سابیری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سابیری
لەدایکبوون (١٨٨٢-٠١-٠١) ١ی کانوونی دووەمی ١٨٨٢ (تەمەن ١٤٢ ساڵ)
پیشەشاعیر

سابیری ناوی تەواوی نەجمەدین کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان کوڕی شێخ مەحموودی قوتبی شۆریجەیە، لە نەوەی شێخ محێدینی قوولەیە.


ژیانی[دەستکاری]

سابیری لە ساڵی ١٨٨٢ لە گوندی شۆریجەی ناوچەی قەرەحەسەن لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە حوجرەی مزگەوت بووە، لەبەر هەر هۆیەک بووبێ خوێندنی تەواو نەکردووە، هەر بۆیە نەبووە بە مەلا. لە کۆمەڵی کوردەواریدا ناوی شێخ لە مەلا گەورەتر بووە، ئیتر بە میراتی شێخێتی بۆ ماوەتەوە و بووە بە شوێنگرەوەی باب و باپیرانی و تەکیەی تەریقەتی قادری بەڕێوە بردووە. ئەوەی زیاتریش بووە بەهۆی ڕێزلێنانی لە ناو کۆمەڵدا ئەوەیە لە بنەماڵەی سەیدانی بەرزنجی بووە. بە شێخ نەجمەدین ناوی دەرکردووە. لە شیعردا نازناوی (سابیری) یان (صابری) بۆ خۆی هەڵبژاردووە، بەهۆی ئەوەی خوێندنی حوجرەی تەواو نەکردووە زوو ژنی هێناوەوە و بووە بە خاوەن ماڵ لە گوندی شۆریجە. بە زۆری لە ژیانیدا خەریکی شێخایەتی و بەڕێوەبردنی تەکیە و دەروێش و موریدەکانی بووە و کەمتر پەرژاوەتە سەر ماڵداری و خۆ خەریک کردن بە کاروباری کشتوکاڵی. سابیری وەک شێخی تەریقەتی دەروێشی لە گوندەکەی خۆیدا ژیاوە و گەورە بووە و ئاگای لە خەڵکەکەی خۆی بووە و ئیش و کاریانی جێ بەجێ کردووە.

تەکیە و دیوەخانی سابیری هەمیشە ئاوەدان بووە و بێ میوان نەبووە. پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز بووە لەگەڵ زانا و پیاو ماقوڵانی ئەو سەردەمە. میواندارییانی کردووە و خۆشی بووە بە میوانیان. لەوانە شێخ مەحموودی حەفید، مەلا ئەحمەدی فورقانی ڕۆژبەیانی، سەید ئەحمەدی خانەقا، ڕەفیق ئەفەندی خادیمولسەجادە، سەید محەممەدی جەباری، شێخ عەبدولکەریمی قادر کەرەم، شێخ سەعید گۆبتەپە، شێخ قادری گوللەنەبڕ، هی دیکە.

لە ماوەی گرانی گەورە و پێش کۆتایی جەنگی یەکەمی گێتی لە ساڵی ١٩١٧ لەبەر سەختی ژیانی دارایی و کزی ئابووری ناچار بووە بار بکا بۆ گوندی دێلێژە، لەوێ خزم و کەسوکاری هەبووە. لە پاش ساڵێک بەهۆی کۆتایی هاتنی جەنگەوە گەڕاوەتەوە شۆریجە و لەم ماوەیەدا ئارەزووی شیعر زۆر کاری لێکردووە، لەبەر ئەوە ژیانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە، لەسەر ئەو دیاردە دەروونییەی ناوەوەی خۆیدا دەڵێت:

شێواوم وێنەی قەیسی عامیریناوم نەجمەدین لەقەب سابیری
ئومێدم وایە سەتتارولعوبووببداتە سابیر سەبرەکەی ئەیووب
یا دڵی غەمگین بە وێنەی یەعقوبعاقیبەت ڕۆژێ بگاتە مەتلووب

لە سەردەمی بەساڵاچوونی تەمەنیدا سابیری تووشی نەخۆشی لەرزۆکی بووە، هەر ئەو نەخۆشییەش کۆتایی بە ژیانی هێناوە، لە ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٤ کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی شۆریجە نێژراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کتێبی: مێژووی ئەدەبی کوردی، نووسینی: دکتۆر مارف خەزنەدار، بەرگی پێنجەم، لاپەڕە ٤٠٨. چاپی دووەم ٢٠١٠

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]