بەکارھێنەر:ڕەشەبا/ھەولێر... پرۆژەیەکی شارستانیی کۆتایی نەھاتوو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەولێر... پرۆژەیەکی شارستانیی کۆتایی نەھاتوو - شاسوار ھەرشەمی

پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ شار لای جوگرافیزانان نەھاتۆتە کایەوە. ھەندێک لە شارەزایان، شار بە ناوەندی یەکەیەکی بەڕێوەبەرایەتی دادەنێن. واتا وەک لای خۆشمان باوە. ناوەندی ھەر گوندێک، ناوی لێبندرێت ناحیە، ئیدی گوندەکە دەبێت بە شار. ھەندێکی دی، پێناسەی ژمارەی دانیشتوان، بۆ نمونە سەروی ١٠٠٠٠ دە ھەزار کەسیان داناوە، بۆ لە گوند دەرچوون.

لای من شار بەو ناوەندە مرۆییە دادەندرێت، کە بە پێچەوانەی پەیوەندی باوی خزمایەتی لە گوند، پەیوەندی دی ھاوچەرخ، خەڵکەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. وەک پەیوەندی کار و بازرگانی و ناوەندەکانی پێکەوە گردبوونەوە. لەو شوێنانەشدا، ئینتیگراسیۆن و ئیندیماجی فەرھەنگیی و زمانیی ھاوبەش لە نێوان ئەم خەڵکەیەدا دێنە کایەوە.

ھەولێر ھەر لە سەرەتاوە، قەڵایەکی سەربازی و ستراتیژی ھەموو دەستەڵاتە گەورە و گچکەکانی ناوچەکە بووە. ھۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەسەر ناوچەیەکی فراوان و دەوڵەمەند، بە چاندنی دانەوێڵە دادەڕوانێت. ھەر ھێزێک، کە بۆ شەڕ و پەلامار خۆی کۆکردبێتەوە، پێویستی بە گەنم و جۆ و نانی ئەو دەشتە ھەبووە. سەیر بکەن، کە ئینگلیزەکان لە ساڵانی بیستی سەدەی بیست، ھاتنە ناو ھەولێر، یەکەمین کاریان، بریتی بوو لە دروست کردنی سایلۆی کۆکردنەوەی دانەوێڵە. ھەروەک بۆ گواستنەوەشی، سایلۆکەیان بە ھێڵی ئاسنینەوە بەستەوە.

لەسەر ئاستی ئاوەدانی شارەکە لە مێژودا، زانیاری کەمن. تەنیا گومان دەکرێت کە لەسەردەمی دەستەڵاتی تورکانی سەلجوقی، بە تایبەت، کاتی دەستەڵاتی سوڵتان موزەففەری گۆگبوری(١١٥٣ - ١٢٣٢)ز، ئاوەدانی و گەشەی شارەکە، گەیشتبێتە ئەوپەڕی خۆی. شارەکە لە قەڵا ھاتۆتە خوارێ. واتا دەوروبەری قەڵا و تا مزگەوتی "منارەی چۆلی" ئاوەدان بووە. دوای ئەوە شار دیسان پاشەکشەی کردووە و دانیشتوان، پتر خۆیان لە ناو قەڵاکەیدا قایم کردووە.

کاریگەری ئەو سەردەمە زووە بەسەر خەڵکی ھەولێر و تەنانەت ھەموو کوردستانیشدا، بریتیە لە زەق کردنەوەی یادکردنەوەی "مەولود". ھەروەک بەشێێک لە دیاردەی زووی، بە کوردی نوسین، لای خوێندەوارانی دەوروبەری ھەولێر و شوێنی دیش لە کوردستان، ھەر بۆ نوسینی "مەولودنامە" دەگەڕێتەوە، کە بۆ یەکەمجار لە ھەوڵیر داھاتووە.

گەلێک ھۆکاری مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسیی، فەرھەنگیی، ھەڵکەوتەی جوگرافیی، سەربازی و لەشکرکێشیی، ئابووریی و ھیدیش، بە درێژایی مێژوو، باری تایبەتی ھەولێریان ھێناوەتە کایەوە.

ھەولێری سەدەی نۆزدە، بە پێچەوانەی کۆیە و چەند شارێکی دی، مۆرکێکی تورکمانیی و پاشماوەی سەلجوقیی پێوە بووە. لە دوای ھاتنی ئینگلیزەکان، لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی بیست، خەڵکانێکی لادێیی، بۆ کار کردن لە سایلۆ و ھێڵی ئاسن و کاری دی، لە گوندەکانەوە ڕوویان لە شار کرد. ھاوکات ژمارەیەک خوێندنگای ھاوچەرخ لە ناو شاردا کرانەوە. بەشێک لە نەوەی تازە ھاتوان بۆ شار، لەو خوێندنگایانەدا خوێندیان و پێگەیشتن.

گەڕەکە تازەکانیش، ھەر لادێی بوون، بە ھەموو مۆرک و فەرھەنگە لادێییە دابڕاوەکانیانەوە. لە ساڵانی شەست و بەھۆی پشێوی "شۆڕش"ەوە، دەشتەکیان ھاتنە شار. خەڵکی دەشتی ھەولێر، لە بەرامبەر گوندەکانیان و لە "کوران" خانویان دروست دەکرد. خۆشناوەکانیش، لە بەرامبەر "سەفین" و لە "سێتاقان" نیشتەجێ بوون. خەڵکی "بەڕانەتی"یش ھاتنە "تەیراوە". ئەوانە گەر شوێنیانت بگۆڕیبایە، لە ناو شار ون دەبوون. واتا تێکەڵاوی و ئیندیماج، یان ئینتیگراسیۆن بوونی نەبوو. تا ساڵی ١٩٧٠زیش، قەڵای ھەولێر دانیشتوانەکەی تورکمان بوون. تا ساڵانی شەستی سەدەی بیستیش، ناوبازاڕ بە دەست تورکمانەکانەوە بوو. ئێستا ئەوان بوونەتە کەمایەتیەکی نادتیار لە ناو شاردا.

بەمجۆرە، فەرھەنگی بازرگانی و دوکانداری، کارو پیشەی سەرەکی تورکمانەکانی شار بووە. ھەروەک ھەندێک کەمایەتی جولەکەی شار، بە کاری پیشەیی و و ڕستن و چنین، ھەروەھا کاری دوکانداری و بازرگانیشەوە خەریک بوون. کلدانەکان، بە زۆری لە عەنکاوەی پەڕگەی باکوری ڕۆژئاوای شاردا دەژیان و بەشداریەکی ڕاستەوخۆیان لە ژینگەی شاردا نەبوو، مەگەر دروست کردنی مەی و فرۆشتنی. نەریتی زۆرینەی کوردەکانیش، بریتی بوو لە فەرھەنگی خێلەکی. ئەوان بە توندی خەریکی پاراستنی دابونەریتە کۆمەڵایەتییە خێلەکیەکانی لادێ بوون، کە بەسەریاندا زاڵ بووە.

لەگەڵ گوند ڕاگواستنی سەدام، لە کۆتایی ساڵانی حەفتا، ھورژمی لادێ بۆ ناو شار، باری ئەتنی و فەرھەنگی شاری ھەولێری گۆڕی. گوند و فەرھەنگی گوندیی، بە تەواوی بەسەر شاردا زاڵ بوو.

شارەکە سەرگەرمی لەخۆدا ھەڵلوشینی ئەو ژمارە گەورەیەی دانیشتوانی لادێکان بوو. نەوەی یەکەم و دووەمیان خەریک بوو لە ڕێگای خوێندن و کاری شۆڕشگێڕانەی نھێنی حیزبەکان، تێکەڵ بە ژیانی شارستانی ببن، ئیدی سەردەمی ڕاپەڕین دەستی پێکرد. ئەو سەردەمەش بە ژیان لە سایەی شەڕی ناوخۆ ناسراوەتەوە، کە پاشەکەشەیەکی گەورە بوو بۆ دیاردەی شارستانیەت لە ناو شاردا.

دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ز، بارێکی دی تازە بەسەر شار داھات. تێکەڵەیەکی سەیر و نامۆ بە شارەکە، بوونە دەستەڵاتداری شار. ئەوانە بریتی بوون لە ژمارەیەک ئەندامانی خێڵی بارزان و دەوروبەری، کە وەک ئاغا لە ناو دێ، سەیری مسکێن و کرمانجەکانی شاریان دەکرد. ژمارەیەکی زۆریش لەگەڵ ئەواندا ھاتبوونە شار، کە زووتر لە شارەکانی ئێران گەورە ببوون. ھەروەک بە ئەندازەی دانیشتوانی دھۆکیش، لە ھۆز و تیرەکانی بادینان، لە ناو شار، بوبوونە کاربەدەست و چەکدار. زۆرێک لەوانە، یان لەسەردەمی سەدام جاش بوون، یان کوڕە جاش بوون. سەرەڕای ئەمانە، ژمارەیەک لە لۆمپێن و کەسانی بەدناوی ناسراوی شارەکانی دی کوردستانیش، کە لەبەر ڕابردوویان، چیدی نەیاندەتوانی لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، ھەولێریان کردە ڕووگە و لەو شارەدا بوونە خزمەتکاری ئاغا تازەکان. ھەروەک چەندان سەرۆک جاشی ناوچەکانی دی، وەک گەرمیان، کەرکوک و سلێمانی و ھتد، بە بنەماڵەوە لە ھەولێر نیشتەجێ کران. ھەر بۆ نمونە، سەرۆک جاشێکی ناسراوی (بێتواتە)، بە ھەموو چەکدارەکانیەوە، لە ھەولێر گەڕەکێکی تایبەتی بۆ دروستکراوە.

ئیدی سەرەڕای ئاوەدانیەکی گەورە و خێرای شارەکەش، بەڵام فەرھەنگ و داب و نەریتی لادێیی و لەوەش خراپتر خێڵەکی، لە ئاستێکی توندتر کەوتە گەشانەوە.

ئێستا دەستەڵاتدارانی خێل، بە دەیان دامەزراوەی سەربازی، نیوە سەربازی و جاسوسی، ئابوریان قیت کردۆتەوە، تا بتوانن پرزە و ھەناسەی خەڵکە ڕەسەنەکە کپ بکەن. ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی کە خێل ببێتە نانبدەری خەڵک و کار بۆ دەستوپێوەندەکانی دابین بکات. واتا خەڵکێکی زۆر، ژیانیان لە دەزگا چەکداری و بەرھەمیەکانی خێڵ، بۆ دابین کراوە.

ھاوکات، لێشاوێکی گەورە لە خەڵکی ڕەسەن و کۆنتری ھەولێر، بە تایبەتیش لە توێژی گەنج و خوێندەوار، لە دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦، نەیانتوانی بە پیک و زوڕنای ئاغا خێلەکیەکان ھەڵپەڕن، بۆیە یان ناچار بوون، یان ناچار کران تا شارەکە بەجێبھێڵن. ئێستاش لە کۆیە و سلێمانی و... خەڵکانێکی ئەو سەردەمەی ھەولێر ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە شارەکەیان. ژمارەیەکی زۆریشیان ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپی کرد.

دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامیش، بە ھۆی لێشاوی پارەی ھاتوو لە بەغداوە، ھەروەک بەرزبوونەوەی داھاتی ناوخۆ و دۆزینەوەی نەوت، خەڵکی ھەموو شوێنێک ڕوویان لە ھەولێر کرد. باری دیمۆگرافی ھەولێر، لەم بیست ساڵەدا، بە شێوەیەکی خێرا و بە دەر لە ھەر پێوەرێکی ھاوچەرخ، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەر داھات. شارێک کە تا ئەو کاتەش، نەیتوانی بوو، لە ناو خۆی و لە نێوان گەڕەکەکانی خۆیدا، تێکەڵی و ئینتیگراسیۆن بێنێتە کایەوە، بێگومان دەڕۆستی لەخۆ گرتنێکی تەندروست و دروستی، ئەو لێشاوە گەورەیەی خەڵک ناگرێت. ئەم بارە بەسەر ھەڵوێست نواندنی خەڵکی شار و سەرجەم بارە کۆمەڵایەتیەکانیشیەوە، بە زەقی دیارە.

ئەم پێکھاتە ناجێگیر و نایەکگرتوەی دانیشتوانی شاری ھەولێر، وەنەبێت بەری ئەم بیست ساڵەی دوایی بێت. وەک ڕوونمان کردۆتەوە، لە دوای ھاتنی ئینگلیزەکان و پەیدابوونی ھەلی کار، شارەکە بەمشێوە کۆنەپارێزەیە، چەقی بەستووە. ڕژێمی داگیرکەری ئێراقیش، بە ئاسانی ھەستیان بەم دیاردەیە کردووە و بە سودی خۆیان بەکاریانھێناوە.

ئێراقیەکان، کە نەیاندەتوانی دانیشتوانی سلێمانی دەستەمۆ بکەن، لە ساڵی ١٩٨١ز، زانکۆی سلێمانیان ڕاگواستە ھەولێر. ھەروەک زووتریش، ڕایانگەیاندبوو کە ھەولێر پایتەختی ھاوینەی ئێراقە. پێش ئەوەش، دامودەزگا فشۆلەکەی حوکمی زاتی، ئۆتۆنۆمیان لە ھەولێر دانا. ھەڵەی سەرکردەکانی باشور، لە دوای ڕاپەڕین ئەوە بوو، کە ھەر ھەمان ساختمانی پێشوی ئەنجومەنە بەکرێگیراوەکەی ئۆتۆنۆمیان، کردە بنکەی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم. واتا ھەولێریان بە پایتەختی ھێشتەوە، بەمەش سستی پێکھاتەی کۆمەڵایەتی ھەولێر، بووە بەڵایەک بۆ ھەموو باشوری کوردستان گواسترایەوە و ھەمووان دەبێت باجەکەی بدەن. واتا گلەیی کردن لە خەڵکی ھەولێر بەبێ تێگەیشتنێکی وردی باری دیمۆگرافی گۆڕاوی شارەکەو فەرھەنگی شارەکە، ھەڵەیەکی زەقە. من زۆرجاران گوتومە کە لە باشوری کوردستاندا، لە ڕووی ئینتیگراسیۆن و تێکەڵاویەوە، ئێمە تەنیا شەش حەوت شارمان ھەبوون. زاخۆ. ڕواندز. کەرکوک. کۆیە. سلێمانی. کفری و خانەقین. ھەرچەند لە ڕووی ئاوەدانیەوە، ڕەنگە کۆیە، زاخۆ و خانەقین، وەک کەلاوە وابن. ئەوانەی دی، بە ھەولێریشەوە، لە ڕووی فەرھەنگیەوە، "گوندی گەورەن". لە گوندی گەورەشدا، چاوەڕوانیەکان زۆر نین.

