جۆن درایدن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جۆن درایدن (١٩ی ئابی ١٦٣١ - ١٢ی ئایاری ١٧٠٠) کەسایەتیەکی بەناوبانگی ئینگلیزە و بەیەکێک لەناودارترین شاعیر و ئەدیبی ئینگلتەرا دەژمێردرێت، بەتەنھا شیعری نەنوسیوە بەڵکو داھێنانی لە شانۆگەری و ڕەخنەگرتنی ئەدەبی و وەرگێڕاندا کردووە، لە١٩ی ئابی ١٦٣١ لەدایکبووە، سەر بە مەزھەبی کاسۆلیکی ڕۆمانی بووە و بەتوندی داکۆکی لە ئایین و کڵێسای کاسۆلیکی کردووە و لەساڵی ١٦٨١ قەسیدەیەکی بۆ داکۆکیکردن لە ئایین و بیروبڕواکانی بڵاوکردۆتەوە.

جۆن درایدن لە قوتابخانەی ویسمنستەر دەستی کردووە بە خوێندن و دواتر پەیوەندی کردووە بە زانکۆی ترینتی لەشاری کەمبردج و لەساڵی ١٦٥٤ بڕوانامەی لیسانسی بەدەستھێناوە و ڕۆشتووە بۆ لەندەنی پایتەخت، لەکۆتایی پەنجاکاندا دەستی کردووە بە نووسینی ئەدەبی و سەرەتا بەتەنھا شیعر و شانۆنامە و ڕەخنەی بڵاوکردۆتەوە و بەشێوەیەکی سەرەکی گرنگی داوە بە داڕشتنی شیعر و یەکەم کەس بووە لەساڵی ١٦٦٨ پلەی شاعیری کۆشکی شاھانەی بەدەست ھێناوە و لەساڵی ١٦٧٠ پلەی مێژوونووسی شاھانەی بەدەستھێناوە.

جۆن درایدن نزیکەی ٢٧ شانۆگەری نووسیوە بەڵام وەکو دەگێڕنەوە نووسینەوەی شانۆگەری ئارەزووی خۆی نەبووە بەڵکو تەنھا بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆی ئەو کارەی کردووە، قەسیدەکانی بەکارھێناوە بۆ ھێرشکردنە سەر ڕکابەرەکانی، ساڵی ١٦٨٨ شا جیمیسی دووەم کورسی شاھانەی لەدەستدا و درایدنیش ئامادە نەبووە بۆ شایە نۆێیەکە دڵسۆزی بنوێنێ‌ و پلە و پایەکەی خۆی بەجێھێشتووە و زۆربەی زۆری کاتی خۆی بۆ وەرگێڕان تەرخانکردووە و لەڕووی رەخنەگرتنی ئەدەبیشەوە زۆر شتی جوانی نووسیوە.

جۆن درایدن لە مەزنترین شاعیرەکانی سەردەمی خۆی بووە و لە ١٢ی ئایاری ١٧٠٠ لەتەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ویکیپیدیای عەرەبی.