مۆلتکە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
هێلموت ڤۆن مۆلتکە

مۆلتکە (Helmuth von Moltke (1800-1891 سوپاسالاری پرووسی، ھەر بە لاوی، ساڵی 1835 وەک ئەفسەری فەرماندەی گشتی لە لایەن قەیسەر Friedrich Wilhelm III[١] بە مەبەستی ھاریکاریی سوڵتان بۆ ڕێکخستن و ڕاھێنانی ئەرتەشەکەی بە شێوازی ئەرووپایی، نێردرایە ستەنبول. مۆلتکە چوار ساڵ لەوێ مایەوە و نامەی بیرەوەرییەکانی خۆی «لە سایەی نەومانگدا» Unter dem Halbmond تۆمار کرد‌ووە.


لەشکرکێشی دژ بە کورد[دەستکاری]

لە نێوان بەھاری 1838 و ھاوینی 1839 دا مۆلتکە بەشداری ھێرشێکی تورکی بوو دژ بە کوردی یاخی لە ناوچەی نێوان دوو دەوڵەتی عوسمانی و فارس. لە دۆڵێکی نێو چیادا لەشکرەکەی ئەم تووشی ڕەشماڵی کوردان دەبن:


ئاغا لە گەورەترین ڕەشماڵدا پێشوازی لە میوان دەکات، پیرەپیاوێکە بە ڕدێنێکی ماشوبرنجی جوانەوە. چادرەکە بە تەیمان کراوەتە چەند ھۆبەیەک تێیدا میوان، ژنان، ئەسپ، ھوشتر، مانگا و بزن شوێنی تەرخانی خۆیان ھەیە. ئاگرێکی گەورە لە نێوەنددا بڵێسەی دێت. ئاغا داوەتی نان، شیر، ھەنگوین و پەنیرم دەکات. خۆی نە دەخوات و نە دەخواتەوە ھەتا من داوای لێ نەکەم. ئەم ئاغایە فەرمانی بەسەر 600 خێزاندا ڕەوایە. فەرمانیشی ناگەڕێتەوە. گەر بەڵگەی تاوان ئاشکرا بێت، پاش ڕاوێژ بە پیرانی خێڵ، ئەم بۆی ھەیە فەرمانی مەرگ بەسەر ئەندامێکی خێڵەکەدا بسەپێنێت. دەسەڵاتی تورکی بەپارێزە لە دەست خستنە کاروباری نێوخۆی کوردەوە. جێنشینی ئاغا ھەمیشە لە نێو ھەمان خێزاندا دێتە ھەڵبژاردن.


مۆلتکە لەو کتێبەیدا زۆر جار ڕەخنەگرانە بەرانبەر بڕیار و ڕەفتاری ئەفسەرە تورکەکان دێتە گۆ. بێھودە ھەوڵ دەدات ڕێ بگرێت لە سووتاندنی گوند و خەرمانی کوردەکان:


ھێرشی تورکەکان ژیانی ھەزاران کەسی کوژاندەوە، ژیانی نەک تەنێ چەکدار بگرە ژن و منداڵی بێدەرەتانیش، ھەزاران گوند و کێڵگەی وێران کرد و ڕەنجی چەندین ساڵی فەوتاند. مرۆڤ خەم دای دەگرێت لەوەی ئەمانە [تورک] وەک زۆر جاری پێشووتر داگیرکەری کاتەکین، لە پاش خۆیان فەرمانڕەواییەک جێ ناھێڵن باشتر بێت لەو خۆفەرمانییەی کورد خۆی ھەیەتی.


جەنگی میسرییەکان[دەستکاری]

پاشان، ساڵی 1839 مۆلتکە ھاوکاریی دەوڵەتی عوسمانی دەکات دژ بە لەشکری میسری بە فەرمانداریی ئیبراھیم پاشا. میسرییەکان دەیانویست خۆیان لە دەست دەوڵەتی عوسمانی ڕزگار بکەن و لەشکرێکی 45 ھەزار کەسییان ساز دا بۆ پەلاماردانی تورک. لەشکری سوڵتان جەنگاوەری زیادتر بوو، نێزیکەی 70 ھەزار کەسی ھەبوو، بەڵام بە تۆپخانەی لاوازتر. ورەی جەنگاوەرانە لە ھەردوو لا کز بوو، سەرباز و ئەفسەرێکی زۆر ھەڵدەھاتن.

مۆلتکە دەربارەی سەربازگیریی بەزۆری کورد دەنووسێت:

تەنانەت کە سەربازیش بوون ئەمانە ھەر وەک زیندانی ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرا، زمانی فەرماندەکان تێنەدەگەیشتن. شەوانی وەھا ھەبوو 50 کەس بە ئەسپ و چەکەوە لە بەرەی جەنگ ھەڵدەھات. ھیچ کوردێک، تەنانەت خۆراکی باش و پۆشاکی گەرمیشی بدرایە‌، لە دوو ساڵ زیادتر لە لەشکردا نەدەما. دەھاتە نەخۆشخانە، یان دەمرد یان خۆی دەرباز دەکرد.


پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ فرێدریک ویلیەمی سێیەم (Friedrich Wilhelm III (1770-1840 لە نێوان 1797-1840 دا قەیسەری پرووسیا بوو.



سەرچاوە[دەستکاری]

Falkman. Turkiet - Gränsfursten: utsikter från Svenska palatset i Istanbul. Atlantis 1999

Kaj Falkman «ھەشتەوانەی دیپلۆماسی»


بەستەری دەرەکی‌[دەستکاری]

Unter dem Halbmond