دەستگەیشتنی گەردوونی بە پەروەردە
دەستگەیشتنی گەردوونی بە پەروەردە بریتییە لە ھەبوونی توانا کە سەرجەم خەڵکی دەرفەتی یەکسانیان ھەبێت لە وەرگرتنی پەروەردە بەبێ گوێدان بە پلەی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، نەژاد، جێندەر یان کەمئەندامیی جەستەیی و عەقڵی. دەستەواژەکە بەکاردێت بۆ توانای خوێندن لە زانکۆکان بۆ ھەردوو ئاستی مامناوەند و نزمی کۆمەڵایەتی لەگەڵ توانای ھەبوونی تەکنۆلۆژیای یارمەتیدەر بۆ کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت. بەمەبەستی ئاسانکردنی بەدەستخستنی پەروەردە بۆ تەواوی دانیشتووان، زۆرینەی وڵاتان ھەستاون بە دانانی «مافی خوێندن» لە وڵاتەکانیان.[١][٢]
دەستگەیشتنی گەردوونی بە خوێندن لەڕێی ھاندان بە چەند شێوازێکی پەروەردەییی ھەمەجۆر، ھەوڵی بڵاوکردنەوەی پەروەردە و فێرکردن لە کۆمەڵگە کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری، نەتەوەیی و زمانە جیاوازەکان دەدات. ھەمەجۆری، خۆی لە خۆی پێناسەیەکی فراوانی ھەیە بۆیە مامۆستایان و پەروەردەکاران بە بەردەوامی دووچاری ئاڵنگاری نوێ دەبنەوە و دەبێتە پێویستی لەسەریان کە نەخشەسازیی وانەگوتنەوەیان دەستکاری بکەن بۆ بەرجەستەکردنی دەرفەتی یەکسانیی پەروەردە.[٣]
جیاکاری نەکردن و یەکسانی لە پەروەردە
[دەستکاری]مافەکان مرۆڤ مافی گەردوونین، و بەسەر ھەموو کەسێک بەیەکسانی و بێ جیاکاری جێبەجێ دەکرێن. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دەرفەتی پەروەردە لەدەست دەدەن بەھۆکاری جیاکاری. جیاکارییەکان بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ڕوودەدەن لەسەر بنەمای دەستگەیشتنی پەروەردە، بۆ نموونە دەکرێت کچان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و لەمپەڕ ببنەوە لەڕێی ھۆکارەکانی ھاوسەرگیریی منداڵان، دووگیانی و توندوتیژیی ڕەگەزیی، کە زۆر جار دەبێتە ڕێگر لەبەردەم چوونیان بۆ قوتابخانە یان دەبێتە ئاسانکارکردنی وازھێنانیان لە قوتابخانە. کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە واتایەکی پڕاوپڕ دووچاری کێشەکانی بەدەستگەیشتنی پەروەردەیی دەبنەوە، وەک نەبوونی ئامرازی گواستنەوەی شیاو بۆ قوتابخانە یان ڕامپ. ھەروەھا کۆچەر و پەنابەرانیش دووچاری کێشەی کارگێڕی و ڕێکارە مامەڵەیییە دوورودرێژەکانی حکوومەت دەبنەوە کە دەبێتە ڕێگر لەوەی خۆیان تۆمار بکەن لە ناوەندەکانی خوێندن.[٤]
بەھەمان شێوە جیاکاریی ڕوودەدات لە ناوەند و دامەزراوە پەروەردەیییەکان کاتێک کۆمەڵەیەکی دیاریکراو ئاستێکی نزمتری پەروەردە وەردەگرن بە بەراورد بەوانی دیکە، بۆ نموونە ئاستی پەروەردە لە قوتابخانەی ناو شارەکان بە بەرزتر دادەنرێت وەک لە قوتابخانەی ناوچەکانی دەرەوەی شار. دەکرێت جیاکاری لەدوای تەواوکردنی خوێندنیش ڕووبدات کاتێک کۆمەڵە جیاوازەکان ناتوانن ھەمان سوود لە خوێندنەکەیان ببین وەک ئەوانی دیکە، بۆ نموونە ئەگەری زیاتر ھەیە لە دوای خوێندن کوڕە پەروەردەکراوە دەرچووەکان کارێک بدۆزنەوە کە ئاست و مووچەکەی باشترە بەرامبەر بەو کچانەی ھەمان خوێندنیان تەواو کردووە.
چەندین ھەموار و چاپی جیاواز دەرچووە دەربارەی جیاکاری نەکردن و یەکسانی لە یاسای نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (IHRL) بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی کردەییی بنەمای گەردوونیبوونی مافەکانی مرۆڤ. سەڕەرای بەھێزی و ڕێژەی بەرزی جێبەجێکردنی یاسای جیاکاری نەکردن و یەکسانی بەڵام ھێشتا ئەم دوو دیاردەیە بە ئاڵنگاری دادەنرێن لەبەردەم وڵاتان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی. لە ساڵی ٢٠١٥ پشتڕاستی ئەم ئاڵنگاریی و کێشەیە کرایەوە کاتێک کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پەیمانیان دووبات کردەوە بۆ بەجێنەھێشتنی ھیچ کەسێک.
پەیمانامە و ڕێکەوتننامە نێونەتەوەیی و ھەرێمییەکانی مافەکانی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە لەسەر جێبەجێکردن و دڵنیابوونە لە بەرجەستەکردنی مافەکانی جیاکاری نەکردن و مافی پەروەردەی یەکسانی بۆ کۆمەڵە پاروێزخراوە دیاریکراوەکان. کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان ئەو کۆمەڵانەن کە دووچاری جیاکاری بوونەتەوە بەشێوەیکی مێژووی و دوورودرێژ بە ھۆکاری ناسنامەیی (ڕەگەزی)، خەسڵەتی (نەژادی و نەتەوەیی) و بارودۆخ (پەنابەر و کۆچبەر). پەراوێزخستن دەکرێت چەندین شێواز، تێکەڵە و ھەمەجۆریی جیاکاری لەخۆبگرێت. نموونەی کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان وەک ئەمانەی خوارەوەن:
- کچان و ژنان
- کەمینە نەتەوەیی، نەژادی و زمانییەکان
- کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت
- کەسانی ڕەسەنی ناوچەکان
- کۆچبەر
- پەنابەر
- داواکارانی پەناھەندەیی
- کەسانی بێوڵات
- کەسانی دەستبەسەر (ئەو کەسانەی ئازادییان لێسەندراوەتەوە)
- کەسانی ھەژار
- ئەو کەسانەی نیشتەجێی ناوچە گوندنشینەکانن
- کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی (ڤایرۆسی بەرگریی لاوازکەری مرۆڤ - HIV)
- کۆمەڵەی (ھاوڕەگەزخوازی مێ، ھاوڕەگەزخوازی نێر، دووڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆڕاو - LGBT)
- کەسانی بەساڵاچوو
- کچانی دووگیان و دایکە ھەرزەکارەکان
- دانیشتووانی ئەو وڵات و ناوچانەی ڕووبەروی جەنگ بوونەتەوە
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ MacDonald، Heather (Spring 2018). «How Identity Politics Is Harming the Sciences». City Journal. Manhattan Institute. لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ھێنراوە.
Lowering standards and diverting scientists' energy into combating phantom sexism and racism is reckless in a highly competitive, ruthless, and unforgiving global marketplace.
- ^ «Universal Access to Learning Improves all Countries | Global Campaign For Education United States Chapter». Global Campaign For Education United States Chapter (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە 2018-07-01 ھێنراوە.
{{cite news}}
: زیاتر لە یەک دانە لە|ناونیشانی ئەرشیڤ=
و|archive-url=
دیاری کراوە (یارمەتی) - ^ «Equal Right, Equal Opportunity – Inclusive Education for All | Education». www.unesco.org (بە ئینگلیزی). لە ڕەسەنەکە لە ١٤ی تەممووزی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ١ی تەممووزی ٢٠١٨ ھێنراوە.
- ^ Right to education handbook. UNESCO. 2019. ISBN 978-92-3-100305-9.