بۆرژوازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بۆرژوازی چینێکی کۆمەڵایەتییە کە لەڕووی کۆمەڵناسییەوە پێناسە کراوە، ھاوتایە لەگەڵ چینی ناوەڕاست یان ناوەندی سەرەوە. ئەوان بە دەوڵەمەندییان[١] و سەرمایەی گەورەی کولتووری و دارایییان لە پرۆلیتاریا جیا دەکرێنەوە و بە شێوەیەکی نەریتی جیاوازییان لەگەڵدا ھەیە. ھەندێک جار دابەش دەکرێن بەسەر بۆرژوازییەکی بچووک (پیتیت)، ناوەڕاست (مۆییەن)، گەورە (گراند)، بەرز (ئۆت) و کۆن (ئەنسیەن) و بەکۆمەڵ بە «بۆرژوازی» ناوزەد دەکرێن.

بۆرژوازی لە فەلسەفەی مارکسیستیدا ئەو چینە کۆمەڵایەتییەیە کە لە سەردەمی پیشەسازیی مۆدێرندا بووە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامبوونی باڵادەستیی ئابوورییان لە کۆمەڵگادا گرنگی بە بەهای موڵک و پاراستنی سەرمایە دەدەن.

مێژوو[دەستکاری]

بۆرژوازی وەک دیاردەیەکی مێژوویی و سیاسی لە سەدەی یازدەیەمدا، کاتێک بۆرگەکانی ئەورووپای ناوەڕاست و ڕۆژاوا گەشەیان کرد و بوون بە شارێکی تایبەت بە بازرگانی، سەری هەڵدا. ئەم فراوانبوونە شارییە بەهۆی چڕبوونەوەی ئابوورییەوە هاتە ئاراوە کە ئەمەش خۆی لە ئەنجامی دەرکەوتنی سەندیکاکانەوە حاسڵ بوو. سەندیکاکان کاتێک سەریان هەڵدا کە ناکۆکی لەنێوان تاک بازرگانەکان (وەک پیشەوانان، وەستاکاران و، بازرگانان) و خاوەنماڵە فیۆداڵەکانیان دروست بوو بەهۆی ئەوەی خاوەنماڵەکان داوای کرێی زیاتریان دەکرد لەوەی پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کردبوو.

لە کۆتاییی سەدەکانی ناوەڕاستدا (نزیکەی ١٥٠٠ی زایینی)، لە چوارچێوەی ڕژێمە پاشایەتییە نیشتمانییە سەرەتایییەکانی ئەورووپای ڕۆژاوادا، بۆرژوازی بۆ بەرژەوەندیی خۆی تێ دەکۆشا و، لەڕووی سیاسییەوە لەدژی پشێویی یاسایی و دارایی کە بەهۆی تەماحی فیوداڵەکانەوە چێ دەبوو، پشتگیریی لە پاشا یان شاژن دەکرد. لە کۆتایییەکانی سەدەی ١٦ و سەرەتاکانی سەدەی ١٧دا، بۆرژوازییەکانی ئینگلتەرا و هۆڵەندا بوون بە هێزی دارایی – بەم هۆیەشەوە هەروەها بوونە هێزی سیاسی – کە نەزمی فیۆداڵیی لە دەسەڵات هەڵوەشاندەوە؛ دەسەڵاتی ئابووری لە کایەی سیاسەتدا بەسەر دەسەڵاتی سەربازیدا زاڵ بوو.[٢]

لە پێشکەوتنەوە بۆ دواکەوتن (تێڕوانینی مارکسیستی)[دەستکاری]

بەپێی تێڕوانینی مارکسیستی بۆ مێژوو، لە ماوەی سەدەکانی ١٧ و ١٨دا، بۆرژوازی چینی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتنخوازی سیاسی بوو کە پشتگیریی لە بنەماکانی حکوومەتی دەستووری و مافە سروشتییەکان دەکرد، دژی یاسای ئیمتیازات و بانگەشەکانی حوکمڕانی بە مافی خودایی بوو کە ئاغاکان و سەرقەشەکان (ئۆسقۆفەکان) لە سەردەمی نەزمی فیۆداڵیدا پەیڕەوییان کردبوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Bourgeoisie". Brill’s Encyclopedia of China. Retrieved 2022-07-03.
  2. ^ Mann, John (1994-01). "Ullmann's encyclopedia of industrial chemistry, fifth completely revised edition". Food Chemistry. 49 (1): 112. doi:10.1016/0308-8146(94)90242-9. ISSN 0308-8146. {{cite journal}}: Check date values in: |date= (help)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]