دیاردەناسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دیاردەناسی یان فینۆمینۆلۆژی تاوتوێکردنی شتەکانە ئەو جۆرەی کە دیاری دەدەن و خۆیان بۆ ئەزموونی مرۆڤ دەردەخەن.[١] بە واتایەکی تر، دیاردەناسی بریتییە لە شەرح و گێڕانەوەی ئەوەی مرۆڤ دەیئەزمووێ. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئێتمونت ھووسرڵ وەک بزاڤێکی فەلسەفی دایمەزراند و، دواتر، کۆڕی شوێنکەوتووانی لە زانستگاکانی گۆتینگن و میونیخدا، پەرەیان پێ دا. پاشان، بە فەڕانسە و ئەمریکا و شوێنی تردا بڵاو بۆوە، ئەڵبەت زیاتر لە تانوپۆگەلێکدا دوور لە کار و مەبەستە سەرەتایییەکەی ھووسرڵ.[٢]

دیاردەناسی بزاڤێکی یەکپارچە و یەکشێوە نییە؛ لە ڕاستیدا، نووسەرانی جیاجیا وێڕای ئەوە کە وەکوو ئەندامانی یەک بنەماڵە لە ڕواڵەتدا ھاوبەشن، گەلێک جیاوازیی بەرچاویشیان ھەیە. گابریێلا فارینا دەڵێ:

لەبەر ئەوەی کە دیاردەناسی لەو کوانووە گەرمە بێبەشە کە گشت باس و بابەتەکانی لە دەور خڕ بێتەوە، پێناسەیەکی تاقانە و یەکلاکەرەوە بۆی، مەترسیدار و ڕەنگە تەنانەت بێمانا و بەکارنەھاتوو بێ. لە واقیعدا، نە دوکتۆرینێکە و نە قوتابخانەیەکی فەلسەفیشە، بەڵکوو زیاتر شێوازێکە بۆ تێفکرین، میتۆدێکە، ئەزموونێکی کراوە و ھەمیشە نوێیە بە ئاکامگەلی جیاجیاوە و، ئەمە لەوانەیە ھەر کەس بیەوێ مانای دیاردەناسی دەسنیشان بکا بە لاڕێدا بەرێ. [٣]

دیاردەناسی،  بە بۆچوونی ھووسرڵ، پێش ھەموو شتێ دەبێ کەڵکەڵەی ئەوە بێ کە پێکھاتەکانی ھۆش و دیاردەگەلێک کە لە کردارەکانی ھۆشدا[تێبینی ١] خۆ ئاشکرا دەکەن بەرێکوپێکی لێک بداتەوە و تاوتوێ بکات. دەکرێ دیاردەناسی زۆر بەڕوونی لە میتۆدی شیکردنەوەی دێکارتی جیا بکرێتەوە کە جیھانی بە لاوە کۆمەڵێ ئۆبژەی کارلەیەککەرە.

تایبەتمەندییە سەرەکییەکان[دەستکاری]

لە بنەڕەتیترین شێوەی خۆیدا، دیاردەناسی تێدەکۆشێ ھەلومەرجی پێویست دروست بکا بۆ تاوتوێکردنی ئۆبژەکتیڤی ئەو بابەتانەی کە زۆربەی جار سوبژەکتیڤ لە بەر چاو دەگیردرێن: ھۆش و ناوەرۆکەکانی ئەزموونگەلی وشیارانەمان، وەک حوکم و ئیدراک و ھەستەکانمان. ئەگەرچی تەقالای دیاردەناسی ئەوەیە زانستی بێ، بەڵام نایەوێ لە ڕوانگەی سایکۆلۆژیی کلینیکاڵ یان نۆرۆلۆژییەوە ھۆشیاری تاوتوێ بکا. بەڵکوو وا بە شوێن ئەوەوە کە لە ڕێی تێڕامان و تێفکرینی ڕێکخراو و سیستماتیکەوە پێکھاتەکان و سیفەتە زاتییەکانی ئەزموون بناسێنێ.[٤]

چەند گریمانێک لە پشت دیاردەناسییەوەن کە یارمەتی دەدن بنەڕەتەکانی ڕوون ببێتەوە:

