ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢٤/ھەفتەی ١٦

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئۆتۆمۆبیلی فریاکەوتن (بە ئینگلیزی: Ambulance) فیلمێکی ئەکشنی ھەستبزوێنی ئەمریکییە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە دەرھێنان و ھاوبەشی بەرھەمھێنان مایکڵ بەی و نووسینی کریس فێداکە. بەرھەمھێنانی ھاوبەشی نێوان کۆمپانیای نیو ڕیپەبڵیک پیکچەرز و پڕۆژێکت ئێکس ئینتەرتەینمەنت و بەی فیلمزە، ھەروەھا دووبارە دروستکردنەوەی فیلمی دانیمارکی ئۆتۆمۆبیلی فریاکەوتنە لە ساڵی ٢٠٠٥. لەم فیلمەدا جەیک جیڵنھاڵ و یەحیا عەبدولمەتینی دووەم وەک دوو برای تەبەنی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن کە دوای دزینی بانکێک، ئۆتۆمۆبیلێکی فریاکەوتن دەڕفێنن، و فریاگوزار "ئیزا گۆنزالێس" و ئەفسەرێکی پۆلیس "جاکسن وایت" بە بارمتە دەگرن.

فیلمەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ ڕاگەیەندرا و چەندین گۆڕانکاری لە تیمی فیلمەکەدا تێپەڕی. لە ساڵی ٢٠٢٠، بەی ھاتە ناو بابەتەکەوە بۆ دەرھێنانی فیلمەکە دوای ئەوەی پەتای کۆڤید-١٩ پلانەکانی بۆ وێنەگرتنی ئەم فیلمە جیاوازە تێکدا. وێنەگرتن لە شاری لۆس ئانجلەس ئەنجامدرا، لە ناوەڕاستی پەتاکەدا لەگەڵ سینەماکار ڕۆبێرتۆ دی ئەنجێلیس. لە کاتی بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکەدا فیلمەکە لەلایەن پێترۆ سکالیا کاری مۆنتاژی بۆ کرا و ھەروەھا مۆسیقای فیلمەکە لەلایەن لۆرن باڵفەوە ئاوازی بۆ دانراوە.

لە ١٦ی ئازاردا لە ھەندێک لە ناوچە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی شانۆیی نمایشکرا، پاشان لە ٢٠ی ئازار بۆ یەکەمجار لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا نمایشکرا و لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن کۆمپانیای یوونیڤەرساڵ پیکچەرزەوە لە ئەمریکا بۆ یەکەم جار نمایشکرا. فیلمەکە لە بۆکس ئۆفیسدا ئاستێکی کەمی بەدەستھێنا و داھاتی نزیکەی ٥٢ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیھاندا بەدەستھێنا بە بوودجەیەکی ٤٠ ملیۆن دۆلاری. لەکاتێکدا چیرۆکەکە ھەندێک وەڵامی جیاواز و ھەمەلایەنی بەدەستھێنا، بەڵام فیلمەکە ستایشی وەرگرت بۆ نمایشەکان و دەرھێنانی بەی و زنجیرە ئەکشنەکانی.
خوێندنەوەی زیاتر...