بەکارھێنەر:Tawar adil

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

مێژووی ژنانی کوردستان ، تەمەنێک لە تێکۆشان و بەرخۆدان [١][دەستکاری]

یەکەم: ژنانی باکوری کوردستان[١][دەستکاری]

پێگەی ژن لە سەردەمی ئێستاماندا تا دێت زیاتر ئەکەوێتە ژێر کاریگەری سیستەمی سەرمایەداری و رۆڵ و پێگەی حەقیقی ژن لە کۆمەڵگەدا بەرەو روخان دەچێت، لەبری ژنێکی خاوەن بڕیار و ئیرادە و لەسەر پێ وەستاو ، ژنی کلاسیک و چەوساوە شوێنی گرتۆتەوە، ئامانجی سیستمی سەرمایەداریش ونکردنی ژنە لەناو دنیای مۆدێل و بە ژنی پیاوێک بوون و ئاڕاستە کردنی ژن بەرەو ناوبانگ و خراپ بەکارهێنانی جەستەی ژن.

لەلایەکەوە ژنان لە زیندانەکانەوە بەرخۆدان دەکەن لە پێناو ژن بوون و لەناونەبردنی نەتەوەکەیاندا ، لەلایەکی ترەوە کاپیتالیزم بەهەموو هێزی خۆیەوە لە دەرەوەی زیندانەکاندا لە ڕێگەی بەرنامەی تەلەفیزۆنی و  بە کاڵاکردنی ژنەوە هەوڵی بە بوکەڵە کردنی ژنان دەدات .

بەڵام ئایا ئەم ژنە کلاسیکە، لەسەر دەستی کێ حەقیقەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا؟ کێن ئەوانەی بە تێکۆشانی ژنی ئازاد، بوونە جێی شانازی و ڕیچکەیەکیان خۆشکرد تا چیتر سیستم کار لە ڕۆڵ و هەبونی ژن نەکات لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەوە ؟


وەک سەرەتا بەو وتەیە دەست پێدەکەم کە دەڵێت " لە کۆمەڵگەدا هەتا ژیانێکی ڕاست لەگەڵ ژن پێکنەیەک ، ژیانێکی واتادار دروست نابێت ، دەبێت ئەوە بزانین کە ژیانی جوان و واتادار لەگەڵ  ژنێکی ئازاد و خاوەن کەرامەت پێکدێت، بۆ ئەوەش پێویستە فکر و تێکۆشان پێشبخەن "

لە شۆڕشە یەک بەدوایەکەکانی سەدەی بیستەمدا وەک شۆڕشی کۆمۆنیزم  و سۆسیالیزم و چەپگەرادا ئەگەرچی گۆڕانی گەورە لە ژیان و گوزەراندا رویاندابێت بەڵام بارودۆخی ژنان بەرەو باشی نەچوو، بەڵکوو لەسایەی دەسەڵاتی ئەوانیشدا جارێکی تر چەوسانەوە بووە بەشێک لە ژیانی ژنان، بۆ تێپەڕاندنی ئەو رەوشەش ژنان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا ناچاربوون کە جوڵانەوە و بزوتنەوەی فێمینستی تایبەت بە ژنان دابمەزرێنن لە جیهاندا و خۆیان داکۆکی لە ماف و ئازادی خۆیان بکەن تا ئەو ئاستەی توانییان لە سەرەتاوە مافی دەنگدان و خۆهەڵبژاردن فەراهەم بکەن.

چاوساندنەوە و زەوتکردنی ماف و ئازادی ژنان دوور نەبوو لە ژنانی کوردیش ، ژنی کورد وەک نەتەوە و رەگەزیش دەچەوسێنرانەوە بۆیە پێویست بوو تێکۆشان بۆ نەتەوە و ژن بونیشیان بکەن و دووجار شوێن پێی خۆیان لە جیهاندا توند بکەن.

دامەزراندنی بزوتنەوەی ئازادی تایبەت بە ژنان و کارکردن لە ناو سیاسەتدا، لە باکوری کوردستانەوە وەک یەکەم هەنگاو دەستیپێکرد ، پێویست بوو ژن بۆ شکاندنی سیستمی هەڕەمی و باڵادەستی پیاو و نایەکسانی، خۆیان بە ڕێکخستن بکەن، ژنان چیدی کۆت و بەندی لە ماڵدا مانەوە و وەلاخستنیان لە سیاسەتدا قبوڵ نەکرد، لە بواری تیۆری و پراکتیکیدا هەبوون و هێز و ئیرادەی خۆیان سەلماند و دەنگ و ڕەنگیان دەرخست ، بەشێک لەو ژنانە ڕێگای تێکۆشانیان لە شاخەکانی کورستانەوە درێژە پێدا، بەڵام ئەوەندە بەس نەبوو، پێویست بوو خەباتی ژنان بە فکر و فەلسەفەی "ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگەیە" لە کوچە و کۆڵانەکانی شارەوە دەنگی هەبێت، بۆ ئەوەش خەباتی ژنان لە شارەکانی باکوری کوردستانەوە بەردەوامی هەبوو.


پارتە سیاسیە کوردیەکانی باکوری کوردستان هەوڵیان بۆ گەرانەوەی ماف و ئازادی کوردان دەدا بەلام دەسەلاتی فاشیزمی تورکیا پێیان وابوو ئەو خەباتەی کە پارتە سیاسیەکان بەڕێوەی دەبەن دابەشکردنی خاکی تورکیایە، ترسی دەسەلاتدارانی ئەو وڵاتەش لە روخانی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەیان وایدەکرد هەرزوو لە پاش ماوەیەک کارکردنی پارتەکان و گەشتنە دەستکەوتێت بە بریاری دادگا پارتە سیاسیەکەیان دادەخست بەڵام کوردان پاشگەز نەدەبونەوە بەڵکوو بە دامەزراندنی پارتێکی دیکە دەبوونە وەلام بۆ فاشیزم:

٧ی حوزەیرانی ١٩٩٠ پارتی ڕەنجی گەل – HEP دامەزرا و کورد بۆ یەکەمجار بە ناسنامەی کوردییەوە دەستیان بە سیاسەت کرد ، تێکۆشانی دیموکراتیانەی پارتی رەنجی گەل بەڕێوەی دەبرد وایکرد لە ماوەیەکی کورتدا پێگەی خۆی توند بکات و بەشداری بکات لە هەڵبژاردندا ، یەکەم کاندیدیشیان (لەیلا زانا ) بوو، دەگەڕا و وتاری دەدا و نوێنەرایەتی ژنی کوردی دەکرد کە ئاوێتەی سیاسەت بووە، بەو بانگەشەیەی دەکرا لەیلا زانا بە پەرلەمانتاری ئامەد هەڵبژێردا لە ساڵی ١٩٩١دا ، لە ئەنجومەنی میللی گەورەی تورکیا (TBMM)لە کۆی ٤٥٠ کورسی ٨ کورسیان ژن بوو لە ڕیورەسمی سوێند خواردنیشدا لەیلا زانا گوتی: "ئەم سوێندە بۆ براایەتی کورد و تورک دەخۆم"، ئەم گوتەیە وەک سوکایەتی کردنێک بە ئەنجومەن بووە باسی میدیاکان و هیچ نەبڕایەوە.


دوای ساڵیک و دامەزراندنی پارتی رەنجی دیموکراتی DEP هەبوونی ژن لە کۆمیتەی ناوەندیدا لە دوو سێ ژن تێپەڕی نەدەکرد وەکو پارتیش هیچ هەوڵێکیان نەدەدا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ژن لەناو گەلدا ، لەو ساڵانەدا ژنان تەنها وەکو بەشداربوو لە خۆپیشاندان و چالاکیەکاندا کە دەکرا بەشدار دەبوون.  بەڵام هەر لەو سالانەدا ڕێکخراوی ژنانی وڵاتپارێز لە ئەستەمبوڵ دادەمەزرێت و ژنانی کورد و گەلانی دیکە  لەو ڕێکخراوەدا دەست بەکار دەبن، ئەمەش دەبێتە بناغەیەک بۆ بەشداری ژن لە خەباتی سیاسیدا .

لە ساڵی ١٩٩٤دا پارتی ڕەنجی دیموکراتی DEP داخرا  و پارتی دیموکراتی گەل HADEP شوێنی گرتەوە ، و لە ٢٠٠٣دا لەلایەن مەحکەمەی دەستوری تورکیاوە داخرا ، لە ماوەی ٩ ساڵ کارکردنی HADEPدا لە ژێر کاریگەری ئەو بنەما و فکرەی پەیڕەوی دەکرد بووە پارتێک کە ژنان توانییان شوێنی خۆیان بگرن و کۆمیتە و دەستەی ژنان ئاوا بکەن و،  ڕیکخستنی ژنان بنیاد بنێن،ئەمە وایکرد ژنان لە جەماوەرێکی تەماشاکەرەوە ببێتە بەرپرسیارێکی بڕیاردەر، سەرەتا لە ڕێکخستنە خۆجێییەکاندا کۆمسیۆنی ژنان ئاواکرا و لە شارە گەورەکاندا کۆمسیۆنەکان لە ناو گەرەکەکاندا کۆبونەوەیان بە ژنان دەکرد و رەوشی سیاسی و دۆزی کورد و ناسنامەی ژنیان باس دەکرد، ئەو ژنانەی دەیانویست بەشداری کاری پارتایەتی ببن لەلایەن ماڵەوە ڕیگریان لێدەکرا بۆ ئەوەش لەسەر کۆمسیۆن ئەرک بوو بە گفتوگۆ لەگەڵ ماڵەوە ئەو بەربەستانە بشکێنن و تا رادەیەک بەو هەنگاوانە ژنان بەشداریان لە کاردا دەکرد ، بەڵام بۆ وەرگرتنی بڕیار و هاوکاری داوایان لە کۆمیتەی ناوەندی پارت دەکرد و لەوکاتەشدا ژمارەی ژنان لەو کۆمیتەیەدا کەمبوو، وە پیاوێک بەرپرسیاری خەباتی ژنان بوو ، بۆ ئەمەش زەحمەتی دەهاتە ئاراوە، بەرەبەرە کۆمیتەکانی ژنان بەرفراوان بوو ژمارەی ژنان لە ڕێکخستنەکان و ئەنجومەندا زیادی کرد ، لە ساڵی ١٩٩٧ ژنانی ئەنجومەنی پارت کۆمیتەی ناوەندی ژنانیان بنیادنا و کاری سیاسی و خەباتی تایبەتی ژنانی بەڕیوەبرد.

ساڵی ٢٠٠٠ لە کۆنگرەی HADEP بڕیاری دامەزراندنی باسکی ژنان درا وەک بەشێك لە پارت و پەیڕەوی ناوخۆی باسکی ژنان پەسەند کرا، بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرێتیدا بۆ ئاستەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەن ، پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەندامێتی کۆنگرەی شار و شارۆچکەکان، ماددەی "کۆتا " کە دەبێت ڕیژەی ژن یەک لەسەر چوار بێت جێبەجێکرا ، ئەمە بووە یەکەمجار لە پارتی سیاسی کوردیدا لە پەیڕەوی ناوخۆدا بۆ ئۆرگانە بڕیاربەدەستەکان کۆتا پەیڕەوبکرێت و ژنان لە هەموو ئاستەکاندا خاوەن بڕیار و قسە بن و بووە وەڵامێک بۆ شکانی سیستمی پیاوسالاری لە پارتەکاندا .

دوا بەدوای ئەوە هەر زوو لە ئەنقەرە گەورەترین کۆنگرەی تایبەت بە ژنان بەسترا کە هەزاران ژن بەشداریان تێدا کرد و "فاتمە قۆرتەلان" بووە یەکەمین سەرۆکی باسکی ژن و ئەندامانی ناوەندی هەڵبژێردران، کۆنگرە نیشانەی بەبڕیاربوون و هێزی ژنانی پیشان دەدا.

کۆبونەوە و بەشداری کردنی ژنان لە هەڵبژاردنەکان ، دامەزراندنی کۆمسیۆنی تایبەت بە ژنان بۆ ڕاپەراندنی کارەکان ، پێوەری لە بەرامبەر ژندا هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ئەو پیاوانەی کە بێرێزی و دەست درێژی دەکەنە سەر ژنان یاخود باوەریان بە خەباتی ژنان نییە ، هەروەها ئابوری سەربەخۆی ژنان لە دەرەوەی دەسەڵاتی گشتی پارت و چەندین خەباتی تر، وایکرد کە ژنانی باکوری کوردستان زیاتر پێگەی خۆیان لەناو پارتی سیاسی جێگیر بکەن .

لە هەڵبژاردنی خۆجێی ساڵی ٢٠٠٢ی HADEPدا لە بەدەستهێنانی شارەوانیەکانی باکوری کوردستاندا سێ سەرۆک شارەوانی ژن بوون ئەمەش ئەنجامی هەوڵی باسکی ژنان بوو کەوتە مەیدان

لە ٢٠٠٣ و داخستنی HADEPدا ، پارتی گەلی دیموکراتی DEHAP دەستی کرد بە خەبات کردن و بە ئەزمون وەرگرتن لە خەباتی ژنان لە HADEPدا، دێهاپیش بەردەوامی دا بەو خەباتە بەهەمان هەڵوێست و پرەنسیپ.

پرسیاری "داهاتویەکی چۆن؟" ژنانی کوردی ئاوێتەی ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن کرد ، لەگەڵ خەباتی سیاسیدا ، دەزگای سەربەخۆی ژنانیش دامەزرا بۆ پەلهاوێشتن بۆ  بوارە جیاوازەکانی ژیان،

  • لە ساڵی ١٩٩٨ گۆڤاری ژنی ئازاد دەرچوو کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ دەنگی ژنی ئازاد ، ئەم گۆڤارە بووە راگەیاندنی ڕیکخستنی ژنان و ناوەندیك بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی ژنان .
  • ناوەندی کلتوری ژنانی دیجلە" لە ئەستەنبوڵ کرایەوە و بووە ناوەندێک کە پەروەردەی ژنانی تێدا چڕ بۆوە
  • لە ئامەدیش ناوەندی هاوکاری ژنان کرایەوە بۆ ڕیگەگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەستی بە خەباتکرد.
  • لە بازید  ناوەندی هاوکاری ژنانی "سەما یوجە کرایەوە.

ئەم هەوڵانە وایکرد لە کۆنگرەکاندا ژنانی گۆڕەپانە جیاوازەکانیش بێنە لای یەکتر و بەهاوبەشی خەباتی ژنانیان بەرەوپێش برد تا گەشتە دامەزراندنی "بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و دیموکراتیک DOKH" بە ئامانجی ئەوەی هەرکەس دەزگای خۆی بەڕیوەببات و بنەما و پرەنسیپەکانیان ببێتە هاوبەش بۆ خەباتی ژنان، لە کاریگەریەکانی خەباتی هاوبەشیش ساڵی ٢٠٠٤ لە شارێک و ٩ جێگەدا ژن بووە سەرۆک شارەوانی.


لە کۆتای ئەم قۆناغەدا دێهاپDEHAP داخرا و DTP  پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی دامەزرا و باس لەوە کرا لەجیاتی سەرۆک ، بەڕیوەبردنی هاوسەرۆکایەتی جێبەجێبکرێت کە ژنێک و پیاوێک ببنە هاوسەرۆک بەڵام هەرزوو لەلایەن پیاوانی پارتەوە بە بیانوی دەرەوەی یاسای دەوڵەت و پێویست نەبوون بە دوو سەرۆک ، نارەزایەتی دروست بوو ، ئەگەرچی ئەوە یەکێک بوو لە بنەماکانی دیموکراتی بوون و یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان. لە پەیڕەوی ناوخۆی دەتەپەدا هاوسەرۆکایەتی جێگیر کرا بەڵام دادگای دەوڵەتی تورکیا ڕێگەی پێنەدا بەوپێیەی لە یاسای پارتە سیاسیەکاندا هاوسەرۆکایەتی بونی نییە بەڵام پێداگری ژنان وایکرد سەرباری هەڵوێست و ڕیگریەکان لە کۆنگرەی یەکەمی DTP لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەحمەد تورک و ئایسەل تۆگــــلو  بوونە هاوسەرۆک و ئەمەش یەکەم ئەزموون بوو لە تورکیا کە ژنێک و پیاوێک ببنە هاوسەرۆکی پارتێکی سیاسی.


لە ٢٠٠٧ گفتوگۆی هەڵبژاردنی پەرلەمان و تێپەڕاندنی بەنداو هاتە ئاراوە ، و بڕیاردرا بە کاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بکرێت ، ئامانج ٣٥ پەرلەمانتار بوو بۆ پەرلەمان و ، بە پەیڕەوکردنی کۆتا،  ٨ ژن وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردران یەک لەوانە سەباهەت تونجەل بوو کە لە زیندانەوە بەربژێرکرا و یەکەمجار بوو لە زیندانەوە ژنێک هەڵببژێردرێت بە پەرلەمانتار، لەبەر ئەوەش لە زیندان ئازاد کرا.

لەو ئۆپەراسیۆنە سیاسیانەیی دەوڵەتی تورکیا بەناوی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە بەڕیوەی دەبرد لە ساڵی ٢٠٠٩دا یەکێک لە ئامانجەکانی ئەنجومەنی ژنان بوو تیایدا بە سەدان ژنی خەباتکاری ئەنجومەن دەستگیرکران. لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە .

بە هاتنە ناوەوەی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP درێژەی بە ئەزمونی DTPدا لە هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنی ژندا، و دووبارە خەباتی ژنانی رێکخستەوە ، دەرەنجامەکەشی لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ٢٠١١ دەرکەوت کە ژمارەی پەرلەمانتارانی ژن بۆ ١١ ژن بەرز بۆوە، ئەو سەردەمەش قۆناغی مەترسیدار بوو لە میژووی سیاسی تورکیادا ، بەوەی باس لە دانانی دەستوری نوێ و ڕێگا چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد دەکرا.

لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠١١ کۆمسیۆنی هەماهەنگی دەستور دامەزرا و هەر پارتێک بە دوو پسپۆر بۆی هەبوو بەشدار بێت ، BDP هەردوو ژنە پسپۆڕ مەڕال دانش بێشتاش  و ئوزگور سەڤگی گۆڕالی بەشداری پێکرد.

ساڵی ٢٠١٣ دەوڵەتی تورکیا دەستی کرد بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالیدا لەسەر ڕێگەچارەسەری دەربارەی پرسی کورد و دەبەپە تێیدا بەشدار بوو ، لەسەر داوای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ بەشداری ژن لە چاوپێکەوتنەکەدا، ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو وەک نوێنەر لە وەفدەکەدا جێگەیان گرت و داواکاریشیان هەبوو ، ئەو بەیاننامەیەی لە دۆلمە بەهچە-دا خوێندرایەوە ئاماژەی بە ئازادی ژن کردبوو، کە وەک ئەنجامی خەباتی ژنان باس دەکرا.

ئەنجومەنەکانی ژنان بوونە هێزی بنچینەیی ڕێپێوان ڕووەو نوێنەرایەتی یەکسان ، ئەزموونی ئازادی و یەکسانی ژنان ڕێگەی لەبەردەم پارتی دیموکراتی گەلان HDP خۆشتر کرد تا زیاتر بکەوێتە ناو گەلەوە و کاریگەری نەک تەنها لەسەر کورد هەبێت بەڵکوو گەلانی جیاوازیش لەناو هەدەپە دەستیان کرد بە خەبات لەپێناو ئازادی و یەکسانی گەلان و ژنان بەتایبەت.، بەڵام ئاسان نییە کە ژنان بڵێن یەکسانی رەگەزی لەناو پارتی سیاسیدا هەیە بە بێ چارەسەرکردنی پەیوەندیە باڵادەستیەکانی پیاو و تێپەڕاندنی زهنیەتی پیاوسالاری.

هەدەپە لە ساڵی  ٢٠١٢ەوە تا ئەمرۆ لە تورکیا و باکوری کوردستان بە هاوسەرۆکایەتی پەروین بوڵدان و مەتحەت سەنجار کە ساڵی٢٠٢٠  هەڵبژێردران، بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی خواستی گەلانی ناوچەکە و لەپێناو ئازادی و مافی کوردان لە خەباتدا بووە و سەرباری زوڵم و ستەم و ڕیگریەکانی دەوڵەتی تورکیا ژنانی پارتەکە بەرخۆدانی دەکەن،

و لە ٧-١١-٢٠١٨دا بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لەکاتێکدا خۆشی لە زینداندا بوو دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و بە هەزاران کەس لە زیندانەکانی تورکیا و لە کوردستان و جیهانەوە بۆ هەمان ئامانج بڕیاریان دا کە لەیلا گوڤەن وەک پێشەنگ ببینن و بۆ هەمان داواکاری دەست بە مانگرتن بکەن، لە دوای بەرخۆدانی زیندانیان و گەل لەسەر داوای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەڵان  ٢٦-٥-٢٠١٩ کۆتایی بە مانگرتنەکان هات و دیداری پاریزەران لە ئیمراڵی بەسترا . لە ئێستاشدا بە هەزاران ژن لەپێناو خەباتکردن بۆ نەتەوە و ژن بونیان لە زیندانەکانەوە بەرخۆدان دەکەن و بونەتە سیمبول بۆ ژنی ئازاد لە جیهاندا .

ڕیبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجەلان دەڵێت :"ڕاوەستەی ژنی ئازاد دەبێت بەشێوەیەك بێت، کە تەواوی دوەروبەرەکەی بخاتە ناو گۆڕانکارییەوە، وەك ئیرادە و هێزێك خاوەن کاریگەریی بێت" ، ژنانی باکوری کوردستانیش بەو خەبات و تێکۆشانەی بۆ رزگاری ژن چەند ساڵە بەرێوەی دەبەن و لە ئێستادا گەشتونەتە ئەو ئاستەی تەواوی جیهان چاوی لەسەر پێگەی ئەوانە، بەردەوام هەوڵیان داوە کە ڕێگەی خەباتیان لە باوەشی فاشیزمدا چەندێک قورس و دژوار بێت ، بیگوازنەوە بۆ پارچەکانی تری کوردستان و ژنان لەپێناو سەنگ و هەبوونیاندا بەردەوام لە تێکۆشاندا بن،و بگەڕینەوە بۆ بنچینەی حەقیقەتی ژن و لەژێر دەسەڵاتی پیاوسالاری و کاپیتالیزم رزگار ببن ،  چونکە تا ژن ئازاد نەبێت ، کۆمەڵگە ئازاد نابێت.

ئەم وتارە بەردەوامی دەبێت بۆ ژنانی پارچەکانی تری کوردستان.[دەستکاری]

  1. ^ ڕەنگی مۆری سیاسەتی کوردی. گوڵتان کیشەناک. ٢٠١٩.