جوزێپێ گاریبالدی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جۆسیپی گاریبالدی

جۆزیپی گاریبالدی (٤ی تەممووزی ١٨٠٧ - ٢ی حوزەیرانی ١٨٨٢) سەرباز و سیاسەتمەدارێکی ئیتاڵی بووە، لە ٤ی تەممووزی ١٨٠٧ لەشاری نیس لەدایکبووە و باوکی ڕاوچی ماسی بووە و حەزیکردووە جۆزیبی کوڕی ببێت بە پیاوێکی ئایینی، بەڵام کوڕەکەی سووربووە لەسەر ژیانی دەریا و دەریاوانێکی سەرکەوتووی لێ دەرچووە.

جۆزیبی گاریبالدی خۆشەویستی نیشیمان لەدڵیا چەسپاوە و چۆتە نێوو بزوتنەوەی گەنجانی ئیتاڵیاوە، دوای ئەوەی بەشداریکرد لەھەوڵی دەستبەسەراگرتنی ناوچەی جینوا، ساڵی ١٨٣٤ دەستگیرکراوە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام توانیوێتی ھەڵبێت بۆ مارسیلیا و لەوێشەوە بۆ ئەمریکای باشوور، دەست و باڵایەکی بەرچاوی ھەبووە لە شەڕی پارتیزانیدا و سەربازێکی لێھاتووش بووە.

جۆزیبی گاریبالدی بۆ جاری دووەم دەستبەسەرکراوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ھەڵیان واسیوە، بەڵام ئەمجارەشیان توانیوێتی دەربازبێت و لەزیندان ڕابکات و لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا چوونە بۆ ئەمریکای باشوور و لەوێ جۆرەھا ئیشی کردووە، لەساڵی ١٨٤٢ دژی دیکتاتۆری بۆینس ئایرس شۆڕشی بەرپاکردووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لەو جەنگەدا گێڕاوە.

ساڵی ١٨٤٨ جۆزیبی گاریبالدی گەڕاوەتەوە بۆ ئیتاڵیای وڵاتی خۆی کە ئەو کاتە ڕوبەڕوی جەنگێکی نیشتیمانی مەزن بۆتەوە لەگەڵ نەمسادا ھەر بۆیە وەکو خۆبەخش چۆتە نێو ڕیزەکانی ھێزەکانی شاڕڵ ئەلبێرت، بەڵام ھێزەکانی نەمسا زۆرتربووە لە ھێزەکانی ئیتاڵیا و سەرکەوتنیا بەدەستھێناوە و ئیتاڵیایان داگیرکردووە، ساڵی ١٨٤٩ چۆتە نێو حکومەتە شۆڕشگێڕەکەی ڕۆما، ساڵی ١٨٥٤ لەجەنکی سەربەخۆیی ئیتاڵیادا وەکو جەنگاوەرێکی بەجەرگ بەشداری کردووە.

دوای بەشداریکردنی لە زیاتر لەجەنگێک و دەستگیرکردنی بۆ چەند جارێک، جۆزیبی گاریبالدی لە٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٢ کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوە[دەستکاری]