ئێراقیەکان، چۆن زانکۆی سلێمانیان گواستەوە، بە شێوەی دیش سزای شارەکەیان دا. لە ناوەندی ھەموو پارێزگاکان، نەخۆشخانەی ژاپۆنی، ھاوشیوەی (ڕزگاری) یان دروست کرد، جگە لە سلێمانی. ھەروەک بە شێوەی ڕەفتاریان لەگەڵ سلێمانی، ھەمان ڕەفتاری دڕندانەیان لەگەڵ پێنج شارەکانی دی کوردستانیش کرد. کوردانی کەرکوک و خانەقینیان دەرکرد و ھەردوو شاریان عارەبنشین کرد. قەزای کۆیەیان ھەڵوەشاندەوە و کردیانە گوند. قەزای ڕواندزیان بردە "دیانە" و ئێستا ناوی بۆتە قەزای سۆران. شاری مێژویی کفریش، بە کەلاوەیی ھێشترابووە و خەریکی چۆڵ بوون بوو. ھەروەک زووتریش، کاتێک کە دھۆک ناحیەیەکی بچوکی سەر بە قەزای زاخۆ بوو، ھەستان دھۆکیان لە ساڵی ١٩٦٩ز کردە ناوەندی پارێزگا و زاخۆ بووە بەشێکی دھۆک. تا ساڵی ١٩٧٠ش، گەلی دھۆک، شارۆچکەکەی کردبووە دوو گوندی دژ بەیەک. بەری مزوریان و بەری زێباریان. بەمجۆرە گوند و فەرھەنگی گوندیان، بەسەر شار و فەرھەنگی شاریدا زاڵ کرد. ئێستا نەوەی نوێ، دەبێت باجەکەی بدەن و بارەکە ڕاست بکەنەوە.

خودی دیاردەی شارستانی و شارنشینی، ھەروەک ئوربانیزم و ڕووکردنە ناو شاران، دەرکەوتنی فەرھەنگێکی تایبەتی و جیاوازی شارنشینان، لە ناوچەکەی ئێمە، دەرکەوتەیەکی تازەیە. سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە سەردەمی یەکەمین چاکسازیەکانی بەڕێوەبەرایەتی، لە سنوری دەوڵەتی عوسمانیدا. دیاردەکە ھێشتا درەنگتر و لە سەدەی ھەژدە، تروسکایی لە شارەکانی باشوری کوردستان دەرکەوت. پێشقەرەوڵی ئەمانەش، سەربازانی ئۆردوی تورک و کەمایەتیە تورکانیەکان و کاربەدەستانی عوسمانی بوون لە شارەکانماندا. کەواتە مێژوی زۆر کۆنی ھەولێر دادمان نادات و ناکەوێتە چوارچیوەی، ئەو گەشەسەندن و بوژانەوەیەی، کە دەبا وەک لە سلێمانی، کەرکوک، زاخۆ، کۆیە و چەند شارێکی دی وەدیھاتن، لێرەش وەدیھاتبان.

بەوەی باشە خۆم ھەولێریم و لە بنەماڵەی ناسراوی "ھەرشەم"یانم، کە گۆڕی باپیرانم، تەنیا بەردھاوێژێک لە شار دوورە. "مەلا ئۆمەر"یش مامی باوکم بوو، کە شوێن و ھەواری ویش، ھەر بە ناوی خۆیەوە، ئێستا وەک گەڕەکێکی نوێ، کەوتۆتە ناو شارەوە. شوێنی منداڵیی دایکیشم، "ڕەشکین"ی جارانی بەرامبەر "عەنکاوە"، یان شوێنی ئێستای فڕۆکەخانەی ھەولێرە، بۆیە لەسەر ئەم کورتە پێناسەیەم بۆ شارەکە، کەس ناتوانێت بە "ناوچەگەر" و چی و چی تاوانبارم بکات.

١/١٠/٢٠١٦