تەوشک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێڵکاریی بەرگە ھەوا‏

تەوشک یان بەرگەھەوا یان ئەتمۆسفێر (بە ئینگلیزی: Atmosphere) بریتییە لەو کەشە گازانەی کە دەوری گۆی زەوییان داوە.

تەوشک لەسەر زەوییەوە دەست پێدەکات تا بەرزایییەکی نادیار. بەشێکی زۆر لە گازەکانی تەوشک، ھایدرۆجین و ئۆکسجینە، کە بەشداری دەکەن لە پاراستنی سەرزەوی لە ھەر ھێرشێکی ئاسمانی وەک (کلکدارەکان، نەیزەک و…) و دەبنە ھۆی ڕاگرتنی پلەکانی گەرما لە گۆی زەوی.

بەھۆی ھێزی ڕاکێشەری زەوییەوە، نزیکەی (٨٠٪)ی گازەکان لە بەرزی (١٥) کم. کۆ بوونەتەوە.

پێکھاتە[دەستکاری]

خشتەی خەستیی گازەکانی تەوشک بەپێی بارستایی
بارستایی بەپێی ppmv (یەک لە ملیۆن)
گاز بارستایی خەستی
نایترۆجین (N٢) ٧٨٠٬٨٤٠ ٧٨٫٠٨٤٪
ئۆکسجین (O٢) ٢٠٩٬٤٦٠ ٢٠٫٩٤٦٪
ئارگۆن (Ar) ٩٬٣٤٠ ٠٫٩٣٤٠٪
دوانۆکسیدی کاربۆن (CO٢) ٣٩٠ ٠٫٠٣٩٪
نیۆن (Ne) ١٨٫١٨ ٠٫٠٠١٨١٨٪
ھیلیۆم (He) ٥٫٢٤ ٠٫٠٠٠٥٢٤٪
میتان (CH٤) ١٫٧٩ ٠٫٠٠٠١٧٩٪
کریپتۆن (Kr) ١٫١٤ ٠٫٠٠٠١١٤٪
ھایدرۆجین (H٢) ٠٫٥٥ ٠٫٠٠٠٠٥٥٪
ئۆکسیدی نایترۆجین (N٢O) ٠٫٣ ٠٫٠٠٠٠٣٪
ئۆکسیدی کاربۆن (CO) ٠٫١ ٠٫٠٠٠٠١٪
زینۆن (Xe) ٠٫٠٩ ٠٫٠٠٠٠٠٩٪
ئۆزۆن (O٣) ٠٫٠٧ تا ٠٫٠ _
دوانۆکسیدی نایترۆجین (NO٢) ٠٫٠٢ ٠٫٠٠٠٠٠٢٪
یۆد (I٢) ٠٫٠١ ٠٫٠٠٠٠٠١٪
ئامۆنیا (NH٣) نادیار _
ھەڵمی ئاو (H٢O) نادیار ~٠٫٤٠٪

چینەکانی تەوشک[دەستکاری]

تەوشک لە چەند چینی جیاواز پێک ھاتووە (لە خوارەوە بۆ سەر):

چینی ترۆپۆسفێر[دەستکاری]

چینی ترۆپۆسفێر بریتییە لە نزیکترین چین لەسەر ڕووی زەوییەوە کە گشت گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوای تیدا ڕوودەدات، ئەم چینە تەنکە و بەرزییەکەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی ئەستوورییەکەی نزیکەی ١٥ کمە، ئەم چینە نزیکەی (٨٠٪) گازەکانی تەوشک پێک دەھێنێت.

پێکھاتەی چینی ترۆپۆسفێر: نایترۆجین نزیک٧٨٪، ئۆکسجین ٢١٪ و ١٪ یش گازەکانی تر (ئارگۆن، دوانۆکسیدی کاربۆن، ھیلیۆم) و تەپ و تۆز و ھەڵم.

لەم چینەدا پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە، ھەر چەند لە ئاست ڕووی زەوییەوە بەرز ببینەوە، تێکڕای پلەکانی گەرمی لە نێوان (١٤–١٥) پلەی سەدیە، لە ھەمان کاتدا پەستانی ھەوا نزم دەبێتەوە. ئەم چینە بە بەرگی ترۆپۆپۆز کۆتایی دێت.

چینی سترانۆسفێر[دەستکاری]

چینی سترانۆسفێر دووھەمین چینی ئەستووری تەوشکە کە لە سەرووی چینی ترۆپۆسفێرەوە دەست پێ دەکات و بەرزایییەکەی نزیک (٥٠)کمە، گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم چینە، ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆر گازی ئۆزۆنە کە وەک چینێک بە ئەستوورایی ١٦–٣٠کم، زەوی لە وەزەن (زیان)ی تیشکە زیانبەخشەکان دەپارێزێت، لەم چینەدا پلەی گەرمی تا(٣-)پلەی سەدی دادەبەزێت. پلەی گەرمی لە ھەندێک شوێنی چینی ئۆزۆندا، (-٦٠)پلەی سەدی بە خۆوە دەبینێت.

پێکھاتەی چینی سترانۆسفێر: نایترۆجین(٨٠٪)، ئۆکسجین(١٨٪)، ئۆزۆن(١٪)، ئارگۆن(١٪)

چینی مێزۆسفێر[دەستکاری]

ئەستووری چینی مێزۆسفێر تا (٨٠)کم. دەبێت، پلەی گەرمی تێیدا بە خێرایی دادەبەزێت تا لە بەرزایی (٨٠)کمدا دەگاتە (٨٥-) پلەی سەدی.

چینی ئایۆنۆسفێر[دەستکاری]

لە تایبەتمەندیی ئەم چینە، گەرمای زۆری تێرمۆدینامیکە کە تا ١٢٢٧ پلەی سەدی دەگات، چینی ئایۆنۆسفێر لە بەرزی (٨٠)کمەوە دەست پێ دەکات تا بەررزی (٥٠٠)کم. گەردیلەکانی ئەم چینە بەپێی باری کارەبایییەوە دابەش دەبن. بەھۆی تیشکی ھەتاو چەندین کارلێکی کیمیایی لە نێوان گەردیلەکانی چینەکەدا ڕوودەدات، کە دەبیتە ھۆی دەرکەوتنی مژێکی ڕووناک لە بازنەکانی جەمسەریدا.

شایانی باسە کە ھەر شتێک بەم چینەدا تێپەڕبێت لەوانەیە پێش گەیشتن بە زەوی گڕ بگرێت.

چینی ئەگزۆسفێر[دەستکاری]

چینی ئەگزۆسفێر یا چینی دەرەکی لە بەرزی (٥٠٠)کمەوە دەست پێ دەکات تا بەرزایییەکی نادیار. پێکھاتەی ئەم چینە لە ڕووی جۆر و ڕێژەی گازەکانەوە جیاوازە کە بەم شێوەیەیە: نایترۆجین(٧٥٪)، ھیلیۆم(٢٥٪) و تا بەرزتر ببینەوە بڕی نایترۆجین زیاد دەکات و لە ھەمان کاتیشدا پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە، لە نزمترین خاڵی ئەم چینە، پلەی گەرمی دەگاتە نزیکە(١٧٠٠) پلەی سەدی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ئەتڵەسی ھەرێمی کوردستانی عیراق، عیراق و جیھان - د. ھاشم یاسین