دەروازە:ڕۆژژمێر/دەستپێک/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕۆژژمێر (بە ئینگلیزی: Calender) ھەر وڵاتێک بەگوێرەی ڕۆژژمێرێک کاروباری خۆی بەڕێوە دەبات و، ساتی قەومانی ڕووداوێکیش بووە بە دەستپێکی ڕۆژژمێرەکەی. زۆربەی وڵاتان بەگوێرەی "ساڵی زایینی" ھەڵسوکەوت دەکەن؛ ھەندێ وڵاتیش وەکو چین، ئەفغانستان، ئێران و ھتد پێڕەوی ساڵی ترن.

دانیشتووانی ھەر پارچەیەک لە کوردستانیش چونکە وڵات و دەسەڵاتی سەربەخۆیان نییە، خۆنەویست ڕۆژژمێری ئەو وڵاتە بەکار دەبەن کە تێیدان. ھەڵبەت کورد سەرەڕای بێوڵاتی، ساڵی تایبەتیی خۆی ھەیە کە بەو پێیەش "ڕۆژژمێری کوردی" داڕێژراوە. لێرەدا دەمانەوێ باسی «ساڵ» و «ڕۆژژمێر»ە گرنگەکان پەیوەندی و جیاوازییان لەگەڵ ساڵی کوردیدا بکەین. دەستپێکەکەی ھەفتەی لەدایکبوونی عیسا مەسیحە و، ڕۆژژمێرەکەش "ڕۆژژمێری زایینی"یە. لە ساڵی ١٥٨٢ی زایینیدا، پاپ گریگووری ھەشتەم، دوایین ئاڵوگۆڕی لەو ڕۆژژمێرەدا کرد و ئێستاکە بە «ڕۆژژمێری گریگووری» بەناوبانگە. ٣١ی دیسامبر، کاتژمێر ١٢ی شەو (٢٤.٠٠)، ساتی گۆڕینەوەی ساڵی زایینییە بۆ ساڵی نوێ. (لە ساڵی ھەتاوییدا، ساتی گوڕینەوەی ساڵ بەو شێوەیە نییە). لە ڕۆژژمێری گریگووریدا پەیوەندی لەنێوان ساڵ و وەرزەکاندا نییە. بە شێوەیەکی بڕیاردراو، ژمارەی ڕۆژەکان لە حەوت مانگی ساڵدا ٣١ ڕۆژ، لە چوار مانگدا ٣٠ ڕۆژ و مانگێکیش لە ساڵدا بە شێوەیەکی ناڕێک ٢٨ یان ٢٩ ڕۆژە. ھەر چوار ساڵ جارێک، ساڵی پڕ (کبیسە leap year)‌یە، مەگەر ئەو ساڵانەی کە شیاوی دابەشکردن بن بە (١٠٠)، بەڵام نەک بە (٤٠٠). کەوا بێ، ساڵی ٢٠٠٠ ساڵی پڕ بوو (چونکوو شیاوی دابەشکردنە بە ٤٠٠) بەڵام ساڵی ٢١٠٠ ساڵی پڕ نییە. ڕۆژژمێری گریگووری لە ھەر ٣٣٣٠ ساڵ یەک ڕۆژی ھەڵەیە. زۆربەی وڵاتانی دنیا پێڕەوی ساڵی زایینین، تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش، ھەرچەند لەدایکبوونی عیسا مەسیح دەستپێکی ساڵی زایینییە.


ئەو ساڵەی کە لە ئێراندا پێڕەویی لێ دەکرێت پێی دەوترێت ساڵی ھەتاوی. ھەروەھا کوردانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش کە کەوتوونەتە چوارچێوەی ئەو وڵاتەوە، بەگوێرەی ئەو ساڵە ھەڵسوکەوت دەکەن. ساڵی ھەتاوی (خورشیدی، شمسی) لە بنەڕەتدا ھی کلدانییەکان بوو کە شارستانییەتێکی دێرین بوون لە (نێوان دووڕووباران = بین النھرین)دا. ئێرانییەکان پێش لە ھاتنی ئیسلام پێڕەوی "ڕۆژژمێری زەردەشتی" بوون و، "ساڵی ھەتاوی"یان بەکار نەدەھێنا. کاتێ عەرەبەکان ھێرشیان بردە سەر ئێران، ناچاریانیان کرد کە بەگوێرەی "ڕۆژژمێری عەرەبی" باج و پیتاک و سەرانەیان بدەنێ. ڕۆژژمێری زەردەشتی لە برەو کەوت. دواتر ئێرانییەکان ڕۆژژمێرێکیان داھێنا کە لەسەر بنەمای ساڵی ھەتاوی داڕێژرابوو و سەرەتاکەشی خاکەلێوە (فروردین) بوو.



ھەنووکە ١٬٤٩٦ وتار لە دەروازەی ڕۆژژمێردا ھەیە.

وتارێک لەوان بە ھەڵکەوت ببینە