بەرزین حەمزەزادە
بەرزین حەمزەزادە | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ |
ونبوون | تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ کۆڵانێکی سەردەشت |
ڕەوشی ونبوون | ڕفاندن لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی |
مەرگ | ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ نەخۆشخانەی خومەینی، ورمێ | (١٥ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگ | بۆ ماوەی ١٣ مانگان بەھۆی ئەشکەنجەدان، تەندروستیی بەرزین حەمزەزادە تێکدەچێت و لە ئاخرین نەشتەرگەریدا کۆچی دواییی دەکات |
شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی گردەسووری سەردەشت |
نەتەوە | کورد |
پەروەردە | قوتابیی پۆلی ١٠ |
تۆمەتی تاوانباری | بەشداری لە خۆپیشاندانەکان |
باوان |
|
بەرزین حەمزەزادە (١٩ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ لە سەردەشت – ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە ورمێ) مێرمنداڵێکی کورد و یەکێک لە خۆپیشاندەرانی ڕاپەڕینی ٢٠٢٢ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لە سەردەشت بوو، کە لەلایەن ھێزەکانی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کرا و ئەشکەنجە درا. ئەو بەھۆی ئاستی زیانپێگەیشتنی ناوخۆی لەشی و لێدانەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر ناچار بوو لەژێر چاودێریی پزیشکی و نەشتەرگەری دابێت، کە ئاخرین جار لەژێر نەشتەرگەرییەکدا لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ گیانی لەدەستدا. ئەو لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دەستەبەر کرا و تەمەنی کەمتر لە ١٥ ساڵ بوو، کە دوای ئازادکردنی تووشی تێکچوونی کارکردنی گورچیلەکانی بوو و بۆ ماوەی ١٣ مانگان چەندین جار چووە ناو بێھۆشی. بەرزین پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێت لە تەندروستیی تەواودا بوو، ئەشکەنجەکانی کاتی دەستەبەرکردنی بووە ھۆی ئەوەی دوای ئازادکردنی تووشی نەخۆشی ببێت. لە ڕۆژی دەستبەسەرکردنییەوە خێزانەکەی لەژێر گوشار و ھەڕەشەی ھێزە ئەمینییەکاندا بوون ھەتا ئەو بابەتەی بڵاو نەکەنەوە و دەنگی لێنەھێنن. بەرزین وەکوو ژمارەیەکی تر لە منداڵان و مێرمنداڵان بووە قوربانی توندوتیژیی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی خۆپیشاندانەکان.[١][٢][٣][٤][٥][٦][٧]
ژیاننامە[دەستکاری]
بەرزین حەمزەزادە لە ڕێکەوتی ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٠٨، لە سەردەشت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بوو. ئەو لە بنەماڵەی دایک و باوکیدا خاوەن خۆشەویستییەکی زۆر بوو و تاقە منداڵ بوو و ھیچ خوشک و برایەکی نەبوو. بەرزین قوتابی بوو و ھەتا ئەو کاتەی گیانی لەدەست بدات خەریکی خوێندن بوو و ھەتا نیوەی پۆلی ١٠ی خوێند.[٤]
ڕفاندن[دەستکاری]
ھەژماری تویتەری ڕێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە کاتی ڕفاندنی بەرزین حەمزەزادەی نیشان دەدا. لەو ڤیدیۆیەدا چوار ھێزی حکوومەت بە ئۆتۆمۆبیلەکانی پێژۆ و پراید، کە سەر بە ڕێکخراوە ئەمینییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، بەرزینی بەزۆری و گوشارێکی زۆر دەفڕێنن و بە شوێنێکی نادیاری دەگوازنەوە.[٨]
کۆچی دوایی[دەستکاری]
لە کاتی دەستەبەرکردنی، بەرزین ئەشکەنجە دەردێت و بەھۆیەوە ژیانی تێکدەچێت. ئەو زۆر جاران بۆ دەرمانی گورچیلەکانی کە بەھۆی ئەشکەنجەی ھێزەکانی حکوومەتەوە لەکار کەوتبوون، لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەبێت. لە کۆتاییدا، ڕۆژی سێشەممە بەرامبەر بە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە ئاخرین نەشتەرگەریدا لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، دوای ١٣ مانگان لە ڕفاندنی گیانی لەدەستدا.[٧] لەکاتی گیان لەدەستدانی، بەرزین تەمەنی ١٥ بۆ ١٦ ساڵ بوو. تەرمی بەرزین بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر بردرایەوە بۆ سەردەشت و لەوێش بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەخاک سپێردرا و پرسە و سەرخۆشی بۆ داندرا.[٤]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ سەردەشت؛ بەرزین حەمزەزادە لە منداڵانی دەستبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەهۆی برینداربوون لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا (ckb). ھەنگاو. سەردان لە ڕێکەوتی 2024-01-07.
- ^ سەرچاوەکان: نەوجەوانێکی کورد کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینا دەستگیرکرا و ئەشکەنجەدرابوو گیانی لەدەستداوە (ckb). دەنگی ئەمریکا. سەردان لە ڕێکەوتی 2024-01-07.
- ^ مێرمناڵێکی ١٥ ساڵانە دوای گیرانی، گیانی لەدەست دا (ckb). چاونیوز. سەردان لە ڕێکەوتی 2024-01-07.
- ^ ئ ا ب کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید بەرزین حەمزەزادە نوێترین شەهیدی دەستی ڕژێمی ئێران (ckb). گیاڕەنگ.
- ^ برزین حمزهزاده، نوجوان ۱۶ ساله و معترض در سردشت جان باخت (fa). ایندیپندنت فارسی (لە ڕێکەوتی 2024-01-04). سەردان لە ڕێکەوتی 2024-01-06.
- ^ برزین حمزهزاده، از کودکان بازداشتی در اعتراضات «زن، زندگی، آزادی»، جان باخت (fa). رادیو فردا. سەردان لە ڕێکەوتی 2024-01-06.
- ^ ئ ا گزارش ههنگاو از جانباختن برزین حمزهزاده نوجوان بازداشت شده در سردشت (fa). ایرانوایر.
- ^ ڤیدیۆی ڕفاندنی بەرزین حەمزەزادە لەلایەن ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ھەژماری تویتەری ھەنگاو