١٩٧٠ ئەندامی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئەندامی یەکێتییەکە تا ١٩٨٠، ١٩٧٤–١٩٨٠ ئەندامی ئەنجومەنی نەقابەی ڕۆژنامەنووسان.[١][٢]
  • ١٩٧٥–١٩٨٠ ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی بووە لە بەغدا.[١][٢]

کۆچی دوایی

[دەستکاری]

١٩٩٠ ماڵەکەیی لە بەغداوە ھێناوەتەوە بۆ ھەولێر. ١٩٩٩ تووشی نەخۆشیی ئەلزەھایمەر بووە، ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠٠١ کۆچی دواییی کردووە و لە گۆڕستانی (حەیدەرییان) نێژراوە.[١][٢]

بەرھەمەکانی

[دەستکاری]

جگە لە بیرەوەرییەکانی کە بەشێکی بە ناوی (مختارات من مذکرات صالح الحیدری)یەوە لێ لە چاپ دراوە، چوار کتێبی دیکەی دەستنووسی ھەن.[١][٢]

ژیانی ھاوسەرگیری

[دەستکاری]

ساڵح حەیدەری، ١٤ی ئایاری ١٩٤٦ خاتوو «نەزیھەی عارف ئەمین»ی ھێناوە، دوو کوڕ (بەختیار١٩٤٧، کاوە ١٩٥٧) و دوو کچ (سنۆبەر ١٩٥٠، سەرو ١٩٥٥)ی لێ بووە.[١][٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16 17 18 19 20 21 22 گۆڤاری گەلاوێژ، بەرگی یازدەهەم/ بەشی یەکەم- ژیاننامە و پێڕست، ئامادەکردنی سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عەبدوڵڵا زەنگەنە، لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٦، ل8106-8108
  2. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16 17 18 19 20 21 22 مختارات من مذكرات صالح الحيدري، مطبعة ڕنج، السليمانية، ٢٠٠٤، ص٢–٤؛ بورھان حاتەم گۆمەتاڵی، ساڵح حەیدەری ١٩٢٢–٢٠٠١ ڕۆڵی سیاسیی و ڕووناکبیریی، لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری ¬K24)، ھەولێر، ٢٠١٢، ل٢٩، ٣٢–٤٠