بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیھانی منداڵی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کتێبی شوێنپێی چەوساندنەوە لە جیھانی منداڵی (توێژینەوییەکی گشتگیر لە سەر جۆرەکانی کاری منداڵان، ھۆکارەکان و شوێنھاتەکانی) بەرھەمێکە کە کامیل ئەحمەدی توێژەر و مرۆڤناسی ئێرانی-بەریتانی لەسەر بابەتی کاری منداڵان لە ئێران، ساڵی ١٤٠٠ و ڕۆژی ١٢ی ئاب (ڕۆژی جیھانیی کاری منداڵان) لە ڕێگای وەشانخانەی ئاوای بووفەوە بڵاوی کردەوە.[١] ئەم کتێبە وەک درێژەی کۆمەڵە چالاکییەکان و توێژینەوەکانی کامیل ئەحمەدی لەسەر کاری منداڵان بووە و بە مەبەستی کۆڵینەوە و توێژینەوەی قووڵی بابەتی جۆرەکانی کاری منداڵان و ھۆکارەکانی ئەنجام دراوە.[٢] شیاوی باسە کە ئەم کتێبە ئەنجامی توێژینەوەیەکی مەیدانی بووە کە ساڵی ١٣٩٩ ئەحمەدی و ھاوکارانی زیاتر لە شاری تاران جێبەجێیان کردووە.

لەم بەرھەمەدا ھۆکارەکانی کارکردنی منداڵان لە زمانی بنەماڵەکانیانەوە وەک دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیان، فێربوونی ئیش و پیشەیەک بۆ داھاتوو و ھەروەھا بەکەڵک نەھاتنی خوێندن و فێرکاری بۆ دۆزینەوەی کار لە بازاڕی کاردا ئاماژەیان پێدراوە. لەم کتێبەدا ھەروەھا ئاماژە بە شوێنھاتەکانی کاری منداڵان کراوە، شوێنھاتی وەک چەوساندنەوەی ھێزی کاری منداڵان، قەیرانە ھەستیارانە و دەروونییەکان، کێشەی کەسایەتی و خەسارلێکەوتنی ڕەوتی کۆمەڵایەتیبوونیان.[٣]

شێوازی توێژینەوە

[دەستکاری]

کتێبی ئاماژەپێکراوە لەسەر بنەمای شێوازناسی چۆنێتی و کەڵک وەرگرتن لە شێوازی بەستێنی بووە کە لەئاستی کارگە و شوێنەکانی دیکەی کارکردنی منداڵان لە تاران و شاری ڕەی ئەنجام دراوە. لە ڕاستیدا توێژەران لەم بەرھەمەدا پاش ئامادەبوون لە ئەو گەڕەک و کارگە و شوێنانەی کە وەک شوێنی کارکردنی منداڵان دەناسرێن ڕاستەوخۆ وتووێژیان لەگەڵ بەشێک لە کۆمەڵگای ئاماریی توێژینەوەکە واتە منداڵان، خاوەنکارەکان و پسپۆڕانی بابەتەکە کردووە. شێوازی نموونەگیری توێژینەوەکە تێکەڵێکە لە شێوازەکانی نموونەگیری ئامانجدار و تۆپەڵەبەفری و ئامرازەکانی کۆکردنەوەی زانیارییەکانیش بریتین لە وتووێژی نیوەپێکھاتوو، قووڵ و بینینی ڕاستەوخۆ و زانستی.[٤]

دەسکەوتەکانی کتێب

[دەستکاری]

زانیارییە ئامارییەکانی کتێب

[دەستکاری]

