ڤۆڵتیە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باتری یەکێک لە سەرەکی ترین سەرچاوە کارەبایییە لە ئامێرە کارەبایییەکان.

ڤۆڵتیە (بە ئینگلیزی: Voltage یا Electric potential difference) بریتییە لە پەستانی کارەبا. بە واتایەکی تر گەر لەبەینی دوو خاڵی دیاریکراو جیاوازی بارگەی کارەبایی ھەبێ پێی دەگوترێ ڤۆڵتیەی کارەبا ھەیە یاخود پەستانی کارەبا ھەیە. بە نمونەیەکی تر گەر دوو تانکی ئاو ھەبێت، و ئاستی ئاوی یەکێکیان بەرزتر بێت لەوی تریان، کەواتە پەستانی ئاو ھەیە و گەر بە بۆڕییەک بەیەکتر بگێنرێن ئاو لە تانکی ئاست بەرزەکەوە بۆ تانکی ئاست نزمەکە جوڵە دەکات. بە ھەمان شێوە، گەر بڕی بارگەی کارەبایی لە خەزانێک دا زیاتر لە خەزانێکیتر کۆ ببێتەوە، دەگوترێ پەستانێکی کارەبا ھەیە. کاتێک گێنەرێکی کارەبا لە نێوان ئەم دوو خەزانە کارەبایییە ببەسترێ، بارگە کارەبایییەکان لە شێوەی تەزووی کارەبا لە خەزانی گەورەکەوە بۆ خەزانە کەمەکە جووڵە دەکەن. لە کارەبای وەستاودا ڤۆڵتیە بریتییە لە بڕی ئەو ئیشەی کە ئەنجام دەدرێ لەسەر بارگەی ئەزموون. بە پێی سیستەمی نێودەوڵەتی یەکە (SI)، یەکەی ڤۆڵتیە بریتییە لە ڤۆڵت (Volt). یەک ڤۆڵت یەکسانە بە (Joule/coulomb).[١] ھێمای ڤۆڵتیە بریتییە لە (ΔV یا V).

بە پێی یاسای ئۆم، ڤۆڵتیە ڕاستەوانە دەگۆڕێ لەگەڵ تەزووی کارەبایی و بەرگری کارەبایی:

لێرەدا:

  • V بریتییە لە ڤۆڵتیەی کارەبا.
  • I بریتییە لە تەزووی کارەبا.
  • R بریتییە لە بەرگری کارەبا.

ڤۆڵتمیتەر (Voltmeter) ئەو ئامێرەیە کە بە شێوەی ھاوتەریب لەگەڵ ئەو شوێنە دەبەسترێ کە پێوانەی ڤۆڵتیەی بۆ دەکرێ. بۆ نمونە گەر بمانھەوێ ڤۆڵتیەی باترییەک بپێوین دەبێ ڤۆڵتمیتەرەکە لە دوو جەمسەری موجەب و سالبی باترییەکە ببەسترێ.[٢]

مۆڵتیمیتەرێک کە سودی لێدەبینرێ وەل ڤۆڵتمیتەر بۆ پێوانی ڤۆڵتیەی باترییەکی ٩ ڤۆڵتی.

پێناسە[دەستکاری]

جگەلەو پێناسانەی لەسەرەوە ھاتونە، دەشێ ڤۆڵتیە بەم شێوەیەش پێناسە بکڕێ کە: بارگەی سالب ڕادەکێشرێ بۆلای ڤۆڵتیەی بەر، وە بە پێچەوانەشەوە، بارگەی موجەب ڕادەکێشرێن بۆ لای ڤۆڵتیەی نزم. بە پێی ئەو پێناسەیە، ئاڕاستەی تەزووی کارەبا لە ڤۆڵتیەی بەرزەوە بۆ ڤۆڵتیەی نزمە.

پێناسە وەک پەستانی کارەبا[دەستکاری]

ڤۆڵتیە کە لە خاڵی () گەورەترە لە خاڵی ()، بەشێوەی خوارەوە وێنا دەکرێت:

لەم حاڵەتەدا ڤۆڵتیە بەرز دەبێتەوە لە خاڵی A بۆ خاڵی B. ئەو ڤۆڵتیەیەش یەکسانە بە توانای ئەنجامدانی ئیش لە سەر بارگەیەک کە لە ڤۆڵتیەی بەرزەوە پاڵ دەدرێ بۆلەی ڤۆڵتیەی نزم. ئەم ئیشە دەشێ بریتی بێت لە ڕووناک کردنەوەی گڵۆپێک، ھەڵسوڕانی پانکەیەک … ھتد.

یەکەی پێوانەیی[دەستکاری]

ڤۆڵت یەکەی پێوانەیی ڤۆڵتیەیە و ھێماکەی بریتییە لە (V). ئەم یەکەیە لەبەر ڕێزی زانا ئەلێساندڕۆ ڤۆڵتا (١٧٤٥–١٨٢٧ ز) ناو لێنراوە کە یەکەم کەس بوو کە بە فەرمی باتری کیمیایی لەسەر ناوی تۆمار کرا.

بەکارھێنان[دەستکاری]

ئامێری پێوانی ڤۆڵتیە[دەستکاری]

لە ڕێی چەند ئامێرێکەوە دەشێ ڤۆڵتیە بپێورێت، بۆ نمونە: ڤۆڵتمیتەر، ئۆسیلۆسکۆپ (oscilloscope). ڤۆڵتمیتەری ئەنەلۆگ پێک ھاتوە لە کۆیلێک کە بە تێپەڕبوونە تەزووی کارەبا بە ناویدا، دەبێتە ھۆی جوڵە پێکردنی میلی ڤۆڵتمیتەرەکە. لافانی میلی ڤۆڵتمیتەرەکە بەندە لەسەر بڕی تێپەڕ بوونی تەزووی کارەبا. لە ئۆسیلۆسکۆپدا بە پێی ئاستی ڤۆڵتیە ئەو گورزە ئەلێکتڕۆنە بەر شاشەکە دەکەوێ زیادتر لادەدات. ھەرچەند ڤۆڵتیە زیاد بکات، ئاستی لادانەکە لە شێوەی ئەستونی زیاد دەکات. ھەڵبەت ڤۆڵتمیتەر بەکارھێنانی لە بازاڕەکان زیادترە. بە کارھێنانی ئۆسیلۆسکۆپ بە ھۆی نرخی گران و گەورەیی و ئاڵۆزی لە بەکارھێنانی تەنھا لە لایەن چینێکی کەمەوە بەکار دەھێنرێت.

مێژوو[دەستکاری]

پاڵھێزی پەستانی کارەبایی (electromotive force) یەکەم جار لە نامەیەکی زانا ڤۆڵتاوە بەکار ھاتوە کە لە ساڵی ١٧٩٨ بۆ گلۆڤانی ئاڵدینی نوسیبووی. وە (Annales de chimie et de physique) بۆ یەکەمجار بەکاری ھێنا لە توێژینەکەی کە لە ساڵی ١٨٠١ بڵاو بۆوە.[٣] پاشان لە ساڵانی ١٨٢٠ لە لایەن میشێڵ فاڕادای بە کار ھێنراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ International Bureau of Weights and Measures (2006), The International System of Units (SI) (PDF) (8th ed.), ISBN 92-822-2213-6, archived (PDF) from the original on 2017-08-14 International Bureau of Weights and Measures (2006), The International System of Units (SI) (PDF) (8th ed.), ISBN 92-822-2213-6, archived (PDF) from the original on 2017-08-14
  2. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Voltage
  3. ^ Robert N. Varney, Leon H. Fisher, "Electromotive force: Volta's forgotten concept", American Journal of Physics, vol. 48, iss. 5, pp. 405–408, May 1980.