بەکارھێنەر:گۆمەیی/قاسم ئەمین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

قاسم ئەمين

وەرگیراو لە (ويكيبيديا، الموسوعة الحرة)ی عەرەبی

قاسم محەمەد ئەمين (1ی ديسەمبەری 1863 - 23 ئەپریلی 1908). نووسەر، ڕۆشنبیرو چاکساز لەبواری کۆمەڵایەتی لە میسر یەکێک بوو لە بناغەنەرانی بزووتنەوەی نیشتمانی لە میسر و زانکۆی قاهیرە هەروەها بە یەکێک لە ڕابەرە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان دەژمێردێت.

ناوەڕۆک • 1 ژیننامەو بنەماڵه • 2 تەقاندنی خواستی چاکسازی باریی ژنان • 3 کەلتوور لەگەڵ یاسا • 4 دواڕۆژەکانی ژیانی • 5 هەندێک لە وتەکانی • 6 لەمەڕ ئەو گوتراوه • 7 بەرهەمەکانی • 8سەرچاوەکانی ئەم کۆڵێنەوەیە • 9 لەچاپدراوی بیانی


ژیننامەو بنەماڵەکەی

لە 1ی ديسمبری 1863دا لەقاهیرەی پایتەختی میسر لەبنەماڵەیەکی کوردی کۆچکردوو بۆ ئەو وڵاتە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتاسیی لەخوێندنگەی (رأس التين) بووە کە تایبەت بوو بە منداڵانی خێزانە ئەرستۆکراتەکان. لەگەڵ خێزانەکەی باریکردووە بۆ قاهیرەی پایتەخت‌و لەگەڕەکی (حلمية)ی خێزانە ئەرستۆکراتەکان نیشتەجێ بوون، لەوێ قۆناغی ئامادەیی بڕیوە‌و ساڵی 1881 لە پەیمانگەی یاساو بەڕێوەبەرایەتی بڕیوە بە بڕوانامەی لیسانسی‌و لە دەرچووە سەرەتاییەکانی بووە، پاش ماوەیەکی کەم بووە بە پارێزەرو پاشان لەگەڵ شاندێکی خوێندکار چووەتە فەرەنسا و چوار ساڵ خویندن لەساڵی 1885دا سەرکەوتووانە خوێندنی یاسای لە زانکۆی مونبلييه تەواوکردووە. هەر ئەوکاتەی لەفەرەنسا دەیخوێن پەیوەندی لەگەڵ جەمالەدين ئەفغاني‌و فێرگەکەی نوێ کردووەتەوە کە لەپاریس وەرگێڕی تایبەت بە ئیمام محەمەد عەبده. باوکی قاسم محەمەد بەگ‌ی کوڕی ئەمين‌ بەگە، ئەویش کوڕی یەکێکبوو لە نەوەی ئەو میرانەی كورد کە بە دەستبەسەری براون بۆ ئیستانەی پایتەختی ئیمبراتۆری عوسمانی، لەوێدا بە کارمەندی دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی‌ی سەر بە سەنجەقی شارەزوور، پاشان لەکاتی خدێوي ئیسماعيل‌دا بەفرمانی دەوڵەتی حوسمانی دەگوێزرێتەوە بۆ میسرو لەوێ کچێکی میسری دەبێتە هاوسەری‌‌و یەکهەم نەوەیان قاسم دەبێت، بەڵام باوباپیرانی هەر وەک کارمەندی پایەداری عوسمانی لە سلێمانی‌ ماونەتەوە. پاش چوارساڵ خوێندن لەبواری زانستیی کۆمەڵایەتیدا قاسم لە فەرەنساوە دەگەڕێتەوە بۆ میسر، لەو چوار ساڵەدا شارەزایی چاک وەردەگرێت لەسەر باری ژیانی کۆمەڵگەی فەرەنسایی‌و بەرهەمە کولتووری‌و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆشنبیرانی فەرەنسا، زۆریش سەرسام بوو بەو دۆخی ئازادییە ڕامیارییەی نەوەی شۆڕشەکەی فەرەنسا تێدا دەژیان چونکە هەرکات‌‌و بەهەر شێوەیەک بیخوازن گشتیەکێک بۆیهەبووە دڵخوازی خۆی بنووسێت، بۆیە بەپێی بنەماکانی سەربەستی‌و وەپێشچوون ڕەوتێکی ڕۆشنبیری ئیسلامییانەی دیاریکرد، هاوکات لایەنگربوو بە چاکسازییەکانی ئیمام محەمەد عەبده‌و پێیوابوو زۆر لەو داب‌و نەریتانەی هەن هیچیان بەسەر بنەماکانی ئیسلامەوە نییە. هەر ئەوکات 19 جار سەرنجی نووسیوە لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نێو میسرو لەڕۆژنامەی المؤيددا بڵاوکراوەتەوە، هەروەها بەنووسین وەڵامی پەرتووکەکەی كۆنت داركۆری داوەتەوە کەساڵی 1894 لەژێر ناوی میسرییەکان‌دا ئەو کۆمەڵگەیەی زویرکردووە چونکە لەو نووسینەدا ئابڕووی نەتەوەیی میسرییانی ڕووشاندووەو تانووتی لەئاینی ئیسلام داوەو لەشێوازێکی ئامۆژگارێی بەزەییداردا گوایە توێژینەوەی لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی میسریدا کردووە. لەپاش ئەو کارەی قاسم ئەمین لە پەرتووکی تحرير المرأة دا پشتگیری لە بەشێک لە بۆچوونەکانی كارتور دەکات، ئەو لەماوەی چوار ساڵدا هەندێک لە بیروبۆچوونەکانی خۆی لەژێر ناوەکانی "أسباب ونتائج" یان "حكم ومواعظ لە المؤيددا بڵاوکردووەتەوە ".