چونکە تەوەری توێژینەوە لەسەر بنەمای وتووێژی ڕاستەوخۆ و بینینی چالاکییەکانی منداڵانی کار لە ئاستی شاردایە، لە ھەموو شوێنێکی کتێبەکە ئاماری جۆراوجۆر لەسەر چییەتی کاری منداڵان بەدی دەکرێت. بەپێی ئامارە کۆکراوەکان لەم توێژینەوەدا، سەتا ٨٦ی منداڵانی کار لە تاران و شاری ڕەی ڕەگەزی نێرن. سەتا ٥٤ی ئەم منداڵانە تەمەنیان ١٣ بۆ ١٧ ساڵە. زۆربەی باوک و دایکی ئەم تاقمە نەخوێندەواران و ڕێژەیەکی زۆر کەمیان خوێندنی سەرەتاییشیان تەواو کردووە. ھەروەھا ڕێژەیەکی بەرچاوی ئەم منداڵانە پەنابەرانی ئەفغانن، سەتا ٦٠یان بە قاچاغ و نایاسایی ھاتوونەتە ئێران.[٥][٦][٧]

دەستنیشانکردنی جۆرەکانی کاری منداڵ

[دەستکاری]

پاش ئەنجامدانی توێژینەوەی بەستێنی و ھەروەھا توێژینەوە تیۆریک و مەیدانییەکان لەسەر ئاقاری کاری منداڵان لە شاری تاران، توێژەرانی ئەم بابەتە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێ شێوازەکانی کاری منداڵان لە ٢٣ جۆردا پۆلێنبەندی بکرێن. بەشێکی لە درێژەدا ئاماژەی پێدراوە.[٨]

کار لە کارگەکاندا: کار لە کارگەکان وەک کارگەکانی وەبەرھێنانی جانتا و پێڵاو، چێوتاشین و یان ئەو شوێنانەی زبڵەکان دەکەنەوە ماکی خاو و سەرەتایی لە نێو منداڵاندا باوە. ئامانجی ئەم جۆرە کارگەلە زیاتر فێربوونی پیشەیەکە بۆ داھاتوو.

کشتوکاڵ: کاری منداڵان لەم بەشەدا زیاتر بەشێوەی وەرزییە و بەپێی وەرز جۆری چالاکییەکە دەستنیشان دەکرێت. لە ڕاستیدا زۆربەی کارەکان لە ھاوین و پاشان پاییز و بەھاردایە. ئامانجی منداڵان لەم پیشەیە دەستخستنی داھاتە.

کار لەسەر شەقامەکان: کاری منداڵان لەسەر شەقام شێوازی جۆراوجۆری ھەیە، منداڵان لەسەر شەقام پیشەی جۆراوجۆری وەک گوڵفرۆشتن، سواڵکردن، دەستفرۆشی، سووتاندنی سپەند، کێشکردن بە تەرازوو، خاوێنکردنەوەی شووشەی ترۆمبێل، سەوزیفرۆشتن، فاڵ فرۆشتن، ژەنیاری، حەمباڵی و ھتد دەگرێتەوە. منداڵان لە تەمەنی زۆر خوارەوە –لە ھەندێ نموونەدا لە تەمەنی ٤ ساڵانەوە- دەچنە سەر پیشەی لەم چەشنە. ئامانجی ئەم بەشەیش دەستخستنی داھاتە.

کار لە بارفرۆشییەکان و بازاڕی مێوە و سەوزە: ئەو منداڵانەی دەپەرژێنەوە سەر ئەم جۆرە ئیشە، زیاتر ئەو کۆچەرانەن کە بە دوور لە بنەماڵەکانیان یان لەگەڵ یەک لەوان لەو جۆرە شوێنانە کار دەکەن. لەو شوێنانەدا کار تەواو پێکھاتوو و ڕێکخراوە و لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوە مەیدانەکانی مێوە و تەڕەباری شارەوانی تاراندا ئەنجام دەدرێ و یاسا و ڕێسای توندی لەسەر دانراوە.

