بەکارھێنەر:ڕەشەبا/ڕاستکردنەوەی ھەڵەیەکی مێژوویی لەسەر زمانی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕاستکردنەوەی ھەڵەیەکی مێژویی لەسەر زمانی کوردی - شاسوار ھەرشەمی

دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر زمانی کوردیی، بە خامەی کوردان خۆی، مێژویەکی زۆر کۆنی نیە. کاری خۆماڵی لەسەر زمان، بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە. دوای ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی عوسمانی و سەرھەڵدانی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی تورکی و عارەبی، کوردانی خوێندەوار، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ئەستەمبۆل ژیابوون و پلە و پایەی دەوڵەتیی، یان سەربازیان ھەبوو، وشیار بوونەوە. ئەوان بە نەوەی یەکەم دادەندرێن، کە کەوتنە خۆ خەریک کردن بە بابەتە زمانەوانیەکان و زانستەکانی زمانناسی.

نوسەران و شارەزایانی نەوەی یەکەمی زمانی کوردی، وەک کاری بەرایی و یەکەمیان، قۆڵیان لێ ھەڵماڵی و کەوتنە پاککردنەوەی زمانی نوسینی کوردی، تا لە زمانی ئاخاوتنی خەڵکی نزیکی بکەنەوە. بەمکارەیان دەگوت (نوسین بە کوردی پەتی).

شوکری فەزلی، شێخ نوری شێخ سالح، پیرەمێرد، موستەفا پاشای یامولکی، تۆفیقی وەھبی بەگ، مەلا سەعیدی کابان و چەندانی دیش، لە پێشەنگی کاروانەکە بوون. دیارە شێخ مەحمودی حەفیدیش، بە نوسینی چەند بەیتە شیعرێک و پاڵپشتی ڕۆژنامەکانی بانگی کوردستان، بانگی حەق و ئومێدی ئیستقلال، ھاوبەشی لەو ھەڵمەتەدا کرد. ھەروەک (مێجەر سۆن)، لە ڕێگای ڕۆژنامەی پێشکەوتنەوە، چ بە وردە نوسین و چ بە سەرپەرشتی کردن، ڕۆڵی دیاری لە کوردی پەتی نوسین ھەبوو.

نوسەرانی نەوەی یەکەم، زوو بۆیان دەرکەوت، کە دەبا لە ھەموو بەرەکاندا، کار لەسەر زمان و بۆ زمان بکەن. یەکێک لەو بەرانە، بریتی بوو لە ساغکردنەوەی مێژوی سەرھەڵدان و سەرەتاکانی زمانی کوردی. ئەوان دەبا بە گژ ئەو بیر و بۆچوونانە دابچنەوە، کە دەیانگوت کوردیی، زاراوەیەکی زمانی زۆر ناسراوی فارسیە.

تا ئەو کاتە، واتا ساڵانی بیست و سی سەدەی ڕابردوو، زمانی فارسی، لای فارسەکان، ھەروەک لای شارەزایانی زمانە ھیندۆروپی و زمانە ئێرانیەکانی ڕۆژئاواییەوە، لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کرابوو. پرۆتۆزمانە پێشترەکانی زمانی فارسی و زمانە ئێرانیەکان، لێکۆڵینەوەیان لەبارەیەوە کرابوو. زمانە ئێرانیەکان، بریتین لە یەکێک لە بنخێزانە گرنگەکانی زمانە ھیندۆروپیەکان. زمانە ئێرانیەکان کۆمەڵێک زمانی لەناوچوو و زمانی زیندو لەخۆ دەگرێت. لە زمانە لەناوچووەکان، میتانی، مانی، مادی، ئاڤێستایی، پارتی، پەھلەوی، ئازەری، تەبەری، سوغدی، مازندەرانی، خوزی و ھیدیش. ئاڤێستایی یەکێکە لەو زمانە کۆنانەی ھیندۆروپی، کە شان بە شانی سانسکریتی، گرێکی و لاتینی، دەقی نوسراوی بۆمان ماوەتەوە.

زمانە ئێرانیەکان، بۆ سەر دوو دەستە زمان دابەش دەبن. ڕۆژئاوایی و ڕۆژھەڵاتی. ئەوانیش دەبنە چەند بەشێک. وەک:- زمانەکانی باکوری خۆرئاوا: لەناویاندا، کوردی (بە زاراوەکانی ھەورامی و زازاکی، یان دملی). بەلوچی. ئازەری کۆن. تاتی. تالشی. ئیشتیھاردی و.... زمانەکانی باکوری خۆرئاوای ناوەندی: لە ناویاندا، خوانساری. نایینی. بەھدینانی، یان دەری زەردەشتی. ھەروەھا زمانە خەزەریەکان، وەک گیلەکی. مازندەرانی. تەبەری و....

زمانەکانی باشوری خۆرئاوایی: فارسی، لوڕی، لاری و.... زمانە خۆرھەڵاتیە نوێکان: لەوانە، پەشتونی. واخی. ئۆرموری. پەڕاچی. یەغنۆبی. ئۆسێتی. شوغنی. یدغەیی. ڕۆشەنی. مونجی و.... ھەروەھا زمانە کۆنەکانی خۆرئاوایی: ئاڤێستایی. مادی. پارتی. پەھلەوی. زمانە کۆنە خۆرھەڵاتیەکانیش: سوغدی. خۆتەنی. خواڕەزمی. نوسەرانی کورد، دەبا ھەوڵ بدەن، خۆیان لە زمانی فارسی و زمانە پرۆتۆکانی فارسی، واتا پارسی کۆن، یان زمانی دارای یەکەمی ھەخامەنشی، پەھلەوی و پارتی، بەدوور بگرن، چونکە لایان وابوو، تەنیا بەم ڕێگایە، دەتوانن سەربەخۆیی زمانی کوردی بسەلمێنن. ئەوان کە بینیان چ نوسەرێک، زمانی فارسی بە زمانی زۆر ناسراوی ئاڤێستاییەوە نابەستێتەوە، ئیدی وەک ھەنگیان لە داردا دۆزیبێتەوە وابوو. کەواتە، بێ ھیچ کێشە و ساغکردنەوەیەک، "زمانی کوردی لە ئاڤێستاییەوە ھاتووە"!!. دیارە ئەو کارە ھەروا بە ئاسانی نەدەچووە سەر. ھەروەک ئەوان، لە لێکۆڵینەوە ئەوروپیەکان، لەسەر دەقە بەجێماوەکانی ئاڤێستایی، بێئاگا بوون. دەمێکە شارەزایانی زمانە ئێرانیەکان، ئەمەیان ساغکردۆتەوە، کە ئاڤێستایی، ھیچ زمانێکی دی نوسراوی لەپاش بەجێنەماوە. واتا زمانەکە وجاغکوێرە. دەزانین کە لە زانستی مێژوی زمان، ئەمە ڕووداوێکی دەگمەن و ناوازە نیە. زمانی زۆر ناسراوی سومێرییش، ھیچ زمانە خزمێکیدی بۆ نەدۆزراوەتەوە. ھەروەک زمانە ھاوچەرخەکانی گرێکی، ئەرمەنی و ئەلبانیش.

بێگومان ئاڤێستایی، سەردەمانێکی زوو، زمانی دوانی خەڵکێک بووە و لێیتێگەیشتوون. دواتریش زمانەکە، وەک ھەر زمانێکی دی، گەشەی کردووە و بۆ زمان و زاراوەی دی گۆڕاوە. کێشەکە ئەوە بووە، ئاڤێستایی دەقێکی پیرۆزی ئایینی پێنوسراوەتەوە. ئەمەش وایکردووە، کە کەس نەوێرێت، بە ھیچیەک لە نەوە زمانەکانی دوای ئاڤێستایی، لە دوای خۆیدا، دەق بنوسێتەوە. ئەمەش بۆتە کڕ و کپیەکی ترسناک، کە ھەموو سەردەمی دەستەڵاتی مادیەکانی گرتۆتەوە. واتا نەوە زمانەکانی دوای ئاڤێستایی، دەقیان لەپاش بەجێنەماوە. دواتر و لەسەردەمی دارای یەکەم، نوسینی دەق بە زمانە ئێرانیەکان، جارێکیدی دیسان دەست پێدەکاتەوە.

ئیدی بەستنەوەی زمانی کوردی، بە ئاڤێستاییەوە و باز دان بەسەر ھەموو سەردەمە مێژوییەکانی دی و زمانە ناسراوەکانی دی، لای نوسەرانی دواتری کوردیش، وەک ڕاستیەکی چەسپاو سەیر کرا. دەبینین، لە ھەر کوێیەک، گەڕیدە و ڕۆژھەڵاتناسێک، بە لامسەلاییش بووبێت، ئاماژەیەکی بە لێکچوونی کوردی و ئاڤێستایی کردبێت، کە بێگومان لێکچوونی زۆریش ھەن، ئەوا ئەو قسانەیان، بوونەتە بەڵگە و کراونەتە کوردی. تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، شارەزا و زمانناسانی کوردی، کارێکی ئەکادیمی بەربڵاویان لەسەر ئاڤێستایی و بەراوردکاری پێوانەیی دەقە بەجێماوەکانی زمانەکە، لەگەڵ کوردی نەخستۆتە بەرچاو.

ئەوەی کە بووە بنێشتە خۆشەی ناو دەمی نوسەرانی پەنجاکان، دیاردەیەکی دەنگی ئاڤێستایی بوو، کە زۆر زوو لێکدانەوەی ھەڵە و نادروستی لەسەر دروستکرا. دیاردەکە بریتیە لەوەی کە گوایا دەنگی (ز)ی ئاڤێستایی، لە زمانی ھاوچەرخی کوردییدا، ھەر بە (ز) ماوەتەوە، کەچی لە زمانی فارسی بۆ (د) گۆڕاوە.

کوردی:- - فارسی:- - ئاڤێستایی:-

  • زاوا، زاڤا -- داماد -- zama، زاما
  • زانا، زانین -- دانا، دانستەن -- zan، زان

ئەم دوو وشەیەی سەرەوە، کە لە فارسی دەنگەکانیان بۆتە (د)، لە نوسینی ژمارەیەکی دیاری نوسەرانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی ساڵانی پەنجا، خراوەتە بەرچاو. سەیرەکە لەوەدایە، کە ھەر بەو پێودانگە، خەریکی گۆڕینی وشەی دیش بوون، تا بگوترێت، دیاردەکە لە زمانی کوردی گشتگیرە. بۆ نمونە، وشەی "دەریا"، ھەر لەو ساڵانەدا کرا بە "زەریا"، کە لە ئاڤێستایی، بە شیوەی zraya، زرەییا ھاتووە. دواتر، گیو موکریانیش، ھەر لەسەر ئەو ڕێچکەیەدا، (پیشنھاد)ی فارسی ھێناو یەکەمجار کردیە پێشنیاد. دیارە بە گوێرەی ڕێساکەی ساڵانی پەنجاش، وشە تازەکە، بە گۆڕینی "د" بۆ "ز"، دەبێ ببێتە پێشنیاز، تا لە ئاڤێستایی نزیک ببێتەوە. ئەو سەردەم، پیتەکان لە قورقوشم دروست دەکران و دەبا لە کاتی چاپکردندا، پیتەکان بە دەست، لە دوای یەکدیدا ڕیز بکرێن. گوایە کرێکارێکی چاپخانە، لە جیاتی (ز)، پیتی (ر)ی داناوە و وشەکە بە (پێشنیار) بڵاو بۆتەوە. سەیرەکەی ئەوەیە،‌ لە فەرھەنگەکەی گیو، ھەردوو پێشنیاد و پێشنیاز داندراون، بەڵام زۆر نوسەر ھێشتا پێشنیارە بە ھەڵە داندراوەکە بەکاردێنن..

ئەم لێکدانەوەی سەرەوە، ھەرگیز ناگاتە ئاستی ڕێسایەکی زمانەوانی دیار و ئاشکرا. من بۆ چەندان ساڵ دەبێت، کە خەریکی لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری زمانی ئاڤێستاییم، لەگەڵ زمانە ئێرانیە کۆن و ھاوچەرخەکاندا. بە دڵنییاییەوە دەڵێم کە کاریگەری ئاڤێستایی، وەک زمانێکی ئایینی و نوسراو و باش پارێزراو و ڕێز لێگیراو، لەسەر ھەموو زمانە ئێرانیەکان دیارە. واتا سەرەڕای ئەوەش زمانەکە چ نەوەیەکی ڕاستەوخۆی لێ وەپاش نەکەوتووە، بەڵام بە بێ گەڕانەوە بۆ وشە ئاڤێستاییەکان، کارێکی سەختە، لە بنەچە و بنەڕەتی زۆر وشە و باری ڕێزمانیی زمانە ئێرانیەکان، بە کوردیشەوە بگەین. لەسەر ھەڵەی بۆچوونی نوسەرانی زووی زمانی کوردی، سەیری ئەم وشانەی خوارەوە بکە، کە لە ھەردوو کوردی و فارسییدا، بە دەنگی (ز) دەست پێدەکەن، کەچی لە دەقە ئاڤێستاییەکاندا، دەنگی دییە:-

کوردی: فارسی: ئاڤێستایی:

  • زان زائیدەن juua، ژووە
  • زمان زەبان hizva، ھیزڤا

ھەروەک ئەم وشانە، کە لە ھەر سێ زماندا، دەنگی (ز)یان تێدا پارێزراوە:-

کوردی:- - فارسی:- - ئاڤێستایی:-

  • زستان -- زەمستان -- zemeo، زێمیۆ
  • زوو -- زود -- uzuti، ئوزوتی
  • زەرد -- زەرد -- zart، زەرت

ھەروەک چەندان وشەی زۆر ناسراوی ئاڤێستایی ھەن، کە بە دەنگی (ز) دەست پێدەکەن، کەچی لە ھەروو زمانی کوردی و فارسی، دەنگەکە ھەر بە (د) دەردەکەوێت. وەک:-

  • دڵ -- zrda، زردە
  • دەست -- zasta، زەستە.

دیسان دەبینین لە دەیان وشەی ئاڤێستایی، ھەروەک کوردی، زۆر جاران فارسی و زمانە ئێرانیەکانی دیش، دەنگی (د) بە نەگۆڕی دەردەکەونەوە، واتا بێ ئەوەی بۆ (ز) بگۆڕێن. وەک:-

  • داد -- dat، دات
  • دار -- daru، دارو.
  • داغ -- dagha، داغھە
  • دایک -- dainu، دەینو
  • دڕاندن -- dar، دەڕ
  • درز -- daraza، دەرەزە
  • درۆ، درەو -- drug، دروغ، ھەروەھا druj، دروژ
  • دروست -- drwyişta، دروویشتە
  • دژ -- duj، دوژ
  • دونگ، دوا -- duma، دومە.
  • دووان -- dauu، داوو
  • دوژمن -- mana -duş، دوش-مەنە
  • دۆت -- dugdar، دوگدەر
  • دە -- dasa، دەسە.
  • دیتن -- didaiti، دیدایتی.
  • دێو -- daeva، دەیێڤە

کەواتە کاتی ئەمە ھاتووە، چیدی شوێنپێ و ڕێچکەی نەوەی یەکەمی زمانزانانی کورد ھەڵنەگرین و خۆمان لەو ھەڵە مێژوییە دوور بخەینەوە. ئەمڕۆ سەرچاوەی زۆر و زەوەند، لەسەر زمانە ئێرانیەکان، لەوانەش زمانی کوردی، لەبەر دەست دان، تا بتوانین شوێن و پێگەی زمانی کوردی، بە باشی دەستنیشان بکەین. ترس لە بە فارسی دانانی زمانی کوردی، بابەتێکی پوچ و سواو و کۆنە، بۆیە پێویستمان بەوە نیە، تا پەنا بۆ بیردۆزەی نەسەلماو و ناڕاست ببەین، بە ناوی بەرگری کردن لە زمانی کوردی.


15-9-2016