پێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پێیەکانی مرۆڤێک (پیاوێک)
شێوەی ڕوونکەرەوەی ئێسکەکانی پێ و قاچی خوارەوە.

پێ بەشێکی لەشە، کەوتووەتە کۆتاییی قاچ. پێیەکان گرنگن بۆ ھاوسەنگی و ڕاوەستان، مرۆڤەکان و زۆربەی ئاژەڵان پێیەکانیان بەکاردێنن بۆ ڕۆیشتن، ھەروەھا بەکاریان دێن بۆ لێدان، لەکاتی شەڕ و یاریکردن، بۆ نموونە، لە کاتی یاریی تۆپی پێدا. شێوەی پێیەکان و دەستەکانی مرۆڤ چوونیەکە، لە ھەردووکیاندا پێنج پەنجە ھەن. بەشی کۆتاییی پێ کە بە ھۆی جومگەوە بەستراوەتەوە لەگەڵ قاچ پێی دەوترێت پاژنەپێ، و بنەوەی پێ بە ژێرپێ بانگ دەکرێت.

زۆربەی گیانەوەران پێیان ھەیە، جۆری پێیەکانیشیان جیاوازن. بە «پێ»ی ئەو ئاژەڵانەی کە پێیەکانیان ڕەق و سەختە دەوترێ سم، و ھی ئەوانەش کە نەرمە دەوترێ چنگ.

داپۆشینی پێیەکان[دەستکاری]

لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا، خەڵک حەز بە داپۆشینی پێیەکانیان دەکەن، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ کەسانی ترن یان لە دەرەوەن. ئەو پێپۆشەی لەپێی دەکەن چەن جۆرێکی جیاوازی ھەیە، لەوانە پێڵاو، نەعل و پۆتین «جزمە»، مرۆڤەکان ئەمانە بۆ شوێن و کاتی جیاواز بەکاردێنن. خەڵکی ھەمیشە پێپۆش لەبەر دەکەن، بەتایبەتی لە شوێنە گەرمەکان و ئەو کاتانەی خەریکی چالاکین. پێپۆشی زۆر گەورە یان زۆر بچووک کاریگەریی خراپی ھەیە لەسەر تەندروستیی مرۆڤەکان. ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی پێ، قاچ یان پشتیان ھەیە دەتوانن لە پێپۆشی «پێڵاو و نەعل»ی تایبەتی کەڵک وەرگرن.

نەریتی خەڵکی جیھان جیاوازە بۆ کاتی لەبەرکردنی پێپۆش. بۆ نموونە، لە زۆربەی ئەورووپا و کەنەدا خەڵکی پێڵاو لەبەر ناکەن لە ماڵەوەیان یان لە کاتی سەردانکردن. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی ئاسایی خەڵکی لە ناوەوەی ماڵەکانیان پێڵا و نەعل لەپێ دەکەن، لە کاتێکدا لە کوردستان یان لە ژاپۆن خەڵکی لە ناوەوەی ماڵەکانیاندا پێڵاو و نەعل لەپێ ناکەن.


ئەمانەش ببینە[دەستکاری]