جۆن دێمیانوک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جۆن دێمیانیوک (بەئۆکرانی: Іван Миколайович Дем'янюк، بەئینگلیزی: John Demjanjuk) (زۆرتر ناسراو بە: ئیڤان میکۆلایۆڤیچ دێمیانیوک، بەئینگلیزی: Iwan Mykolajowytsch Demjanjuk) کرێکاری ئۆتۆمۆبیلێکی خانەنشینکراوە، ھاوڵاتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە کە دواتر بووە خاوەنی ئابڕوویەکی خراپ پاش تۆمەتبارکردنی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

ژیان[دەستکاری]

لە ٣ ی نیسانی ١٩٢٠ لە شاری دوبۆڤی ماخارینزی ئوکراینا لەدایکبووە. پاش تەواوکردنی پۆلی چواری سەرەتایی دەبێتە شۆفێری تراکتۆرو لە کۆلخۆز کاردەکات، لەساڵی ١٩٤٠ ڕادەکێشرێت بۆ ناو سوپای سوری سۆڤێتی. لە ساڵی ١٩٤٢ لە نیمچەدورگەی "کریم" لە باکوری دەریای ڕەش دیلدەکرێت و دەیگوازنەوە بۆ کەمپێکی تایبەت بە دیلەکان بە ناوی خۆلم، لە ھەمانساڵدا خۆی دەبەخشێت بە دەزگایSS ولای ئەوان لەشاری تراڤنیکی ڕاھێنانی پێدەکرێت و سوێندی دڵسۆزی دەخوات، یەکەم ئەرک پێ دەسپێرن چاودێریکردنی ئەو دیلانەیە بێگاریان لە کێڵگەکاندا پێدەکەن. لە ٢٧ی مارسی ١٩٤٣ لەگەڵ ١٣٠ خۆبەخشی تردا، کە لە لایەن ٢٠ ئەڵمانەوە ڕاھێنانیان پێدەکرا ڕەوانەی کەمپی نکولیکردنی سۆبیبۆر کرا، پاش ٦مانگ گوازرایەوە بۆ کەمپی مردنی فلۆسەنبۆرگ لە ھەرێمی بایەرو سەرسنوری چیکوسلۆڤاکای ئەو کاتە. لەساڵی ١٩٤٤ بوو بە خەباتگێڕ لە گروپی "سەربازە ڕوسەئازادەکان" کە تایبەت بوو بەو دیلە ڕووسانەی خزمەتی نازییەکانیان دەکرد. لەکۆتایی جەنگی جیھانی دووەم دێمیانیوک لە کەمپی (DP) کە کورتکراوەی (Displaced Person)ەخۆی دامەزراند، ئەم کەمپە ئەمەریکییەکان بۆ ئەو کەسانەی لەجێگای خۆیان ھەڵکەنرابوون درووستیانکرد، کە نزیکەی ٧ملیۆن دەبوون، ھەر لەوێ ئافرەتێکی ئۆکرانی دۆزییەوەو خواستی، ئیتر زۆر زیرەکانە لەو کەمپەدا جێگای خۆیکردەوە وەک شۆفێری بارھەڵگر تا ساڵی ١٩٥٠، لەساڵی ١٩٥٢ بەخێزانەوە سەفەری ئەمەریکای کردو ھەرلەوێ ناوی خۆی لە ئیڤان Iwan ەوە کرد بە جۆن John. دێمیانیوک لە ساڵی ١٩٥٨ بوو بە ھاووڵاتی ئەمەریکی و ناسنامەی ئەو ووڵاتەی‌ وەرگرت، ئیتر بێ کێشە وەک فیتەر لە ولایەتی ئیندیانا Indiana کاریکرد. لە ساڵی ١٩٧٥ ڕوسیا لیستێکی ٧٠ کەسی ڕەوانەی سیناتۆری ئەمەریکا کرد، کە لەگەڵ نازیدا کاریانکردووەو ئێستا کۆچبەرن لە ئەمەریکا یەکێک لەو ناوانە دێمیانیوک بوو. ساڵێک دواتر ئەمەریکا زانیارییەکی زۆری لەسەر پاسەوانەکانی کەمپی سۆبیبۆر کۆکردەوەو ناسنامەی دێمیانیوکی ساڵی ١٩٤٣ پەیداکرد، کە ئەو (ئیڤان ترسناک Iwan der Schreckliche)ە ئەم جۆن یە، ھەربۆیە لە ساڵی١٩٨١ بەھۆی زانیاری درۆدان بە دەزگای کۆچی ئەمەریکاییو ھاوکاریکردنی نازییەکان ناسنامەی ھاووڵاتی ئەمەریکی لێسەندرایەوەو لە ١٩٨٣ بەمەبەستی دادگاییکردن ڕەوانەی ئیسرائیل کرا. دادگاکەی لە ئیسرایل ٧مانگی خایاند پاشان بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی دەزگایSS ٧ساڵ زیندانی و بەتۆمەتی کۆمەڵکوژی حوکمی سێدارەی بۆ دەرچوو، لە ساڵی ١٩٩٣ دوای ھەڵچوونەوەی دادگا بە کەیسەکەیدا، کە دوو کەس تێکەڵکراون، واتە ئیڤان دێمیانویک، کە ناسراوەوە بە (ئیڤانی ترسناک) لەگەڵ جۆن دێمیانیوک بۆیە دادگا لە مانگی ٦ ی ١٩٩٣ بێتاوانی سەلماند وگەڕایەوە بۆ ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩٨ دیسانەوە مافی ھاوڵاتیبوونی ئەمەریکی بۆ گەڕێندرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠١ بیرۆی لێکۆڵینەوەی تایبەت (OSI) دیسان مەلەفەکەی ھەڵدایەوە بەچەند بەڵگەیەکی ترەوە کە، دێمیانیویک لەجەنگی جیھانی دووەم تا کۆتایی دیلی جەنگ نەبووە، بەڵکو پاسەوانی چەندین کەمپی جیابووە، بۆیە دیسان لە ئەمەریکا ڕاکێشرایەوە بۆ دادگاو دیسان مافی ھاوڵاتیبوونی ئەمەریکی لێسەندرایەوەو بڕیاردرا ڕەوانەی ئوکراینا بکرێتەوە، بەڵام لە ٢٠٠٨ بیرۆی ناوەندی ووڵات بۆ بەڕیوەبردنی داد ولێکۆڵینەوەیی تاوانبارانی نازی لە شاری لودڤیگسبۆرگی ئەڵمانیا زانیاری تەواوی لەسەر کەمپی سۆبیبۆر کۆکردەوە، کە ٢٩٠٠٠ کەس لەو کەمپەدا کراونەتە قوربانی و بەڵگەی تەواویش لەسەر ئیڤان وەک پاسەوان لەو کەمپەدا ھەیە، ھەروەھا سەلماندنی ئەو ناسنامەیە لە ئەمەریکا ئەرشیفکراوە بۆیە لە ١١.٣.٢٠٠٩ پۆلیسی تاوانی ھەرێمی بایەر بڕیاری دەسگیرکردنی نێونەتەوەیی بۆ دێمیانیوک دەرکرد، کە لەھەرکوێیەک بێت دەبێت ڕادەستی ووڵاتی ئەڵمانیا بکرێتەوە، ئەوەبوو پاش دوو مانگ واتە ١٢.٠٥.٢٠٠٩ لە نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکییەوە ڕەوانەی ئەڵمانیا کرایەوە. لە ٣٠.١١.٢٠٠٩ یەکەمین پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە شاری میومشنی ئەڵمانیا دەستی پێکرد