حەمە جەمیل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حەمە جەمیل : ( ١٩٠٩ - ١٩٦٢) بەڕێوبەر و سیاسەتوان

پێشینەی خێزانیان[دەستکاری]

حەمە جەميل

محەمەد جەمیل کوڕی ڕەزا کوڕی مەعرووف ئەفەندی و دایکی، ڕەحمە کچی ئەحمەدە. ڕەزا ئەفەندیی باوکی، ئەفسەری سپای عوسمانی بووە، پلەکەی گەییوەتە بینباشی (موقەددەم). [١][٢]

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٠٩ لە گەڕەکی (گۆیژە)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەپێی گەواھینامەی ڕۆژی ١٤/٩/١٩٣٦ی بەڕێوەبەرێتیی ناوچەی مەعاریفی بەغدا، ١٩٣٦ قۆناغی سەرەتاییی لە قوتابخانەی ئێوارانی (مەئموونییە) تەواوکردووە.[١][٢]

ئەو ماوەیە، بەپێی نووسراوی ڕۆژی ٣٠/٧/١٩٣٤ی "دکتۆر حەسەن شەرەف"ی پزیشکی مەوقیعی سەربازیی دیانا، سەربازی یەکەمی تەندروستی (جندي أول صحي) بووە و ڕێی پێ دراوە تیمار و چارەسەری نەخۆش بکا.[١][٢]

واتە دەبێ ئەو ماوەیە لە (دیانا)ی ناوچەی ھەولێر بووبێ. ساڵانی ١٩٣٤-١٩٣٧ لە پۆلی یەکەم و ١٩٣٧-١٩٣٨ لە پۆلی دووەمی ناوەندیی بەغدا بووە و بە سەرکەوتوویی دەرچووە.[١][٢]

سانەویی، ھەر لەوێ لە قوتابخانەی (تەفەییوز- التفيض) خوێندووە. پاشان چووەتە کۆلیجی حقووق و ساڵی ١٩٤٦ تەواوی کردووە. ساڵانی سانەوی و زانکۆ، کارمەندی نەخۆشخانەی شاھانەی بەغدایش بووە.[١][٢]

وەزیفەكانی[دەستکاری]

ئەوەی دروست نووسراوە، ئەم وەزیفانەی بووە:[١][٢]

  1. بەڕێوەبەری ناحیەی سرۆچک، حوزەیرانی ١٩٥٤ یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی یەکلاییکردنەوە (تةسويية)ی زەوەوزار لە ھەولێر، دوایی سەرۆکی لیژنەکە.
  2. ئەیلوولی ١٩٥٦ سەرۆکی لیژنەی مافی زەویوزار لە ڕانیە.
  3. بە قسەی خاتوو "شیرین"ی کچیشی وەزیفەی دیکەی ھەبووە، وەک: ساڵانی چل دادنووس لە بەغدا،
  4. بەڕێوەبەری ناحیە لە مەرگە، ماوەت، گەرمک،
  5. دادوەری دادگای تەمیز لە مووسڵ،
  6. سەرۆکی لیژنەی تەسوییەی زەویوزاری ھەڵەبجە و سلێمانی، لە چوارتا، قەڵادزێ و تەلەعفەریش وەزیفەی دیوە.

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

محەمەد جەمیل، ھەر زوو تێکەڵی سیاسەت بووە لەناو یەکەمین شانەکانی حیزبی شیوعیی عیراق دا. کە "فەھد" و "زەکی بەسیم" گیراون، ئەم ھەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات و ساڵێک پتر خۆی شوێنەون کردووە. چەند جارێکی دیکەیش گیراوە و خراوەتە زیندان لە بەغدا و شوێنانی دیکە. ماوەیەکیش دوورخراوەتەوە بۆ (تەلەعفەر). سەعید قەزاز، وەک کاربەدەستێکی دەستڕۆی ڕۆژگارەکە، فریای کەوتووە. ساڵی ١٩٥٨ چووەتە بریتانیا بۆ نەشتەرگەریی گورچیلە. پێشتریش سەری لەو وڵاتە داوە بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە درێژخایەنە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

پاش ١٤/٧/١٩٥٨ ویستراوە بکرێتە قونسولی عیراق لە لەندەن، نەیکردووە. ڕۆژی ٢٠/٩/١٩٦٢ بە نەخۆشیی گورچیلە لە گەڕەکی (کانێسکان) کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی سەیوان) بە خاک سپێردراوە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

محەمەدجەمیل، دوو ژنی ھێناوە؛[١][٢]

  1. لە خاتوو "عائیشە کچی میرزا دەروێش عەبدوڕڕەحمان قادر خانێ- ١٩٢٩"، ھەر کوڕێکی "سەڵاحەدین"  ناوی بووە.
  2. ڕۆژی ٩/١١/١٩٤٦یش خاتوو "زەکییە کچی میرزا دەروێش"ی ھێناوە، ئەمانەی لێ بووە: شیرین، شێرۆ، ئازاد، ھێرۆ.

نامەكانی[دەستکاری]

جێی باسە، پێوەندیی دۆستانەی لەتەک چەند ناودارێکی وەک شێخ مەحموودی حەفید ھەبووە و کۆمەڵێک نامەی ئەو زاتە لای بنەماڵەکەی پارێزراوە .[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د سەرچاوە: وێنە و کۆمەڵە ئەوراقی محەمەد جەمیل کە لای خاتوو "شیرین"ی کچی پارێزراون. شایانی وتنە، یەکەم جار بەڕێز "کەمال ڕەئووف محەممەد" ئەم ناوەی لە کتێبی (گەڕان بۆ ڕاستیی، چاپخانەی شڤان- سلێمانی، ٢٠١١، ل٣٧٢-٣٧٣)دا ناساندووە. بەڕێزان محەمەد سەعید میرزا مەحموود و دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ ھاوکاری ناسینەوەی بوون.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8055 - 8057 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .