بابا عەلی شێخ مەحموود

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بابا عەلى شێخ مەحموود

بابا عەلی شێخ مەحموود : ( ١٩١٢ - ١٩٩٦) وەزیر و ئەندامی پەرلەمان

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

باباعەلی، دووەم کوڕی شێخ مەحموود کوڕی شێخ سەعیدی حەفید و لە بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەیییە. دایکی، بەھێ خانی ئەمین عەتارە و دەچێتەوە سەر مەحموود ئاغای شیوەکەڵ. ١٩١٢ لە گەڕەکی (کانێسکان)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە. ھەڕەتی منداڵیی، لەبەر نالەباریی ھەلومەرجی ناوچەی سلێمانی، بە نائاسوودەیی بەسەربردووە، کاکە حەمەی خاڵی سەرپەرشتیی کردووە و ئاگاداری بووە. لای خواجە ئەفەندی فێری خوێندنەوە و نووسین بووە. خوێندنی سەرەتاییی بە پچڕ پچڕی لە سلێمانی دەستپێکردووە ، ١٧/٧/١٩٢٧ وەک بەجێ ھێنانی مەرجێکی ڕێککەوتنەکەی شێخ مەحموود و کاربەدەستانی ئینگلیز و حکوومەت، لەگەڵ ئەحمەد خواجە ھاتووەتە پێنجوێن و براوەتە بەغدا. لەوێ خراوەتە قوتابخانەی (فەزل- الفضل)، لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی قبووڵکراوە و بە سەرکەوتوویی بڕیویە. ئەمجا بە یاوەریی "ئەحمەد صەبری" نێردراوە بۆ قوتابخانەی ڤیکتۆریا لە شاری ئەسکەندەرییەی وڵاتی میسر و قۆناغی سانەویی لە ١٩٣٢دا تەواوکردووە. [١][٢]

گەواھینامەی ماجستێر[دەستکاری]

لە کۆلیجی پزیشکیی بەغدا وەرگیراوە و ساڵی یەکەمی بڕیوە، بەڵام زۆر حەزی پێ نەکردووە، بۆیە نێردراوە بۆ زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا. ١٩٣٨ ھەر لەوێ گەواھینامەی ماجستێری لە ڕشتەی ئابووریدا بەدەست ھێناوە. ئەو ماوەیە سەوداسەری تێزەکانی "ئادەم سمیت"ی ئابووریناسی گەورە بووە. [١][٢]

پۆستی وەزیری[دەستکاری]

کە گەڕاوەتەوە، لە دائیرەی ھێڵی ئاسن دامەزراوە، بەڵام ھێندەی لێ نەماوەتەوە و دەستی کێشاوەتەوە. بڕیاری داوە خۆی خەریکی کشتوکاڵ بکا و باخێکی لە (دێ کۆن) بنیات ناوە. لە یەکەم وەزارەتی ئەرشەد عومەری (١/٦-١٦/١١/١٩٤٦)دا، کراوە بە وەزیری ئابووری. لە نۆیەم وەزارەتی نووری سەعید (٢١/١١/١٩٤٦-٢٩/٣/١٩٤٧)دا دیسان بە وەزیری ئابووری دانراوە. لەو کارانە کە ئەو دەمە کردوونی: بە فریای لێقەوماوانی لافاوەکەی شاری بەسرە گەیشتووە و کۆمەکی کردوون. بڕیاری داوە داری دارستانەکانی کوردستان نەبڕدرێ و نەکرێتە خەڵووز. بایەخی بە ھاوینەھەوارەکان و تووتن داوە. [١][٢]

سەردەمی حوکمی پاشایەتی[دەستکاری]

لە یازدەیەمین خولی پەرلەمانی سەردەمی حوکمی پاشایەتی (١٧/٣/١٩٤٧-٢٢/٢/١٩٤٨)دا، بە نائیبی سلێمانی ھەڵبژێردراوە. [١][٢]

ژیانی هاوسەرگیری[دەستکاری]

بابا عەلی، ساڵی ١٩٥١ خاتوو "ڕەشادەتی شێخ حەبیب تاڵەبانی"ی ھێناوە و دوو کوڕی دارا و کاک ئەحمەد ناوانی لێ بووە . [١][٢]

سەردەمی کۆماری[دەستکاری]

لە سەردەمی کۆماریدا، لە وەزارەتەکەی عەبدولکەریم قاسم دا، بە وەزیری گەیاندن و ئەشغال دانراوە. بەڵام کە ھەستی کردووە سیاسەتی حکوومەت لەگەڵ بۆچوونی ئەمدا جووت نایێتەوە، دەستی کێشاوەتەوە ، ١٩٦٣ لە حوکمی عەبدولسەلام عارف و بەعسییەکاندا، کراوە بە وەزیری کشتوکاڵ، دیسان ھێندە نەماوەتەوە و وازی ھێناوە ، ٢٤/٩/١٩٦٦ بووە بە ئەندامی (لیژنەی نیشتمانیی پسیۆڕانی نەوت). لە دووەم جار ھاتنەوەی سەر تەختی بەعسییەکاندا . ڕۆژی ٢٤/١٢/١٩٦٨ بەغدای بەجێ ھێشتووە، ڕووی کردووەتە وڵاتی بریتانیا و لە شاری لەندەن گیرساوەتەوە. ھەرچەندە حکوومەتی بەعس ھەوڵی داوە قایلی بکا بە گەڕانەوە بۆ عیراق، ملی نەداوە . [١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

لە ٢٠/٨/١٩٩٦دا کۆچی دواییی کردووە. [١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ   جمال بابان، ڕعلام کرد العراق، گ٢، الجزء الڕول، دار ئاراس- ڕربیل، ٢٠١٢، ێ١٠٩؛ عبدالرزاق الحسنی، تاریخ الوزارات العراقیە، گ٥، المجلد ٢، ج٧، چ٩٤، ٩٥، ١٣٣، ١٣٥؛ المجلد ٥، ج١٠، ێ٣١٣، ٣١٥ (بیروت، ١٩٧٨)؛ د. جعفر عباس حمیدی، تاریخ الوزارات العراقیە فی العھد الجمھوری ١٩٥٨-١٩٦٨، گ١، ج٦، ێ٢٢-٢٣، ٢٠٣-٢٠٤؛ ج٩، ێ٢٥٧-٢٥٨ (بیت الحكمة- بغداد، ٢٠٠٤)؛ یازدە لاپەڕەی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز حافیزە کاکە حەمەی عەتار.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8011 - 8012 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .