ھاملێت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئۆفێلیا کە خۆی خنکاندووە

ھاملێت (بە ئینگلیزی: Hamlet) ناوی شانۆیەکی نووسراوەی ویلیام شێکسپیر شانۆنووسی بەناوبانگی ئینگلیزە کە بە یەکێ لە شاکارەکانی شانۆی جیھان لە قەڵەم دەدرێت. شانۆنامەکەی ھاملێت تراژیدییەکە کە لە ماوەی ساڵانی ١٥٩٩ تا ١٦٠٢دا نووسراوە. کاراکتەری سەرەکیی شانۆکە ھاملێت شازادەی دانمارکە.

کەسێتییەکان[دەستکاری]

ھاملێت - شازادی دانیمارک

کلاودیۆس - پاشای نوێی دانیمارک، مامی ھاملێت، برای پاشای پێشووی دانیمارک

سەھویر (تاپۆ/تارمایی) - باوکی ھاملێت، پاشای پێشووی دانیمارک

گێرترود - دایکی ھاملێت، ھاوژینی ئێستای کلاودیۆس

پۆلۆنیۆس - ڕاوێژکاری پاشا و میری چامبەرلین

لایەرتیس - کوڕی پۆلۆنیۆس و برای ئۆفیلیا

ئۆفیلیا - کچی پۆلۆنیۆس و خوشکی لایەرتیس و گراویی ھاملێت

ھۆرەیشۆ - ھاوڕێ، ڕازدار و ھاوپۆلی ھاملێت

ڕۆزێنکرانتس و گیلدینستێرن - ھاوڕێی پێشوو ھاوپۆلی ھاملێت، کاربەدەستی کلاودیۆس

فۆرتنبراس - شازادی نەرویژ

ڤۆلتیماند و کۆرنێلیۆس - ئەندامانی ئەنجوومەنی دانیمارک و باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە نەرویژ

مارسێلۆس، بێرناردۆ و فرانسیسکۆ - ئەندامانی گروپی پاسەوانانی پاشا

ڕەیناڵدۆ - خزمەتکاری پۆلۆنیۆس

ئۆسریک

دوو گۆڕھەڵکەن (یان قەرەقۆز)

کاپتنێک لە سوپای فۆرتنبراسدا

قەشەیەک

پیاوێک

کۆمەڵێک یاریزان

باڵیۆزەکانی ئینگلتەرا لە دانیمارک

کۆمەڵێک خاتوون، میر، سەرباز، کەشتیوان، پەیامھێن و بەردەستی تر.

گرێچنەی شانۆنامەکە[دەستکاری]

لە دانیمارک پاشایەکی نوێ لە شوێنی براکەی، کە تازە مردووە، دێتە سەر تەخت، ئەم پاشا نوێیە ناوی کلاودیۆس-ە، برا مردووەکەی ناوی پاشا ھاملێت-ە، کلاودیۆس براژنە بێوەژنبووەکەی دەخوازێتەوە، کە ناوی گێرتروود-ە، واتە ژنی پاشا ھاملێت دەخوازێتەوە. کۆشکەکەیان ناوی ئێلسینۆر-ە. پاشا ھاملێتی مردوو و گێرتروودی بێوەژنبوو کوڕێکی گەنجیان ھەیە، کە ئەویش ناوی ھاملێت-ە، واتە ئەمیان شازاد ھاملێت-ە. شەوێک سەھویری (تاپۆ یان تارمایی) پاشا ھاملێتی باوک سەردانی ھاملێتی گەنج دەکات و پێی دەڵێت: «من گیانی باوکتم» ئاگاداری دەکات لەوەی کە ژەھرخوارد کراوە و بە ناڕەوا کوژراوە و داوا لە ھاملێتی گەنج دەکات: «ئەگەر باوکی خۆتت خۆشدەوێت، ئەوا تۆڵەی کوشتنەکەم بستێنەوە». ھاملێت دڵنیا نییە لەوەی بە وتەی سەھویرەکە بکات یان نا، بۆیە خۆی وا پیشان دەدات کە شێت بووە. پۆلۆنیۆس، کە یەکێکە لە ڕاوێژکارەکانی پاشا کلاودیۆس و باوکی کچێکە بە ناوی ئۆفیلیا و کوڕێک بە ناوی لایەرتیس، پێی وایە کە ڕەفتارە شێتانەکانی ھاملێت لەوە دەچێت بە ھۆی ئەوینەکەیەوە بێت بۆ ئۆفیلیای کچی و ئامۆژگاریی ئۆفیلیا دەکات کە لێی بەئاگا بێت. تیپێک ئەکتەری گەڕۆک دێنە شارەکە و ھاملێتی گەنج لەگەڵیاندا خۆی ڕێک دەخات و نمایشێک ساز دەدەن، کە تیایدا چیرۆکی سەھویرەکە دەگێڕێتەوە، ئەمە بەو ئامانجە دەکات کە کاردانەوەی کلاودیۆس (پاشای نوێ) بپشکنێت. کلاودیۆس لە کاتی کوشتنەکەی ناو نمایشەکەدا نمایشەکە بە جێ دەھێڵێت و ئەمەش بەڵگەی ئەوە دەدات بە ھاملێتی گەنج کە سەھویرەکە ڕاستی کرد و پاشا ھاملێت بە پیلان و ستەم کوژراوە. ھاملێت بەرەوڕووی دایکی دەبێتەوە تا بزانێت ئایا ئەویش ھاوبەش بووە لە کوشتنی باوکیدا یان نا. پۆلۆنیۆس بە دزییەوە لە پشت پەردەیەکدا خۆی حەشار دەدات و گوێیان لێ دەگرێت، ھاملێت پەلاماری پەردەکە دەدات، پۆلۆنیۆس لە پشت پەردەکەوە دەکوژێت. کلاودیۆس ھاملێت دەنێرێت بۆ ئینگلتەرا و بە نھێنی پیلانی ئەوە دادەڕێژێت کە ھاملێت لە ڕێ بکوژرێت، بەڵام ھاملێت دەرباز دەبێت و دەگەڕێتەوە. ئۆفیلیا دوای مەرگی باوکی شێت دەبێت و خۆی لە ڕووبارێکدا دەخنکێنێت، یان بە ڕێکەوت لە دارێک بەردەبێتەوە و دەخنکێت (بە گوێرەی گێڕانەوەی گێرتروود بێت لە لقی داربییەک کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام دواتر شانۆنامەکە ئاماژەی ئەوەمان دەداتێ کە خۆی کوشتووە. کلاودیۆس لایەرتیس ھان دەدات کە سەرزەنشتی ھاملێت بکات بەوەی کە ئەوە ھاملێتە بووەتە ھۆی کوشتنی باوکی و مردنی خوشکەکەی، بۆیە شیربازییەک ڕێک دەخەن. بۆ ئەوەی مەرگی ھاملێت مسۆگەر بکەن، لایەرتیس شیرەکەی خۆی لە ژەھر ھەڵدەکێشێت، کلاودیۆسیش خواردنەوەی ژەھراوی بۆ ھاملێت ڕێک دەخات تا بیخواتەوە. لە کاتی شیربازییەکەدا ھاملێت خواردنەوەکە ناخواتەوە، بەڵکو گێرتروودی دایکی بانگەشەی نۆشێک دەکات و دەیخواتەوە و دەمرێت. لایەرتیس ھاملێت بریندار دەکات، بەڵام ھاملێت یەکسەر نامرێت، لە پاشدا ھاملێت لایەرتیس بریندار دەکات، کە خەریکە دەمرێت، ددان بەوەدا دەنێت کە کلاودیۆس ھاملێتی باوکی کوشتووە، ھاملێت شیرەکەی لە کلاودیۆس دەدات و وای لێ دەکات خواردنەوە ژەھراوییەکە بخواتەوە، دواتر کلاودیۆس دەمرێت، دواتر ھاملێتی گەنجیش دەمرێت.[١]

وەرگێڕانەکان[دەستکاری]

شانۆی ھاملێت تا بە ئێستا دو جار بە زمانی کوردی (زاری سۆرانی) وەرگێراوەتەوە:

سەرچاوە[دەستکاری]

ویکیی ئینگلیزی: سێپتەمبەری ٢٠١٤

پەڕاوێز[دەستکاری]

  1. ^ "پوختەی گرێچنەی هاملێت". نەوا موکرجی. 2023-11-26. Retrieved 2023-11-26.