بەکارھێنەر:Parez Saleem

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نەخۆشی دڵەڕاوکێ دوای رووداوی زەبر[دەستکاری]

نەخۆشی دڵەڕاوکێ دوای رووداوی زەبر، کە ناوە ئینگلیزییەکەی بریتییە لە (Post-Traumatic Stress Disorder) وە کورتکراوەکەشی بریتییە لە (PTSD)، نەخۆشییەکی دەروونییە کە هەندێک کەس تووشی دەبێت لە دوای بینین یان بەسەرداهاتنی رووداوێکی زیانبەخش و پڕ لە ئازار. ئەم رووداوە دەکرێت مەترسیدار بێت و ژیانی کەسەکە بخاتە مەترسییەوە، بۆ نموونە: شەڕ، کارەساتی سروشتی، رووداوی ئۆتۆمبێل، یاخود دەستدرێژی سێکسی. بەڵام هەندێک جار رووداوەکە مەترسیدار نییە و ژیانی کەسەکە ناخاتە مەترسییەوە، ئەمەش وەکو لەدەستدانی کەسێکی ئازیز بە شێوەیەک کە پێشبینی نەکراو بێت.

ترس لە کاتی رووداوی زەبر و لە دوای رووداوی زەبر هەستێکی ئاساییە. ترس کاردانەوەییەکی جەستەیی دروست دەکات کە دەبێتە مایەی پارێزگاریکردنی لەش لە هەر رووداوێکی زیانبەخش. ئەم کاردانەوە جەستەییە بریتییە لە گۆرانکارییەکی لەشی کە تێیدا هەندێک لە هۆرمۆنی دیاریکراو لە لایەن ڕژێنەکانەوە دەردەدرێن و هەروەها پەستانی خوێن و ترپەی دڵ و بڕی هەناسەدان و هۆشیاری کەسەکە هەمووی زیاد دەکات.

بە تێپەڕبوونی کات، زۆربەی خەڵک لە رووی دەروونییەوە لەم رووداوە زەبرانە بە شێوەیەکی سروستی هەست بە چاکسازی و چاکبوونەوە دەکەن، واتە بە بێ چارەسەر و عیلاج. بەڵام ئەو کەسانە کە تووشی ئەم جۆرە نەخۆشییە بوونە هەست بە چاکبوونەوە ناکەن. تەنانەت لە دوای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر لەم رووداوە زەبرە، هەر هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن. لە هەندێک حاڵەتدا نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بە تێپەربوونی کات بەدەردەکەون، وە هەروەها دەکرێت نیشانە دەرکەوتووەکان بە تێپەربوونی کات نەمینێن.

هۆکارەکانی تووشبوون[دەستکاری]

توێژەران نازانن هۆکارەکانی تووشبوونی تەنها هەندێک کەس بەم جۆرە نەخۆشییە چییە و بۆ چی دەگەرێتەوە لە کاتێکدا کە کەسانی تر تووش نابن. بەڵام بۆماوە و نیورۆبایۆلۆجی و هۆکاری مەترسی و هۆکاری کەسی دەکرێت کاریگەرییان هەبێت بەسەر تووشبوون یان تووشنەبوونی تاکێك بەم جۆرە نەخۆشییە.

هۆکارە مەترسیدارەکان[دەستکاری]

ئەم جۆرە نەخۆشییە پەیوەندی بە تەمەندا نییە، واتە هەموو تەمەنێک ئەگەری تووشبوونی هەیە بۆ ئەم نەخۆشییە. ئەو هۆکارە مەترسییانە کە دەکرێن ببنە مایەی تووشبوونی کەسێک بەم جۆرە نەخۆشییە بریتین لە:

١. رەگەز، کە مێیە ئەگەری زیاتری تووشبوون بەم جۆرە نەخۆشییە هەیە

٢. بەسەرداهاتنی رووداوی زەبر لە تەمەنی منداڵیدا

٣. هەستکردن بە ترس و بە بێ سوودی

٤. بەسەرداهاتنی رووداوی زەبر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن

٥. نەبوونی پشتگیری دەورووبەر لە دوای رووداوەکە یاخود هەبوونی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم

٦. هەبوونی سترێس و دڵەراوکێی زیاتر لە دوای رووداوەکەدا، وەکو لە دەستدانی کەسێکی خۆشەویست، ئازار و برینداری، لە دەستدانی کار یان ماڵ

٧. هەبوونی نەخۆشی دەروونی یان بەکارهێنانی دەرمانە هۆشبەرەکان لە ڕابردوودا

نیشانەکان[دەستکاری]

ئەم جۆرە نەخۆشییە چوار جۆر نیشانەی هەیە، بەڵام ئەم نیشانانە لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر لەوانەیە بگۆردرێن، واتە هەر تاکێک ئەزموونێکی جیاوازی دەبێت لەکەڵ نیشانەکان. ٤ جۆرە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:

١. نیشانەی ئەزموونکردنی دووبارە: کە تێیدا شتێک رووداوە زەبرەکەت بە بیر دەخاتەوە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە هەمان ترسی رابردوو. نموونە لەم جۆرە ترسە بریتییە لە:

  • پاشڕوان، کە تێیدا نەخۆشەکە هەست دەکات کە هەمان رووداوی رابردوو بەسەریدادێتەوە
  • خەونی ناخۆش
  • بیری ترسناک

٢. نیشانەی تەکینەوە: کە تێیدا نەخۆشەکە دوور دەکەوێتەوە لەو بارودۆخ و کەسانە کە دەبنە هۆی بیرخستنەوەی لە رووداوە زەبرەکەدا. ئەم نیشانەیە لەوانەیە ببتە هۆی:

  • دوورکەوتنەوە لە شوێن، رووداو، یان هەر شتێک کە دەبتە هۆی بیرخستنەوەی نەخۆش لە رووداوەکەدا. بۆ نموونە، ئەگەر رووداوە زەبرەکە بریتی بێت لە رووداوی ئۆتۆمبێل، نەخۆش لەوانەیە واز لە لێخورینی ئۆتۆمبێل بێنێت
  • تەکینەوە لەو بیر و هەستانە کە پەیوەندییان بە رووداوەکەدا هەیە. بۆ نموونە، خۆ سەرقاڵیکردنی نەخۆش تەنانەت بە مەبەستی تەکینەوە لەو بیرکردنەوانە کە پەیوەندییان بە رووداوەکەدا هەیە

٣. نیشانەی هۆشیاری و کاردانەوە: کە دەبتە هۆی نیگەرانی و چاودێرگەبوونی نەخۆش بۆ مەترسی. ئەمەش بریتییە لە:

  • ڕاچڵەکبوون بە شێوەیەکی ئاسان
  • هەست کردن بە نیگەرانی و شلەژاوی
  • خەوزڕان و خەو لێ نەکەوتن
  • تووڕەبوونی لە ناکاو

٤. نیشانەی بیرکردنەوە و جەو: کە گۆرانێکە بەرەو خراپی لە هەست و باوەردا. کە بریتین لە:

  • لە بیرچوونی زانیاری گرینگ دەربارەی رووداوەکە
  • بیرکردنەوەیەکی خراپ و سەلبی دەربارەی خۆی و دونیا
  • هەستکردن بە سەرزەنیشتی و تاوانباری
  • نەمانی حەز و خولیا دەربارەی ئەو شتانە کە رۆژانێک خۆشی لێ دەدیت
  • گرفت لە تەرکیزدا

ئەم نیشانانە عادەتەن لە دوای ماوەیەکی کورت بەسەر تێپەڕبوونی رووداوەکە بەدەردەکەون. بەڵام هەندێک جار نیشانەکان لە دوای چەند مانگێک یان چەند ساڵێك بەدەردەکەون. وە هەروەها دەکرێت نیشانەکان بێن و بچن بە درێژایی ساڵەکان.

ئەگەر نیشانەکانت زیاتر لە چوار حەفتە بخایەنێت، و ببێتە هۆی سترێس و نیگەرانی، یان تەئسیر بکات لە پیشە و ژیانی ماڵەوەت، ئەوا لەوانەیە ئەم جۆرە نەخۆشییەت هەبێت.

دەستنیشانکردن[دەستکاری]

دەستنیشانکردنی ئەم جۆرە نەخۆشییە لە لایەن دکتۆرێکی دەروونییەوە دەکرێت. دکتۆرەکە فەحسێکی دەروونی و لەوانەیە فەحسێکی جەستەیی بکات بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی. بۆ ئەوەی تاکێک بەم جۆرە نەخۆشییە دەستنیشان بکرێت پێویستە هەموو ئەمانەی خوارەوە بە لایەنی کەمەوە تا ماوەی مانگێک هەبێت:

  • بە لایەنی کەمەوە یەک نیشانەی ئەزموونکردنی دووبارە
  • بە لایەنی کەمەوە یەک نیشانەی تەکینەوە
  • بە لایەنی کەمەوە دوو نیشانەی هۆشیاری و کاردانەوە
  • بە لایەنی کەمەوە دوو نیشانەی بیرکردنەوە و جەو

چارەسەر[دەستکاری]

چارەسەری سەرەکی ئەم نەخۆشییە، یان دەرمانە یان چارەسەری قسەکردنە یان هەردووکیانە. لەبەر ئەوەی کارتێکردنی ئەم نەخۆشییە لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر جیاوازە و دەگۆردرێت، چارەسەری ئەم نەخۆشییەش لە تاکێکەوە بۆ تاكێکی تر لەوانەیە جیاواز بێت و بگۆڕدرێت. ئەو تاکانە کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە پێویستە لەگەڵ دکتۆرێک هەوڵی دۆزینەوەی باشترین چارەسەر بۆ  نیشانەکانی نەخۆشەکە بدەن.

  • چارەسەری قسەکردن، کە هەلێکی باشە بۆ تێگەیشتن و فێربوون دەربارەی نیشانەکانی نەخۆش، تێیدا نەخۆش فێر دەبێت چۆن نیشانەکان دەستنیشان دەکرێن و بە چی دەردەکەون و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. ئەم جۆرە چارەسەرکردنە لقی جیاوازی لێ دەبێتەوە
  • دەرمان دەکرێت بەکاربێت بۆ چارەسەرکردنی نیشانەکان. دژەپەستبوون (Anti-depressants) هاوکاری کۆنترۆلکردنی نیشانەکانی هەست بە دڵتەنگی و نیگەرانی و تووڕەیی و سڕبوونی دەروونی دەکات. هەروەها دەرمانی تر بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی خەوزڕان و خەونی ناخۆش

خۆپاراستن[دەستکاری]

رێگەی دیاریکراو هەیە بۆ کەم کردنەوەی مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە. ئەم رێگایانە پێیان دەوترێت رێگای جیڕی، کە بریتین لە:

  • داواکردنی پشتگیری لە لایەن خەڵکانی ترەوە، وەکو هاوڕێ، خێزان یان گروپی پشتگیری
  • هەبوونی هەستی ئیجابی بەرانبەر هەڵسوکەوت و کاردانەوەکان لە کاتی مەترسیدا
  • هەوڵی تێپەڕبوون بەسەر رووداوە ناخۆشەکان و فێربوون لێیان
  • توانستی کاردانەوە و مامەڵەکردن بە شێوەیەکی دروست لە سەرەرای هەست کردن بە ترس

توێژەران لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن دەربارەی گرینگی ڕێگای جیڕی و هۆکارە مەترسیدارەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە. وە لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن دەربارەی پەیوەندی نێوان بۆماوە، نیورۆبایۆلۆجی و ئەم نەخۆشییە. لەگەڵ لێکۆڵینەوەی زیاتر و بە تێپەربوونی کات، توانستی پێشبینیکردن بۆ ئەگەری تووشبوونی خەڵک بەم جۆرە نەخۆشییە لەوانەیە بەدەست بهێنرێت. ئەمەش دەکرێت هاوکارییێک بێت بۆ دۆزینەوەی چۆنیەتی ڕێگریگرتن لە تووشبوون بەم جۆرە نەخۆشییە لە داهاتووی هەر تاکێکدا.   

سەرچاوە[دەستکاری]