دکتۆر ئیبراھیم حیلمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دكتۆر ئيبراهيم حيلمى : ( ١٩٠٩ - ١٩٩٥ ) پشکنێر (موفەتیش)ی گشتیی ئینحیساری تووتن ، لە کتێبەکانی: پیشەسازیی جگەرە لە تووتنی عیراقی (صناعە السکایر من التبوغ العراقیە) ، زنجیرەیەک وتاری لە ڕۆژنامەی "التآخی"دا بڵاوبووەتەوە .

پێشینەی خێزانیان[دەستکاری]

ئیبراھیم کوڕی فەتاح کوڕی قادر کوڕی حاجی مەلا ڕەسووڵ کوڕی حەمە ئاغا و نەوەی زوڵاڵ ئاغایە، لە بنچینەدا سەردەمی میرایەتیی بابان لە قەڵاچوالانەوە ھاتوونە سلێمانی. حاجی مەلا ڕەسووڵ خانەقایەکی لە خوار ماڵی خۆیان لە گەڕەکی (سەرشەقام) دروست کردووە، دوایی بە (خانەقای حاجی مەلا عەلی) ناسراوە.[١][٢]

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

دكتۆر ئيبراهيم حيلمى

ئیبراھیم حیلمی، ١٩٠٩ لە گەڕەکی (سەرشەقام)ی شاری سلێمانی چاوی بە دنیادا ھەڵھێناوە، برابچووکی دوو برا (حاجی ئەمین و میرزا ئەوڕەحمان) و خوشکێک (خانم)ی بووە. خوێندنی سەرەتاییی لە سلێمانی و پاشان سانەویی مەرکەزیی بەغدای بە نمرەیەکی باش تەواوکردووە. بۆیە حکوومەت ناردوویە بۆ میسر، لەوێ بەکالۆریۆسی پزیشکیی بەیتاڵی (الطب البیطری)ی لە زانکۆی قاھیرە وەرگرتووە.[١][٢]

گەواھینامەی دکتۆرا[دەستکاری]

کە گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، دیسان نێردراوە بۆ تورکیا، لە پەیمانگای بەرزی کشتوکاڵ و بەیتاڵی لە ئەنقەرە درێژەی بە خوێندن داوە و ١٩٣٩ گەواھینامەی دکتۆرای لە بەکتریۆلۆجیدا لێ بەدەست ھێناوە. یەکەم کەسی ناوچەی سلێمانی بووە کە ئەو ڕۆژە گەواھینامەی ئەو بوارەی وەرگرتووە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیری[دەستکاری]

ئیبراھیم حیلمی، ساڵی ١٩٤٢ خێزانی لەگەڵ خاتوو "عیسمەتی حاجی ئیبراھیم ئاغای خەفاف" پێک ھێناوە، کوڕێک (دلێر) و چوار کچ (دولبەر، دڵناز، دڵنیا، درەوشان)ی لێ بووە .[١][٢]

بەڕێوبەرایەتی[دەستکاری]

ئەم جارە کە گەڕاوەتەوە، کراوە بە بەڕێوەبەری بەیتاڵیی کەرکووک دامەزرێنراوە. ساڵانی چل گواستراوەتەوە بۆ بەغدا، بووە بە بەڕێوەبەری ناوچەی بەغدا لە دائیرەی ئینحیساری تووتن. بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پێستەیش بووە. پلەکەی بەرزبووەتەوە، تا گەیشتووەتە پشکنێر (موفەتیش)ی گشتیی ئینحیساری تووتن. ١٩٦٤ خانەنشین بووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

ئیبراھیم حیلمی، پیاوێکی کوردپەروەری لە وەزیفەدا دەستپاکی دڵسۆز بووە، بەڵام ھەرگیز حیزبایەتیی نەکردووە. توێژینەوەکانیی لە وەرزنامەی تایبەتمەنددا بڵاوکردووەتەوە. لە کتێبەکانی: پیشەسازیی جگەرە لە تووتنی عیراقی (صناعە السکایر من التبوغ العراقیە)، ١٩٥٥، کە باسی کەرەستەی خاو و خستنیە ناو پیشەسازیی جگەرە و دواڕۆژی ئەو پیشەسازییەی تێدا کردووە. ساڵی ١٩٧٣ زنجیرەیەک وتاری لە ڕۆژنامەی "التآخی"دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ٢٦/١١/١٩٩٥ لە بەغدا کۆچی دواییی کردووە و لە گۆڕستانی (شێخ مەعرووف) بە خاک سپێردراوە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ حميد المطبعي، موسوعة أعلام العراق في القرن العشرين، ج3، دار الشؤون الثقافية العامة- بغداد، 1997، ص8-9؛ دوو لاپەڕەی ژیاننامەکەی کە بەڕێز دلێری کوڕی نووسیویە.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8005 - 8006 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .