تیۆریی پێویستی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(David McClelland (1917–1998

«تیۆریی پێویستی» Theory of Needs بۆچوونێکە لە سازمانناسیدا دەربارەی پێویستی و هۆکاری هاندەر، دەروونناسی ئەمریکایی (David C. McClelland (1917–1998 خاوەنیەتی. McClelland لەم بوارەدا بەرهەمی گرینگی هەیە، یەکیان کتێبی (The Achieving Society (1961 یە.

لەم تیۆرییەدا McClelland سێ پێویستی دەکاتە هۆکاری هەرە گرینگی هاندان لای مرۆڤ، و دەشڵێ هێزی هەر یەک لەو هۆکارانە هەم لە کەسێکەوە بۆ کەسێک جیاوازە و هەم لە میللەتێکەوە بۆ میللەتێک، کەواتە هەم کەسایەتی و ئەزموون، هەم پاشخانی فەرهەنگیی مرۆڤ کاریگەریی هەیە لەسەر هێزی پێویستییەکان.

«تیۆریی پێویستی» Theory of Needs ی McClelland دەڵی ئەم سێ پێویستی و هۆکارە بریتین لە:[١]

پێویستیی دەسەڵات (Need for Power (N-Pow[دەستکاری]

مرۆڤ پێویستی بە دەسەڵاتە، پێی خۆشە خاوەن پێگە و فەرماندەر بێ. لێرەدا «پێویستیی دەسەڵات» دوو جۆری هەیە:

- «دەسەڵاتی کەسەکی» Personalized Power - مرۆڤ پێی خۆشە هەست بە دەسەڵاتداریی خۆی بکات بەرانبەر کەسانی دیکە، پەرۆشی خۆیەتی نەک چوستی و پێشڤەچوونی سازمان. ئەمیان مرۆڤێکە شەیدای فیز و هێمای دەسەڵات: پێگە، کۆشک و تەلار، ئۆتۆمۆبیل، پاسەوان، ئۆفیسی گرانبەها و... هتد. ئەم کەسایەتییە داوای هۆگری و لایەنگیری بۆ خۆی دەکات نەک بۆ سازمان. سەرۆکی لەم بابەتە پاش خۆی وێرانە جێ دەهێڵێت.

- «دەسەڵاتی جڤاکی» Socialized Power - مرۆڤ داوای دەسەڵاتی دەستووری و بنگەیی دەکات، بۆ دابەشینی دەسەڵات و ئەرک، بۆ ڕاپەڕاندنی کار، بۆ پێشخستنی سازمان. مرۆڤی وەها خاوەن بیری دوورمەودایە، دەزانێت گیرخواردن لە پێگە و هێمای دەسەڵاتدا بێسوودە، پەیوەندیی جڤاکی، ڕاوێژ، هاندان، ڕۆژەڤی هاوکۆ دەستەبەری سەرکەوتنن. ئەم جۆرەیان پێویستییەکە ڕێبەرایەتیی چوستی لێ دەزێ.


پێویستیی پەیوەستبوون (Need for Affiliation (N-Affil[دەستکاری]

ئەمیان پێویستییەکی جڤاکییە، مرۆڤ پێی خۆشە ببێتە ئەندامی دەستە و تیرە، دانوستانی دۆستانەی لەتەک دەوروبەر هەبێ. مرۆڤ داوای سەلماندن لە دەوروبەر دەکات، هەست و دیدیان بەرانبەر بەخۆی، بەهەند دەگرێ، پێویستی بە ئەڤین و سۆزە. ئەم مرۆڤگەلە لە ژینگەی خزمەتگوزاری و تیمکاریدا گەش دەبنەوە. بەڵام بۆ ڕێبەرایەتیی سازمان سەرکەوتوو نین چونکە زیادتر پەرۆشی دڵڕاگرتنی بەرانبەرن و داوای سەلماندنن دەکەن، نەک بڕیاردان.


پێویستیی ئەنجامدان (Need for Achievement (N-Ach[دەستکاری]

مرۆڤ دەیهەوێ بگاتە ئاستی ئوستادی و نەخشی بەرز، پێی خۆشە زاڵ بێت بەسەر بابەتدا و بەرهەمی نایابی هەبێ. ئەمانە کەسانێکن لە ئەرک و کاری سەخت دەگەڕێن و پاداشت لایان سەرکەوتن و نەخش هێنانە، نەک خەڵاتی ماددی. پێویستیی ئەنجامدان گەر لە مرڤێکدا بەهێز بێ هانی دەدا بۆ ئافراندن و نوێکاری. ئەم پێویستییە هاندەرە بۆ پەرۆشی و بەرپرسایەتی. مرۆڤی ئەم بوارە دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نوێ.


McClelland پێی وایە ئەم سێ بوارەی پێویستیی مرۆڤ زنجیرەن،[٢] مەرج نییە - وەک ماسلۆ دەڵێ - ئەم پێویستییەیان دابین بێ ئەوجا پێویستیی بەرزتر بکەوێتە بزاوتن. نەخێر، مرۆڤ دەتوانێ لە نێوان ئەو پێویستییانەدا بگەڕێ. دەکرێ پێویستیی پەیوەستی، پێویستیی جڤاکی و گەڕان بە دوای پەیوەندیدا، لە بارودۆخی تایبەت و لای کەسی تایبەت ببێتە هاندەری یەکەمی مرۆڤ لە کاردا، گەرچی پێویستیی فیزیکی و خۆڕسک دابین نەبووبن.


McClelland جەخت دەکات لەسەر ئەوەی دەکرێ «پێویستیی ئەنجامدان» بە فێربوون لە مرۆڤدا بێتە ڕسکان و گەشە کردن. ڕێبەری باش، بە فەراهەم کردنی ژینگەیەکی دروستی ئازادیی پەیوەست بە بەرپرسایەتییەوە، بە ڕەخساندنی دەرفەتی گەشە کردن لە بواری کاردا، بە هاندان و دنەدانی کارمەندان بۆ سەرخستنی ئاستی کار و جۆرایەتیی بەرهەم - ئەم «پێویستیی ئەنجامدان» ـە لە هاوکارانی خۆیدا تیژ دەکات. بە دیدی McClelland ئەم «پێویستیی ئەنجامدان» ـە گرینگترین هۆکارە بۆ گەشەی سازمان.  


پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ Eriksson-Zetterquist, Ulla & Kalling, Thomas & Styhre, Alexander. Organisation och organisering. Liber (2006): 139
  2. ^ Jacobsen, Dag Ingvar & Thorsvik, Jan. Hur moderna organisationer fungerar. Studentlitteratur (2002): 295


سەرچاوە[دەستکاری]

Psykologilexikon

(Jacobsen, Dag Ingvar & Thorsvik, Jan. Hur moderna organisationer fungerar. Studentlitteratur (2002

(Eriksson-Zetterquist, Ulla & Kalling, Thomas & Styhre, Alexander. Organisation och organisering. Liber (2006

«سازمانگەری»