حەمەڕەش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حەمەڕەش : ( ١٩١٧ - ١٩٨٧) مامۆستا و نووسەر

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

محەمەد حەوێز کوڕی ئەحمەد کوڕی مەلا عەبدوڕڕەحمان کوڕی مەلا محەمەد کوڕٍی مەلا ساڵح کوڕی فەقێ حەوێز کوڕی مەلا بەھائەدین کوڕی مەلا شێخ تەییبە، ناسناوی "حەمەڕەش"ی لە لایەن مامۆستا "عەلی ئاگا"ی خەڵکی سلێمانییەوە بەسەردا بڕاوە.

حەمەڕەش

١٩١٧ لە کۆیە لەدایک بووە. دایکی کچی مەلا ئیبراھیمی عەوداڵانییە. باپیرانی کاتی خۆی لە بازیانەوە چوونەتە کۆیە. بە منداڵی بابی مردووە، مەعرووفەسووری مامی بەخێوی کردووە، خستوویەتە حوجرەی مزگەوتی (حەتک)ی کۆیە، لای مەلا محەمەدی مەلا ئیبراھیمی خاڵی ("دلاوەر"ی شاعیر). ١٩٢٩ چووەتە قوتابخانەی سەرەتاییی کۆیە، لەبەر زیرەکی لە پۆلی دووەم دانراوە. ١٩٣٥ براوەتە ھەولێر، ناوەندی و ئامادەییی لە ١٩٤٠دا بڕیوە. [١][٢]

مامۆستایەتی[دەستکاری]

ھەمان ساڵ ناوی لە کۆلێجی حقووقی زانکۆی بەغدا دەرچووە، بەڵام وەرنەگیراوە، بۆیە چووەتە خانەی بەرزی مامۆستایان (دار المعلمين العالية) و ١٩٤٤ تەواوی کردووە. ٢٠/١١/١٩٤٤ بۆ یەکەم جار بووە بە مامۆستا لە خانەی دێھاتیی مامۆستایان لە باقووبە و ئەمجا ناوەندیی ھەڵەبجە-١٩٤٩ و ناوەندیی کەرکووک-١٩٥٢ و ناوەندیی سلێمانی-١٩٥٣ و کەربەلا و کفری. ماوەیەک لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک سەرپەرشتی پەروەردەیی (مشرف تربوي) و ماوەیەک بەڕێوەبەری قوتابخانە و ماوەیەکیش -دوای ١١/٣/١٩٧٠- بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەولێر و دھۆک بووە.[١][٢]

ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان[دەستکاری]

ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٦ ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان بووە. لە ٣١/١٢/١٩٨٠دا خانەنشین بووە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ٢٤/٧/١٩٨٧یش کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی سەیوان) نێژراوە.[١][٢]

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

حەمەڕەش، ساڵی ١٩٣٥ لە ناوەندیی ھەولێر بە تۆمەتی بەشینەوەی بەیاننامە و بڵاوکراوە دژی حکوومەت گیراوە و بەردراوە. خورشید سەعیدی بەڕێوەبەری سانەوی دەری کردووە و وەزیری پەروەردە گێڕاویەتیەوە. لە بەغدا ھاتوچۆی (یانەی سەرکەوتنی کوردان)ی کردووە، پاشان وازی لێ ھێناوە. ئەندامی حیزبی (ھیوا) و ھاوڕێی دڵداری شاعیریش بووە، ١٩٥٩ و ١٩٦٠ بەشداریی ھەردوو کۆنگرەی مامۆستایانی کوردستانی کردووە. ١٩٦٧ چووەتە وڵاتی سعوودیە و وەکوو مامۆستا دەرسی مێژووی تێدا وتووەتەوە.[١][٢]

نووسینەكانی[دەستکاری]

نووسینی لە گۆڤاری "بڵێسە"یشدا ھەیە .[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج کەریم شارەزا، مامۆستا حەمەڕەش ١٩١٧-١٩٨٨، ئینسکلۆپیدیای ھەولێر، ب١٠، ل٤٥٤١؛ نەجمەدین مستەفا سەعید بەرزنجی، لە نێوان مامۆستایان شێخ محەمەدی خاڵ و محەمەد حەوێزدا، گۆڤاری "پەیڤین"، سلێمانی، ژمارە ١٠، کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠؛ غفور میرزا کەریم، یادی کۆچی دوایی پەروەردەکاری بەناوبانگ حەمەحەوێز، ڕۆژنامەی "ھاوکاری"، بەغدا، ژمارە ١٠١٩، ٢٧/١٠/١٩٨٨.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8057 - 8058 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .