ڕۆبێرتۆ کارلۆس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕۆبێرتۆ کارلۆس دا سیلڤا ڕۆچا

لەدایکبوون (١٩٧٣-٠٨-١٠) ١٠ی ئابی ١٩٧٣ (تەمەن ٥٠ ساڵ)
نیشتەجێیڕووسیا
نەتەوەبەڕازیلی
پیشەیاریزان بۆ دواجار لەیانەی ئانژی ماکاشخالا ئێستا خانەنشین
چالاکبوون۱۹۹۳–۱۹۹۵،۱۹۹۵–۱۹۹۶،۱۹۹۶–۲۰۰۷،۲۰۰۷–۲۰۰۹،۲۰۱۰–۲۰۱۱،۲۰۱۱-۲۰۱۲
باڵا1,68سم
ئایینمەسیحی کاثۆلیک

ناوی تەواوی ڕۆبێرتۆ کارلۆس داسیلڤا ڕۆچا (Roberto Carlos da Silva Rocha)یە لەبەرواوی ١٠ی ئابی ساڵی١٩٧٣ لە ناوچەی گارچا لە ڕۆژاوایی شاری ساوپاولۆ لە وڵاتیب ەڕازیل هاتۆتە دنیاوە، لەگەڕێکی هەژار نشین و لە کێلگەیەکدا گەورە بووە کە یارمەتی دایک و باوکی دەدا، لەساڵی ١٩٨١ کارلۆس و خانەوادەکەی ڕوویان کردە ناوچەی کۆردێریۆپۆلیس کە شارێکی بچووکی سەر بە ساوپاولیە، لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن دوو کەسی نەناسراوەوە ڕۆبێرتۆ کارلۆس ڕفێنرا کەچی ئەوەی سەیر بوو تەنها بەلێ سەندنی کاتژمێرەکەی دەستی و تەلەفۆنەکەی وازیان لێ هێنا.

کورتەیەک لە ژیانی[دەستکاری]

کارلۆس یاریزانێکی ناسراوی تۆپی پێیە و لەباڵی چەپی بەرگریدا یاری دەکات و ئێستا لە یانەی ئانژی ماکاشخالای ڕووسی درێژە بەیار کردن دەدات و کاپتنی یانەکەیە، ڕۆبێرتۆ کارلۆس یەکێکە لەو یاریزانانەی کە زۆرترین دەستکەوتی لە شووینی یاری کردنی خۆیدا بەدەست هێنا.

کارلۆس لەساڵی ١٩٩٢ەوە دەستی بە ژیانی پیشەگەرایەتی یاری کردن کردووە لەو کاتەی توانی بەژداری سێ جامی جیهانی بکات لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل و لە مۆندیالی ١٩٩٨ یارمەتی دەری هەڵبژاردەی سیلیساو بوو کاتێک گەیشتنە یاری کۆتایی لەبەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسای خانەخوێ و یاریەکەیان بە سێ گۆڵ دۆڕاند، کەچی لە مۆندیالی دواتر توانی دیسانەوە هەڵبژاردەی نیشتیمانی بگەیەنێتە کۆتایی مۆندیال و لە فیناڵێش ناسیۆناڵ مانشافتی ئەڵمانیان بە دووگۆڵ شکست پێ هێنا و جامەکەیان بەدەست هینا کەئەمەش یەکێک بوو لە گرنگترین نازناوەکانی یاریزانەکە. ئەم یاریزانە بەوە ناسراوە کە لێدانە ڕاستەوخۆکانی هەردەم جێی مەترسین بەهۆیی بەهێز و تەکنیکی لێدانەکانی، بەتۆقەنێری زۆرینەی گۆڵپاریزەکان ناسرابوو. ڕۆبێرتۆ کارلۆس بە یەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە زۆرترین یاریزان واتا لەسەرووی (١٠٠) یاری لە خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئەنجامداوە، بە دووەم باشترین یاریزانی ساڵی ١٩٩٧ دەستنیشان کرا کاتێک ڕۆناڵدۆ نازارۆ دالیمای هاونیشتیمانی بووە باشترین یاریزانی فیفا. وەهەروەها داسیلڤا کارلۆس ناوی لە نێو ڕێزبەندەکەی پێلێدا هاتووە کە ١٢٥ یاری لەخۆ گرتووە بە باشترینەکانی تۆپی پێ ناسراون لەمانگی ئازار ساڵی ٢٠٠٤.

