حەسەن ھشیار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حەسەن هشيار : (١٩٠٧-١٩٨٤) نووسەر و سیاسەتوان

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

حەسەن هشيار

ساڵی ١٩٠٧ لە دێی (سەردی)ی نێوان قەزای (ھێنێ) و (لجێ)ی کوردستانی باکوور ھاتووەتە دنیاوە. ١٩٢٤ چووەتە خزمەتی سەربازی و بە ھۆی شۆڕشی ١٩٢٥ی شێخ سەعیدی پیرانەوە، دوورخراوەتەوە و دراوەتە دادگای سەربازی و حوکمی لەسیدارەدانی دراوە، بەڵام لەبەر کەمتەمەنی بۆی کەم کراوەتەوە بۆ ١٥ ساڵ زیندان و تا ١٩٢٨ لە زیندانی (نغدا)ی ناوچەی ئەنادۆڵ ماوەتەوە. ئەو ساڵە بەر لێبوردنێکی گشتی کەوتووە و ئازاد کراوە.[١][٢]

شۆڕشی ئاگری داغ[دەستکاری]

١٩٣٠ خۆی گەیاندووەتە ڕیزی شۆڕشی ئاگری داغ و پاش شکستی شۆڕشەکە ئاودیوی کوردستانی سووریا بووە، ٦/١٠/١٩٣٣ لەسەر سنووری سووریا وەک پەنابەری سیاسی وەرگیراوە و پاشتر ناسنامەی سووریاییی بە ناوی "عەزیز عومەر"ەوە وەرگرتووە. ئەو ماوەیە بووەتە قوتابییەکی بەر دەستی میر جەلادەت بەدرخان و پاشتر لە گۆڤاری "ڕۆناھی" و ڕۆژنامەی "ڕۆژانوو"ی بەیرووت دا نووسیویە. [١][٢]

کۆمەڵا ئالیکاری و زانستیێ کورد[دەستکاری]

کۆتاییی ساڵانی سی قوتابخانەیەکی لە دێی (سنجەقا حاجی سەعدوون)ی ناوچەی جزیرە کردووەتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەڕەنسەیی ھەر زوو دایانخستووە. ئەویش ساڵی ١٩٤٠ لە شاری (ئاموودە) نیشتەجێ بووە. ١٩٥٦ لەگەڵ چەند وڵاتپارێزێک (کۆمەڵا ئالیکاری و زانستیێ کورد)ی دامەزراندووە.[١][٢]

پارتی دیموکراتی کورد[دەستکاری]

١٩٥٧ کە (پارتی دیموکراتی کورد) لە سووریا پێک ھێنراوە، کۆمەڵەکە ھەڵوەشاوەتەوە و چووەتە ناو پارتی. ١٩٦٠ لە (ئاموودە)وە چووەتە (قامیشلۆ) و لێی گیرساوەتەوە. [١][٢]

نووسین و وەرگێڕانەكانی[دەستکاری]

لەو کاتەوە لە ماڵی خۆی دانیشتووە و لێ بڕاوە بۆ نووسین و وەرگێڕان. ئەو ماوەیە ١٩ ژمارەی ڕۆژنامەی "ئاگاھی"ی بە پیتی لاتینی دەرکردووە.[١][٢]

حەسەن ھشیار، نزیکەی بیست کتێبی دەستنووسی لە پاش بەجێماوە، کە ھەر (دیتن و بیرھاتنێن من)ی دوای مەرگی خۆی بۆ لە چاپ دراوە. بابەتی لە "گەلاوێژ" و "ڕۆناھی"ی بەغدایشدا بڵاوبووەتەوە . [١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ١٤ی ئەیلوولی ١٩٨٤ کۆچیدواییی کردووە و لە گۆڕستانی (دوگرێ) نێژراوە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ   کۆڤارا رۆناھی، ئامادەکرن بنکەی ژین، ڤەکۆلین موسەدەق تۆڤی، (لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین)، چاپخانەی ڕۆژھەڵات- ھەولێر، ٢٠١٤، ل١١٤-١١٥. بەڕێز موسەدەق تووڤی وێنەکەیی بۆ دابین کردم.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8054 - 8055 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .