جەلیل ھوشیار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جەلیل ھوشیار : (١٩٢١ - ١٩٩٦ ) دادوەر و چالاكی سیاسی

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

جەلیل ھوشیار

جەلیل کوڕی یووسف ئەفەندیی قازییەکی سەردەمی عوسمانی بووە. ١٩٢١ لە قەڵای ھەولێر ھاتووەتە دنیاوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە ھەولێر و دواناوەندیی مەرکەزی و پاشتر خوێندنی زانکۆی لە کۆلیجی حقووق لە بەغدا تەواوکردووە.[١][٢]

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

لە سەرەتای لاوییەوە ھۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی لا پەیدابووە و چووەتە ڕیزی حیزبی (ھیوا) و ناوی نھێنیی (ھۆشیار)ی تا مردن ھەڵگرتووە. ژیانی سیاسیی لە (پارتی دیموکراتی کورد)دا درێژە پێ‌داوە و لە دووەم (١٩٥١) و سێیەم (١٩٥٣) کۆنگرەی پارتی‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردراوە، بەشداری گۆڕین و پەرەپێدانی پێڕەو و پڕۆگرامی پارتی بووە. لەبەر چالاکیی سیاسی و ھاوبەشیی لە جموجووڵی وەک خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەریی وەک یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز و خوتبەخوێندنەوە لە ھەولێر و سلێمانی و بەغدا، چەند جارێک گیراوە و خراوەتە زیندان. ساڵانی ١٩٤٩-١٩٥١ی لەگەڵ ئیبراھیم ئەحمەد لە زیندان بەسەربردووە.[١][٢]

دادوەریی[دەستکاری]

سەرەتای ژیانی پیشەییی، خەریکی پارێزەری بووە، پاشان لە وەزیفەدا دامەزراوە و بووە بە دادوەر لە دادگاکانی تێھەڵچوونەوە و بەرایی لە ناوچەکانی (کەرخ) و کازمییە (الكاظمية)ی شاری بەغدا. [١][٢]

ژیانی هاوسەرگیری[دەستکاری]

لە خاتوو گێلاسی کەریم‌بەگی سەعیدبەگی زانستی، سێ کچی بووە: ڕێزان، ڤیان و تارا. ئارەزووی بایەخدان بە باخچە و گوڵی ھەبووە و حەزی لە مۆسیقا و کەمانچەلێدان و خوێندنەوەیش کردووە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ٥/١٠/١٩٩٦ لە بەغدا کۆچیدواییی کردووە .[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ئەم زانیارییانە و وێنەی جەلیل ھوشیار لە بەڕێز خاتوو ڕێزانی کچی وەرگیراون.
  2. ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8040 - 8041 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .