دەروازە:جەنگی جیھانیی دووەم/دەستپێک/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جەنگی جیھانیی دووەم یان دووەم جەنگی جیھانی بریتی بوو لە ناکۆکییەکی نێودەوڵەتی وێرانکەر کە لە ٧ی تەممووزی ١٩٣٧ دەستی پێکرد لە ئاسیا و لە ١ی ئەیلوولی ١٩٣٩ لە ئەورووپا و لە ساڵی ١٩٤٥ کۆتاییی ھات بە خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن لە دوای وێرانکردنی ھێرۆشیما و ناگازاکی لەلایەن ویلایتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ھێزە چەکدارەکانی نزیکەی ٧٠ دەوڵەت بەشدار بوون لە شەڕە ئاسمانی و دەریایی و وشکانییەکاندا. جەنگی جیھانیی دووەم بە جەنگێکی گشتگیر دادەنرێت، و زۆرترین باجی ھەبوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەبەر فراوانیی ڕووبەری شەڕەکە و زۆریی شانۆکانی جەنگ و بەرەکانی. زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن سەرباز بەشدار بوون تێیدا، و لایەنە ناکۆکەکان چەندین دەوڵەت بوون، و زیانە گیانەکان ئێجگار زۆربوون. نزیکەی ٦١ ملیۆن کەس بوونە قوربانی لە سەربازی و مەدەنییەکان. مەدەنییەکان دوچاری زیانی گیانی بوونەوە لە جەنگی جیھانیی دووەمدا زیاتر لەھەر شەڕێکی تر لە مێژوودا، و ھۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بۆمبارانە چڕەکانی سەر شار و گوندەکان کە سوپای بەریتانی ھێنایانە کایەوە بە ھاتنە سەر حوکمی وینستۆن چێرچیل و سوپای نازی ئەڵمانییش بە ھەمان شێوە وەڵامیان دایەوە، و زیانێکی مەدەنیی گەورە لە ھەردوو لایان کەوتەوە. ھاوکات لەگەڵ ئەمانە ئەو کوشتارگانەی کە سوپای ژاپۆنی بەرامبەر میللەتی چینی و کۆری کردیان، ژمارەی قوربانییە بێتاوانەکان و سەربازەکان بەرز بوویەوە بۆ ٥١ ملیۆن کوژراو، کە نزیکەی %٢ی دایشتوانی جیھان بوو لەو سەردەمەدا.