جەلال شەرەف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جەلال شەرەف : ( ١٩٢٤ - ١٩٩٧ ) سەرهەنگ و دامەزرێنێک و ئەندامی ڕێکخستنی (ئەفسەرانی ئازاد)

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

جەلال شەرەف

جەلال شەرەف ڕۆژی ١/١٠/١٩٢٤ لە شاری (کۆیە) ھاتووەتە دنیاوە. لە بنەڕەت‌دا خەڵکی دێی (نازەنین)ە و دوو برا (جەمال و جەمیل) و خوشکێک (ناجیە)ی ھەبووە. خوێندنی سەرەتاییی لە ١٩٣١دا ھەر لەوێ دەست پێ‌کردووە. ١٩٣٧ چووەتە قوتابخانەی ناوەندی لە سلێمانی و پاشان قۆناغی دواناوەندیی لە ھەولێر بڕیوە.[١][٢]

کۆلیجی سەربازیی بەغدا[دەستکاری]

١٥/١١/١٩٤٢ لە کۆلیجی سەربازیی بەغدا وەرگیراوە، کە ئابی ١٩٤٥ تەواوی‌کردووە، دامەزراوە بە مولازم لە ناوەندی مەشق‌پێکردنی ھەولێر (مرکز تدریب أربیل)ی لیوای دووەمی تیپی دووەمی سوپای عیراق. پاشان گواستراوەتەوە بۆ کەرکووک و تا ١٩٥٩ لەوێ ماوەتەوە و دوایی براوەتە مووسڵ.[١][٢]

ڕێکخستنی (ئەفسەرانی ئازاد)[دەستکاری]

ساڵانی پەنجا لە کەرکووک وەزیفەی دیوە و پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەفسەرانی‌تری کورد ھەبووە، بووە بە دامەزرێنەرێک و ئەندامی ڕێکخستنی (ئەفسەرانی ئازاد) کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەفسەرانی کورد بەشدارییان تێدا ھەبووە و دوایی کودەتای ١٤/٧/١٩٥٨ی بە ئەنجام گەیاندووە.[١][٢]

چالاکیی کوردایەتیی[دەستکاری]

ئەوەبەدوا لەبەر چالاکیی کوردایەتیی، نازم تەبەقچەلیی سەرتیپی فیرقەی دوو لە کەرکووک دووری‌خستووەتەوە بۆ شاری مووسڵ. کە عەبدولوەھاب شەوواف لە حکوومەت ھەڵگەڕاوەتەوە و یاخی‌بووە لە مووسڵ، کەوتووەتە گرتنی کەسانی شیوعی و دیموکرات و ئەفسەرانی ئازادیخواز، یەکێکی ئەو ١٤ ئەفسەرە بووە کە دەستگیرکراوە و ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە. کە کودەتاکە  شکستی ھێناوە، ڕزگاری‌بووە و گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک. سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول، چالاکییەکی زۆری نوواندووە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و پیتاک بۆ شۆڕش.[١][٢]

شەمەندەفەری مردن (قطار الموت)[دەستکاری]

لە کودەتای ٨/٢/١٩٦٣ی بەعسییەکان‌دا، جارێکی‌تر گیراوە و یەکێک بووە لەوانە کە خراونە ناو شەمەندەفەری مردن (قطار الموت) و بەرەو (نوگرەسەلمان) براون. ھەرچۆنێک بووە ڕزگاربووە و نزیکەی ساڵێک لەو بەندیخانەیەدا ماوەتەوە و دوایی خانەنشین‌کراوە.[١][٢]

پلەی سەرھەنگ (عەقید)[دەستکاری]

پاش بەربوون، چەند ساڵێکی پێ‌چووە تا لە سەردەمی عەبدولڕەحمان عارفی سەرکۆماردا ھێنراوەتەوە بۆ ناو سپا و کراوە بە یاریدەدەری فەرماندەی کۆلیجی ئەفسەرانی یەدەک (كلية الضباط الإحتياط)، ماوەتەوە تا ١٩٧٣، کە پلەکەی گەیشتووەتە سەرھەنگ (عەقید) و خانەنشین‌بووە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیری[دەستکاری]

جەلال شەرەف، ڕۆژی ١٩/٣/١٩٥٣ خاتوو سەعدییە عەبدولقادر عەبدولڕەحمانی خەڵکی کۆیەی ھێناوە و چوار منداڵی لێ‌بووە: جوان- ژمێریارە لە ھەولێر، شوان و شیروان- وەرگێڕە لە ھۆڵەندا، نیان- کۆلیجی بایۆلۆجیی ھۆڵەندای تەواوکردووە. خۆیشی، ١٩٩٦ کوردستانی بە یەکجاری بەجێ‌ھێشتووە و ساڵانی کۆتاییی تەمەنیی لە شاری (ماسترێخت)ی وڵاتی ھۆڵەندا گوزەراندووە .[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

تا ڕۆژی ٩/٣/١٩٩٧ لەوێ بە نەخۆشیی درێژخایانی دڵ کۆچی‌دواییی کردووە.[١][٢]

شعر و ئەدەب[دەستکاری]

ئەم زاتە، دەستی شیعرنووسینی ھەبووە و ھێندێ شیعریشی لە پاش بەجێماوە .[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ ئەم ژیاننامەیە ئامادەکراوی خوالێخۆشبوو دکتۆر جەمیل شەرەف و بنەماڵەکەیەتی، لە ڕێی بەڕێز سەردار فەتاحەوە بەدەست گەیشتووە.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8039 - 8040 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .