نەوشیروان مستەفا

پەڕەی semi-protected
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نەوشیروان مستەفا
نەوشیروان مستەفا لە ٢٠١٥
ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان
لە پۆستدا بووە
١ی نیسانی ٢٠٠٩ – ١٩ی ئایاری ٢٠١٧[١]
پاشینە عومەر سەید عەلی
جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە پۆستدا بووە
١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٦ – ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦
پێشینە کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی
کۆمەڵە
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون نەوشیروان مستەفا ئەمین
(١٩٤٤-١٢-٢٢) ٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٤
سلێمانی، ھەرێمی کوردستان
مردن ١٩ی ئایاری ٢٠١٧(٢٠١٧-٠٥-١٩) (٧٢ ساڵ ژیاوە)[١]
سلێمانی، ھەرێمی کوردستان
ھاووڵاتی عێراق و شانشینی یەکگرتوو
نەتەوە کورد
پارتی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (۱۹۷٥-۲۰۰٦)

بزووتنەوەی گۆڕان (۲۰۰۹)

پیشە سیاسەتوان
کار مێژووناس، نووسەر
ئایین ئیسلام[٢]
خەڵاتەکان
دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
خزمەت/لق پێشمەرگە
شەڕەکان شەڕی ئێران و عێراق
  • ئۆپەراسیۆنی فەتحی ١
  • ئۆپەراسیۆنی زەفەری ٧

ناکۆکیی تورکیا و کورد

  • ئۆپەراسیۆنی باکووری عێراق

نەوشیروان مستەفا ئەمین (لەدایکبووی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٤[٣] – مردووی ١۹ی ئایاری ٢٠١٧) سیاسەتوانی کورد بوو کە وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەی بزووتنەوەکە خزمەتیکردووە لە ھەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ١ی نیسانی ٢٠٠٩ تا مردنی لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٧.[٤]

ژیان

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا) ی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و ڕۆشنبیری ئەو شارە لە دایکبووە. نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێ نزیکەکانی دەگێڕنەوە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو دەستی بە کاروچالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە.

قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردووەوە لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان چالاکانە کاری کردووە.

لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. ھەر لەو ماوەیەدا بووەتە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٧ بووەتە ئەندامی لقی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

نەوشیروان مستەفا کە ئێستا خاوەنی کۆمپانیای وشەیە و پێشتر جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، لە ساڵی ١٩٨١ خێزانی پێکەوە ناوە، خێزانەکەی خوشکەزای ڕەفعەتی مەلای ھاوڕێی دێرینی شاخ و شارییەتی.

بنەماڵە

نەوشیروان خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانی (نما، چیا، چرا).

نما کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە لەندەن تەواوکردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە کۆمپانیاکەی باوکی سەرقاڵی کارکردنە.

چیا، پاش تەواوکردنی کۆلێژ لە لەندەن ڕوویکردووەتە ئەمریکا بە مەبەستی خوێندنی ماجستێر.

چرای کچیشی لە لەندەن دەخوێنێ، بۆ تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی لە بەریتانیا.

بەپێی قسەی ڕەفعەتی مەلا کە ھاوڕێیەکی نزیکی نەوشیروان مستەفایە و ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە دەیناسێت «بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی بوون و باوکی پیاوێکی ڕۆشنبیر بووە، خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بووە لە ماڵەکەیدا». بە بڕوای ئەو ھاوڕێ دێرین و نزیکەی نەوشیروان مستەفا ھەر ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی نەوشیروان مستەفا داناوە بەتایبەت لە ڕووی ڕۆشنبیری و سیاسییەوە، ڕەفعەتی مەلا دەڵێت: «بۆیە کاک نەوشیروان، ھەر لە مناڵییەوە سوودی لەو کتێبخانەیەی باوکی وەرگرتووە ئەمەش کاریگەری ھەبووە لەسەر ڕۆشنبیری ئەو».

ئەو گەنجانەی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی کە دیارترینیان بریتی بوون لە (نەوشیروان مستەفا، ڕەفعەتی مەلا، شازاد سائیب و سمکۆ فەتحوڵا)، وەک چەند گەنجێکی چالاک و ھەڵسوڕاو لە شەستەکاندا زیاتر سۆزیان بۆ باڵی مەکتەبی سیاسی ھەبووە. دروستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بە بڕوای ڕەفعەتی مەلا، ڕەگوڕیشەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ناو گۆڤاری ڕزگاری کە لە ساڵی ١٩٦٩ دا دەرچووە و نەوشیروان مستەفا خاوەنی ئیمتیازی ئەو گۆڤارە مانگانەیە بووە. لەبارەی ئەم گۆڤارەوە کە ١٣ ژمارەی لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا لێدەرچووە. بەپێی وتەی ھەندێ ھاوڕێی نەوشیروان مستەفا گۆڤارەکە بە گۆڤاری ماوییەکان ناسرا بوو، ڕەفعەتی مەلا دەڵێ" دیارە ئێمە بازنەیەکی ڕۆشنبیریمان ھەبوو لە شاری سلێمانی، کە زۆرجار لە بارەگای گۆڤاری ڕزگاری کۆدەبووینەوە. کە لەلایەن ئەو گەنجە شۆڕشگێڕانەی ئەو سەردەمەوە ئەم حەلەقانە دروستکرابوون و کاک نەوشیروان دەوری سەرەکی ھەبووە تێیدا، کە لەو گەنجانەی ئەو سەردەمە کاک نەوشیروان بوو، مەحموودی مەلا عزەت بوو، فوادی مەلا مەحموود بوو، سمکۆ فەتحوڵڵا بوو، من و حەمە چاوشین و کۆمەڵێک گەنجی تر بووین کە مام جەلال دەھات محازەراتی دەداینێ. لەو موحازەتانەدا زیاتر وەک باو بوو کتێبەکانی ماومان دیراسە دەکرد". ڕەفعەتی مەلا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" ئەم حەلەقە ڕۆشنبیریانە لە کۆتایدا بووە بنەمایەک بۆ دروستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان".

بەپێی وتەی ڕەفعەت پاش بەیانی ئازار ئەوان ھەموو دووردەخرێنەوە لە سلێمانی بۆ خوارووی عێراق و پاشان لە بەغدا یەک دەگرنەوە. ئیدی لەو سەردەمەدا نەوشیروان مستەفا بەرەو نەمسا بە مەبەستی خوێندن و دوورکەوتنەوە لە ھەڕەشەکانی ئەو سەردەمەی حکوومەتی عێراقی بە ڕێدەکەوێت کە لەو سەردەمەدا لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە. لە نەمسا پاش تەواوکردنی ماجستێر سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرا دەبێت لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام بۆ دامەزراندی یەکێتیی نیشتمانی واز لە خوێندنەکەی دێنێت و دەگەڕێتەوە کوردستان. لێرە بەدواوە ئیدی نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی دیار بە تەواوی دەردەکەوێت کە ھەم سکرتێری کۆمەڵە و ھەم جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەبێت. بە بارەکەی تریشیدا ژیانی پێشمەرگایەتی و خەباتی چەکداری نەوشیروان مستەفا بەمجۆرە بە تەواوەتی دەست پێدەکات. نەوشیروان مستەفا لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە لە ساڵی ١٩٧٢ بە تەواوی ئیعلانی دامەزراندنی دەکرێ بە وتەی ھاوڕێکانی لەو ماوەیەی لە نەمساش بووە دانەبڕاوە و پەیوەندی ھەبووە. بە وتەی ڕەفعەتی مەلا دروست بوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران پاش ئەوە دێت کە باڵی مەکتەبی سیاسی دەگەڕێتەوە نێو پارتی ئیتر ئەو برادەرانە بڕیاریاندا تەنزیمێکی مارکسی-لینینی دروست بکەن ئەوە بوو کۆمەڵەیان دروست کرد. پاش گەڕانەوەی لە نەمسا و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری نەوشیروان مستەفا دەبێتە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کە وەک باڵێک لە ناو باڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە تازە دامەزراوە کاردەکات. جگە لە خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاتە کە گۆڤاری کۆمەڵە دەرچووە، زۆربەی نووسینەکانی خۆی لەوێ بڵاودەکردەوە.

نەوشیروان مستەفا ئەو کتێبانەی بە درێژایی تەمەنی کە نووسیونی بریتی بوون لە نووسینەوەی مێژوو و یادەوەرییەکان، لەمبارەیەوە حەمە تۆفیق پێی وایە ھۆکاری دەستبردنی نەوشیروان مستەفا بۆ نووسینەوەی مێژوو و یادەوەرییەکانی زیاتر پەیوەندی بە حەزی خۆیەوە ھەبووە نەک شتێکی تر، ئەو دەڵێ "نەوشیروان زۆر حەزی لە مێژووە، بۆیە زیاتر لەو بوارە نووسیویەتی". لەمبارەیەوە چەندین کتێبی ھەیە لەوانە (کورد و عەجەم، حکوومەتی کوردستان، لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوەزەنگ، کورد لە گەمەی سۆڤێتیدا، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، ژیانی بە تەمەنترین ڕۆژنامەی کوردی لە ١٩٢٦–١٩٨٣). نەوشیروان مستەفا زیاتر حەزی لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانە، بەتایبەت حەزی لە لاوک و حەیرانە ناو بەناو خۆشی لەبەر خۆیەوە دەیڵێت. ڕەفعەتی مەلاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاک نەوشیروان زۆر موھتەم نییە بۆ خواردن، بەتایبەت لە ھاویندا زیاتر حەزی لە تەماتە و خەیارە قاژی دەکات و دەیخوات. لەلای خۆیەوە حەمە تۆفیق ڕەحیم کە جگە لەوەی کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی کۆمپانیای وشەیە، بە وتەی خۆی زیاتر لە ١١ ساڵ پێشمەرگایەتیشی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بەسەر بردووە، لە ساڵی ١٩٧٩ تاوەکو ١٩٩١. ئەویش جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەوشیروان زۆر موھتەم نییە بە خواردن، نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێکانی باسی دەکەن کەسێکی سادەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زوو توڕە دەبێت. حەمە تۆفیق ڕەحیم لەمبارەیەوە دەڵێ "کەسێکی زۆر سادەیە بەڵام کەمێک توڕەیە". سەبارەت بەوەی کە بە چ شتێک یان لە چ حاڵەتێکدا توڕە دەبێت، عەلی کەریمی کە یەکێکی ترە لە ھاوڕێکانی کە لە سەردەمی شاخ ناسیویەتی دەڵێت "جاری وا ھەیە بە ھەموو شتێک توڕە دەبێ و جاری واش ھەیە بە ھیچ شتێک توڕە نابێ". یەکێک لە ھیوایەتەکانی نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێکانی باسی دەکەن، جگە لە نووسینەوەی مێژوو، ژیانکردنە لەگەڵ بەخێوکردنی مریشک و کەو و ئاژەڵە کێوییەکانی وەک ئاسک و چەند ئاژەڵێکی تر.

دادگا

ڕۆژی ١٤ی تەممووزی ٢٠٠٠، لە گردی عەلی ناجی، چوار بارەگای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەلایەن یەکێتییەوە پەلاماردران و ھەریەک لە (ھاوڕێ لەتیف، ھاوار محەممەد، عەبدولباست موحسین، ئومێد نکبین، محەممەد مستەفا) لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوژران.[٥]

دواتر وەفدی مفەوەزاتی حزبی کۆمۆنیست لە ماڵی نەوشیروان مستەفا دەستگیرکران و برانە ئاسایش، ئەوەبوو لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە شاری سلێمانی ھەموو بنکە و بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیست لەلایەن یەکێتییەوە دەستیان بەسەردا گیرا، کە بریتیبوون لە ھەریەک لەم بارەگایانانە. یەکەم: بارەگای کۆمیتەی ڕابەری و مەکتەبی سیاسیی لە گردی عەلی ناجی. دووەم: کۆمیتەی محەلی سلێمانی لە گەڕەکی ڕزگاری. سێیەم: ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان لە گەڕەکی ڕزگاری. چوارەم: ڕێکخراوی خوێندکاران و سەنتەری منداڵان لە گەڕەکی عەقاری. پێنجەم: ڕادیۆ و بارەگای ڕاگەیاندن لە گردی زەرگەتە. ھاوکات چالاکی حزبەکە قەدەغەکرا و زۆرینەی ئەندامەکانیان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکران کە ھەندێکیان بۆ ماوەی چوار مانگ لە زیندان ھێڵدرانەوە.[٦]

بەرپرسانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانن لەکوشتنی کادرەکانیان، بەڵام نەوشیروان مستەفا جێگری پێشووی سکرتێری گشتیی یەکێتی و ڕێکخەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان و خەسرەو گوڵ محەممەد بەرپرسی دەزگای زانیاری و سەرکەوتی کوبە بەڕێوەبەری پێشوی ئاسایشی سلێمانی و بەرپرسی مەکۆی ئێستای سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ئەنجامدەری ڕاستەوخۆی ڕووداوەکەوە دەزانن.

محەممەد تۆفیق ڕەحیم، لە لێدوانێکدا بۆ ئەسوات ئەلعێراق، ڕاشیگەیاند: حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان داوایەکی یاسایی دژی نەوشیروان مستەفا تۆمارکردووە، لەسەر ڕووداوی ساڵی ٢٠٠٠ کە پێنج ئەندامی کۆمۆنیست کوژران، کە ئەوکات نەوشیروان مستەفا جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیتشیمانیی کوردستان بوو.[٧]

کتێبە چاپکراوەکانی

  • لە کەناری دانوبەوە بۆ خای ناوزەنگ، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٧٥ تاکو ١٩٧٩، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٧)
  • پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٧٩ تاکو ١٩٨٣، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٧)
  • خولانەوە لە بازنە دا، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٨٤ تاکو ١٩٨٨، (کوردستان: ١٩٩٩)
  • کورد و عەجەم، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٢)
  • حکوومەتی کوردستان: کورد لە گەمەی سوڤییەت دا، (کوردستان: ١٩٩٣)
  • میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕوم و عەجەم دا، (کوردستان: ١٩٩٨)
  • کوردستانی عێراق: سەردەمی قەلەم و موراجەعات، ١٩٢٨–١٩٣١(کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٠)
  • ژیان، بەتەمەنترین ڕوژنامەی کوردی ١٩٢٦–١٩٣٨ (کوردستان ـ زەرگەتە ٢٠٠٢)
  • ژیان، چەند لاپەرەیەک لە مێژووی ڕوژنامەوانیی کوردی ١٩٣٨–١٩٥٨ (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٤)
  • کارەساتی ھەکاری، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٨١)
  • کێشەی پارتی و یەکێتی، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٥)
  • ئێمە و ئەوان، (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٩)
  • بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، (چوار بەرگ)
  • ئەدەب و تاریخی کوردی، (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠١٢)

مردن

لە بەرەبەیانی ١٩ی ئایاری ٢٠١٧ نەوشیروان مستەفا لەشاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.[٨]

سەرچاوەکان

  1. ^ ئ ا "نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد". ئێن ئاڕ تی. ١٩ی ئایاری ٢٠١٧. Retrieved 27ی Novemberی 2020. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |date= (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help) ٢٢ی ئایاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ سەردانی نەوشیروان مستەفا بۆ مزگەوتی گەورەی سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ زانایانی ئاینی (بە ئینگلیزی), retrieved 2021-10-30
  3. ^ "وێستگە جیاوازەکانی ژیانی نەوشیروان مستەفا". بزووتنەوەی گۆڕان. ١٩ی ئایاری ٢٠٢٠. Retrieved 27ی Octoberی 2020. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  4. ^ Muir, Jim (24 July 2009). "Iraqi Kurds vote in 'vibrant' elections". BBC. Retrieved 24 July 2009.
  5. ^ http://webcache.googleusercontent.com/search?q=cache:_9nTrTsgIeIJ:rudaw.net/kurdish/index.php/news/7594.html+کۆمۆنیست+نەوشیروان&cd=12&hl=fi&ct=clnk&gl=fi
  6. ^ http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=27583[[[https://web.archive.org/web/*/http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=27583 بەستەری مردوو] بەستەری مردوو]]
  7. ^ http://www.nrttv.com/dreje.aspx?jimare=6957[بەستەری مردوو]
  8. ^ نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد. ئێن ئاڕ تی. سەردان لە ڕێکەوتی ١٩ی ئایار، ٢٠١٧.

بەستەرە دەرەکییەکان