شۆڕشی زانستی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە مێژووی زانستدا، شۆڕشی زانستی ئەو ڕۆژگارە بوو کە تێیدا بیرۆکە نوێکان لە فیزیک، ئەستێرەناسی، زیندەوەرناسی، لەشناسیی مرۆڤ، کیمیا و دیکەی زانستەکاندا بناغەی زانستی نوێیان دانا و بوون بەھۆی بەدواوەدانی ڕێبازەکانی زاڵی سەردەم کە لە یۆنانی کۆنەوە دەستیان پێ کردبوو و لە سەدەکانی ناوینیشدا درێژەیان پەیداکردبوو. وەکوو ئەوەی زۆرینەی لێکۆڵەران دەڵێن، شۆڕشی زانستی ساڵی ١٥٤٣ بە بڵاوبوونەوەی دوو پەرتووکەوە دەستی پێ کرد و ھەتا سەدەی ١٧ھەم بەردەوام بوو. ئەو دوو پەرتووکە کە ڕێی زانستیان گۆڕی ئەمانە بوون: لەسەر ھەڵسووڕانی تەنە ئاسمانییەکان نووسینی نیکۆلاس کۆپێرنیک و لەسەر پێکھاتی لەشی مرۆڤ نووسینی ئاندریاس ڤێسالیوس.

زاراوەی شۆڕشی زانستی، بۆ جاری یەکەم، ساڵی ١٩٣٩ لەلایەن فەیلەسووف و مێژووناس ئالکساندر کۆیرەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو سەردەمە بەکارھێنرا.

زانست کە لە ڕێگای تەکنەلۆژیاوە کار دەکات، لە بەدیھێنانی ئەم ھەمووە ئاڵوگۆڕیانە پشکێکی گرنگی ھەبووە. زانست و تەکتەلۆژیا پەیوەندییەکی پتەویان پێگەوە ھەیە. ناسینی زانستی، واتە زانینی لەبەرچی و چلۆنایەتی ھەر شتێک، چلۆنایەتی کارکردنی شتەکان. تەکنەلۆژی واتە «زانینی چلۆنایەتی» و درککردنی ئەو خاڵەی کە بە چ شێوەیەک شتەکان دروست بکەین و بیانگۆڕین بۆ ئامانجێکی بەسوود. زانست بەھۆی ئەم خاڵەوە واتە چۆنییەتی کارکردنی دەقیقی شتەکان زانیارییەک دەداتە دەست کە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین بۆ بەرەو پێشبردنی تەکنەلۆژیا کەڵکی لێوەربگیرێت. شۆڕشی زانستی کە لە سەدەکانی شانزدە و حەڤدەدا ھاتەپێش ئەم کارەی بۆ زانست ئەرخەیان کردووە.

زانست پێش شۆڕشی زانستی[دەستکاری]

بەوجۆرە نییە کە پێداچونەوەی زانستی لە ئەورووپا لەگەڵ شۆڕشی زانستی سەریھەڵدابێت، لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان لە ھەموو سەردەمەکان بە دوای مەعریفەتی زانستییەوە بوونە. ھەر شارستانییەتییەکی گەورە جۆرە زانستێکی بەرھەمھێناوە. بۆ نموونە زۆر پێش ئەوەی کریستۆف کۆڵۆمپ ئەمریکا وەدۆزێت، ئازتیکەکان کارامەییان لە ئەستێرەناسی وزانستی بیرکاریدا بە دەستھێنابوو ھەر وەکوو ئینکاکان دەیانزانی چۆن مس و حەوتجۆش بەدەست بێنن.

بەداخەوە کاتێک ئیسپانیایییەکان ھێرشیان کردە سەر خاک و مەملەکەتیان زیاتر کەوتبوونە ژێر کاریگەری زێڕ و جەواھیراتی ئازتیکەکان و ھەروەھا ئەو مرڤانەی کە دەکرانە قوربانی بۆ خوداکەیان کە خۆر بوو. ئیسپانیایەکان زۆرێک لە ئازتیکەکانیان کوشت، و زێڕ و جەواھیراتیان بە تاڵان بردران و مەعریفەتە زانستییەکانیشیان پشت گوێ خران، کاتێک و ھۆش ھاتنەوە کە ئیتر کار لە کار ترازابوو. کاتێک کە ئیسپانیایییەکان خولیایان بە زانستی ئازتیکەکان بۆ پەیدابوو، کە زۆرێک لەو زانستانە لەبیر چووبونەوە. و ئیتر شۆڕشی زانستی نەیدەتوانی سودێک بگەیەنێت.

کاریگەریی چین[دەستکاری]

ھۆکاری زاڵبوونی ئیسپانیایییەکان بەسەر ئازتیکەکاندا، ھەبوونی تفەنگ بوو. بارووت لە چین بەرھەمھێنرا، ھەروەھا چاپ و قوتب نوما. موسڵمانەکانیش ئەمانەیان لە چینییەکان وەرگرت. ئەورووپایەکانیش لە موسڵمانەکانەوە فێربوون. لە ساڵی ١٥٠٠م ھەموو ئەمانە لە ئەورووپا ناسراوبوون بۆ خەڵک. ھەروەھا زۆر بەر لەمەش فڕانسیس بیکەن ئاماژەی بەوەکردبوو، ھەموو ئەمانە لە مێژووی زانستدا بەنرخن. چاپ لەو ڕوەوە گرنگی ھەبوو کە لە جیاتی کتێبەکان دانە دانە لە ڕووی یەکتری بنوسنەوە کە کاتێکی زۆری دەبرد، بەڵام بەھۆی چاپەوە ھەزاران کۆپی لەو کتێبانە توانیان زانست بە شێوەیەکی خێراتر بگەیەنە خەڵک.

بارووت و قوتب نما گرنگییەکی دیکەشی ھەبوو. لە دونیای پڕ لە جەنگ و ئاشوبدا دوو شت زۆر بەسوود بوو، یەکەمیان بازرگانی کە ڕووی لە گەشەکردن بوو و دووەمیش سەفەرکردنی بێ حساو. ئەم دوانە سەرنجڕاکێشیش بوون. بۆچی ئاوێتەکردنی چەند مادەیەکی کیمیایی دەبووە ھۆی تەقینەوە؟ ئاراستەی گولەتۆپ لە ھەوادا چلۆن بوو؟ ھێزی نھێنی ئەو دەرزییەی لە قوتب نمادا کە ئاراستەکەی بەرەو باکوور دەجوڵاند چی بوو؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە پرسیارانە پێویستی بە مەعریفەتی زانستی زیاتر دەکرد. ئەو گۆڕانکاریانەی کە بوونە ھۆی وەدستھێنانی بارووت لە چین کەمتر بوون لە ئەورووپا. بە واتایەکی دیکە، چین دەیتوانی بێ ئەوەی خۆی پەشۆکاو بکات لە شتی نۆێتر سوودوربگرێت. ھەر ئەم داھێنانانە لە ئەورپا بوونە ھۆی ئەوە کە سوارچاکی زرێ پۆش و قەڵای بڵند بەرەو نەمان بچێت. ئەم داھێنانە بوونە ھۆی گۆڕانکاری دیکەش کە دواتر باسیان دەکەین.

کاریگەریی ھیند[دەستکاری]

ھیند بەھۆی پێشینەی زانستییەوە ناوبانگێکی لەو جۆرەی نییە، بەڵام ھەر ھیندیش بوو کە سیستەمی ژمارەیی ئێستای بەرھەم ھێنا. لە سیستەمی ژمارەیی ڕومی بۆ ژمارە (٠) سفر ھیچ نیشانەیەک نییە و سوود وەرگرتن لە سفر زۆر سەختە. نیشانەی سفر لە سیستەمی ژمارەی ھیندییەوە ھاتووە و ئەم سیستەمە ژمارەی زۆر سادەی ھەیە کە ھێشتا مرۆڤەکان کەڵکی لێوەردەگرن. عەرەبەکان (موسڵمانەکان) سیستەمی ژمارەیی ھیندیان گواستەوە بۆ ئەورووپا کە دواتر شوێنی بە سیستەمی ژمارەی ڕومی تەنگ کرد. سیستەمی ژمارەی نوێ ھاوکاری زانایانی کرد کە ھاوکێشە ئاڵۆزەکان چاکتر لە پێشتر بە سادەی حەل بکەن.

کاریگەریی یۆنانییەکان[دەستکاری]

سەردەمی گرنگی زانستی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین سەری ھەڵداو نزیکەی سێسەد ساڵی خایاند. گەرچی بەشێک لە زانینەکانی یۆنانی بۆ ھەمیشە لە دەستچوون، و ھەندێکی دیکەیان سەدان ساڵ بە پشتگوێخراوی مانەوە لەلایەن زانا ئەورپایەکانەوە، بەڵام زۆربەی ئەو زانستانە نوسرانەوە. ئەفلاتۆن و قوتابییەکەی ئەرەستۆ بەناوبانگترینی پیاوانی ئەوسەردەمەن. ھەرتکیان بە ھەمان ڕێژە کە فیلسوف بوون زاناش بوون. بە واتایەکی دیکە دەیانویست بزانن کە شتەکان بۆچی و چلۆن بەوشێوەیە کاردەکەن، لەھەمانکاتدا باوەڕیان بە شێواز و ڕەوشی بەڵگەھێنانەوەش ھەبوو. زۆرێک لە بیریارەکانی یۆنان خولیایەکی سەیریان بە زانستی بیرکاری ھەبوو بەتایبەت «ئەندازە» (ھەندەسە). ئەفلاتۆن گرنگی زۆری پێدەدا، لەسەر دەرگای چوونە ژوروەی فێرگەکەی نوسیبووی «کەسێک کە بیرکاری نازانێت، پێ نەخاتە ئەم شوێنەوە» ئەفلاتۆن باوەڕی وابوو کە نابێت ئەوەی کە تەنھا لە ھەستەکانمانەوە پێمان دەگات واتە (ھەستی بینین و بیستن)، متمانەی پێ بکەین. دەکرێت لەمە تێبگەین. مانگ گەورەتر لە ئەستێرەکانی دیکە دێتە پێش چاو بەڵام دەزانین زۆر بچووکترە لە چاو ئەستێرەکاندا. ھەروەھا ئەفلاتۆن بە جۆرێک بیری دەکردەوە کە کاری جەستەیی، واتە کارێک کە مرۆڤ لە ڕێگای ماسولکەکانییەوە دەیکات، ڕۆحی مرۆڤ پەرێشان دەکات. ئەگەر وا بڕیارە کەسێک جیھان دەرک بکات، تا ئەو ئاستەی بۆی دەکرێت دەبێ گیان و بیرێکی ڕۆشنی ھەبێت، کەوابوو کەسی زانا نابێت کاری عەمەلی ئەنجام بدات. بەم جۆرە ئەفلاتۆن عەقیدەی وابوو کە نابێت متمانە بە تاقیگە بکەین چونکە ھەستەکانی ئێمە جێگای متمانە نین. ھەروەھا باوەڕی وابوو کە ھەمیشە لە ئەنجامدانی ھەر کارێکی تاقیگەی پێویست بە ڕێژییەک کاری جەستەی دەکات کە ئەمەش شیاوی یۆنانییەکی ڕەسەن نییە. بیری دەکردەوە کە زانا دەبێت ھەمیشە پشت بە بەڵگەھێنانەوەی پوخت ببەستێت.

ئەرەستۆ کەمتر لە ئەفلاتۆن خولیای بیرکاری بوو، بەڵام زیاتر ھۆگری بەڵگەھێنانەوە بوو. باوەڕی بە دیتن ھەبوو، واتە دیتنی شتەکان و لێوردبونەوەیان، بۆ ناسینی زیاتریان. بەھەمان شێوەی ئەفلاتۆن ئەرەستۆش پێی وابوو کە کاری فیزیکی زیان دەگەیەنێت لە دروست دەرککردنی شتەکان تا سوود گەیاندنی.

بەڵگە ھێنانەوەکانی ئەفلاتۆن و ئەرەستۆ زۆر ڕوون و ئاشکرابوون و بوچونیشیان لەمەڕ گەردوونەوە قانعکار بوو. خەڵکی بۆ سەدان ساڵیش پێداچونەوەیان بە شێوازەی زانستییە دەکرد کە ئەوان لەسەری فێرببون.

لەنێوچوونی یونان و ڕوم[دەستکاری]

سەرەنجام ئیمپراتۆری ڕۆم ئەیالەتەکانی یۆنانی فەتح کرد، بەڵام ساڵانێکی زۆر بیرۆکەکانی یۆنانییەکان لە ناو خەڵکی مانەوە و بەڵکو زیادەکاریشیان بۆ کرد. ھەروەھا ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمیش شکستی ھێنا بەھۆی ھێرشەکانی بەربەر لە باکوور، و لە باشوور وڕۆژھەڵاتیشەوە موسڵمانەکان. ئەم لە ناوچونانەش کاتێکی زۆری خایاند واتە لە سەدەی پێنجەوە تا حەوتەم.

بەھۆی ئەم داڕوخانەوە ئیتر یاسا و نەزمیش قوربێکی نەما. پانتایی و گەشەی شارەکان ڕووی لە دابەزین کرد. ھەندێک لە شارەکان بە تەواوی بوونە کەلاوە. بازرگانی ڕەونەقی خۆی لە دەستدا، چونکە بەھۆی ڕێگر و دز و جەردەی دەریایی بازرگانی بێ سوود ببو. بەھۆی ئەوەی کە بازرگانی لەڕەونەق کەوتبوو خەڵک دەبوایە پشت بەوشتانە ببەستن کە خۆیان بەرھەمیان دەھێنا. ھەتا ئەو کاتەش کە شارستانییەتی یۆنانی لە لوتکە بوو پیاوانێکی کەم دەیانتوانی شارەزایی لە زانستدا وەدەست بێنن. بۆیە لە سەدەی حەوتەم ئەم ڕێژەیەش ڕووی لە کەمی کردبوو. ھەتا ئەوانەشی توانایی بەدەستھێنانی شارەزایان ھەبوو بەدواکەوتبوون لەو بەھرەیە، ئەوەش بەھۆی کێشەی سەفەرکردن و وەدەستخستنی ئەو کتێبانەی کە بابەتە زانستەکانی پێش خۆیان لە خۆگرتبوو. زۆرینەی زانستی کۆن لە نێو چووبون، ھەندێکیان بۆ ماوەیەک کورت و ھەندێکیان بۆ ھەمیشەی لە نێوچوون.

ڕۆڵی کەلیسا[دەستکاری]

کەلیسای مەسیحییەت توانی ڕێژەیەک لە زانست بەھۆی کاری تۆرەڤانەکانی خۆی بە زیندووی بھێڵێتەوە. زۆرێک لەم زانستانە لە ژورەکانیان بە پارێزراوی مانەوە. ئەوان بەشێکیان لە ڕۆژ تەرەخانکردبوو بۆ پێداچونەوە و نووسینەوەی کتێبەکان. ئەوان لە پلە و مەقامی یەک شەخسییەتی مەسیحی باوەڕیان وابوو کە خودا حەقیقەتی گەردوونی لە کتێبی پیرۆزدا ئاشکراکردووە. مەسیحییەکان باوەڕیان وابوو کە تەنھا یەک خوداوەند ھەیە و لەوەشڕا کە ئەفلاتۆن و ئەرەستۆش ھەروا بیریان دەکردەوە، زانا مەسیحییەکان پەسندکردنی بیرۆکەی ئەم دوو زانایەیان بە لاوە سەخت نەبوو. بۆنمونە ئەرەستۆ دەیوت زەوی دەکەوێتە چەقی گەردوونەوە. دەیوت کە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان ھەمووی بەدەوری زەوی دا دەسوڕێنەوە. ئەم بابەتە زۆر بە چاکی تێکی دەکردەوە دەگەڵ ئەو بیرۆکەی کە مرۆڤ لە سەرووی ھەموو بوونەوەرکانی خوداوەیە. دەبێ چاوەڕێی ئەوەش بکرێت کە خوداوەند مرۆڤی لە چەقی ھەموو بوونەوەر دانەوە.

سەختییەکانی زیندو وڕاگرتنی زانست، ڕێز گرتن لە بیرۆکەی یۆنانییەکان و ئەو بابەتش کە خوداوەند حەقیقەتی خۆی لە کتێبی پیرۆزدا ئاشکراکردووە، ھەمووی ئەنجامی گرنگی ھەبوو. ھەموو ئەمانە بوونە ھۆی ئەوەی کە مرۆڤ باوەڕی وابێت کە ھەموو بابەتە زانستییەکان پێشتر ناسراون. ھەرشتێکی نوێ دەبوایە یەکیگرتبایەوە لەگەڵ ئەوشتانەی پێشتر باوەڕیان پێ ھەبوو. لەو جێگایەدا

کە لەبارەی بیرۆکەی زۆری نادروستیش کە ھەیانبوو، پێشکەوتن ئاستەنگی بۆدروست دەبوو.

کۆمەڵگای چەرخی ناوین (سەدەی ناوەڕاست)[دەستکاری]

لە چەرخی ناوین کۆمەڵگا زۆر بە سەبری گۆڕانی بە خۆیەوە دەبینی و زۆرینەی خەڵکی بەھۆی ئەو ڕەوشە سونەتییەی لە باو باپیرانیانەوە بۆیان مابووەوە کشتوکاڵیان دەکرد و شتێکی زۆریان بەرھەم نەدەھێنا. لەو شتە کەمەش کە دەمایەوە باجێکی زۆریان دەدا بە ئاغا و دەسەڵاتدارانی کەلیسا. پاشا و دەرەبەگەکان ھەمیشە خولیای حکوومەت کردن و خۆشگوزرانیان ھەبوو. زیاتر ھەوڵیان بۆ پارێزگاریکردن لە دەسەڵات و مەقانی خۆیان دەدا تا ئەوەی کە بیری ئەندێشەی نۆێیان ھەبێت. دەسەڵاتداران و پیاوانی کەلیسا ھەم پارەیان ھەبوو ھەم کاتی پێویستیش بۆ ئەوەی کە خزمەتی زانستی پێ بکەن، بەڵام بێجگە لە کەسانێکی زۆر کەم ئەوانی تر ڕەغبەتێکیان بۆ ئەم کارە نیشان نەدەدا. وانەدەھاتە پێش چاو کە زانست کەڵکی ھەبێت و ئەوانیش توانای دەرککردنی ئەوەیان نەبوو کە ببینن لەوانەیە زانست ڕۆژێک بەکڵک بێت. لەبەر ئەوە ھیچ ھەوڵێکیان بۆ بەرەوپێش بردنی مەعریفەتی زانستی نەدا.

موسڵمانەکان[دەستکاری]

خۆشبەختانە لەو کاتەی فێرکارییە زانستییەکانی ئەورووپای مەسیحی بەردەوامی بە ھەبوونی خۆی دەدا، زانستی ئیسلامی لە لوتکەدابوو. لە ساڵی ٧٣٢م، واتە ١٠٠ ساڵ پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر محمد (درودی خوای لێبێ)، موسڵمانەکان ئیمپراتۆرێکی گەورەیان لەسەر بنەمای دینی خۆیان پێکھێنا. ئەم ئیمپراتۆرییەتە لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا، واتە لە ھیندەوە تا ئیسپانیا بەرفراوان بوو. ئەمپراتۆرییەتی نوێی ئیسلامی میلەتانێکی زۆری لە خۆ گرتبوو، وەکو ھیندییەکان، ئێرانییەکان، یۆنانییەکان، مەسیحییەکان و یەھودییەکان.

ئەوان دەگەڵ چینییەکان لە ڕۆژھەڵاتەوە و دەگەڵ ئەووپایەکان لە ڕۆژاواوە پەیوەندی بازرگانیان ھەبوو. زاناکانیشیان لێکۆڵینەوەیان لەسەر بەرھەمەکانی یۆنانییەکان، ھیندییەکان و ئێرانییەکان دەکرد و تەرجەمەشیان بۆ دەکردن. زانست لە ناوچە گەورەکانی ئیسلامی وەکو بەغدا وتۆلەیتولە (لە ئیسپانیا) لە لوتکە دابوو.

زانا ئیسلامییەکان بەھەمانشێوە کە ئەزبەری زانست بوون ھەرواش گەشەیان پێدەدا، بەتایبەتی زانستی بیرکاری، ئەستێرەناسی، پزییشکی و کیمیا. ژمارەیک ئامرازی زانستیان بەرھەمھێنا. یەکێک لەوانە ئوسترلاب بوو. ئەم دەزگایە بەکار دەھات بۆ زانینی گۆشەی ئەستێرەکان و بۆ مەحاسبەی ئەستێرەکانی دیکە کەڵکی لێوەردەگیرا. زۆرێک لە وشە عەربییەکان کە لە زانستدا ھاتنە بەکارھێنان ئەوە نیشان دەدەن کە موسڵمانەکان لەم ڕوەوە چەند گرنگ بوونە. دەستەواژەی کیمیایی قولیا، دەستەواژی بیرکاری وەکو جەبرو دەستەواژەی ئەستێرەناسی وەکو زەنیت (لە وشەی سمت الرڕس) ھەموو سەرچاوەی عەرەبیان ھەبوو.

موسڵمانەکان بەھۆی پاراستن و گواستنەوەی بیرۆکە و داھێنانەکانی یۆنانییەکان، ھیندییەکان، ئێرانییەکان و چینییەکان و ئەو داھێنانانەش کە خۆیان بۆیان زیاد کرد خزمەتێکی گەورەیان بە زانست کردووە لە جیھاندا.

زانست دووبارە لە ئەورووپاوە گەشە دەکاتەوە[دەستکاری]

لە ساڵانی ١١٠٠ بە دواوە زانایانی ئەورووپایی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەستیانکردە وەرگێڕانی نووسینە عەرەبییەکان بۆ سەر زمانی لاتینی. لە چەرخی ناوین زمانی لاتینی زمانی زانستی ھەموو ئەورووپا بوو. ئەم وەرگێڕانانەش ھۆکار بوون بۆئەوەی ئەورووپایەکانیش بۆ خۆیان بیر بکەنەوە. لەبەرئەوەی ئەو بیر و فیکرانەی کە لە موسڵمانەکانەوە فێری دەبوون زۆرجار دەگەڵ نووسینە کۆنەکانی ئەورووپا جیاوازی ھەبوو. بۆیە زاناکان دەبوایە بۆ سەلماندنی ھەر یەک لەم فیکرانە بەڵگە بێننەوە. کاتێکی زۆری خایاند، یانی چوار سەد ساڵی خایاند لە سەدەی دوازدە تا شانزدە بۆ ئەوەی ئەورووپییەکانیش خۆیان ڕابھێنن لەسەر بیرکردنەوە. ڕەھا کردنی ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێ: ھەر شتێکی گرنگ بەر لەمە دۆزراوەتەوە، زۆر دژواربوو. لە کۆتایەکانی سەدەی چواردەیەم ستایش کردنی یۆنانی کۆن زیادی کرد، زۆرێک لە کارە زانستی و ھونەری و ئەدەبیاتەکانی یۆنانی دووبارە دەرکەوتنەوە. زانایان، ھونەرمەندان و نووسەران لاسایی شێوازەکانی یۆنانییەکانیان دەکردەوە و خۆشیان بەرھەمی چاکیان وەدەست ھێنا. بۆ زۆرێک لەوان بە شێوەیەک بوو وەک ئەوەی کە لە ڕێنسانس دا بەژدار بن. یەکێک لە کەسە بەناوبانگەکانی سەردەمی ڕێنسانس لێئۆناردۆ داوینچی بوو کە بێحساو ھۆگری عیلم و ھونەر بوو. داوینچی پێداچونەوە و خوێندنەوەی بۆ زۆرێک لە زانستەکان کرد، وەکوو شیکاری جەستەیی، ئەستێرەناسی، زانستی بیرکاری، میکانیک و ڕووناکی. پێکھاتەکەیەکی فڕۆکەیەکی داڕشت و لەبارەی فڕینی باڵندەکانیش تاوتوێکارێکی بێ وێنە بوو.

داوینچی لە خاڵی وەرچەرخانی دووبارەی زانستدا ژیانی بەسەردەبرد. ئەو پێی وابوو کە ئەفلاتۆن کەوتبیووە ھەڵەوە کە دەیووت تەنھا بەڵگەھێنانەوەی پۆخت کافییە. بەڵکو بۆ ئەوەی بگەیتە دڵنیایی ڕاستی بیرۆکەکان کە لە ڕێگەی بەڵگەھێنانەوە پێی دەگەی، تاقیکردنەوەشیان زەرورییە. یۆنانییەکان و زۆرێک لە زانایانی چەرخی ناوین پەیان بە گرنگی تاقیگە نەدەبرد، لەبەرئەمە لەم ڕوەوە لێئۆنارد داوینچی زیاتر ھاوشێوەی زانایانی ئەمڕۆ بووە. بەڵام ئەو خولیایی زۆر بابەت بوو، تەنھا لەسەر یەک ڕەوش نەدەمایەوە. ھیچکات لەسەر یەک بابەت ئەوەندە تەرکیزی نەدەکرد کە بەتەواوی دەرکی بکات. لەبەرئەم ھۆکارە ھاوکارێکی لەو جۆرە نەبوو بۆ شۆڕشی زانستی.

پێشڕەوی تەکنەلۆژی[دەستکاری]

بە درێژایی سێسەد ساڵی پێش شۆڕشی زانستی، پیشەسازی و بازرگانی بە خێرایی ڕوو لە گەشەکردن بوو. لەم ماوەیەدا تێکنۆلۆژی زیاتر لە پێشتر گەشەی کرد. ئەوانەی ئیشی کانەکانیان دەکرد زیاتر ڕۆچونە قولایی زەوییەوە و بۆ دەرھێنانی ئاو پێویستیان بە پۆمپ ھەبوو. بەم پێیە دروستکردنی پۆمپی ئاو بەرفراوان بوو. بۆ جیاکردنەوەی کانزا لە بەرد ڕوشی چاکتر پەیرەوە کرا. دەریانەوەردەکانیش سەفەری دوورتریان ئەنجام دەدا. دەریاوانان سوودیان لە قوتب نوما وەردەگرت بۆ دۆزینەوەی ئاراستەکان و ھەروەھا سوودیان لە نەخشەو شتی دیکەش وەردەگرت. جۆڵاکاران ڕەنگی چاکتریان بۆ دروستکردنی پارچە دۆزییەوە. شیشەدروستکەرەکانیش شیشەی چاکتریان دروستکرد. ھەرئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ دۆروستکردنی چاوێلکە، دوربینی ئەستێرەناسی و میکرۆسکوپ لەو کاتەدا. ھەموو ئەمانە ھاوکار بوون بۆ زانست چونکە خەڵک دەیانتوانی لە ڕێگەی تەجروبەوە شت فێرببن.

کیمیاگەری و ئەستێرەناسی[دەستکاری]

کاری کیمیاگەری و ئەستێرە گەریش (ئەوانەی لە ڕێگەی ئەستێرەوە بەختی خەڵکی دەخوێننەوە) کە ھاوشێوەی زانستن، ھاوکار بوونە بۆ زانست. کیمیاگەران وایانان دەزانی کە دەتوانن زێڕ دروست بکەن. بەڵام وانەبوو، ھەر ئەمانیش بوون کە ڕەوشی دڵۆپاندیان دۆزییەوە کە کارێکی یەجگار گرنگ بوو، بەومانایەکی کە بە گەرم کرندنی شلەکان دەکرێت لە یەکیان جیا بکەیتەوە. ئەستێرەگەرەکان وایان دەزانی دەاتوانن، بەختی خەڵک لە ڕێگەی ئەستێرەکانەوە دیاری بکەن. ئەوانیش لە ھەڵەدابوون، بەڵام ھەرئەمانەش بوون کە بوونە ھۆی زیاد بوونی ئاگایی و شعور لەمەڕ جووڵەی ئەستێرەو ھەسارەکان.

شۆڕشی زانستی دەست پێدەکات[دەستکاری]

کەم کەم زاناکان دستیانکرد بە کێبڕکی کردن لەگەڵ ئەو شتانەی کە زانایانی پێش خۆیان وتبویان. بۆ تێگەیشتن لە شێوەی کارکردنی شتەکان شێوازی چاکتریان دۆزییەوە. زانستی بیرکاری زیاتر پێشڕەوی کردو ھاوکاربوو بۆ شێوازی بەڵگەھێنانەوەیان. دەستیانکرد بە داھێنانی شێوازە تاقیکردنەوەیەک کە یەکسان بوو لەگەڵ شێوازی دروستی بیرکردنەویان. ئێستا ئیتر شۆڕشی پیشەسازی دەستیپێکردووە.

ئەو بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارە پێویستی بە پیاوانی زیاتر بوو. ئەم پیاوانەش لە چوار لای ئەورووپاوە ھاتن. بۆ خستەئارای بیرۆکەکانیان کتێبیان نووسی. ئامێری چاپیش بە ھەزاران نوسخەی لەمانە کۆپی دەکرد و دەگەینرانە سەرانسەری ئەورپا.

زانایان توانین لە یەکترەوە فێر ببن و بیرۆکەکانیان لەگەڵ یەکتر بگۆڕنەوە. بەم جۆرە نییە کە شۆڕشی زانستی بە تەنھای کار بەریتانییەکان، فەڕانسەوییەکان یاخود ئیتالییەکان بێت. شۆِرشی پیشەسازی کاری ئەورووپایییەکان بوو بەڵام ھەروەک بینیمان و باسمان کرد بە تەنھا بۆ خۆیان ئەم کارەیان نەکرد، بەڵکو چینییەکان، ھیندییەکان ئێرانییەکان و موسڵمانەکان ھەموویان خاوەن پشکن لەم شۆڕشەدا. ئەمرۆکە دەرککردنی ئەم بابەتە دژوار نییە. لەبەرئەوەی وەک دەبینین پیاوان و ژنان لە سەرانسەری جیھان ھاوکارن بۆ زیادکردنی مەعریفەتی زانستی و بەم پێیە ھاوکاری یەکتر دەکەن.

کۆپەرنیک، گالیلە و نیوتن[دەستکاری]

شۆڕشی زانستی لە کۆپەرنیکەوە(١٤٧٣ ١٥٤٢) سەری ھەڵدا و کەسانێکی زۆری دیکەشوەکو گالیلەو نیوتن بەردەوامیان پێدا. کۆپەرنیک، گالیلە و نیوتن دەریان خست کە بیرکردنەوەکانی ئەرەستۆ لەمەڕ گەردوونەوە ھەڵەیە. ئەم سێ کەسە یەجگار گرینگن چونکە ھەریەک لەمانە توانیان بە ھێزی بیرکردنەوەی خۆیان تیۆری نوێ بەرھەم بھێنن. دواتر ھەتا ئەو شوێنەی بۆیان کرا شیکاریان بۆکرد. کۆپەرنیک یۆ ئەم کارەی سوودی لە بینی شتەکان و زانسی بیرکاری وەرگرت. گالیلەو نیوتن کە لە دوای ئەو ھاتنە دونیاوە ھەمان کاریان کرد، ئەوان سوودیان لە تاقیگەش وەرگرت.

ئەرەستۆ وتبووی کە زەوی چەقی گەردوونە. خۆر، مانگ، ئەستێرەو ھەسارەکان بەدەوری زەوی دەسۆڕێنەوە. دەیوت ھیچ شتێک ناجوڵێت مەگەر ئەوەی شتێکی دیکە ئەو شتە بکێشێت یاخود بیجولێنێت. لەبەرئەمە دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە دەبوو خۆر، مانگ و ئەستێرەکان لە شوێنێکی نادیارەوەبن کە ئەمانە لە ئاسماندا ھەڵدەسوڕێنێت.

کۆپەرنیک ئەوەی نیشان دا کە زەوی بە دەوری خۆردا دەسۆڕێتەوە ئاسانترە. زۆر کەس دەیانزانی کە بەڕاستی ئەمە ئاسانترە بەڵام قەبوڵیان نەدەکرد کە بەڕاستی بەم جۆرە بێت. یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی گالیلە سەلماندنی ئەم دیاردەیە بوو. بە چەندین ڕێکە ئەم کارەی نیشان دا. بۆنموونە خەڵک دەیانوت کە زەوی ناتوانێت لە بۆشای ئاسمان گەردانی ھەبێت، چونکە ئەگەر وابێت، مانگ لە پشت خۆیەوە بە جێ دێلێت. گالیلۆ، یە کێک لە تلسکۆبە سەرەتایەکانی دروست کردو ھەر بەھۆی ئەوەشەوە مانگەکانی دەوری ھەسارەی موشتەری کەشف کرد. گالیلۆ وتی ئەگەر موشتەری بتوانی لە کاتی چەرخانیدا لە بۆشایی ئاسمان مانگەکانی دەوری خۆشی لەگەڵ خۆی بن ئەوا زەویش دەتوانی ئەم کارە بکات.

گالیلۆش ئەوی نیشان دا کە بیرۆکەکانی ئەرەستۆ لەبارەی جووڵەی زەوییەوە ھەڵە بوونە. ئەرەستۆ وتبووی ھەموو شتێک لە کاتی جووڵە پێویستی بە ھێزێکە تا ئەو شتانە لە حاڵەتی جووڵەکردندا بھێڵیتەوە وەگەرنا ڕادەوەستن. گالیلۆ توانی ئەوە نیشان بدات کە ھەرشبتێک لە حاڵەتی جووڵەکردنی خۆی بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی شتێکی دیکە لە جووڵەکردن بیانوەستێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک کە دەیوت مانگ، ئەستێرە ھەسارەکان بە شێوەی سروشتی لە یەک بازنەدا دەسوڕێنەوە لە ھەڵەدا بوو. نیوتن سوودی لە بیرۆکەکانی گالیلۆ وەرگرت و خۆشی تاقیکردنەوەی تری خستە سەر و توانی بیرۆکەی چاکتر بخاتە ڕوو. ھەوەڵ ئەوەی کە پەی برد بەوەی کە ھەرشتێک لەسەر ھێڵیکی ڕاست بەردەوام دەبێت لە جووڵەکردن مەگەر ئەوەی شتێکی دیکە ببێتە ڕێگرو لەو ھێڵە لای بدات. بەڵام ئەگەر ئەمە دروست بێت کەوابوو بۆچی مانگ کە لە بۆشایی ئاسمان لە گەرداندایە لە ھێڵی ڕاست لە زەوی دوور ناکەوێتەوە؟

لەم بارەیەوە چیرۆکێک ھەیە (وەک دەوتریت ئەم چیرۆکە ھەڵبەستراوە) دەڵێن سێوێکی دیت کە لە درەختێکەوە دەکەوتە خوارەوەو ئەم ڕووداوەش ئەو گریمانەی لا دروستکرد: ھەمان ئەو ھێزی کێشکردنەی کە زەوی سێوەکە ڕادەکێشێت بۆ خۆی بە ھەمان شێوەش مانگ بۆ خۆی ڕادەکێشێت. دواتر نیوتن پێشڕەوی بە زانستی بیرکاری دا و بەھۆی ئەم شیکارە بیرکاریانەوەش توانی گریمانەکەی بسەلمێنێت. سەلماندی ئەوەی کە ئەم ھێزی کێشکردنە وا دەکات مانگ لە زەوی دوورنەکەوێتەوە و زەوی ھەسارەکانیش لە خۆر.

نرخی ئەم کارە تەنھا بۆ زانستی ئەستێرەناسی نەبوو، بەڵکو ئەوەشی نیشان دا کە یۆنانییەکان لە ھەڵەدابوونە. خەڵک لەوە تێگەیشتن کە ئەگەر یۆنانییەکان لەیەک زەمینەی زانستی لە ھەڵەدابن دەکرێت لە زانستەکانی دیکەش بەھەمان شێوە ھەڵەیان کردبێت. لەبەرئەمە دووبارە پێداچونەوەیان بۆ ھەموو زانستەکان کردەوە بەلام بە شێوازی نوێ.

دوو کەسایەتی تریش لە سەردەمی شۆڕشی زانستی ھەبوون: یەکەمیان فرانسیس بیکەن و دووەمیان ڕینە دیکارت. بیکەن باوەڕی وابوو کە جیھان و ھەرچی لەناویدایە لەسەر یاسا و بەرنامەیەکی دیاریکراو کار دەکات. ئەم یاسایانەش ھەندێک جار بە یاسای سروشت ناودەبرێن. ئەم یاسایانە بریتی بوون لە کۆمەڵە یاسایەک کە خوداوەند گەردوونی پێ ھەڵدەسوڕاند. دەیوت دەبێ زاناکان ھەموو ئەو حەقیقەتانەی کە دەیزانن و دەتوانن، کۆیان بکەنەوە، دواتر ڕێکیان بخەن. ئەم کارە گریمانەی جیاواز دەردەخات. ئەم گریمانانەش دەبی بە تەجروبە تاقیبکرێنەوە. ئەم دەرئەنجامەش بە کۆمەڵە یاسایەک کۆتایی پێ دێت کە لەم ڕێگەیەوە کەشف دەبێت.ڕنە دیکارتیش ھۆگۆی ئەم شێوازە بەڵگەھێنانەوەی زاناکان بوو. لە بیری ئەودا بەم شێوەیە بوو کە گەردوون وەکوو دەستگایەکی گەورەیە کە بە ملیۆنان بەشی ھەیە و خوداوەند دروستی کردووە و بە کاری خستون. بەڵگاندن بە ھاواکاری بیرکاری و تاقیگە دەبووە ھۆی ئاشکرا کردنی کۆمەڵە یاسایەک کە خوداوەند ھەموو شتێکی بە گوێ ڕایەڵی ئەم یاسایانە کردبوو. نیوتنیش بە ھەمان شێوەی بیکەن و دیکارت بیری دەکردەوە. وادەھاتە بەرچاو کە یاسای کێشکردن، کە خۆی کەشفی کردبوو، بە تەواوی شێوازی جووڵەی ھەسارەکان بە دەوری خۆر دیاریدەکات. ئەو باوەڕی وابوو کە ھەموو ئەمانە یاسایی خوداین. ئەم یاسایانە نیوتنیان زۆر بە ناوبانگ کرد. ئەلکساندر پاپ، شاعیری بە ناوبانگی سەردەمی نیوتن بەم جۆرە نوسییەوەتی:

سروشت و یاسای سروشت

لە تاریکیدا شاردرابووەوە

خودا وتی، نیوتن بە!

و ھەموو شتێ ڕووناک بوویەو.

ڕۆشنایەک کە نیوتن و دیکارت و زانایانی دیکە ھێناویانە، ڕۆناکی زانست و ژیری بوو. ئەوانەی دڵ گەرم بوون بە سەرکەوتنەکانی نیوتن پێیان وابوو کە زانست و ژیری دەتوانێ وڵامگۆی ھەموو شتێک بێت. ئەم دووانە دەتوانن کۆتایی بە تاریکییەکانی نەفامی بھێنن و دونیا ڕووناک بکەنەوە.

ئەنجومەنە زانستییەکان[دەستکاری]

لە سەدەی حەفتەم، واتە سەدەی گالیلۆ و نیوتن ھێشتا ڕێژەی زانایان زۆر نەبوون. بەھۆی ئەوەی کە سەفەرکردن کارێکی دژوار بوو، بۆیە دیدارو بیروڕاگۆڕینەوەی نێوان زانایان ئاسان نەبوو. ھەندێک لە زانکۆکان فێری زانست دەبوون. گالیلۆ لە زانکۆی پادوا و نیوتنیش لە کمبریج خوێندویانە. بەڵام زۆربەی خوێندکارەکانی زانکۆکان خولیای شتیکی تریش بوون وەکوو ئایین.

زانست بۆ بەرەو پێش چوونی خۆی پێویستی بە ھاوکاری زیاتر بوو. لە ساڵی ١٦٦٠ ھەندێک لە زانا ئنگلیزییەکان بیریان لە دامەزراندنی ئەنجومەنێک دەکردەوە بۆ پاڵپشتی زانست. ئەم ئەنجومەنەیان ناونا ئەنجومەنی پاشایەتی چونکە چارڵزی دووەم پادشای ئینگلیز ئەوکات ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بوو. لە ساڵی ١٦٦٦ ئەکادمیای زانست لە پاریس دروست بوو. بە درێژای ١٠٠ ساڵی دواتر زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ئەوورپا دەسیان کرد بە بوونیادنانی ئەنجومەنی زانستی. ئەم ئەنجومەنانە بە دوو شێوە ھاوکاری باش بوون بۆ زانست. یەکەم ئەو حەقیقەتە زانستیانەی کۆیان کردبونەوە دەخرانە ژێر تاقیکردنەوە، دووەم ئەوەی کە گۆڤارو نووسینیان چاپ دەکرد و بڵاویان دەکردنەوە، تاوەکو زانایانی دیکەش بتوانن نوێترین بیرۆکەو داھێنانەکان فێرببن.

پشتیوانی[دەستکاری]

ئەنجومەنی پاشایەتی و ئەکادمیای زانستی خۆش شانس بوون چونکە لە لایان پادشاوە پاڵپشتی دەکران. پاڵپشتی واتە ھاوکاری و یارمەتی، ھەروەکو باوکێک پاڵپشتی کوڕەکەی بکات. پاڵپشتی پادشا زۆر گرنگ بووچونکە لەسەدەی حەڤدەیەم پادشاکان دەسڵاتدار بوون لە حکومڕانی کردندا ولەبەرئەوە قودرەتێکی زۆریان ھەبوو. لەوکاتەوە تاکو ئێستا حکوومەتەکان پاڵپشتی زانستیان کردووە. ئەمڕۆ دەوڵەتان پاڵپشتی دارای لێکۆڵەرەوە زانستییەکان دەکەن. ئەوان لەو ڕوەوە خەرجی ئەم لێکۆڵینەوە زانستیانە دەکەن کە زانست شتێکی بەسوودە. بۆنموونە چارڵزی دووەم بۆ چاوەدێری کردنی ئەستێرەکان بنکەیەکی دروست کرد لە گرینویچ بۆ ئەوەی جەدوەلی دەقیقی شوێنی ئەستێرەکان و ھەسارەکان و مانگ دەستنیشان بکەن. ئەم پێرستە لە لایان کەشتیوانەکانەوە کەڵکی لێوەردەگیرا.

ئەمڕۆ زۆرێک لە وڵاتان بۆ دەستکەوتنی مەعریفەتی زانستی پارە خەرج دەکەن. بەم کارەش دەوترێت لێکۆڵینەوە زانستی. ھەندێک لە تاقیکردنەوەکان ئەوەندە خەرجی گرانە کە تەنھا کاری وڵاتە دەوڵەمەندەکانە بتوانن ئەنجامیان بدەن. بۆنموونە توێژینەوەکانی بۆشایی ئاسمان و لێکۆلێنەوە لەمەڕ نھێنییەکانی ئەتۆم، ھەردووکیان بێحساو خەرجی ھەڵدەگرن. کۆمپانیا بازرگانییەکان ھەموو لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەگرنە ئەستۆ. ئەمانە جۆرە کۆمپانیایەکن کە لەبەر سوودەکەی ئەم کارە دەکەن. ئەگەر ئەم کۆمپانیایانە بتوانن شتانێک بدۆزنەوە یاخود بەرھەم بھێنن کە خەڵک نیازی پێیان ھەبێت، ئەوا زۆر جار دەتوانن ببنە خاوەن سامانێکی زۆر.

پەیدا بوونی زانستی جۆراوجۆر[دەستکاری]

لە زەمانی شۆڕشی زانستییەوە تاکو ئێستا زانستی جۆراوجۆر کە ھەریەکەیان ڕەوشی تایبەت بەخۆیان ھەیە، سەریانھەڵداوە. لە سەردەمی ڕۆشنگەری پیاوانێکی وەکو ئادام سمیت و تۆماس مالتوس سەرینھەڵدا کە سودیان لە ڕەوشی نوێ وەرگرتووە بۆ پێداچونەوەی ئابووری. ئابوری واتە پێداچونەوە لەسەر چلۆنییەتی کەسپ و داھاتی مرۆڤەکان. ئەمرۆکە ئێمە ئابووری بە یەکێک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە لەبارەی ڕەفتاری کۆمەڵگاوەیە، واتە لەبارەی ڕەفتارەکانی ئێمە، پێداچونەوە دەکات. لەسەرەتادا خەڵک ئومێدەواربوون ھەروەک زانستەکانی دیکە پێداچونەوەش بۆ ئابووری بکەن. بەڵام ئەمڕۆ باوەڕمان وایە کە ئابوری، وەکو زانستە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، ناتوانێت بەوجۆرە وردبین و دەقیق بێت لەبەرئەوەی لە ڕوانگەی ڕەفتار و ھەڵسوکەوت خەڵکی زۆر لێک جیاوازن.

زانستی وەکو کیمیا، زیندەزانی وفیزیا پێیان دەوترێت زانستی سروشتی لەبەرئەوەی ئەم زانستانە لەگەڵ دیاردە سروشتییەکان سەروکاریان ھەیە. شۆڕشی زانستی ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەر زانستە سروشتییەکاندا ھێنا.

کیمیازانەکان لێکۆلینەوە و پێداچونەوەیان کرد بۆ ڕەوشەکانی ئاوێتە کردنی مادەکیمیایەکان و دەستکەوتنی ھەموو مادە تێکەڵەکان کە ناسراون. ئانتوان لازاوییە بە باوکی کیمیایی نوێ ناسراوە. چونکە ئەو بوو پەی برد بەوەی کە ھەندێک تێکەڵە تەنھا لەیەک جۆر مادەی کیمیایی دروست کراون. ئەم مادەیەش بە توخمی کیمیایی ناسراوە. تێکەڵەکانی دیکەش لە دوو یاخود چەند توخمێک پێکھاتوون. لازاوییە باس لەوەکرد کە ئەگەر بێت و ھەموو ئەم توخمانە دەستەبەندی بکرێن وەک لیستێک بنوسرێنەوە، زۆر بە سوود دەبێت بۆ زیاتر تێگەیشتن لە کیمیا. ئەو نزیکەی ٢٠ توخمی دۆزییەوە. ئەمڕۆ زانایان نزیکەی سەت توخم دەناسن. (تا ئێستا گەشتووەتە ١١٨ توخم، کە ٩٤ یان بە شێوەی سروشتی ھەن و ئەوانی تریش وەکو دەستکرد لە تاقیگەکاندا دروست کراون).

زیندەوەرزانی زانستێکی دیکەیە کە لە سەرەتای شۆڕشی زانستییەوە تاکو ئێستا پێشکەوتنی گەوەری بە خۆیەوە بینییەوە. زانستێکە لێکۆڵینەوە دەکات لەمەڕ بوونەوەرە زیندووەکانی، وەکو ڕوەک، مێرو گیانلەبەران. چارڵز داروین کە لە سەدەی نۆزدەیەم دەژیا بۆبەرەو پێش بردنی ئەم زانستە کارێکی زۆری کرد. ئەو بە کەشتییەک بە ناوی بیگڵ سەفەرێکی چەند ساڵەی ئەنجام دا. زانیاری زۆری لەبارەی گیانلەبەران و ڕوەکەکان کۆکردەوە کە لە سەفەرەکەیدا بەرچاوی کەوتبوون.

لەوانەیە ئەو شتەی ئەوی وا بەناوبانگ کرد لەبەرئەوەبوو کە وتبوی پێش ھەزاران ساڵ لەمەبەر مرۆڤەکان لە جۆرە گیانلەبەرێکەوە سەریانھەڵدا کە ھاوشێوەی مرۆڤ بوونە. کە ئەم نەزەرییە جاروجەنجاڵکی زۆری نایەوە… بەڵام خودی داروین و زانایانی تریش بەڵگەی زۆریان لە مەڕ ڕاستی ئەم بابەتە خستە ڕوو.

بەناوبانگترین زانای ژن ماری کوری خەڵکی پۆڵەند کە لەگەڵ پیاوێکی فەراِنسەوی ھاوسەرگیری کرد. ئەو بوو کە ڕادیۆمی دۆزییەوە کە یەک مادەی ڕادیۆ ئەکتیڤی مەترسیدارە. گەرچی ئەم مادەیە یەک مادەی مەترسیدارە بەڵام بۆ شتێکی زۆر بە سوود بەکاردێت، ئەویش بەرپەرچدانەوەی سەرەتان (شێرپەنجە.

زانایەکی دیکە کە تەقریبەن لە ھەمان سەردەمی ماری دەژیا، ئەلبێرت ئەنیشتەین بوو کە خەڵکی سویسرا بوو. ئەنیشتەین زانایەکی گەورەی بیرکاری و فیزیا بوو. فیزیکزانەکان زانایانێکن کە لە مەڕ ماددە و وزە لێکۆڵینەوە دەکەن. گریمانەکانی پێشتری فیزیا ئەوەیان بە جوانی ڕونکردبووەوە کە ئەو جیھانەی خەڵک لە دەوروبەری خۆیان دەیبینن چۆن کار دەکەن. بەڵام شتێکی وایان نەخستبووە ڕوو لەمەڕ ئەستێرە زۆر دوورەکان و گەردیلە زۆر وردەکان. ئەنیشتەین بە گریمانەکانی خۆی خزمەتی گەوەری بەم بوارە کرد ئەنیشتەین بوونیادی فیزیکی نوێی لەبارەی فیزیکی ئەتۆمی بوونیاد نا.

کاریگەریی زانست[دەستکاری]

شۆڕشی زانستی لە ژیانی زۆرێک لە خەڵکی کاریگەری سەرسووڕھێنەری ھەبووە. لە سەدەی ھەژدەیەم تاکو ئێستا زانست بەھۆی دۆزینەوەی ڕێگای باشتری دروستکردنی کاڵا یارمەتیدەر بووە لە بەرەو پێش چونی پیشەسازی. بەھۆی توێژینەوە زانستییەکان ئێستا ئێمە ئامراز و کانزا و ماددەی کیمیایی جۆراوجۆرمان لە بەردەستە. زانایان ئەوەیان دۆزییەوە کە چلۆن بەھۆی ھێزی ھەڵمەوە کارەبا دەست کەوێت. ئەوان ڕێگەی چۆنییەتی دۆزینەوەی نەوت و گۆڕینی بۆ بەنزین و پلاستیکیان نیشان داین. زیادبوونی مەعریفەتی زانستی لە سەرەتای شۆڕشی زانستییەوە تاکوئێستا بووەتە ھۆی دروستبوونی تەلەفون، ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن. زانست فێری کردین چۆن بفڕین و بێ ھیچ مەترسییەک بچینە قووڵای دەریاکانەوە.

توێژینەوە زانستییەکان بەھەمان شێوە گۆڕانکاری گەورەیان لەمەڕ کشتوکاڵ ھێنایە ئاراوە. زانایان شارەزایان پەیدا کرد لەمەڕ مادە کیمیایەکانی پەیوەست بە کشتوکاڵەوە. ئێستا بە ملیۆنان تۆن لەم مادە کیمیایانە کە پێیان دەوترێت کود، دەدرێتە جووتیاران بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات کە بەرھەمی خۆراکی زیاتر بەرھەم بھێنن. مادەیەکی دیکەی کیمیای کە بۆ لەناو بردنی مێرووی زیان بەخش بەکار دێت کە زیان بە بەرھەمە خۆراکییەکان نەگەیەنێت. بەھەمان شێوە زانست ئەوەشی فێرکردووین کە بە چ شێوەیەک ئاژەڵ و ڕوەک چاکتر بەخێو بکەین کە ھەم خێراتر گەشە بکەن و ھەم درەنگتریش نەخۆش بکەون.

زانست شێوەی چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشییەکانی دۆزیوەتەوە، ھەروەھا زانایان پەیان بردوە بەوەی گەماری یاخود پیسی دەبێتە ھۆی زیادبوونی نەخۆشی. ئەوان یاسای تەندروستی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانیان فێری ئێمە کرد. ئەوانەی کە لە وەڵاتە دەوڵەمەندەکان ژیان بەسەر دەبەن دەتوانن ئومێدەوار بن لەوەی تەمەنیان دووبەرامبەری تەمەنی خەڵکانی دووسەد ساڵ پێشە خۆیانە. ھەڵبەت ھەبوونە کەسانێکیش بەھۆی نتیجەگیریان لە زانستەوە لەباوەڕ بوون بە خودا ھەڵگەڕاونەتەوە. بە گومانی ئەوان زانست نیشانی دەدات کە ھەموو شتێک بەھۆی ڕێکەوتەوە پەیدا بووە. بەڵام ئەوانی تر ھێشتا باوەڕیان بە خودا ھەیە. ئەمانە دەڵێن کە زانست ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە خوداوەند چلۆن گەردوونی دروست کردووە و شتەکانی چۆن فەراھەم ھێناوە.

ھەموو ئەم گۆڕانکاریانە و زۆری تریش لە ئەورپا سەریانھەڵدا، لەبەرئەوەی شۆڕشی زانستی لەوێوە دەستی پێکرد. لەوکاتەوە تاکو ئێستا زۆرێک لەم گۆڕِانکاریانە لە بەشەکانی دیکەی جیھانیش دەستیپێکردووە. ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەورووپایەکان سەفەر بۆ دەروەی وڵات دەکەن و زانستەکەشیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە ئەو وەڵاتانەوە. ھۆکارێکی تریش ئەوەی زانست ھاوکاری پێشڕەوی ھەر وڵاتێک دەکات، لەبەرئەوە ھەر وڵاتێک ھەوڵی ئەوە دەدات زانای تایبەت بە خۆیان ھەبێت. زۆربەی دەستکەوتە علمییەکان بەسوودن. ئەوەی کە ئێمە بتوانین باشتر بژین، خۆراکی پێویست و تەندروستمان ھەبێت و بەھرەمەند بین لە شتی زیاتر، ئەمانە ھەمووی شتی باشن. بەڵام زانست ھەروەھا کێشەی نوێی بۆ مرۆڤەکان ھێناوەتە پێش. زانست بووەتە ھۆی زیاد بوونی ڕێژەی دانیشتووان کە ھەتا دێت و ڕوو لە زیاد بوونە. چاوەدێرییە پزیشکییەکان، مرۆڤەکان بە زیندوی دێڵێتەوە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتە ھەژارەکان خۆراکی پێویستیان نییە پێی بژین. ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی لە شارەکان کۆبونەتەوە کە ئەو شتانە بەرھەم بھێنن کە ئێمە بەکاریان دەھێنین. زۆر کات ژیان بۆ ئەوان ئەوەندش سازگار نییە.

ئەو مەترسییە لە ئارادایە کە ئێمە کۆتایی بەو ماددە بەسوودانە بھێنین کە سودیان لێوەردەگرین لە دروستکردنی پێداویستییەکانمان وەکو نەوت، مس و درەخت. بەھۆی گازی ئۆتۆمبلەکانمان ھەوا پیس و ئاڵودە دەکەین. ئاو و دەریاچەکان بەھۆی مادە زیانبەخشەکانی کارگەکان پیس دەکەین. کە بەم کارە دەوترێت ئاڵودەبوون. بەھۆی ئەو زیانانە کە دەیگەێنین زۆرێک لە گیانلەبەران و ڕوەکەکان لە ناودەچن. لەوانەیە بەھۆی بۆمبی ئەتۆمی کە زانست فێری کردوین ھەموو شتێک نابود بکەین.

زانست وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانی ئێمەی داوەتەوە. لەوانەیە بتوانێت وەڵامی ھەمویان بداتەوە یان نەداتەوە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا، دەکرێ ببینین کە شۆڕشی زانستی ھێشتا ڕۆڵێکی گرنگی لە ژیانی ئێمەدا ھەیە.



سەرچاوەکان[دەستکاری]

شۆڕشی زانستی لە نووسینی پیتەر ئامی، وەرگێڕانی: ئاگری ئەفشین