  1. دیاردەناسان لێکۆڵینەوەی ئۆبژەکتیڤ ڕەت دەکەنەوە. وایان پێ باشترە لە ڕێگای پرۆسەیەکەوە کە ئیپۆخێی پێ دەوترێ فەرزەکان گرۆ گرۆ کەنەوە.
  2. باوەڕیان ئەوەیە شیکردنەوەی ئاکارەکانی ھەرڕۆژەی مرۆڤ دەتوانێ تێگەیشتووییمان لە بابەت سروشتەوە زۆرتر بکات.
  3. سوورن لەسەر ئەوە کە دەبێ لە کەسەکان بکۆڵدرێتەوە. ئەمە بۆ ئەوەیە کە کەسەکان بە ھۆی ئەو ڕێگا بێوێنە و بێھاوتایانەوە کە ڕەنگی کۆمەڵگای شوێنی ژیانی خۆیان دەدەڵێننەوە، شیاوی لێحاڵیبوون و لێتێگەیشتن دەبن.
  4. پیان باشترە کاپتا کۆ کەنەوە نەک داتا.
  5. بۆ ئەوان دیاردەناسی ڕۆیشتنە بەرەو خستنەدەرەوە و ئاشکراکردن. بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا میتۆدگەلێک بە کار دێنن کە لە چاو زانستەکانی تر کەمتر بەرتەسک و دەستوپێگرە.[٥]

سەرھەڵدان[دەستکاری]

زاراوەی فینۆمینۆلۆژی یا ھەمان دیاردەناسی پێشتریش لە لایەن ھزرڤانانی دیکەوە بە کار ھاتبوو، بەڵام، وەکوو میتۆدێک بۆ توێژینەوەی بابەتە فەلسەفییەکەی، ئێتمونت ھووسرڵ یەکەم جار دایمەزراند.[٦] ھووسرڵ ھاوڕا بوو لەگەڵ دێکارتدا کە بوونی یەک شت بۆ ھەموومان بێگومانە و ئەویش وشیاری یا ئاگاییمانە. کەوایە، ئەگەر دەمانەوێ زانایی و ناسیاریمان لە بابەت واقیعەوە لەسەر بنچینەیەکی پتەو و قایم ھەڵچنین، ئەمە، واتە وشیاریمان، ئەو خاڵەیە کە لێیەوە دەبێ دەستی پێ بکەین. بەڵام، ھووسرڵ لەگەڵ ھیوومیشدا ھاوڕا بوو کە ئەگەر من، بۆ نموونە، بۆ مێزێک دەڕوانم، لە مێزەکە ئاگادارم، نەک لە ئەزموونی ڕوانینی خۆم. لە ھەلومەرجی ئاساییدا، ئاگایی یا وشیاریی من ئاوەھا شێوەیەکی ھەیە: من ڕاستەوخۆ لە ئۆبژەکان ئاگادارم و وشیاریم ھەیە بە نیسبەتیان، بەڵام لە خۆم وەکوو ئۆبژەیەک ئاگادار نیم. لە ھەر حاڵا، وا دیارە ھەر چەشنە ھەوڵدانێک بۆ ئیسپاتی ئەوە کە ئۆبژەکان سەربەخۆ و ئازاد لە وشیاری و ئاگاداریی من خاوەن «بوون» -ن، بەناچار وە بەر شکست و ناکامی دەکەوێ. ئیسپاتکردنی ھەبوونی جیھانی دەرەوەی زەین بەئاشکرا نامومکینە. لێرەدا، ھووسرڵ پێشنیارێکی ژیرانە دەدات. دەڵێ با خۆمان نەخەینە ناو گێژاوی پرسە بێچارەسەرەکانەوە. ئۆبژەکان لە دەرەوەی ئاگایی و وشیاریی ئێمەدا ھەر پلەوپایەیەکی وجوودی -یان ببێ یا نەبێ، ئەوەی بێگومان و جێی دڵنیایییە بوونیان بۆ ئێمە لە گوێن بابەتی ناو ئاگایی -یە. کەوایە، با لەمانە ھەر وەک بابەتی ناو ھۆش و ئاگایی بکۆڵینەوە و ھیچ گریمانێکی تر نەکەین دەرھەقیان. با گریمان نەکەین لە دەرەوەی ھۆش و ئاگاییمانیشەوە ھەن. با پرسیارە بێوەڵامەکان بنێینە لاوە (با بیانخەینە ناو کەوانەوە) و، لێرەوە بیناکردنی ماریفەتی یەقینیمان دەست پێ بکەین. ئەم شێوازە نوێیە بۆ ڕووکردن لە فەلسەفە، کە وشیاری و بابەتەکانی ناو وشیاری تاوتوێ دەکا و ئەزموونی وشیارانەی مرۆڤ شی دەکاتەوە بە دیاردەناسی ناسرا، چونکە ھەموو شت بە دیاردە دادەنێ.[٧]

بۆچوونی ھایدێگەر[دەستکاری]

ھایدێگەر کە خۆی شاگردی ھووسرڵ بوو و کتێبی بوون و کات -ی پێشکەشی وی کردبوو، لە پێناو ئامانجەکانی خۆیا، مانای دیاردەناسیی گۆڕی و ڕێک کردی بە پێچەوانەی ئەوەی مەبەستی ھووسرڵ بوو. دیاردەناسی بۆ ھووسرڵ میتۆدێک بوو بۆ حونجیکردنی دانە دانەی ناواخنە مەبەستدارەکانی کۆمەڵەی باوەڕەکانی خۆی و، لەو ڕێیەوە، گەیشتن بە گرۆڤی بێگومان و شکھەڵنەگر. بەڵام، بۆ ھایدێگەر دیاردەناسی بوو بە شێوازێک بۆ دەرفەتدان بە ئاشکرابوونی شتێکی ناوکۆ کە قەت ناتوانرێ بە ڕاشکاویی تەواوەوە ڕابگەیێنرێ و، ھیچ گرۆڤێکی بێگومان و شکھەڵنەگریشی بۆ نییە.

وشەی فینۆمینۆلۆژی لە پێکەوەلکانی دوو وشەی یۆنانی دروست بووە، φαινόμενον فینۆمینۆن یانی ئەوەی دیاری دەدا و، λόγος لۆگۆس یانی ناسین و لێکۆڵینەوە. ھایدێگەر بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستی خۆی لە دیاردەناسی، دوو پاری پێکھێنەری وشەکە، واتە فینۆمینۆن و لۆگۆس، شی دەکاتەوە:

تێگەیشتنی باو لەبارەی مانای دیاردەوە پێی وایە دیاردە یانی ئەوەی وەدەر دەکەوێ، یا دێتە پێش چاو، یا خۆی نیشان دەدا، یا دیاری دەدا. بۆ نموونە، دەوترێ زانستە سروشتییەکان لە دیاردە سروشتییەکان دەکۆڵنەوە. بەڵام، ئەم مانایە خۆی پێشتر مانا فینۆمینۆلۆژیکەکەی گریمان کردووە. لە ڕوانگەی ھایدێگەرەوە، دیاردە، لە فینۆمینۆلۆژیدا ئەوەیە کە ئەگەرچی خۆی سەرنج ڕاناکێشێ و نابێ بە باس و بابەت، بەڵام ھاوڕێ و شەرتی ئیمکانی ھەر شتێکە کە خۆ نیشان دەدا. ئەمەش مانای لۆگۆسە: بھێڵی شتێ خۆی نیشان بدا. کەوایە، فینۆمینۆلۆژی یانی ڕێگەدان بە شتێ کە خۆی نیشانی ئێمە بات. ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ کە شتەکە دەبێ پێشتر داپۆشراو بێ و خۆی نیشان نەدا. دەبێ لە ڕێگای فینۆمینۆلۆژییەوە ناچاری بکەی خۆی نیشان بات. ئەو شتەی کە شاراوەیە بەڵام دەتوانێ ئاشکرا بێ، ھایدێگەر وتەنی «نە ئەم یا ئەو ھەبوو، بەڵکوو خودی ھەبوون» -ە.[٨]

وتارە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ acts of consciousness واتە ئەو ئاکار و ھەڵسوکەوتانەی کە نیشان دەدن کەسێ ئاگادارە لەوەی کە شتێ ئاوەھا و ئاوەھایە و جۆرێ تر نییە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Phenomenology | Internet Encyclopedia of Philosophy" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-07-10.
  2. ^ Zahavi, Dan (2003), Husserl's Phenomenology, Stanford: Stanford University Press
  3. ^ Farina, Gabriella (2014) Some reflections on the phenomenological method. Dialogues in Philosophy, Mental and Neuro Sciences, 7(2):50-62.http://www.crossingdialogues.com/Ms-A14-07.htm
  4. ^ Menon, Sangeetha; Anindya Sinha; B.V. Sreekantan (2014). Interdisciplinary Perspectives on Consciousness and the Self. New Youk, Dordrecht, London: Springer. p. 172. ISBN 978-81-322-1586-8. Retrieved 17 December 2015.
  5. ^ Orbe, Mark P. (2009). Phenomenology. In S. Littlejohn, & K. Foss (Eds.), Encyclopedia of communication theory. (pp. 750-752). Thousand Oaks, CA: SAGE Publications, Inc.
  6. ^ کەمال, محەمەد (2019). فینۆمینۆلۆجی. ڕەھەند. p. 11.
  7. ^ مگی, براین (1401). سرگذشت فلسفە (بە فارسی). Translated by کامشاد, حسن. نشر نی. pp. 210–211.
  8. ^ دریفوس, ھوبرت (1399). در-جھان-بودن (بە فارسی). Translated by آزادانی, زکیە. نشر نی. pp. 49–52.