ڤەندالیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەیەکی ئایینی لە ڕێگا گشتییەکان شکێندراوە و دزراوە

ئەمڕۆکە ڤەندالیزم (بە ئینگلیزی: Vandalism)، وەک دیاردەیەکی جیهانی و بەتایبەت لە ناوچە شارییەکانی زۆرێک لە کۆمەڵگە مۆدێرن و هەروەها دواکەوتووەکان دەبیندرێ و دیاردەیەکی ڕوون و ئاشکرایە و وەک دیاردەیەکی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای مۆدێرن بوونی هەیە و دەکرێ لە لایەنی جۆراوجۆرەوە لێی بنوڕین. لە ڕوانگەی زاراوەییەوە، ڤەندالیزم لە زمانی ئینگلیزیی ئاماژە بە لەناوبردنی بە ئەنقەستی دارایی و شوێنە گشتییەکان لە ئاستی شار دەکا و هەر چەشنە هەڵسوکەوتێکی وێرانکارانە، ناژیاری، دژه کولتوری و بێ بەزەییانەی لە فەزای گشتی شار لەخۆ دەگرێ(وەک: شکاندنی ژوورۆچکەی تەلەفونی گشتی، شکاندنی شووشەی پەنجەرەکان، نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکانی شار و ...).

ئیتیمۆلۆژی[دەستکاری]

ئەم وشە لە ڕوانگەی ڕەچەڵەکناسییەوە لە وشەی ڤەندال گیراوە. ڤەندالەکان ناوی خێڵ و ئیتنیکێک لە دەستەی جێرمەنەکان بوون کە بە شەڕخوازی، دڵڕەقی و هێرشکاری بەناوبانگ بوون و سڵیان لە وێرانکاری و کوشتوبڕی خەڵکانی ناوچە و دەوروبەری خۆیان نەدەکرد. ئەم ڕوحی وێرانکاری و شەرئەنگێزی ڤەندالەکان بۆتە هۆی ئەوەی کە لە بابەتە پاتۆلۆژییەکان هەر چەشنە هەڵسوکەوتی دزێو و تاوانکارانە کە دەبێتە هۆی وێرانکاری نەزانانە و بەئەنقەستی دارایی و شوێنە گشتییەکان و هەروەها دژایەتیی و لەناوبردنی ئاسەواری هونەری و ژیاری، بە ناوی ڤەندالیزم پێناسە بکرێ. شایانی باسە بەو کەسەی کاری ڤەندالیستی دەکا:"ڤەندال" دەڵێن.

هۆکارەکان[دەستکاری]

توێژینەوە دەروونناسی و پەروەردەییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڤەندالیزم پتر ڕەچەڵەکی دەرەکیی هەیە و لە بارودۆخی ژینگە سەرچاوە دەگرێ و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی شارەکان وەک ئاستی داهات، ئاسانکاری ڕاژەیی و بژیوی ژیان، بێبەشبوونی چینایەتی، ڕەوکردن لە گوندەوە بۆ شار و ... ئەگەری ڕوودانی ئاکاری ڤەندالی پتر دەکەن. هۆکارەکانی ڕوودانی ڤەندالیزم کۆمەڵێکی لێکاڵاو لە هۆکارە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکانن. لە کۆمەڵگە کێشەی بێکاری، دابین نەکردنی ئاسانکاری بۆ کاتی پشوو و بەتاڵ نەبوونەوەی ورووژێنەر و بزوێنەرە ڕوحییەکانی میرمنداڵان گرنگترینی ئەوانن. ڤەندالیزم یاخیبوون و شۆڕشێکە کە هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە. بۆ پێشگرتن لەم کێشە، ئێمە دەبێ بەرانبەر بە کەمتەرخەمی کۆمەڵایەتیی، گۆشەگیری و دابڕانی کۆمەڵایەتیی و لەناوچوونی بەها کۆمەڵایەتییەکانی جیرانەتی و بنەماڵەیی ڕاوەستینەوە.

جۆرەکانی ڤەندالیزم[دەستکاری]

بەگشتی دەتوانین جۆرەکانی ڤەندالیزم بەم شێوە پۆلین بکەین:

  • ڤەندالیزمی گشتی: وێرانکاری فیزیکی بەردەوامی ژینگە و دارایی گشتیی.
  • ڤەندالیزمی سەندیکایی: پەیوەستە بە شوێنی کارکردن، وێرانکاری بەردەوام لە دارایی دامەزراوە و دایرەکان لەلایەن کارمەندانییەوە.
  • ڤەندالیزمی ئاسایش: خستنە مەترسیی تەکووزی و ئاسایشی گشتیی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

Cowan, Robert(2007), The dictionary of Urbanism. London; Streetwise press.

Goldstein, Arnold.p(1996) , School-Oriented Interventions"Controling Vandalism. London; Reprinted with Permission of the Guilford Press.