ئێل بەگی جاف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە ئێل بەگی جاف نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە جاف (ڕوونکردنەوە).

ئێل بەگی جاف (لەدایکبووی ١٤٩٢ – مردووی ١٥٥٣) شاعیرێکی کوردی عەشیرەتی جاف بووە کە شیعرەکانی وەک "ئەفسانە"، "موعجیزە" و "خوێندنەوەی دواڕۆژ" ناوبانگی دەرکردووە.

ژیاننامە[دەستکاری]

ئێل بەگی جاف لە ساڵی ٨٩٨ی کۆچیی (١٤٩٢ زایینی) لە شارەزوور لە بنەماڵەیەکی جاف لەدایکبووە. لەوانەیە لە سەر ئایینی یارسان بووبێت چونکە ڕۆژگاری دەسەڵاتی بنەماڵەی سەفەوی ماوەی نەشونەمای ئایینی یارسان بوو و بەشێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەورامان و ھەرد و پانایییەکانی شارەزوور تا پەیدابوونی شێخ ئیسماعیلی ولیانی (١٦٩٢ مردووە) لەسەر ئایینی یارسان بووە.
ئێل بەگی جاف سەرەتای خوێندنی لە شارەزوور بووە، ئینجا ماوەیەک گۆشەگیر بووە، لە پاشاندا بۆ ڕێبەری ئایینی یارسان گەشتی بەغدا و ئێرانی کردووە. مشتومڕ و زۆرانبازی لە نێوان ئایینی یارسان و ئایینەکانی تر لە شارەزوور لە ناوەوە بووە، دوژمنانی یارسان ویستوویانە ئێل بەگی جاف بکوژن، لەبەرئەوە ڕایکردووە بۆ ھەورامان و لەگەڵ یارسانان تێکەڵ بووە و لەوێ ژیاوە. عێل بەگی جاف لە ساڵی ٩٦١ی کۆچیی (١٥٥٣ زایینی) کۆچی دواییی کردووە.


بەرھەمەکان[دەستکاری]

ئەوەی لە ئێل بەگی مابێتەوە و ناوی پێ دەرکردبێ، ئەو بەیتەیەتی کە بەناوی «کێ وە قەوڵی کێ دەکا»یە. ئەم شیعرە بە شێوەزاری کوردیی ناوەندییە بەڵام ھەوای گۆرانی پێوە دیارە. بەیتی ئێل بەگی لەسەر شێوەی بەند ڕێککراوە، ھەر بەندی لە پێنج دێڕ بریتییە. کێشی ھەشت سیلابی خۆماڵییە، یەکێتیی قافیەی تێدایە. ھەموو چوار دێڕی یەکەمی بەندەکان لەسەر یەک قافیەن، دێڕی پێنجەم «ھەروا بووە و ھەر وا دەبێ» لە ھەموو بەندێکدا دووبارە دەبێتەوە. لە ھەندێ لە دەسنووسەکاندا ئەو دێڕە شیعرە بەم شێوەیە: «ھەر وا بییە و ھەر وا ئەوێ». دەستنووسێکی زۆری بەرھەمی ئێل بەگی لە ڕۆژگارانی جیاجیا نووسراونەتەوە؛ باوەڕ پێکراوترین دەسنووس ئەوەیە کە لە ساڵی ١٨٥٤ ڕوونووس کراوە، ئەمە ئەوە دەگەیێنێ کە ماوەی سێ سەد ساڵێک شیعرەکانی ئێل بەگی لەسەر زار پارێزراون.

کە بەیتی «ھەروا بووە و ھەر وا دەبێ» دەخوێنینەوە، بەرامبەر بەرھەمێک ناوەستین کە لە سەدەی شازدەم داھێنرابێت، بەڵکو بەرامبەر بەرھەمێک دەبین ئەدگاری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی پێوەیە. لەوانەیە چونکوو شیعرەکانی خۆش و ڕەوان بوون و ڕەنگدانەوەی ھیوا و ئامامی خەڵکی ساکاربوون، چوونە ناو دڵی میللەتەوە و بە درێژایی مێژوو شتی دەرەوەی بێگانەی خراوەتە سەر و شتی ناوەوەی ڕەسەنی خۆی لێ کەوتووە، دەنا باوەڕ ناکرێ باس لە کەسان و ڕووداوی سەدەکانی داھاتوو بکات وەکوو ڕۆژگارانی قەرمانڕەوایی نادرشا، زەند، قاجار و پەھلەوی.

نموونەی ھۆنراوە[دەستکاری]

ئێران پر لە ئاگر دەبێحوکمی سۆلتان قاھر دەبێ
ستەم لە خەڵق سادر دەبێدەورە دەورەی نادر دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
خاسان وە بێ وەتەن دەبێمورغان دوور لە چەمەن دەبێ
شاھان وە بێ کەفەن دەبێدەوران وە کامی زەند دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
دەوران بە دەست قەجەر دەبێتەیموور لە خەو خەبەر دەبێ
گەلێ سەران بێ سەر دەبێئاشووب و شۆڕ و شەڕ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
نیوەی ئێران ھی رووس دەبێئاوای ھیچ بێ نامووس دەبێ
ئەوسا زەڕیان لە مس دەبێدین و ئیمان زۆر سس دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
چابوک سوارێ دەنگ دەکاسەید و شکار پەڵەنگ دەکا
ھەر ساعەتێ سەد رەنگ دەکادنیا و خەڵق پڕ شەنگ دەکا
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
مەردان مەردی گەزاف دەکەنھەم بە راستی خەلاف دەکەن
قسان بە تیر قەڵاف دەکەنبە رێگەی دوور مەساف دەکەن
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
گەلێ دڵم بە تەنگ دەبێسەدای تۆپ و تفەنگ دەبێ
شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێئێران دیلی فەرەنگ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
رەخشی روستەم ئیزھار دەبێئەسپی ئاسن رەھوار دەبێ
دوڵدڵ شەودێز بە کار دەبێگەلێ شت ھەن ئاشکار دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
دەورە دەورەی رەزا دەبێلە دوای رەزا غەزا دەبێ
لە دوای غەزا فەزا دەبێمەردوم دەست بە نزا دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
تەیرێ وەک رەعد و بەرق دەبێگوێچکەی لە دووکەڵ غەرق دەبێ
دەشت و دەری پێ لەق دەبێبە رووی ھەوا مۆلەق دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
ئێران وەکوو فەرەنگ دەبێپڕ نەقش و رەنگاڕەنگ دەبێ
کوڕ وەکوو کچ قەشەنگ دەبێمایل بە شۆخ و شەنگ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
ھەمووی شاھان بێڕا دەبێلە پڕ شەڕ و ھەرا دەبێ
کەم خەڵق وە حوکمی شا دەبێچەرخ و چرا وە پا دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
تاعەت بە مەجبووری دەبێدی بازاڕی بلووری دەبێ
چینی و فەغفووری دەبێگوڵبانگی جەمھووری دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
کاری مەردان نامەردی بۆدەورانەکەی رەنگ زەردی بۆ
دەواکەیشی دڵدەردی بۆرۆزگاری دڵسەردی بۆ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
دیوانی گورگ و مەڕ دەبێدەشتی بەغداد بە شەڕ دەبێ
گشتی بۆ زێو و زەڕ دەبێشەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
ھەفتا و دوو دین یەک دین دەبێسەردەفتەری ئەمین دەبێ
زاڵم لە زاری و شین دەبێدڵی گەلێ بە کین دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی دووەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٢٧ تا ٣٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٢.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی یەکەم، سدیق بۆرەکەیی (سەفی زادە)، لاپەڕەکانی ٤١٤ تا
  • ٤٣٠، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر ٢٠٠٨.