برژاو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

برژاو : (١٩٢٣- ١٩٩٨ ) چالاكی سیاسی و شاعیر

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

برژاو

ناسناوی سەیید برایم کوڕی حاجی سەیید سەعید کوڕی سەیید برایمەفەندی کوڕی سۆفی سەیدەی ھەولێری کوڕی سەیید عەلیی بەرزنجییە، ١٩٢٣ لە شاری کۆیە ھاتووەتە دنیاوە. خوێندنی حوجرەی لای مەلا حەبیب و مەلا کەمال بووە. ئەمجا خراوەتە قوتابخانەی سەرەتاییی یەکەمی کۆیە و تا پۆلی شەشەمی بڕیوە. بەڵام لەبەر کێشەی خێزانی و نالەباریی گوزەران، دەستیی لێ‌ھەڵگرتووە و بووە بە سەرباز.[١][٢]

ژیانی سیاسی[دەستکاری]

پاشان گەڕاوەتەوە و دووکانێکی کردووەتەوە. ١٩٤٨ پێی ناوەتە دنیای سیاسەت و چووەتە ڕیزی (پارتی دیموکراتی کورد) و بووە بە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە و ئەندامێتیی لیژنەی پشکنین و چاودێریی تێدا کردووە تا ١٩٦٥ و لەو پێناوەدا یەخەگیری گیران و سەغڵەتی بووە. ساڵانی ھەشتایش بەھۆی پێشڕەو و ڕەھبەری کوڕانیەوە کە پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون، بە خێزانەوە ڕەوانەی گرتووخانەی (فەزەیڵییە- الفضلیة)ی بەغدا و (شەیحییات)ی بیابانی نوگرەسەلمان کراوە.[[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ٣/٨/١٩٩٨ کۆچی‌دواییی کردووە و لە کۆیە بەخاک سپێردراوە[١][٢]

ئەدەب و شعر[دەستکاری]

برژاو، لە ساڵی ١٩٤٣وە بە کاریگەریی شاعیرانی پێش خۆی دەستی داوەتە شیعرنووسین، ناسناوەکانی (برژاو، دەھری، بلە، سەیدەڕووتە)ی ھەبووە، بەڵام خۆی ھەر برژاوی بەکارھێناوە و زیاتریش بە سەیید برایم ناوبانگی دەرکردووە. سەردەمی ڕاپەڕینی کانوونی دووەمی ١٩٤٨، پەیامنێریی بۆ گۆڤاری "نزار"یشی کردووە .[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ کەریم شارەزا، کۆیە و شاعیرانی، بەرگی دووەم، چاپخانەی شەھاب- ھەولێر، ٢٠١٣، ل١٤٢-١٤٩؛ وێنە و لاپەڕەیەکی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز ڕەھبەری سەیید برایم.
  2. ^ ئ ا ب پ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8013 - 8014 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .