زگماکباوەڕی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زگماکباوەڕی یا باوەڕ بە فیترەت (innatism یا nativism) ئەو بیروڕا فەلسەفییەیە کە دەڵێ مرۆڤ کە لە دایک دەبێ، لەوەپێش، زەینی بە ھەندێ ئیدیا و ماریفەت و باوەڕی تایبەت تەیار کراوە. بەرامبەر بەمە، بۆچوونێکی ترە کە پێی وایە زەین لە سەرەتای لەدایکبوونا وەکوو پەڕەیەکی سپی وایە، دواتر، بەرە بەرە لە ڕێگای ئەزموونکردن و ھەستپێکردنەوە ماریفەت بە دەست دێنێ.[١]

ئەفلاتوون باوەڕی بە زگماکیبوونی ماریفەت بووە. ئەو لە نامیلکەی مینۆن -دا بەڵگەھێنانەوەیەک پێشکەش دەکا بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ماریفەتی ماتماتیکی زگماکە و ھەموو مرۆڤەکان لە زگی دایکەوە دەیھێنن. لەو نامیلکەیەدا، ئەفلاتوون لە زمانی سوقراتەوە ڕایدەگەیێنێ کە «فێربوون ھیچ نییە بێجگە وەبیرھێنانەوە». مینۆن داوا لە سوقرات دەکا ئەمە بە بەڵگە بسەلمێنێ. سوقرات کوڕێکی نۆکەری مینۆن کە نەخوێندەواریشە بانگ دەکا و ھەنگاو بە ھەنگاو بە پرسیارکردن لێی و بیستنی وەڵامەکانی و ڕێنوێنیکردنی، وا لەو کوڕە دەکا کە بۆ خۆی بتوانێ ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی ڕووبەری چوارگۆشەیەک کە لە کۆتەرەی چوارگۆشەیەکی تر دروست دەکرێ، دوو ئەوەندەی چوارگۆشە سەرەتایییەکەیە. دوای ئەوە ئەمەی کرد، سوقرات دەڵێ «بینیتان ھەموو وەڵامەکانی زادەی فکری خۆی بوون، کەوایە دەبێ قبووڵ بکەین لە زەینی ئەودا ھەندێ ئیدیا [لە بابەت ڕاستییە ماتماتیکییەکانەوە] ھەیە.»[٢][٣]

ڕێنێ دێکارت -یش، وێڕای فەیلەسووفانی ڕاسیۆنالیستی تر، ھەندێ ئیدیای بە زگماک دەزانی، وەکوو ئیدیای جەوھەر، یا بێکۆتاییبوون، یا تەسەوورێ کە لە خوا ھەمانە.[١]

زمانناس و فەیلەسووفی سەدەی بیستەم، نوام چۆمسکی، لە بابەت ئیدیاگەلی زگماکەوە بەم چەشنە بەڵگەی دەھێنایەوە: ئەوەی کە مناڵان ئاوا بەئاسانی و بەخێرایی، بە جۆرێ کە مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ، فێری زمان دەبن، نیشانەی ئەوەیە کە دەبێ زەین لەخۆگری ئیدیاگەلی زگماک بێ.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب "Innate idea | Definition, Examples, & Facts | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-05-06.
  2. ^ "Innatism". A Level Philosophy & Religious Studies (بە ئینگلیزی). 2022-09-05. Retrieved 2024-05-06.
  3. ^ صناعی, محمود. چھار رسالە (بە فارسی). نشر ھرمس. pp. 28–36.