کاروانی پیشەگەری لەیانەکان[دەستکاری]

  • یۆنیاو ساو جواو:

ڕۆبێرتۆ کارلۆس لەم یانەیە بووە یاریزانێکی پڕۆفشناڵ و سەرکەوتوو، ئەم یانەیە سەر بەناوچەی ئارارایسی شاری ساوپاولۆیە و لەم یانەیە کارلۆس بانگێشتی ڕیزی هەڵبژاردەی ووڵاتەکەی کرا و پەیوەندی کرد بە هەڵبژاردەی بەڕازیلەوە.

  • پالمیراس:

دا سیلڤا ڕۆچا لە یانەی پالمیراس بووە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی بەڕازیل و بەتەواوی ناوی لە ئەمریکای لاتین دەرکرد، کارلۆس توانی دوو پاڵەوانێتی خوولی بەڕازیلی لەگەڵ یانەی پالمێراس بەدەست بهینێت.

  • ئینتێرمیلانی ئیتاڵی:

لەلایەن ڕاهێنەری یانەی مێدڵزبرای ئینگلیزی (بریان ڕۆبنسۆن ) بۆندێک پێش کەش بە کارلۆس کرا کەچی یاریزانەکە ڕەتی کردەوە بۆندەکەی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی هەڵبژارد لەساڵی ١٩٩٥ دوای ماوەیەک توانی متمانەی ڕاهێنەر ڕۆی هۆدسۆن کە ئەوکات ڕاهێنەری ئینتەر بوو بەدەست بهێنیت و وەرزێک یاری بۆ ئەو یانەیە کرد، هەر لەو ساڵە توانی بەلێدانێکی ڕاستەوخۆ لە دووری ٣٠ یاردەوە گۆڵێکی جوان تۆمار بکات.

لەگەڵ یانەی شاهانەی ئیسپانی ڕۆبێرتۆ کارلۆس توانی ١١ وەرز لەسەر یەک یاری ئەنجام ـدات و خزمەت بەو یانەیە بکات، ٥٨٤ یاری بۆ ڕیاڵ مەدرید ئەنجامدا و ٧١ گۆڵیشی تۆمار کرد کەئەمش ڕێژەیەکی باشە بۆ یاریزانێکی بەرگریکار ، لەکۆی ئەو یاریانە ٣٧٠ یارییان لە خوولی ئیسپانی بووە و لەکۆی ئەو ڕێژە گۆڵەش ٤٦ گۆڵیان بەپێی چەپ قاچی چەپ تۆمار کراون. لەگەڵ زینەدین زیدان بووە ناسراوترین یاریزانەکانی مێرەنگی لەو سەردەمە، لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ یەکێک بوو لە باشترینەکانی ئەورووپا و ناوی لە پێکهاتەی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپی هات، لە ساڵی ٢٠٠٧ توانی گریبەستێکی نوێ ریاڵ مەدرید ڕەت بکاتەوە و بەفەرمیی یانەکەی بەجێ هێشت.

کارلۆس لەگەڵ فەنەرباخچە
  • فەنەرباخچە:

لە ١٩ی مانگی شەشی ساڵی ٢٠٠٧ یاریزان ڕۆبێرتۆ کارلۆس ڕوی کردە یانەی فەنارباخچەی تورکی بۆ ماوەی دوو وەرز و وەرزێکی زیاد کراویش ، و لە نێوان هەزارەها هاندەر لەسەر یاریگای شوکرو ساراکۆلگۆ یاریزانەکە بە هاندەران ناسێنرا و لە خولی سووپەر تورکیش لیگا دەستی بەیاریکردن کرد، لەیەکەم وەرزیدا ئاستێکی بەرزی نمایشکرد و یارمەتی دەری یانەکەی بوو بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی باش و پلەی دووەمیان بەدەست هێنا و یانەی بۆرسا سپۆر یەکەم بوون. کەچی لە ساڵی دووەم و لەسەرەتایی وەرزەوە کارلۆس و هاوڕێکانی زۆر باشبوون بەڵام لە کۆتاییدا ڕۆبێرتۆ کارلۆس بە هۆی پیکانە یەک لە دوای یەکەکەنیەوە نەیتووانی بەژداری گرنگترین یاری یانەکەی بکات و چەند ڕوبەرونەوەیەکیان دۆڕاند و سەرئەنجام نازناوی سوپەر لیگایان بۆ پێشکتاش جی هێشت تەنها پلەی پێنجەم و سەرکەوتن بۆ یۆرۆلیگ (یۆفا کەپی ئەوسەردەمە) یان بەدەست هێنا.

  • کۆرێنتیانز:

دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی فەنەرباخچە بە چەپڵە لێدان و بەرزکردنەوەی لافیتەی (خۆشماندەوێی کارلۆس) ماڵئاواییان لێ کرد لە ڕێکەوتی ١٥ دیسەمبەری ساڵی ٢٠٠٩ ڕۆبێرتۆ کارلۆس بڕیاری ـدا بەیەکجاری ئەوروپا بەجێ بهێڵیت و بگەڕێتەوە زیدی خۆی کە زیاتر لە ١٥ ساڵ بوو دوور بوو لێوەی ،بۆ وەبیر خستنەوە لەدوای ئەم دەستبەردار بوونە کارلۆس ئامادەیی خۆی دەربڕی کە بەبێ پارە یاری بۆ ڕیاڵ مەدرید بکات کەچی یانەکە ڕازی نەبوون و دوا جار لە ڕێکەوتی ١/١/٢٠١٠ ڕوی کردە یانەی کۆرینتیانزی بەڕازیلی.

کاپتنی یانەی ئانژی ڕووسی کارلۆس
  • ئانژی ماکاشخالا:

لە ڕێکەوتی ١٢ ی فێبرایەری سآڵی ٢٠١١ سلێمان کەریمۆڤی خاوەنی موسوڵمانی یانەی ئانژی ڕووسی بەفەرمی یاریزان ڕۆبێرتۆ کارلۆسی بە میدیاکانی ڕاگەیاندن ناساند بەئامادەبوونی ڕاهینەری یانەکە گادژی گادژێیێڤ و بۆندەکەش بۆ ماوەی دووساڵ و زیادکردنی بۆ نیو وەرزی دیکە بوو بەبڕی ١٠ ملیۆن یۆرۆ و لە ڕێکەوتی ٨ی مارچی ئەم ساڵەوە بوەتە کاپتنی یانەکە، جێی باسە لەم یانەیە چەندین سوکایەتی پێ کراوە لەلایەن هاندەرانەوە بەهۆی جیاوازی ڕەنگی پێستی و ڕەگەزپەرستیەوە.

هەڵبژاردەی بەڕازیل[دەستکاری]

ڕۆبێرتۆ کارلۆس توانی بە دریژەی ئەو هەموو ساڵە ١٢٥ یاری بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل ئەنجام بدات، و ١١ گۆڵیش بە درێسی سیلیساو تۆمار بکات ، یەکەم مۆندیال کەبەژداری تێدا کردووە لە ساڵی ١٩٩٨ بوو کاتێک جامی جیهانی لە ووڵاتی کەڵەشێرەکان بەڕێوە دەچو و لەو مۆندیالەش هەڵبژاردەی بەرازیل گەیشتە یاری کۆتایی و بە هەڵباژردەی میواندار دۆڕا و لەو مۆدیالەش ڕۆبێرتۆ کارلۆس حەوت یاری ئەنجامدا، لە مۆندیالی ٢٠٠٢ ڕۆبێرتۆ کارلۆس توانی گۆڵێک بە لێدانی ڕاستەوخۆ لە تۆڕی هەڵبژاردەی جین تۆمار بکات لە قۆناغی کۆمەڵەکان کاتێک هەڵبژاردەی بەرازیل بە چوار گۆڵ یاریەکەی بردەوە، لەم جامی جیهانیەش کارلۆس حەوت یاری ئەنجامدا و توانی ناوی خۆی بەگەورەیی لەگەڵ ئەستێرەکانی دیکەی سیلیساو بنووسێتەوە کاتێک لەیاری کۆتایی بە دووگۆڵی یاریزان ڕۆناڵدۆ لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیان بردەوە بوونە پاڵەوان بۆ پێنجەم جار لەمێژوویان. مۆندیالی ٢٠٠٦ دواین کاروانی وەرزشی نێودەوڵەتی بوو بۆ کارلۆس چونکە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە بە هەڵبژاردەی فەرەنسا دۆڕان بەئەنجامی ١-٠ و کارلۆس دوای یاریەکە ئاماژەی بەوەدا کە دواین یاری بوو بۆ ئەو و واز لە یاری کردنی نێودەوڵەتی دەهێنێت، ئەو گۆڵەی کە هەتا ئەم ساڵانەی دوایش هەموو جیهان باسی لێوە دەکرد کاتێک لە تۆڕی هەڵبژاردەی فەرەنسای تۆمار کرد لە ساڵی ١٩٩٧ لە جامی تۆرنۆی دۆستانە Tournoi de France کاتێک تۆپەکەی لە دووری ١١٥ یاردە (٣٥مەتر) ئاراستەی گۆڵی فابیان بارتێز کرد و ئەویش تەنها سەیری کرد و چاودێران بەگۆڵیکیان تاکتیکی هێنایە ناسان.

هێڵکاری گۆلە مێژووییەکەی لەگەڵ بەڕازیل

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ هەڵبژاردەی بەرازیل دەیناڵاند بەهۆی نەبوونی یاریزانی باڵی چەپ بۆیە یاریزان کارلۆس ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەکە، کەچی دواجار دۆنگای ڕاهێنەر پێکهاتەی سیلیساوی بڵاوکردەوە و میشیل باستۆس بەشووێنگرەی کارلۆس دەست نیشان کرا.

دەستکەوتی لەگەڵ یانەکان[دەستکاری]

-*پالمیراس

  • خولی بەڕازیلی دووجار لە ساڵەکانی ١٩٩٣, ١٩٩٤
  • پاڵەوانێتی پاولیستا دووجار لە ساڵەکانی ١٩٩٣, ١٩٩٤
  • تۆرینیۆ ڕیۆ ساوپاولۆ جارێک ١٩٩٣

-*ڕیاڵ مەدرید

  • جامی سوپەری ئیسپانی(٣): ١٩٩٧, ٢٠٠١, ٢٠٠٣
  • خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (٣): ١٩٩٨, ٢٠٠٠, ٢٠٠٢
  • جامی جیهانی یانەکان (٢): ١٩٩٨, ٢٠٠٢
  • جامی سوپەری ئەوروپا (١): ٢٠٠٢
  • لا لیگا (٤): ١٩٩٧, ٢٠٠١, ٢٠٠٣, ٢٠٠٧

-*فەنەرباخچە

  • جامی سووپەری تورکیا (٢): ٢٠٠٧, ٢٠٠٩

دەستکەوتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی[دەستکاری]

-*بەڕازیل

  • کۆپا ئەمریکا (٢): ١٩٩٧, ١٩٩٩
  • جامی کۆنفیدراسیۆنی فیفا (١): ١٩٩٧
  • جامی جیهانی (٢): ٢٠٠٢

دەستکەوتی تاکەکەس[دەستکاری]

  • ناوی لە تیمی باشترینی یاریزانانی جیهان هاتووە (٢): ١٩٩٨, ٢٠٠٢
  • باشترین بەرگریکاری ئەوروپی(١): ٢٠٠٢
    • ناوی لە تیمی باشترین یاریزانانی ئەوروپی هاتووە(٢): ٢٠٠٢, ٢٠٠٣
  • پێی زێڕین : ٢٠٠٨
  • فیفا ١٠٠ یاریزان

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ویکیپیدیای ئنگلیزی
  • ماڵپەڕی یاریگای وەرزشی