تاھیر ئەحمەد حەوێزی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تاھیر ئەحمەد حەوێزی :(١٩١٩-٢٠٠٠) نووسەر و مامۆستا

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

تاھیر ئەحمەد حەوێزی

تاھیر کوڕی ئەحمەد کوڕی سادق‌ئاغا کوڕی حاجی بەکرئاغای حەوێزییە، ١٩١٩ لە کۆیە لەدایک‌بووە. بە ھەشت ساڵی خراوەتە بەر خوێندن لای مەلا ئەحمەدی ڕەش. ١٩٢٩ براوەتە قوتابخانەی ئوولای سەرەتایی لە کۆیە و ١٩٣٤ بڕیویە. قۆناغی ناوەندی و ئامادەییی ١٩٤٠ لە ھەولێر و خولی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوکردووە، ١٩/١٢/١٩٤١ بووە بە مامۆستا لە ناحیەی ماوەت. ١٩٤٢ براوەتە قوتابخانەی قەڵادزێ و کراوەتە بەڕێوەبەر. پاش چوار ساڵ گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی غازی لە سلێمانی. [١][٢]

هەڵویستی سیاسی[دەستکاری]

لەبەر ھەڵوێستی سیاسی، دوای ساڵێک دوورخراوەتەوە بۆ قوتابخانەی ناحیەی شێخ سەعد لە عیمارە. ساڵێک لەوەودوا ھێنراوەتەوە بۆ ھەولێر و لە قوتابخانەی دێی ئێڵنجاخی گەورەی ناحیەی تەقتەق دانراوە، چوار ساڵی لێ‌ماوەتەوە. پایزی ١٩٥٢ گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی یەکەمی سەرەتایی لە کۆیە، ١٣ ساڵی تێدا مامۆستا و بەڕێوەبەر بووە. بە بەڕێوەبەر براوەتە قوتابخانەی سەرەتاییی بێستوونی ئێواران، دوای پێنج ساڵ خزمەت، لە ١/٧/١٩٧٠دا بە داوای خۆی خانەنشین‌کراوە.[١][٢]

کۆنگرەی نووسەرانی کورد[دەستکاری]

١٤/٧/١٩٧١ ئەندامی دووەم کۆنگرەی نووسەرانی کورد بووە لە شەقڵاوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی ١/٧/٢٠٠٠ پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، لە کۆیە کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

نووسینی لە گۆڤارەکانی (دەنگی گێتیی تازە، گەلاوێژ، ھەتاو، ھیوا، کاروان)دا بڵاوبووەتەوە. بە ناسناوی "دڵسۆز"یشەوە بۆ "گەلاوێژ" و "دەنگی گێتیی تازە"ی نووسیوە.[١][٢]

ئەم بەرھەمانەیشی ھەن:[١][٢]

  1. مێژووی کۆیە یا کۆیسنجاق، ب١، چاپخانەی الوفاء- بەغدا، ١٩٦٢
  2. شەوچەرە- چەپکێک نوکتە و قسەی خۆشی ناوچەی کۆیە، ب١، چاپخانەی دار السلام- بەغدا، ١٩٧٠
  3. مێژووی کۆیە، ب٢- بەشی یەکەم، چاپخانەی نمیر- بەغدا، ١٩٨٤. ٢٧

دەستنووسیشی لەپاش بەجێ ماوە، لەوانە:[١][٢]

  1. مێژووی کۆیە، ب٣
  2. شەوچەرە، ب٢ و٣
  3. ئەمین ئاغای حەوێزی "ئەختەر"ی شاعیر و ھونەرناس و سیاسی
  4. جەمیل ئاغای حەوێزی کارگێڕی سیاسی و میوانپەروەر و پەرلەمانتاری کورد
  5. پەندی پێشینانی کوردیی ناوچەی کۆیە
  6. یارییە فۆلکلۆرییەکانی شاری کۆیە
  7. یادداشتەکانی ڕۆژانی ژیانم
  8. شوێنەوار و ئاسەوارەکانی وڵاتی کۆیە
  9. مێژووی بنەماڵەکانی کۆیە
  10. بزووتنەوەی نوواندن و شانۆگەری لە کۆیە لە سەردەمی کۆن و نوێدا

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل 8115-8116
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ عەبدولخالق عەلائەدین، کۆیە .. ناودارانی، چاپخانەی منارە- ھەولێر، ٢٠١٤، ل٣١٧-٣١٨؛ کەریم شارەزا، تایەر ئەحمەد حەوێزی ١٩١٩-٢٠٠٠، ئینسکلۆپیدیای ھەولێر، ب١٠، ل٤٥٩١-٤٥٩٢؛ دێدەوانی یەعقووب، مێژوونووس و ڕووناکبیرێکی شاری کۆیە کۆچی دوایی کرد، ڕۆژنامەی "ھەرێمی کوردستان"، سلێمانی، ژمارە ٢١٩، دووشەممە ٣/٧/٢٠٠٠؛ لاپەڕەیەکی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز ئاراس عەبدولخالق، لە ڕێی بەڕێز عەبدوڵڵا زەنگەنەوە وەرگیراوە.