بەکارھێنەر:حزبی ڕزگاریی کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حزبی ڕزگاریی کوردستان لە ١٥-٨-١٩٩٣ لە شاری هەولێر، وەک درێژەپێدەری پارتی گەل خۆی ڕاگەیاندووە.

ساڵێک پێشتر هەر سێ لایەنی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان، حزبی سۆسیالیستی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) یەکیان گرت و حزبی یەکگرتنی کوردستانیان دامەزراند، بەڵام ئەو حزبیە لە ناو خۆیان دووچاری کێشە و گرفتی گەورە بۆوە، بۆیە بڕیاریاندا بەرەو حزبی گەورەتر بڕۆن، بەڵام لە ناو دووەمین کۆنگرەی حزبی یەکگرتنی کوردستان کە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی ئابی ١٩٩٣ لە هۆڵی جەماوەری شاری هەولێر بەڕێوەچوو، سەکردایەتی باڵادەستی ئەو حزبە نەهاتن بۆ ناو کۆنگرە، بەڵام دەستەیەک کادر، ئەندامی دووەمین کۆنگرە بڕیاریاندا کە درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن و لە ژێر ناوی حزبی ڕزگاریی کوردستان درێژە بە خەبات و تێکۆشانی سەربەخۆخوازی خۆیان بدەن، ئەوەبوو یەکەمین ڕاگەیاندراوی حزبی ڕزگاریی کوردستان بڵاوکرایەوە.

حزبی ڕزگاریی کوردستان هەر لە ڕۆژی پازدی ئابی ١٩٩٣، بارەگای خۆی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کردەوە و ڕادیۆی دەنگی ڕزگاری پەخشی ئاسایی خۆی دەستپێکرد، دواتر لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ ژمارە نۆبەرەی ڕۆژنامەی ڕێگای ڕزگاری چاپ و بڵاوکراویەوە.

حزبی ڕزگاریی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٥ مۆڵەتی کارکردنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرت و یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە ڕۆژانی ١٥ هەتا ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٩٥ لە شاری هەولێر پێکهێنا، لەو کۆنگرەیەدا ڕێکار ئەحمەد کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی یەکگرتنی کوردستان بوو، مابۆوە و نەچووبوو بۆ ناو لایەنەکانی دیکە، وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا.

لە زەمانی شەڕی براکوژیدا حزبی ڕزگاریی کوردستان بێلایەنی خۆی پاراست و بەشداری لە شەری براکوژیدا نەکرد، بەوهۆیەوە گەورەترین کێشە و گرفتی بۆ دروست کرا و لایەنە ناکۆکەکان بۆ شێواندنی هەڵوێست و سیاسەتی حزبی ڕزگاریی کوردستان هەریەکەیان حزبی کارتۆنیان بەناوی حزبی ڕزگاری دروست کرد، بەڵام کاتێک شەڕی ناوەخۆ کۆتایی هات، ئیدی ئەو فۆتۆکۆپیانەش ڕۆڵیان نەما و پەڕاوێزخران و نەمان.

حزبی ڕزگاریی کوردستان دووەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری سلێمانی لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤ پێکهێنا، هەروەها سێیەمین کۆنگرەشی لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی ٢٥-١٢-٢٠٠٩ تا ١-١-٢٠١٠ پێکهێنا.

حزبی ڕزگاریی کوردستان، حزبێکی نیشتمانی دیموکراتی پێشکەوتنخوازە، هاوکات خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی دەکات، بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، کۆمەڵگەیەکی بەختیار و جیهانێکی باش تێدەکۆشێ.

حزبی ڕزگاریی کوردستان لە سەر تۆڕی ئینتەرنێتدا لەم ماڵپەڕانەدا چالاکییەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە

www.rpk93.org

www.rizgaripress.se

www.rojigel.com