جەلال سەعید خەیلانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جەلال سەعید خەیلانی : ( ١٩٢٥ - ١٩٦٥) مامۆستا و چالاكی سیاسی

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

جەلال سەعید خەیلانی

جەلال کوڕی سەعید ئەفەندیی خەیلانیی (قازیی سەردەمی خۆی) کوڕی مەلا ئەسعەدی خەیلانییە، ساڵی ١٩٢٥ لە شاری ڕەواندز و ناو خێزانێکی دینداری کوردپەروەردا چاوی بە دنیادا ھەڵھێناوە. بنەماڵەکەی خاوەنی مزگەوتی گەورە (ئێستا مزگەوتی مەلا عەبدولکەریمی خەیلانی)ی ڕەواندزە کە مەدرەسەی ھەبووە و مەلا و خوێندەواری زۆری تا ناوەڕاستی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابوردوو پێ‌گەیاندووە. خوێندنی مەدەنیی لە قوتابخانەدا ھەبووە و پاشان گەیشتووەتە کۆلیجی شەریعەی بەغدا و کۆتاییی ساڵانی چل تەواوی‌کردووە.[١][٢]

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

لە لاوی‌دا بووەتە ئەندامی حیزبی (ھیوا) و لەگەڵ ئەمین ڕەواندزیی ئەفسەری کوردپەروەر، بیر و باوەڕی کوردایەتیی لە ناوچەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە. پاشتر بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کورد. کە بۆ چارەسەر چووەتە وڵاتی لوبنان، لەوێ دۆستایەتیی لەتەک کامەران بەدرخان پەیداکردووە.[١][٢]

مامۆستایەتی[دەستکاری]

جەلال خەیلانی، یەکەم‌جار بە مامۆستای دواوەندیی سلێمانی دامەزراوە و ساڵێکی لێ‌ماوەتەوە. ئەو ماوەیە زۆر تێکەڵیی لەگەڵ مەلا مستەفای صەفوەت ھەبووە. ئەمجا گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی دواناوەندیی ڕەواندز و تاسەر وەزیفەی لەوێ دیوە. ئیتر ھەم کاری مامۆستایی و ھەم چالاکیی سیاسیی نھێنیی درێژە پێ‌داوە و بەشداری ھەموو جموجووڵێکی شارەکەی بووە، لەو ڕێیەیش‌دا تووشی لێپێچینەوە و سەغڵەتی ھاتووە. خۆی و دکتۆر ئەسعەدی برای لەو پەنجا کەسە بوون کە داوای وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردنی ئاشکرای (پارتی دیموکراتی کوردستان)یان لە ١٩٥٨دا ئیمزاکردووە. پاش مۆڵەت وەرگرتنیش، بەشێکی خانووەکەیی تەرخان‌کردووە بۆ بارەگای پارتی، کە ئەو دەمە (خەبات)ی پێ‌گوتراوە. خۆی و براکانی لە دوای شۆڕشی ئەیلوولەوە چەند جارێک گیراون و ئازادکراون. [١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ئەمجا لەبەر خراپیی باری لەش‌ساغیی، نەیتوانیوە بچێتە ڕیزی شۆڕش. تا لە ڕۆژی ٩/١٢/١٩٦٥دا لە تەمەنی چل ساڵی‌دا کۆچی‌دواییی کردووە و لە گۆڕستانی (گەردەگەرد)ی ڕەواندز بەخاک سپێردراوە.[١][٢]

منداڵەكانی[دەستکاری]

جەلال خەیلانی، لە خۆشەویستیی گۆڤاری "نزار"، کوڕەگەورەکەیی ناوناوە نزار، دووەم کوڕیی لە خۆشەویستیی کامەران بەدرخان ناوناوە کامەران و ناوی دارای سێیەم کوڕیشیی ناوی نھێنیی خۆی بووە لەناو پارتی‌دا. ناوبراو، ھەواڵی ناوچەی ڕەواندزی بۆ گۆڤاری "نزار" کە ساڵانی ١٩٤٨-١٩٤٩ بە کوردی و عەرەبی لە بەغدا دەرچووە، ناردووە. تاسەر لە ڕەواندز ماوەتەوە و بەرھەمی ژیانی خێزانیی ئەمانەیە: بەیان، سەیران، پەیمان، کامەران، سۆران، دارا، نزار .[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت وێنە و لاپەڕەیەکی ژیاننامەی خوالێخۆشبوو، ئامادەکراوی بەڕێز نزار خەیلانی بە ھاوکاریی بەڕێز سەردار فەتاح؛ نزار خەیلانی، ئاوڕێک لە گۆڤاری نزار، مانگنامەی بێوار، ڕۆتردام- ھۆڵەندا، ژمارە ٥٥، ساڵی پێنجەم، شوباتی ٢٠٠١، ل٤.
  2. ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8038 - 8039 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .