پیاوێک لە حەمامی جووەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پیاوێک لە حەمامی جووەکان
نووسەرئاڵا ھۆشیار
دانەری بەرگئەحمەد نەبەز
وڵاتکوردستان
زمانکوردیی ناوەندی
بابەتڕۆمان
چەشنڕیالیزمی جادوویی
بڵاوبوونەوە٢٠١٨
بڵاوکەرەوەناوەندی ھەرمان
جۆری کتێبچاپ
ئەلکترۆنی
دەنگی
لاپەڕەکان١٥٣

پیاوێک لە حەمامی جووەکان ڕۆمانێکی کوردییە و یەکەمین بەرھەمی ڕۆماننووس، ئاڵا ھۆشیارە؛ ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن پەخشخانەی «ناوەندی ھەرمان بۆ وەرگێڕان» بڵاو کراوەتەوە.[١]

چیرۆک[دەستکاری]

دلێر، کوڕەکوردێکی مەریوانیی دانیشتووی سلێمانی کە ماوەیەکیش لە شاخ پێشمەرگە بووە، بڕیار دەدات ڕوو لە ئەورووپا بکات، لە وڵاتی نەرویج دەگیرسێتەوە و لەوێ لە کاتێکدا بێپووڵە و زمانی ئەوان نازانێت و ئینگلیزییەکەیشی زۆر باش نییە، دەست بە ژیانێکی سەخت و دژوار دەکات؛ بە ھەڵکەوت و لە ڕێگەی ھاوڕێیەکییەوە، بەناوی چەتۆ لەگەڵ حەمامێکی ژێرزەوینیی ھەرزانی تایبەت بە پیاوان ئاشنا دەبێت کە جگە لە خۆشووشتن تێیدا، بۆ مەبەستی سێکسکرنیش بەکار دەھێندرێت؛ دلێر چەندین جار ڕێی لەو حەمامە دەکەوێت؛ لە درێژەدا دلێر بە تاوانی کوشتنی ھاوڕێکەی لە ھەمان وڵات بۆ ماوەیەکی کاتی، دەکەوێتە بەندیخانە و لەوێش تووشی کەسایەتیی تر دەبێت؛ دواتر دلێر دەگەڕێتەوە کوردستان، شاری سلێمانی، کەچی ھەر لە فڕۆکەخانە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە دەستبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەیەک زیندانی و ئەشکەنجە دەکرێت، تاوەکوو لە ئاکامدا ئاشکرا دەبێت کێن و چ ئامانجێک دەپێکن؛ ڕۆمانەکە خۆژیاننامەیە و ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک نووسیویەتی و لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە ئەم بەسەرھاتەنە لە ڕێگەی دەستنووسەکانی دلێرەوە کە دوای کوژرانی کەوتوونەتە دەست ژنەکەی، گێڕدراونەتەوە.[٢]

کەسایەتییەکان[دەستکاری]

  • دلێر
  • عەلی
  • شەھلا
  • دایکم
  • باوکم
  • چەتۆ مامەند
  • شابەندەر
  • چەکۆ
  • شەھێن
  • خاڵم
  • ھەنیمە
  • کوڕێکی سریلانکایی
  • ئیریک
  • قاسم
  • کاک ئەحمەد
  • دادە کاڵێ
  • دارا
  • ئەبوو مەسعەب
  • ڕۆزا
  • ئەلیاس

بەشەکان[دەستکاری]

  1. ماڵی عەلی
  2. ئاوڕنەدانەوە
  3. حەمامی قووندەرەکان
  4. زیندان
  5. شەوێک لە چلچەمە
  6. لە بەردەم دادوەر
  7. یەکەم شەوی حەمام
  8. ئاو تامی خوێنی دەدا
  9. بەرەو زیندانی کونگس ڤیەن
  10. سنوورداش
  11. ناسینی کوڕێکی سریلانکی
  12. یەکەم ڕۆژی زیندانی نەرویج
  13. ژووری ھارد کۆر
  14. زیندانیی ژمارە سیازدە، سەد و پەنجا و سێ
  15. منداڵانی ژێر زەمین
  16. شەڕکەری تامیل
  17. حەوشەی زیندان
  18. دەزگای بەرگریی سوور
  19. ئازادی
  20. نیگەرانیی ڕۆزا

تایبەتمەندییەکان[دەستکاری]

پیاوێک لە حەمامی جووەکان ڕۆمانێکی کلاسیک نییە، بە شێوەیەک کە کەسایەتییەکان خوڵقێنەری چیرۆکەکە بن، بەڵکوو ئەوە چیرۆکەکانن کە کەسایەتییەکان دروست دەکەن، کە ئەمە ستایلێکی نوێیە لە نووسینی ڕۆمانی کوردیدا؛ لە لایەکی ترەوە بەھۆی ئەوەیکە شێوازە ئەدەبییەکەی ڕیالیزمە و توانیویەتی بۆشایی مرۆڤی ماتریالیستی پڕ بکاتەوە، بە ڕۆمانێکی مۆدێرنی کوردی پێناسە دەکرێت.[٣]

باسی سەرەکیی ڕۆمانەکە کۆمەڵگای ھاوڕەگەزخوازخوازەکانە، ھەڵبەت بە دەربڕینێکی دوور لە خۆسانسۆرکردن[٤] و وێنایەکی ڕاستەقینە کە بە شەرم ئاوێتەیە و تەواو پێچەوانەی ئەو وێنا ناڕاستەقینەیەیە کە لە ڕێگەی ھۆلیوودەوە لە مێشکی خوێنەردا چێ کراوە؛ گۆشەنیگای نووسەر بەرامبەر بە چەمکەکە ئاکامی ھەڵسوکەوتی ڕاستەوخۆی خۆیەتی لەگەڵ توێژەکە، ھەرچەند ڕووبەڕووی ڕەخنەیش بووەتەوە.

خاڵی بەھێزی ڕۆمانەکە زمانە سادە و ساکارەکەیەتی ھەرچەندە ناوەرۆکێکی پتەوی لە پشتە خۆی شاردووەتەوە کە تاوەکوو شارەزای بوارەکانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و ھتد نەبیت ناتوانیت لێی تێ بگەیت، بۆ نموونە بە شاراوەیی باسی کۆنیشانی ستۆکھۆڵمی تێدا کراوە؛ ئەویش بەوەی کە خاوەنی حەمامەکە جوولەکەیە و هێشتا لەژێر کاریگەریی هیتلەردایە و وێنەی هیتلەر لە سەر مێزەکەی داندراوە.

ڕۆمانەکە پوخت نووسراوە و لە درێژدادڕی دوورە کە ئەمەیش لەلایەن ھەندێک خوێنەر و ڕەخنەگرەوە وەکوو خاڵێکی لاواز ئاماژەی پێ کراوە. تەجرەبەکانی نووسەر وەکوو دەرھێنەرێک لەسەر چۆنییەتی گێڕانەوە کاریگەر بووە، بە جۆرێک کە لە کاتی خوێندنەوەدا ھەست بەوە دەکەیت خەریکی چاولێکردنی فیلمێکی سینەماییت.[٥]

نووسەر خۆی پێی وایە ڕۆمانەکەی تەواو ناسیۆنالیستانەیە، لێ ناوچەیی نییە و تەنیا کورد ناگرێتەوە، بەڵکوو ئاماژەیەکە بە تەواوی ئەو نەتەوانەی لە سەرتاسەری جیھان نەھامەتییان بەسەر ھاتووە و حەساوە نەبوون و نین؛ بە واتەیەکی تر حەمام خۆی وڵاتی نەتەوە بندەستەکانە کە کۆمەڵێک مرۆڤی تێکشکاوی کورد و تامیلی و عەرەب و ھتد دە خۆیدا کۆ کردووەتەوە (وەکی لە ڕووبەرگی کتێبەکەیشدا پیشان دراوە) و جوویش وەک نەتەوەیەک کە زیاترین چەرمەسەری دیتووە، خاوەنی حەمامەکەیە.[٦]

ڕووداو و کەسایەتییەکان لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەک لەگەڵ یەکدا لە پەیوەندیدان جا یان ھاوشێوە و ئاواڵی یەکن یان دژ و بەرامبەر بە یەک بۆ نموونە کەسایەتیی ژنێکی پیر لە کوردستان و نەرویج جیاوزییەکی زەقیان لەگەڵ یەک ھەیە،[٧] یان ئەوەیکە دلێر لە کوردستان بە ناوەکەیەوە بانگ دەکرێت بەڵام لە دونیایەکی سەرمایەداریی وەکوو نەرویج، بە ژمارە گاز دەکرێت.[٨]

کورتە[دەستکاری]

بێ ئەوەی گرنگی بە پرسیارەکانی من بدا، ھەستم دەکرد بەرابنەر بە دیوارکە قسە دەکا. دیار بوو ئەوەندی تەنیایی کێشابوو بۆی گرینگ نەبوو من چۆن بیر دەکەمەوە، تەنیا دەیویست خۆی بەتاڵ بکاتەوە. بە زمانێک کە زمانی دایکی بوو و زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ھەستی خۆی پێ دەرببڕێ، بەردەوام بوو لە قسەکانی.[٩]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "پیاوێک لە حەمامی جووەکان". Goodreads (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-11-29.
  2. ^ "پیاوێک لە حەمامی جووەکان بڵاو بووەوە". www.rudaw.net. Retrieved 2021-11-29.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ دیمانەیەک لەسەر پیاوێک لە حەمامی جووەکان، ئاڵا ھۆشیار، بەشی کوردیی ڕادیۆ ئێس بی ئێس، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٠
  4. ^ بەرنامەی پلیکان، ئاڵا ھۆشیار، ١٧ی ئابی ٢٠٢١
  5. ^ ھاوچەرخ. "خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی "پیاوێک لە حەمامی جووەکان"". ھەرەسنووس (بە ئینگلیزی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  6. ^ خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی پیاوێک لە حەمامی جووەکان، بەرنامەی وێژەڤان، ڕادیۆ ڕووداو، ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩
  7. ^ Sorani, Basnews. "پیاوێک لە حەمامی جووەکان". www.basnews.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  8. ^ کۆڕی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی پیاوێک لە حەمامی جووەکان لە ھەولێر، ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨
  9. ^ پیاوێک لە حەمامی جووەکان، ئاڵا ھۆشیار، چاپی یەکەم ٢٠١٨