تەقاندنی خواستی چاکسازی لەبواری ژنان

قاسم پێیوابوو ڕۆشنبیرکردنی خودی ژنان بنەمایە بۆ گشت ڕەشێک‌و هەر ئەو دەبێتە ژێرخان بۆ کۆمەڵگەیەکی میسریی چاک‌و بتەو هەروەها نەوەیەکی ژیری پڕفەڕ ئەگەرچی کوڕبن یان کیژ، بۆیە پێداگربووە لەسەر گۆشەکردنی ژنانی موسوڵمان‌. لەوکاتەیدا ناوبانگی لەوبوارەدا دەرکرد، لە بەرانبەردا هێرشی قورسی کراوەتە سەرو هێرشبەران تاوانی بەرپاکەری ڕەوشی بەرەڵڵاییان دەخستە پاڵ. هەر لەکاتی لاوییەوە بایەخی داوە بەچاکسازی کۆمەڵایەتی، ئەوەبوو ساڵی 1898 پەرتووکی "أسباب ونتائج وأخلاق ومواعظ"ی نووسیوە‌، پاشان پەرتووکی "تحرير المرأة"ی نووسیوەو ساڵی 1899 بەهاوکاری شێخ محەمەد عەبده، سەعد زەغلول وئەحمەد لوتفي السەيد بڵاویکردووەتەوە ئەوجا ئینگلیزەکان کە ئەوکات داگیکەری میسربوون وەریانگێڕاوە بۆ زمانی ئینگلیزی‌و گەیاندیانە هیندستان‌و وڵاتانی ئیسلامیی تری ژێر دەسەڵاتیان. لەوێدا لەسەر سەرپۆش (حجاب) دەدوێت‌و دەڵێت ئەوجۆرە سەرپۆشەی ژنان کە ئەمڕۆ بووەتە باو هیچ بنەمایەکی ئاینیی ئیسلامی نییەو دەڵێت کە فڕێدانی هیچ لەئاین لادان ناگەێنێت. هەروەها دێتە سەر ڕەوشی فرەژنی‌و ڕەهاکردن (طلاق) دەڵێت؛ لەیەک دابڕینی ژن‌و پیاو هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەوشی ئاینی ( شريعة)وە نییە، فرەژنی‌ یان ڕەهاکردنی ژن بەپێی سنوورگەڵێکن پێویستە پیاو پابەندیبێت، هەروەها پێویستە ژن بەڕادەیەک سەربەستبێت بتوانێت لەناو کۆمەڵدا شان بداتە بەر پێداویستییەکانی ژیان. ئەو پەرتووکە میسری هەژان‌و ڕەهێلە ئاسا لافاوێک ڕەخنەو گازندە باراند سەری، هاوکات مصطفى كامل‌ی سەرۆکی پارتی نیشتمانی (الحزب الوطني) لەوڵامێکدا بۆ قاسم هێرشی دەکاتە سەرو بەوەی تاوانبار دەکات کە نۆکەری ئیمپریالیی ئینگلیزە، هەروەها ئابووریناسی میسر بەناوی محەمەد تەلعەت لە پەرتووکی "فصل الخطاب في المرأة والحجاب" بەقاسم دەڵێت: "داماڵینی سەرپۆش‌و تێکەڵکردنیان (واتە ژن‌و پیاو) دوو ئاواتی خوازراوی ڕۆژئاوان" هەروەها محەمەد فەريد وەجدي لە پەرتووکی "المرأة المسلمة"دا ڕەخنەی لێگرتووە، بەڵام ئەوانە هەرگیز کاریان لە قاسم نەکردو لە توێژینەوەکانیدا بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پەرتووکێکدا بەناوی "المرأة الجديدة" ساڵی 1901 وەڵامی ڕەخنەگرانی داوەتەوە تێیدا هەمان بۆچوونە کۆنەکانی پەرتووکی یەکهەمی دووپات کردووەتەوەو پشتئەستووری کردوون بەوتەی ڕۆژئاواییان. ئەوجا لەو پێشنیارەیدا کە پێشکەشیکردووە بە سەعد زەغلولی هاوڕێی دەخوازێت یاسایەک دەرکەن بۆ پشگیری لە مافەکانی ژن‌و پاراستنی ڕەوتی ڕامیاریی ئەوان.

کەلتوور لەگەڵ یاسا قاسم وەک یاساناس بوو هاوکات نووسەرو ڕۆشنبیرێکی بێهاوتاو توێژەری چاکسازیی کۆمەڵایەتی بووە، وەک سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ژنانی میسر ناوبانگی دەرکردو هەمانکات ناووباگی هەبوو لەبواری پارێزگاری لە ئازادییەکانی کۆمەڵ‌و دامەزراوەی زانکۆی میسری‌و بانگی بۆ پەروەردەکردن هەڵدەدا لەپێناو پێشوەچوونی نەتەوە، هەروەها دەیویست کۆت لەسەر زمانی عەرەبی لادات‌و سەربەستیکات لە سەروا (سجع)و گونجاندن‌و دیاریدان (إعراب) چونکە ئەو زۆر خولیای زمانەوانی بوو بەڵام کەس لەگەڵ ئەوەدا نەبوو بۆ سەربەستکردنی زمانی عەرەبی لەهێماکانی دیاریدان، بۆیە بیرۆکەکانی ئەو هەر لە منداڵدانی وشەدا مردن. ئەو بە یەکێک لەسەرانی چاکسازو پەیڕەوکاری ڕەوتی ئیمام محەمەد عەبده دەژمێردرا، لەوانەیش کە باوەڕیان وابوو دەبێت پەروەردە بەرەبەرە چاکسازیی تێدا بکرێت بەجۆرێک لەلای نەوەکان باوەڕگەڵێک پەیدابێت بکارن ئەرکی گۆڕان‌و وەرچەرخان بگرنە ئەستۆ. قاسم زۆری عەز لەهۆنەر بووە‌و باوەڕی بەوەبووە کە ژیان بریتییە لە خۆشەویستی، بەخشندەیی، لێبوردن‌و ئاشتی. ئەو پیاوێکی زۆر نموونەیی بووەو سەرکەوتنەکانی لەبواری یاسادا بوونەتە هۆ بۆ بەرزبوونەوەی تا گەیشتووەتە پلەی ڕاوێژکاری دادگای پێداچوونەوە، لەپێش ئەویشدا جێگری بریکاری گشتی بووە لە دادگای هەمەجۆری میسری Mixed Courts of Egypt .

دواڕۆژانی ژیانی قاسم لەڕۆژی 23ی ئەپريل‌ی ساڵی 1908دا لە تەمەنی چل‌و پێنج ساڵیدا ماڵئاوایی لەژیان کرد، ژمارەیەک هۆنەروانی وەک حافز ئیبراهيم، خەليل موتران‌وعەلي ئەلجارم بۆی لاواونەتەوەو پێشەوایانی وەک سەعد زەغلول باشا و فەتحي زەغلول شیوەن‌و زارییان بۆ کرد. قاسم گرنگی زۆری دەدا بە شێوازو کردار بەڵام گوێینەداوەتە ڕواڵەت، نموونەیش ئەو ئاماژانەیە کە لەگشت نووسینەکانیدا بۆ ژنان بووە پێیان دەڵێت؛ گرنگ ئەوە نییە سەر پۆشراوبێت، گرنگ ڕەوت‌و هەڵوێستی چاکڕەوشییە.

هەندێک لە وتەکانی ــ وڵاتپارێزی ڕاستەقینە نە لەبارەی خۆیەوە زۆر دەدوێت، نە بوونی خۆی ئاشکرادەکات. ــ هەرکات بیرم لەخرۆشی کردبێتەوە وێنەی ژنی یەکجار قەشەنگ‌و ژیری پیاوم بۆ بەرجەستە بووە. ــ ئەگەر لەڕەوشی ئیسلامی (شريعة)دا دەقێک هەبێت فەرمان بۆ سەرداپۆشین، بەپێی ئەوشێوەیەی ئەمڕۆ لەنێو موسوڵماناندا بوە بەباوە، ئەو من چیتر لەسەری ناڕۆم. هەرچەندە من تاکە پیتێکم نەنووسیوە دژبێت بە دەقەکان ئەگەرچی ڕواڵەتی زیانبەخشیشیان پێوە دیاربێت، چونکە ئەوەی لەسەرمانە بێ لێکدانەوە گوێڕایەڵی فرمانی خودا دەبین. بەڵام لە ڕەوشدا هیچ دەقێک نابینم فرمانی سەرپۆشینی دابێت بەوجۆرەی بوە بەباو، بەڵام ئەوە نەریتێکە لەکاتی تێکەڵبوون بە میللەتانی تردا خوویان پێوە گرتووەو بوون بەباو‌و وەک نەریتە زیانبەخشەکانی تر دەمارگیرانە بەرگی ئاینیان لەبەرکراوەو سەپێنراو بەسەر کۆمەڵدا، بەڵام ئاین هیچی بەسەرەوە نییە. لەپەرتووکی پیرۆزدا هاتووە دەڵێت: (قُلْ للمؤُمنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أبصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ. ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ، إِنَّ الله خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ، وَقُلْ لِلمؤُمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أبْصَارِهنَّ وَيَحْفَظْنَ فُروجَهُنَّ وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلاَّ مَا ظَهَرَ مِنْهَا. وَليَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيوبِهِنَّ وَلا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إلاَّ لِبُعُولَتِهنَّ أو آبَائِهنِ أوْ آبَاءِ بُعُولَتِهِن أوْ أبْنائِهِنَّ أو أبَناءِ بُعُولتِهِنَّ أوْ إِخْوانِهِنَّ أوْ بَنِي إخَوَانهِنَّ أو نِسَائِهنَّ أوْ مَا مَلَكَتْ أَيمَانُهُنَّ أو التَّابِعينَ غَيْرِ أُوِلي الإرْبَةِ مِنَ الرِّجالِ أو الطِّفلِ الَّذينَ لَمْ يَظْهَرُوا عَلَى عَوْرَاتِ النسِّاءِ وَلاَ يَضْربْنَ بأرْجُلِهِنِّ لِيُعْلَمَ مَا يُخْفِينَ مِنْ زِيِنَتهنَّ). واتە "بە باوەڕداران بڵێ پوختەترینە بۆ ئەوان ئەوەیە چاوپارێزبن‌و ئەندامی زێیان بپارێزن، خودا بەئاگایە لەگشت هەڵوێستێکی ئێوە، هەروەها بەژنانی خاوەنباوەڕ بلێن چاوپارێزبن‌و ئەندامی زێی خۆیان بپارێزن‌و خشڵیان وەدەرنەخەن. با بە سەرپۆش پێسیریشیان داپۆشن‌و جوانییەکانیا نیشانی کەس نەدەن. جگە لە مێرد یان باوک یان باوکی مێرد یان کوڕی خۆیان یان کوڕی مێردەکانیان یان براو کوڕی برا یان ژنەکانیان یانیش ژنی هاوباوڕیان یا خزمەتکاری وەک کوڕی خۆیانن ئەگەر بەئارەزوو نەبن بۆ هاوسەرگیری یان پیاوێک گرێی لەمێشکدا هەیە یان ئەو منداڵەی چاو نابڕێتە زێدانی ژن‌و نابێت بەپێ لەزەوی بدەن تا جوانییە شاراوەکانیان دەرکەوێت".

ــ کەمترینی زانست ئەو ڕادەیە کەمرۆڤ لە پەرتووک‌و مامۆستای فێردەبن، بالاترینیش ئەوانەن کە بەئەزموونی خودی لە کەرەستەو مرۆڤیان وەریدەگرن. ــ لەنێو میللەتانی لاوازو ژێردەستەکاندا وشەی نەرێی (نا) کەم بەکاردێت. ــ هەردەم پێشبڕکێی ڕەخنە‌ لەخاوەنبیرو کۆشین بۆ کوێرکردنەوەی سەرچاوەکانی زۆرن. کاتی هەڵچوون بەشێوەی تایبەت دەیانبینیت دەم بەجوێن‌ تانووت دەهاون، هەر تیری ناڕەواو بکوژە دەیهاون بەڵام قاڵبی ڕەوای لەبەردا. ــ پیاوی ناودار هەر پەروەردەی دروست دەیانهێنێتە کایە، پیاوگەلی خاوەن ڕەوشتی پاک‌و ڕاست، ڕاستگۆو دڵ فراوان، ئازاو لەخۆ بوور، نیشتمان پەروەر، ڕازگری ماف‌و پارێزەری ڕاستی، ملکەچی فرمان، ئەوانی سەرو دارایی خۆ بەخش لەپێناو ئامانجی پەرەدان بە زانست‌و ئاین‌و زانکۆی نیشتمانی.

لەمەڕ ئەو چی گوتراوە دوکتۆر محەمەد حسەسەنێن هێيكەل دەڵێت: "(وەک زۆر بەخۆیدا ڕادەچوو، پاقژو ڕێزدارو خاوەن شکۆ بوو، هەروەها ڕێزگربوو لە بەرانبەرو ئازادییەکانی ئەو، نە خۆی بەسەر کەسدا سەپاندووە نە هەلی لاوازیی کەسی قۆستووەتەوە، لەنێو گشت دیاردە پیرۆزییەکانی سەربەستیدا پتر ڕێزی بوو بۆ سەربەستی بیرو هۆش). هەروەها دەڵێت: دادوەرێکی هەندە چاک بوو هیچکات چاوەڕێ نەبووە کەسێک پاداشتی بکات یان کۆمەڵ چەپڵەی بۆ بکوتن، دەیگوت تەنها لێبوردن هۆو ئەگەرە بۆ ڕاستکردنەوەی تاوانبار چونکە پێیوابوو سزادانی شەڕ بە شەڕ دەبێتە باربووی شەڕە لەسەر شەڕ".

بەرهەمەکانی ــ لە میسر. ئازادی ژنان - 1899. ژنی سەردەم - 1901.

سەرچاوەکانی ئەم کۆڵینەوەیە

أعلام الكرد – مير بصري – ص 91-92-93-94. قاسم أمين مصلحا اجتماعيا –منى الدسوقي 2004-دار الفكر العربي. قضية المرأة/1.تحرير: محمد كامل الخطيب. مشاهير الكورد في التاريخ الإسلامي (الحلقة السابعة) قاسم أمين د. أحمد خليل تعريف بالنثر العربي الحديث للدكتور عبد الكريم الأشتر (ص 144) تاریخ مشاهیر کرد ــ عرفا، علما، أدبا، شعرا ــ جلد دوم ص 69 ــ بابا مردوخ روحانی

لەچاپدراوی بیانی پەرتووکی ژنی سەردەم (بە عەرەبی) لە ئەرشیڤی ماڵپەڕی کۆمەڵەی زانکۆی تۆرینتو پەرتووکی ژنی سەردەم (بە ڕووسی) لە ئەرشیڤی ماڵپەڕی کۆمەڵەی زانکۆی تۆرینتو