بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دەروازە:چیاکان/چیای ھەڵبژێردراو/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

چیای ئیڤرست (بە نیپالی: सगरमाथा؛ تێبتی: چۆمۆلۆنگما ཇོ་མོ་གླང་མ) بەرزترین چیای زەوییە لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە، دەکەوێتە ناوجەرگەی زنجیرەچیای مەهالانگور هیمال (هیمالایە).لوتکەی چیای ئیڤرست سنووری نێودەوڵەتی چین–نیپالە، بەرزی چیایەکە(لەترۆپکی لووتکەکەی) ٨,٨٤٤.٨٦ مەترە (٢٩,٠٣١.٧ پێ) ئەم پێوانەیە بەم دواییانە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن دەسەڵاتدارانی نیپالی و چینیەوە ئەنجامدراوە. چیای ئیڤرست بۆتە جێگای سەرنجی زۆرێک لە شاخەوانە سەرکێش و بەناوبانگەکان، لەگەڵ ئەمەشدا تەنها بۆ شاخەوانە سەرسەختەکانە ئەوانەی خاوەن ئەزموونێکی زۆرن لە شاخەوانی. بۆ ئەم مەبەستەش دوو ڕێگای سەرەکی هەیە بۆ بەسەرکەوتنی، کە یەکێکیان لەبەری باشووری ڕۆژهەڵاتیەوەیە کە بەری وڵاتی نیپالە (بە ڕێگای ستاندارد و باو ناسراوە) و ئەوی تر لە باکوورەوەیە لەبەری تبت(چین). ئەم دوو ڕێگایەش دوو ڕێچکەی سەخت و ناڕوونن کە شاخەوانان دروستیان کردووە و هیچ پێوانەیەکی سەلامەتی نیە، مەترسیەکانی چیای ئیڤرست زۆرن وەک نەخۆشی بەرزایی و نالەباری کەش و هەوا و با، هەروەها جگە لە مەترسییە گەورەکانی سەهۆڵبەندان(سووتان و ئاوەڵان). تەنها لە ساڵی ٢٠١٩دا پتر لە ٣٠٠ کەس لە چیای ئیڤرست گیانیان لە دەست داوە. یەکەم هەوڵ بۆ گەیشتن بە لووتکەی چیای ئیڤرست لەلایەن شاخەوانانی بەریتانیەوە ئەنجامدراوە. ئەوسا نیپال ڕێگەی نەدەدا بیانییەکان بچنە ناو وڵاتەکەیانەوە، بۆیە بەریتانیەکان ناچاربوون لە ڕێگای هێڵی باکوورەوە بگەن بە لووتکەکەی . یەکەم گەشتی گەڕان لەلایەن بەریتانیەکانەوە لە ساڵی ١٩٢١ ئەنجام دراوە کە توانیان تا ٧٠٠٠ مەتر (٢٢٩٧٠ پێ) بەرز ببنەوە لە ڕێچکەی هێڵی باکوور دواتر هەوڵی دووەم لە ساڵی ١٩٢٢ توانیان تاوەکو ٨٣٢٠ مەتر بەرز ببنەوە(٢٧٣٠٠ پێ). گەشتی ساڵی ١٩٢٤ یەکێک لە گەورەترین نهێنیەکانی چیای ئیڤرستی بۆ ئەم ڕۆژگارەی لێکەوتەوە: جۆرج مالۆری و ئەندرو ئیرڤین لە ٨ی حوزەیراندا هەوڵی کۆتایی لووتکەکەیان دا بەڵام هەرگیز نەگەڕانەوە، مشتومڕی لێکەوتەوە کە ئایا ئەوان یەکەمین ئەوکەسانەن کە خۆیان گەیاندە ترۆپکەکەی یان نا بەڵام دواتر تێنزینگ نۆرگای و ئێدمۆند هیلاری بوون بە یەکەم دووکەس کە بەفەرمی ئەم پێوانەیان تۆمارکرد لە ١٩٥٣، کە ڕێگای هێڵی باشووری ڕۆژهەڵاتیان بەکارهێنا(نیپال) نۆرگای گەیشتە ٨,٥٩٥ مەتر (٢٨,١٩٩ پێ) دواتر لە ٢٥ی ئایاری ١٩٦٠ دەستەی شاخەوانی چینی وانگ فژوو و گۆنپۆ و قو ینێهوا یەکەم ڕاپۆرتی بەرزبوونەوەیان لە هێڵی باکوورەوە بڵاوکردەوە.

زیاتر...