لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جۆرج بێرنارد شۆ (بە زمانی ئینگلیزی: George Bernard Shaw) (٢٦ی تەمووزی ١٨٥٦ – ٢ی تشرینی دووەمی ١٩٥٠) نووسەرێکی شانۆیی ئێرلەندی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی لەندەن بۆ ئابووری بوو. یەکێکە لە کەڵە ئەدەبیانی بەریتانیا و ئێرلەندا. یەکەم نووسینی پڕسوودی لە بارەی موزیک و ئەدەبی ڕەخنەیی بوو، بەهرە سەرەکیەکی لە بواری دراما بوو، زیاتر لە ٦٠ شانۆگەری نووسیەوە. چەندین پارچە نووسینی لەسەر بابەتی سۆشیالیستی و هەژاری و دادپەروەرێتی و ئایین و موزیک ئەوجۆرە بابەتانە نووسیوە. شۆ چەندین بواری تاقیکردۆتەوە لەوانە پەروەردە و هاوسەرگیری و ئایین و حکومەت و تەندروستی.
هەروەها شۆ ماوەیەک ئەندامی کۆمەڵەی فابی بوو و ماوەیەکی کورتیش ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای لەندەن بوو.
لە ساڵی ١٨٩٨ شۆ ژیانی هاوسەری لەگەڵ چارلۆت پەین-تاون شێد پێکهێنا، کە هاوڕێی بوو لە کۆمەڵەی فابی . هەردووکیان لە ئایۆت سانت لۆرێنس نیشتەجێ بوون، لە خانووێک کە ئێستا پێی دەگوترێت کۆڕنەی شۆو (بە ئینگلیزی (Shaw's corner)، شۆ هەر لەوێش کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٩٤ ساڵیددا.
شۆ تاکە کەس کە توانیویەتی هەردوو خەڵاتی نۆبڵ لە ئەدەب و خەڵاتی ئۆسکار وەرگرێت، شایانی باسە خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەب دا لە ساڵی ١٩٢٥ پێبەخشرا، شۆ ویستی خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە بەڵام ژنەکەی قایلی کرد بەوەی وەریگرێت چونکە ئەمە دەبێتە ستایشێک بۆ ئیرلەندا.
شۆ خەڵاتەکە ئەکاتە دیاری بۆ نووسەرەکانی ئێرلەند تاکو بتوانن کارەکانیانی پێ چاپ و بڵاو بکەنەوە. شۆ لەو دەمەدا "ئەڵێت لە هەڕەتی لاویدا وێڵ و سەرگەردانی پارە بووم، ئێستا ئەمدەنێ کە لە کەناری وشکا کەوتووم، لە کوێ بوو ئەو کاتانەی شەپۆلەکان تەراتێنیان پێ دەکردم!؟"
ویکیپیدیا ئینگلیزی