گەڕان بەنێو زبڵەکاندا: ئەو منداڵانەی بەنێو زبڵەکاندا دەگەڕێن، زۆربەیان پەنابەرانی ئەفغانن، ئەڵبەت بەشێک لە منداڵانی ئەتنیکە جۆراوجۆرەکانی ئێرانیش لەم بەشەدا چالاکییان ھەیە. شارەوانی تاران کۆکردنەوە و جوداکردنەوەی زبڵە وشکەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕادەستی کۆمپانیا بەڵێندەرەکان کردووە. بەڵێندەرانیش ڕەنگە بۆ خۆیان بەڕێوەبەرێتی پرۆسەکە بکەن یان لە ھەلومەرجێکی دیکەدا ڕادەستی کەسانی دیکەی بکەن، وەک ڕادەستکردنی بە ئەو ئەفغانیانەی کە وەک «ئەرباب»، «سەرگەود»یان «سەرگاراژ» بانگیان دەکرێت.

کوورەی خشتسازی: کوورەی لەم چەشنە زیاتر لە باشوور و باشووری ڕۆژاوای تاراندان. کاری نێو ئەم شوێنە زیاتر بە شێوەی بنەماڵەیییە و منداڵان لەگەڵ بنەماڵەکانیان کار دەکەن. ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەیکە منداڵان کۆنتڕۆڵیان لەسەر داھاتەکەیان نەبێ و خاوەنکار حەقدەستیان ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرپەرشتی بنەماڵە یان باوکیان دەکات.

کارگەکانی بلوورسازی: زۆرینەی ئەو منداڵانەی لەو بەشەدا کار دەکەن کۆچەرانن کە لەگەڵ بنەماڵەکانیان خەریکی ئەو ئیشە دەبن. کارکردنی کچانیش لەو بەشەدا باوە.

کارکردن لە ناو ماڵاندا: منداڵانی ناوماڵ یان کرێکارانی ناوماڵ ئەو تاقمەن کە لە ماڵی کەسانی دیکە کار دەکەن. ھەندێکیشیان ڕەنگە لە ماڵی خۆیاندا خەریکی ئیشێک بن. ئەو کارانەی ئەم تاقمە جێبەجێی دەکەن بریتین لە: کارە ئاسایییەکانی ناوماڵ، دابینکردنی خۆراک، خاوێنکردنەوە و شۆردنی قاپ و قاچاغ، چاوەدێری منداڵانی خاوەنکار یان لەگەڵ کەوتنیان بۆ ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە، چاودێریکردن و پێڕاگەیشتن بە کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو و پەککەوتوو، باخەوانیکردن و یارمەتیدانی خاوەنکار بۆ جێبەجێکردنی ئیش و کارە ئاسایییەکان.

دۆزینەوەی ھۆکارەکانی باوبوونی کارکردنی منداڵان

[دەستکاری]

لە بەشی سێھەمی ئەم بەرھەمەدا و پاش ئاماژەدان بە زانیارییە کۆکراوەکانی توێژینەوە، نووسەر دەچێتە سەر باسکردنی ھۆکارە جۆراوجۆرەکانی بابوونی دیاردەی کارکردنی منداڵان لە ئاستی شار یان ناوچە پەراوێزییەکان. نووسەری کتێب و ھاوکارانی ئاماژە بە ھۆکاری جۆراوجۆر بۆ ڕوونکردنەوە و شرۆڤەی باوبوونی جۆرەکانی کارکردنی منداڵان دەکەن. نووسەر و ھاوکارانی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ھەژاری و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، نەخوێندەواری و یان ئاستی نزمی خوێندەواری دایک و باوک، یارمەتیدانی بنەماڵە، نەخۆشین و یان پەککەوتوویی دایک و باوک، گیرۆدەبوون بە مادە سڕکەرەکان، قەرز و لە زیندان کەوتنی دایک و باوک، نایەکسانیی فێرکاری و ھەژاری کەلتووری، کۆچ، ئابووریی فەرمی و … وەک ئەو کۆمەڵە ھۆکارە دێنەوە کە ئەم خەسارە کۆمەڵایەتییەیان گەشە پێداوە.

