ئەحمەد عەباس کەریم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەحمەد عەباس كەریم

ئەحمەد عەباس كەریم : (١٩٣١ ) وەڕگێڕی کتێبی (چۆن ئەبی بە شیوعییەکی باش)ی لەتەک جەلالی میرزا کەریم کردووە بە کوردی و بردوویەتە بەغدا ، (کتێبخانەی بیری نوێ) لەوەبەدوا کراوەتەوە، خەریکی حیزبایەتی و بەشێکی کاری کتێبخانەکە بوو .

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

ناوی تەواوی ئەحمەد کوڕی عەباس کوڕی کەریم کوڕی عەبدوڵڵایە. باوکی خەریکی بەرگدروویێتی بووە، دایکیشی، خونچەی کچی عەبدوڵڵای عایشەخانە. ئەحمەد ، ساڵی ١٩٣١ لە گەڕەکی (شێخان)ی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. بە منداڵی ساڵێک لە حوجرەی مەلا عەبدوڵڵا و سەیید عەلیی پاڵ (مزگەوتی گەورە) خوێندوویە. پاشان چووەتە قوتابخانەی سەرەتاییی فەیسەڵییە. لەوێ ساڵێک لەبەر نەخۆشیی ھەوکردنی پێڵووی چاو (تەراخوما)ی دواکەوتووە. کە دەرچووە بۆ پۆلی چوارەم، گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی غازی، کە تازەکی کرابووەوە. لە ١٩٤٩دا پۆلی شەشەمی بڕیوە. دوو مانگێک گیراوە. لەبەر ئەوەی تەمەنی تێپەڕیوە، لە ناوەندی وەرنەگیراوە.[١][٢]

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

لە ١٩٤٥ەوە بووەتە ھاوکارێکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی (ژ. ک). ھەر ئەو ساڵە، لەسەر (کتێبخانەی زانستی) بووە. پاشان تێکەڵ بە چالاکیی سیاسیی حیزبی شیوعیی عیراق بووە و چەند جارێک دەستگیرکراوە. ھاوکات سەرقاڵی کاسبیی ئازاد بووە. لە ١٩٥٤دا دائیرەی ئاودێریی دەربەندیخان لەسەر پڕۆژەی بەنداوەکەی دایمەزراندووە. ئەو ماوەیە گیراوە و حوکمی ساڵێک و نیو زیندان و ھەمان ماوەیش چاودێریی پۆلیسی بۆ بڕدراوەتەوە. بەندییەکەی لە بەندیخانەی باقووبە لە مایسی ١٩٥٦دا تەواوکردووە و چاودێریی پۆلیسیشی لە (بەدرە) بەسەربردووە.[١][٢]

لافاوەكەی سلێمانی[دەستکاری]

ئابی ١٩٥٧ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. بەشداریی کۆکردنەوەی کۆمەکی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی سلێمانی کردووە. عەبدولموتەلیب ئەمینی موتەسەڕیف دایمەزراندووە لەسەر پڕۆژەی ھەیاسی بۆ دروستکردنی خانوو بۆ دێھاتی ژێرئاوکەوتووی بەنداوی دووکان، تا ١٤/٧/١٩٥٨.[١][٢]

كتێبخانەی بیری نوێ[دەستکاری]

کە (کتێبخانەی بیری نوێ) لەوەبەدوا کراوەتەوە، خەریکی حیزبایەتی و بەشێکی کاری کتێبخانەکە بووە تا ١٩٦١.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیری[دەستکاری]

لە ١٩٥٩ خاتوو "زوھرەی ڕەشید عیززەت عەبدوڵڵای ھەمزاغا"ی ھێناوە، کە دواتر ئەمانەی لێ بووە: ئاری، دیار، ئالان، دەروون، دالیا.

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

لە ١٩٦١-١٩٦٢دا کتێبی (چۆن ئەبی بە شیوعییەکی باش)ی لەتەک جەلالی میرزا کەریم کردووە بە کوردی و بردوویەتە بەغدا، عەبدولعەزیزی حاجی مەلا مارف خەرجیی لەچاپدانیی کێشاوە.[١][٢]

پڕۆژەی دروستکردنی بارەگای لیوای بیستەمی سوپای عیراق[دەستکاری]

کە کتێبخانەکە داخراوە، لە ١٩٦١دا چووەتە بەغدا، لە پڕۆژەی دروستکردنی بارەگای لیوای بیستەمی سوپای عیراق دا دامەزراوە، نزیکەی ساڵێک لێی ماوەتەوە. ٢٢/٤/١٩٦٢ دەستگیرکراوە، براوەتە کەرکووک و پاشان گرتووخانەی (خلف السدّة)ی بەغدا. پاش ٦-٧ مانگ مانەوە، گواستراوەتەوە بۆ شاری کووت. لەوێ بەندکراوە، تا ١/١٠/١٩٦٤ کە بەردراوە.[١][٢]

شۆڕشی ئەیلول[دەستکاری]

ھاتووەتەوە بۆ سلێمانی و گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، لای "دکتۆر فەریدە ماشیتە" کاری دەرزی لێدانی کردووە و ماوەتەوە. بە ھۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە وازی لێ ھێناوە و لە ئۆرزدی باکی بەغدا، لەسەر دابەشکرنی جگەرەی جمھووری دانراوە بە کارگوزار. پاش حەوت مانگ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. ١٩٦٦ لە ڕێی خاتوو ناھیدەی شێخ سەلامەوە چووەتە ناو شۆڕشی ئەیلوول. لە بواری تەندروستیی نەخۆشخانەی شۆڕشدا کاری کردووە تا ١٩٧٠.[١][٢]

دائیرەی تەندروستیی سلێمانی[دەستکاری]

لە بواری تەندروستیی نەخۆشخانەی شۆڕشدا کاری کردووە تا ١٩٧٠. پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ١١ی ئازار، گەڕاوەتەوە و لە دائیرەی تەندروستیی سلێمانی کاری کردووە تا چەند مانگێکی پێش شکستی شۆڕش، کە نێردراوەتەوە بۆ ناوشار. چووەتەوە سەر وەزیفەی خۆی لە تەندروستی، تا ١٩٩٧ کە خانەنشین بووە. ئەوەبەدوا دووکانی کەرەستە و پشکنینی پزیشکیی داناوە لەسەر شەقامی گۆران و تا ئێستایش سەرقاڵی ئەو کارەیە . [١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح ئەو زانیارییانە ڕۆژی ١٣/٨/٢٠١٦ لە بەڕێزیان وەرگیراوە. کاک ئاراسی برام ئەم ناوەی بۆ ناسیمەوە.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 7994 - 7995 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .