گەوایانی یەھوە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە گەواھیدەرانی یەھوەەوە ڕەوانە کراوە)
پێگەی فەرمی گەوایانی یەھوە

گەوایانی یەھوە یەکێکە لە ڕێچکەکانی ئایینی کریستیانی (فەلە) کە دان بە مەزھەب و ڕێچکەکانی تر دانانێت و خۆیان بە دروستترین و باشترینی کریستیانەکان دادەنێن؛ کە تەواو پەیرەوی پەرتوکی پیرۆز دەکەن لە ژیانیان دا ٫سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەھەم لە ویلایەتی پەنسڵڤانیا ی ئەمێریکی لەسەر دەستی (تشارلز تاز ڕاسڵ) کە بە گرووپ و کۆمەڵەی بچووک ھەنگاویان نا بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە لە پەرتوکی پیرۆز پاشان ئەم کۆمەڵەیە گەورەبوون و بوون بە «قوتابیانی پەرتوکی پیرۆز» ئەندامانی گەوایانی یەھوە بەوە دەناسرێنەوە کە ھیچ جیاوازییەک ناکان لە نێوان نەتەوەکان و زمانەکان و ڕەگەزەکان و بەبێ کۆشش لە دەرگای ھەموو ماڵێک و دەزگایەک دەدەن لەسەرتاسەری جیھان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیان و کارە بانگەوازییەکەیان بۆ خوێندن و پەیرەوکردنی پەرتوکی پیرۆز کە بە خۆڕایی پەرتوک و چاپەمەنییەکان لە ماڵەکان دابەش دەکەن. گەوایانی یەھوە باوەڕیان بە جەژنەکانی سەری ساڵ و یادکرنەوە کریستیانییەکان نییە؛ و ناچنە خزمەتگوزاری سەربازی ھیچ وڵاتێک بە پەیرەوی وان جەنگ قەدەغەیەو نابێت مرۆڤی لە خوا ترس بەشداری ھیچ شەڕێک بکات و بەشداری حکوومەت و کاری ڕامیاری و پەڕڵەمان ناکەن بە پەیرەوی گەوایانی یەھوە خاچ حەرامە و ناچنە ناو کلێسا و باوەر بەو نەریتانە ناکەن کە لە کڵێساکان پیشکەش دەکرێن وەک خواردنی شەراب و دووکەڵ و شیرینی. گەوایانی یەھوە باوەڕیان بە ئاگری دۆزەخ نییە و لەو بڕوایەن کە خوا زۆر لەوە گەورەترە مرۆڤ ئازار بدات بە ئاگر٫و لەوبڕوایەدان کە خودا تەنھا بەھەشتی دروست کردوە و ئەم بەھەشتەش لەسەر زەوییە کە دواتر خودا لە ڕۆژی ھەستانەوھ زەوی دەگۆڕێت بە بەھەشت و کەسانی ستەم کار و بێ باوەر ھەڵناسنەوە بۆ ئەم بەھەشتە.

گەوایانی یەھوە. دڵنیان لەوەی کە خوا ناوی یەھوھ یە کە لە کتێبی پیرۆز ناوی ھاتوە زیاتر لە ٢٧٠٠ جار بە گوێرەی دانە ڕەسەنەکە؛ بەڵام لەکاتی وەڕگێڕانی پەرتوکی پیرۆز وەڕگێرەران ھەستان بە گۆڕینی ناوی یەھوھ بە وشەی (خوا)و گەوایانی یەھوە زۆر پەیوەستن بە بنەما ئایینییەکان و پەرتوکی پیرۆز کە ھەمیشە ئامادەن لە نوێژ و پاڕانەوەکانیان لە خوا کە لە ھەفتەیەک دووجارە لە شوێنێک پێی دەڵێن ھۆڵی پاشایەتی و ساڵانە سێ جار کۆ دەبنەوە لە ھۆڵ و یاریگای گەورە بە شێوەی زۆر فراوان. لە ساڵی ١٩٣١ بەشێوەیەکی فەرمی نازناوی گەوایانی یەھوە یان لەخۆنا.

بیر و باوەڕ[دەستکاری]

گەوایانی یەھوە باوەڕیان وایە کە پەرتوکی پیرۆز وتەی خوایە و پەیماننامەکانی پەرتوکی پیرۆز بە سروش ھاتوە کە لە دوو بەشی سەرەکی پێک ھاتوە ئەوانیش پەیماننامە عیبرییەکان و پەیماننامە یۆنانییەکان نن ٫کە دەڵێن کرتستیانەکان (فەلە) تەنھا بەناو کریستیانن و ھیچ شتێک لەبارەی پەرتوکی پیرۆز نازانن و بەبیرورای ئەوان ھەموو کریستیانێک دەبێت زۆربەباشی پەرتوکی پیرۆز بخوێنێتەوە و لێی تێبگات و پەیڕەوی بکات ھەربۆیە باوەڕدارانی گەوایانی یەھوە زۆر بەقووڵی ڕووچونەتە ناو پەرتوکی پیرۆز و ڕۆژانە دەیخوێنن لەگەڵ قوتابییەکانیان؛ کە بانگەوازی ڕۆژی دوایی دەکەن بەوەی نزیکە و پاشایەتی خوا لەسەر زەوی دادەمەزرێ و کۆتایی بە ھەموو ئەم کێشانە دێت کە ئەمرۆ مرۆڤی سەرگەردان کردوە؛ بەڵام لە پێش ھەموو ئەوانە بڵاوکردنەوەی ناوی خوا و پاشایەتییەکەیەتی لەسەر زەوی.

لای گەوایانی یەھوە جگەرە کێشان قەدەغەیە بەوەی زیان بە جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت بۆیە یارمەتی قوتابییەکانیان دەدەن چۆن لە جگەرە کێشان دووربکەونەوە؛ و لەو بڕوایەن ھەرچی وڵات ھەیە لەلایەن ئەھریمەنەوە بەڕێوە دەچێت بۆیە بەشداری تێداناکەن؛ و ھەلکردن و ڕێزگرتنی ئاڵا بە شێکە لە ئەھریمەن پەرستی؛ بەڵام ڕێز لەیاساکانی وڵاتان دەگرن بەوەی ڕێزگرتن لەیاسا بەشێکە لە خوا پەرستی.

لای گەوایانی یەھوە خوێن بەخشین قەدەغەیە بەھۆی پیرۆزییەکەیەوە بەو بنەمایەی خوێن بەشێکە لە سروش (ڕوح) و نابێت بیڕێژین یان بیبەخشین. ھەتا بۆچارەسەرییە پزیشکییەکانیش کە بۆ ئەمە جێگرەوەی گونجاویان دۆزیوەتەوە.

گەوایانی یەھوە باوەر بە خاچ ناکەن بەوەی (عیسا) بە خاچ ھەڵنەواسراوە بەلکو بەدارێک یاخود پارجە تەختەیەکی ئاسایی کە کاتی خۆی باو بوە. ھەر بۆیە خاچ ھەڵناواسن لە ماڵەکانیان و شوێنە تایبەتییەکانیان؛ و وێنە ھەڵناواسن بە دیواری ماڵەکانیان؛ و لەو بڕوایەن کە عیسا کوڕی مریەمە و مریەم جگە لە عیسا منداڵی تری ھەبووە کە دوای عیسا لەدایکبوون بەگوێرەی دانەڕەسەنەکەی پەرتوکی پیرۆز ٫ھەربەو ھۆیەوە لای کڵێسا جێگایان نەبووەتەوە.

شوێن کەوتوانیان[دەستکاری]

بەگوێرەی ڕاپۆڕتی ساڵانەیان لە ٢٠١٥ لەسەرجەمی ٢٤٠ وڵات ٨٫٢٢٠٫١٠٥ کەس لە شوێن کەوتوانیان دان ٫جگە لە ھەزاران قوتابی کە تاوەکو ئێستا لەژێر خوێندنن چونکە تاوەکو کەسێک بەتەواوی پەرتوکی پیرۆز نەخوێنێتەوە و لێی تێنەگات نابێتە یەکێک لە شوێن کەوتوانیان جگە لە مناڵان و ئەوانەی ژێر ١٨ ساڵین. گەوایانی یەھوە بەشێوەی خۆبەخش و بێبەرامبەر وانە بەو کەسانە دەڵێنەوە کە خوێندەواریان نییە یاخود نابینان یاخود لاڵن بە گوێرەی ئەو کاتەی کە فێرخوازەکە دەیھەوێت٫و ساڵانە نزیکەی ١٩ ملیۆن کەس بەشداری دەکات لە بۆنەیەک کە پێی دەڵێن(نانی ئێوارەی پیرۆز).

خولەکان[دەستکاری]

ھۆڵی پاشایەتی. تایبەت بە گەوایانی یەھوە لە ئەڵمانیا.

گەوایانی یەھوە لەھەر بستێکی ئەم جیھانە تا بتوانن بانگەوازییەکەیان بڵاو دەکەنەوە. لە ڕێگای چاپەمەنییە ئەلیکترۆنی و کاغەزییەکانیانەوە ٫بڵاوکراوەیەکیان ھەیە بە ناوی (Awake ڕابوون)کە بە ١٠٣ زمان چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە ٫تەواوی مامەتەکانی لەبارەی زانستەکانی پەرتوکی پیرۆز و شانشینەکەی یەھوەیھ کە گۆڤارێکی مانگانەیە٫جگە لە گۆڤاری (The Watchtower قووڵلەی چاودێری)کە بە ٢٥٤ زمان بە ٥٩ ملیۆن دانە چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە لەنێویشیان زمانی کوردی تێدایە کە لە ھەرمانگێک دوو ژمارەی لێ چاپ دەکرێت. جگە لەچەندین پەرتوک و نامیلکە و بڵاوکراوەی جۆربەجۆر بە ٧٨٠ زمانی جیاواز لەگەڵ چەنین پێگەی ئەلیکترۆنی.

دژایەتییەکانیان[دەستکاری]

ھەندێک لەلایەن بە جوولەکھ ھەژماریان دەکەن. ھەندێک کەسیش بە کەسانی دواکەوتوو و نەزان دایان دەنێن. لایەنێکیش بە کۆمەڵەیەکی ماسۆنی ناوزەندیان دەکەن؛ بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بە کەسانی خوڕەوشت بەرز و ڕۆشەنبیر ناسراون کە زۆر لەسەر خۆ و بێ کێشەن کە ڕێز لە یاساکانی گشت وڵاتان دەگرن لە جیھانی ئیسڵامی تەنھا لە لوبنان و سودان بە ئاشکرا ھەن لە کوردستانیش بە شێوەی گرووپی شاراوە ئەرکر ئایینییەکانیان جێبەجێ دەکەن؛ کە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ٣٦٠٠ شوێنکەوتویان ھەیە لە لوبنان لەگەڵ ٧٠٠ کەس لە سودان.

کۆنگرەی ساڵانەی گەوایانی یەھوە[دەستکاری]

ساڵانە سێ کۆنگرە ئەنجام دەدەن لە یاریگا یاخود ھۆڵی گەورە کە ھەرجارەو لە وڵاتێک دەبێت بۆ نموونە کۆنگرەی ١٩٨٦ لە نەمسا بوو.

لە ماوەی نێوان ١٨ بۆ ٢١ ی تەممووز لە ڤییەننا بە بەشداری ١١ ھەزار کەس بەڕێوە چوو بۆ شوێنکەوتوانی نەمسا و دەورووبەری.

ئەم کۆنگرە گەورانە کە لە شوێنی وەھا گەورە ئەنجام دەدرێت بەم بەرنامانەی خوارەوە بە پوختی:

  1. دابینکردنی توانای ماددی لە ڵایان خۆبەخش و ئەندامەکانیانەوە لەسەران سەری جیھان.
  2. یەکگرتوویی و یەک بابەتی لە تەواوی کۆنگرەکان.
  3. تەواوی بابەتەکانی کۆنگرە لەسەر خواپەرستی و شانشینی یەھوە لەسەر زەوی و ئاگاداربوون لەیەک تری وەک خێزانێکی گەورە.
  4. ئاخاوتن لەبارەی چاڵاکی و بەرھەمەکانیان لەگەڵ یەکترناسینی ئەندامان و شوێنکەوتوان٫
  5. دابینکردنی چەندین برگە بۆ باسکردنی کێشەی ئەندامانیان لەسەرانسەری جیھان.
  6. گەورەیی و خۆشحاڵی ئامادەبوان بەیەکتری و گوێ گرتن لە ئازارەکانی یەکتر.
  7. باسکردنی ئەو وڵاتانەی کە ڕێگرن لەبەردەم بانگەوازییەکەیان و دۆزینەوەی چارەیەک.
  8. لەگەڵ چەندین بڕگەی تر کە ھەر ساڵ دەگۆڕێت.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]