لە بەشە کۆتایییەکانی بەشی سێھەمی ئەم کتێبەدا ھەروەھا باسی ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، ڕێژەی کاریگەربوونی پلانەکانی شارەوانی بۆ دابەزاندنی ئاماری منداڵانی کار و لە کۆتاییشدا تاوتوێکردنی مەترسی و خەسارەکانی کاری منداڵان لەسەر ژیانیان کراوە.

نائەمنی لە ئاقاری کاردا کە بریتییە لە ئەمنییەتی گیانی، جەستەیی، ماڵی و دەروونیی منداڵ.

ئەزموونکردنی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی و زمانی.

چەوساندنەوەی ھێزی کاری منداڵان و بێبەشبوونیان لە سوودی دەستکەوتووی کار.

بەتاڵانچوونی کاتی حەسانەوە و نەبوونی کاتێک بۆ ئارامبوونەوە و چێژوەرگرتن لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان

ناتەواوبوونی خۆراک، ناتەندروستبوونی خۆراک و کێشەی جەستەیی و دەروونی کە شوێنھاتی ئەم بابەتەن.

ژیان لە خانووی چکۆلە و ناستاندارد، بە کەمترین پێداویستییەکانی تەندروستی و ئاسایشەوە

وەک بەشێک لەو بابەتانەن کە دەبنە ھۆی سەرھەڵدانی کێشەوگرفت لە ژیانی منداڵانی کاردا.

پێشنیار و ڕێچارەکان

[دەستکاری]

لە بەشەی چوارەم و کۆتایی ئەم کتێبەدا، کۆمەڵێک ڕێچار و پێشنیار کە ئەنجامی وتووێژ لەگەڵ پسپۆڕانی بواری کاری منداڵان، بەڵگەنامە و ئامارە پێوەندیدارەکانی منداڵانی کار و دەسکەوتە چەندی و چۆنییەکانی توێژینەوەکەن بە مەبەستی سڕینەوەی کاری منداڵان ئاماژەیان پێدەدرێ و ئاراستەی سیاسەتدانەران و بەرپرسانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵات دەکرێن. بۆ نموونە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی گەشەسەندنی ھاوسەنگ لە وڵاتدا و ئاوڕدانەوە لەسەر ھەڵاواردنی ئەرێنی لە بەرژەوەندی ناوچە بێبەشەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ھەژار و نایەکسانی، ئاسانکاری بۆ خوێندن و خوێندنی خۆڕایی بۆ منداڵانی ناوچە بێبەشەکان، دەستنیشانکردنی منداڵانی کار و بنەماڵەکانیان لە پلانێکی نەتەوەییدا و داڕشتنی بەرنامەی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەژاری و تواناکردنەوەی ئەو تاقمە.[٩]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «شوێن‌پێی چەوساندنەوه له جیهانی منداڵی». لە ڕەسەنەکە لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  2. ^ «کودکی هایی که به یغما می رود».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  3. ^ «نقض حقوق کودک در خصوص کار کودکان در ایران» (PDF). لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  4. ^ «شوێن‌پێی چەوساندنەوه له جیهانی منداڵی». لە ڕەسەنەکە لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  5. ^ «سودهای ملیاردی از قبال جمع‌آوری زباله‌های تهران/ وجود 14 هزار زباله‌گرد غیررسمی در کشور».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  6. ^ «سودهای ملیاردی شهرداری، پیمانکاران و اربابان از دسترنج کودکان زباله‌گرد». لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  7. ^ «وجود ۱۴ هزار «زباله‌گرد» غیررسمی در کشور/۸۹ درصد زباله‌گردان مهاجران غیرقانونی‌اند».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  8. ^ «سودهای ملیاردی شهرداری، پیمانکاران و اربابان از دسترنج کودکان زباله‌گرد». لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  9. ^ «وجود ۱۴ هزار «زباله‌گرد» غیررسمی در کشور/۸۹ درصد زباله‌گردان مهاجران غیرقانونی‌اند».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)