جگەرخوێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جگەرخوێن
لەدایکبوون١٩٠٣
گوندی حەسار، ڕوژاوای باژێری حەسەنکێف، باکوری کوردستان
مردن٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٤
ستۆکھۆڵم لە سوێد
پیشەشاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، مێژوونووس و فەرھەنگدانەر
نەتەوەکورد
جووڵانەوەی ئەدەبىکوردایەتی، ڕۆمانتیک

شێخمووس حەسەن محەممەد، ناسراو بە جگەرخوێن، شاعیرێکی کورد بوو.

ژیان[دەستکاری]

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٠٣ لە باکووری کوردستان لە گوندی حەسار نزیک بە شاری مێردین لەدایک بووە. بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردوو، لەبەر ئەوەی نەدار بووە و باوکی کۆچی دوایی کردووە، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر دەردەنەداری و ھەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێ دەھێڵن و لە ساڵی ١٩١٤ بۆ گوندی ئـاموودە دەیگوێزنەوە.

جگەرخوێن ھەر لە منداڵییەوە زیرەکی و ھۆشیاری و توندوتۆڵی پێوە دیار بووە و حەزی لە خوێندن کردووە، بۆیە بەھەر جۆرێک بێت، ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەکانی زۆر زیرەکانە بەرێکردووە وەک خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەکانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوکردنی مۆڵەتی دوازدە زانستی باکوور و ھەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووە.

لە ڕۆژئاوای کوردستان و ماوەیەکیش لە باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان مەلایەتی کردووە.

جگەرخوێن ساڵی ١٩٤٦ ڕوو دەکاتە شاری قامیشلی و دەست بە کاری ڕامیاری دەکات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەکیەتییا کورد (Civata Azadî û Yekîtiya Kurd). لە ساڵی ١٩٤٨دا دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمنیستی سووری و لە ساڵی ١٩٥٤دا بۆ ئەندامییەتی پەرلەمانی سووریا دەپاڵێورێت. لە ساڵی ١٩٥٧دا واز لە پارتی کۆمۆنیست دەھێنێت و ڕێکخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوەش پاشتر دەچێتە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریاوە. لە ساڵی ١٩٥٩دا جگەرخوێن ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان و تا ساڵی ١٩٦٣ لە زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی کوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و کاری ڕامیاری دەبێت. ھەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوە.

بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٦٩ ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان و چالاکی کوردایەتی خۆی پێشکەشی شۆڕشی کورد دەکات.

لە ساڵی ١٩٧٣دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش ھۆنراوەی کیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت.

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ سووریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت ڕوو بکاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەک پەناھەندەیەک دەگیرسێتەوە و بە نووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤دا کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بە خاکی کوردستان دەسپێدرێت، ئەوەش ھەروەک خۆی پێش مردنی داوای کردبوو.

جگەرخوێن و شیعر[دەستکاری]

دواتر بە ھۆکاری بینینی زۆرداری، ئەوەی دوژمنان دژی کورد ئەنجامی دەدەن، جگەرخوێن بەباشی دەزانێ لە پیشەی مەلایەتی دوور بکەوێتەوە و بە ڕۆحیەتێکی گەورە و بەبڕوایەکی ھێندە بەتین بچێتە جیھانی کاری ڕامیاری و باوەڕەکەی و خۆشەویستی کوردستان بخزێنێتە جیھانی وێژە و بە وشەی ناسک دایبڕێژێ بۆ ئەوەی خوێنەران ھەست ستەمی زۆرداران بکەن، کە چۆن دژی گەلی کوردن. بە کاریگەریی ھۆنراوە نەتەوەییەکانی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و شۆڕشە نەتەوەییەکی شێخ سەعیدی پیران لە باکووری کوردستان لە ١٩٢٥دا بووە بە شاعیرێکی لێھاتووی ھۆنراوەی نەتەوەیی و کەوتە سەر باسکردنی کوردستانی نیشتمانی خۆشەویستی و ھاندانی ئافرەتی کورد بۆ خوێندن و خەباتی نیشتمانی و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی کوردایەتی لە سەرەتادا ھۆنراوەیەکی نەتەوەیی لە باسی کوردستاندا بە ناونیشانی شام شەکرە، وەڵات شیرنترە داناوەو نیشتمانەکەی خۆی بە بووکی جیھانی دادەنێ و باخ و بە بەھەشت مێرگ و سەرچاوەی ئاوی سازگاری دەچوێنێ و بە کچێکی شۆخ و شەنگی جوان و ڕازاوی دادەنێ و ئەندامەکانی ئەو بووکەی کوردستانی بە تاجی سەلاحەدینی ئەیووبی و بە ڕۆژ و دەریا و ئەڵماس و دیوانەکانی ھۆنراوەی حاجی قادر و ئەحمەدی خانی دەچوێنێ و دەڵێت:

وەڵاتی من تووی بووکا جیھانی
ھەمی باغ و بھشت و مێرگ و کانی
سەری تاجا سەلا‌حەددینی کوردی
ئەنی ڕۆژە دەبورجا ئاسمانی
دوو چاڤێن تە وەکی دەریایی ھورمز
کەپوو ئەلماسە کاری کووش و وانی
دوو زولفێن تە کتێبا حاجی قادر
زمانێ تە ژ بەندا شێخی خانی
جگەر خوینە کورێ تە ھەر دنالی
ژ بەرنەزانی و خزانی!!

دوای ئەم باسە جوانەی کوردستانی نیشتمانی خۆشەویستی، داوا لە کچانی کورد دەکات، ڕاپەڕن و بکەونە سەر خوێندن و لە خەوی بێھۆشیدا ھۆشیار بنەوە و پێیان دەڵێت: "گەر بخوێنن پێشدەکەون و گەر نەشخوێنن کەس ئێش و دەردمان لێ دوور ناخاتەوە".

جگەرخوێن توانی ئەو باوەڕەی ھەیبوو بیگەیێنێتە ئەو ئاستەی بە نەمری بمێنێتەوە و نەوەی ئەوسا و ئەمڕۆ و سبەی لە خوێندنەوەی ھۆنراوە و پەخشان و فەرھەنگ و ڕێزمانی کوردی سوودمەندبن.

جگەرخوێن بە ھەستی پڕ سۆزی نەتەوایەتی، ھەڵوێستی شاعیری نەتەوەیی کورد ئەسیری پەسند دەکات و ستایشێکی جوانی بە ھۆنراوە کردووە و لە ھۆنراوەیەکیدا بە ناوی بەر دیلک واتا خۆشەویستی لە ژمارەی ١٠ی ساڵی ١٩٣٢ی گۆڤاری ھاوار لە شامدا بڵاوکردۆتەوە و بەم جۆرە دەست بەستایشەکەی دەکات:

ئەی برای شەھبازی ئەوجی فەن و ھەم عیرفانی توو
سەد وەکی ابن الاثیر ی گووری و قوربانی توو!

جگەرخوێن ابن الاثیر بە قوربانی ئەسیری شاعیری نەتەوەیی کوردمان دەکات چونکە لای وایە (ابن الاثیر)، کە کوردێکی مێژوو نووس بووە، نەک مێژوو نووسێکی بۆ کوردی نووسیبێت، چونکە لە ئاستی "ئەسیری"دا ھیچ باشەیەکی بۆ کورد نەبووە و شاعیر لە دێڕە ھۆنراوەیەکی دیکەدا دەڵێت:

سەد سەلاحەدین و بی سەد وەک ئەبی موسلم ھەبێ
فائیدە ھیچ بوومە نادەن سەتوەتی شاھانی توو

شاعیر دەڵێت: "ئێمە گەر سەدی وەک سەلاحەدین و ئەبو موسلیمی خۆراسانیمان ھەبێت، کە ھەردووکیان کورد بوون. بەڵام ھیچیان بۆ کورد نەکردووە، بۆیە ھیچ سوودێکیان بۆ ئێمە نەبووە و ئەمەشی بۆ بەرزکردنەوەی ھۆنراوەی و شاعیریەتی ئەسیری کوردپەروەر بووە."

بەم جۆرە بۆمان دەرکەوت کە جگەرخوێن شاعیرێکی خەباتی کوردایەتی بووەو لە زۆربەی ھۆنراوەکانیدا داوای ھۆشیارکردنەوەی لاوی کوردی کردووە بۆ وەدەست ھێنانی مافی نەتەوەییان.

جگەرخوێن و ئافرەت[دەستکاری]

شاعیر زۆر دەناڵێت، تاکو ئافرەت پێشکەون و ئەو کاتە بڵێن بژی میللەتی کورد و دەڵێت:

ئەی کچێ ڕابە بخوێنە دا تو سەربەست ھەر بژی
زوو ژ خەو توو سەرھلینە بەس بمینە بێ مەژی
گەر بخوێنی دێ بدی خواندن تو ئێ ھونەرتەڤا
گەر نەخوێنی کەس ژ بوومە ئێش و دەردان ناکوژی
وا جگەر خوین خووەش دناڵی دا کوژن پیشڤەھەڕن
دا ببیژن ھەر بژی کورد ھەر بژی کورد ھەر بژی!

بەرھەمەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ماڵەپەڕی خۆزگا [١]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]