ئایدیا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەفلاتوون، لە یەکەمین فەیلەسووفانێ کە بەوردی باسی ئایدیاکانی کردووە. ئەرەستوو ئەڵێ زۆرێ لە ڕوانگەکانی ئەفلاتوون لە بنەڕەتدا فیساگۆرسین.

لە فەلسەفەدا، ئایدیا دوو مانای تا ڕادەیەک لێکجیاوازی ھەیە:[١]

لە سەدەکانی حەڤدەیەم و ھەژدەیەم بەم لاوە، ئایدیا بەو وێنەیە ئەوترێ کە کاتێ مرۆڤ بیر بکاتەوە لە زەینیدا درووست ئەبێ.[٢] بەڵام، لە فەلسەفەی ئەفلاتووندا، «ئایدیاکان» یان «فۆرمەکان» زەینی نین، بەڵکوو عەینی و نەگۆڕ و ناماددین کە زەین بە چەشنێ لیان تێ ئەگا و بۆ پۆلاندنی شتەکانی ناو ئەم دنیایە بە کاریان دێنێ؛ دنیایەک کە ئەفلاتوون پێی وایە گشت دیاردەکانی، لاسایییەکی زڕ و کز لەو ئایدیا و فۆرمانەن.[١]

ئەو باوەڕە میتافیزیکییە کە پێی وایە واقیع دروستکراوی زەینە یا بەتوندی بەستراوە بە ئایدیاکانەوە، ئایدیالیزم یا ئایدیاباوەڕیی پێ دەوترێ.

ئێتیمۆلۆژی[دەستکاری]

وشەی ئایدیا لە ἰδέα -ی یۆنانییەوە دێ کە بە مانای فۆرم و نوێنەکە و، ئەویش خۆی لە ڕیشەی ἰδεῖν (ئیدێین) بە مانای دیتنە.[٣]

لە فەلسەفەدا[دەستکاری]

ئەفلاتوون[دەستکاری]

ئەفلاتوون بەتێروتەسەلی باسی ئایدیاکان و پرۆسەی بیرکردنەوە دەکا. وشەی ئایدیا لە زمانە یۆنانییەکەی سەردەمی ئەفلاتووندا مانایەکی تا ڕادەیەک جیاوازی بووە لە چاو بەکارچوونی ئەمڕۆژەی. لە ھەندێ لە دیالۆگەکانی، وەک میوانی و کۆمار و تیمایۆسدا، ئەفلاتوون بەڵگە بۆ ئەوە دێنێتەوە کە بیسەلمێنێ مەڵبەندێکی جیاواز لە جیھانی ئێمە ھەیە کە مەڵبەندی ئایدیاکان یا فۆرمەکانە. بەپێچەوانەی شتەکانی جیھانی ئێمە کە کورتماوە و کەمخایەن و ئامادەی وەرگرتنی تایبەتمەندیگەلی ھاودژ و ناکۆکن، ئایدیاکان لەو مەڵبەندەدا نەگۆڕ و سەقامگرتوو و ھەروابمێنن. ئەفلاتوون دەڵێ زانایی و ناسیاریی ڕاستەقینە ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئایدیا نەگۆڕانە. ئەو زانایی و ناسیارییەی کە لە بابەت شتە ماددییەکانی ئەم جیھانەوە ھەمانە، ڕاستەقینە نییە و لە سنووری ڕا و بۆچوون تێناپەڕێ.

ئەفلاتوون لە بەرامبەر وشەی ئایدیاوە، وشەی فینۆمینۆن -ی بە کار دەبرد. بە لای ئەوەوە، فینۆمینۆنەکان ھەر ھەمان ھەبووەکانی جیھانی بەرھەستن کە بوونیان ناڕەسەن و تاپۆئاسا و بگۆڕ و تاکە و، ئەسڵی ئەوان، واتە ئایدیاکەیان، لە جیھانێکی دیکە جیا لە جیھانی بەرھەست و بە شێوەیەکی جێگرتوو و ھەتاھەتایی ھەڵکەوتووە. بۆ نموونە، دار نوێنەری ئایدیای دار لە جیھانی ئایدیاکاندایە، کەوایە، وێنەی دار لە زەینی ئێمە دەبێ بە نوێنەری نوێنەری ئایدیای دار.[٤]

جۆن لۆک[دەستکاری]

لۆک ئاوا ئایدیا دەناسێنێ: «ئەو زاراوەیە کە بە لای منەوە بەکەڵکترین و باشترینە بۆ نواندنی ھەر بابەتێک کە مرۆڤ کاتێ فکر دەکاتەوە لێی تێ دەگات. من خۆم  کەڵکم لێ وەرگرتووە و بۆ درکاندنی ھەر مانایەک کە لە [وشەکانی] وێنا و تێگەیشتە و جۆر بکرێتە مەبەست و، ھەرچییەک کە زەین لە کاتی فکرکردنەوەدا بتوانێ بە کاری بگرێ، بە کارم ھێناوە. ناشتوانم خۆم دوور بگرم لە بەکارھێنانی پەیتاپەیتای.»[٥]

ئایدیا زگماکەکان و تەتەڵە سپییەکان[دەستکاری]

لۆک لە یەکەمین کەسانێ بوو کە ھێرشی ھێنا بۆ ئامۆژگاریی ناسراو بە ئایدیا زگماکەکان (innate ideas)، کە ڕاسیۆنالیستەکان باوەڕیان پێ بوو. ئاوەزباوەڕانێ وەک ئەفلاتوون و دێکارت لەسەر جۆرێکی تایبەت لە زانایی و ناسیاری جەختیان دەکرد کە لە سەرەتای لەدایکبووندا یا تەنانەت پێشتر لەویش، لە زەینی مرۆڤدا نەخشاوە. ئەوان دەیانوت ھەندێ لە ئایدیاکان ناتوانن لە ئەزموون بگیرێن. بەتایبەت ئەوانەی وا خۆگەوا و بەڵگەنەویستن، وەکوو ماتماتیک. ئایدیایەکیش کە لە «خوا» ھەمانە، ھەر خۆی لە زەینی ئێمەدا دایناوە. شوێکەوتووانی ئەفلاتوونیزمی نوێ لە سەردەمی لۆکدا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە یاسا سەرەتایییەکانی لۆژیک و پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی ئەخلاق و ئاگاداری لە بوونی خوا دەبێ ئایدیاگەلێکی زگماک بن. بەڵام لۆک دەیوت زەینی ساوایان وەکوو تەتەڵەیەکی سپییە و ھیچی تیا نەنووسراوە. مرۆڤ کە لە دایک دەبێ زەینی بە ئایدیای زگماک پڕ نەبووەتەوە. ھەموو زاناییی مرۆڤ وردەوردە لە ڕێی ئەزموونەکانیەوە دروست دەبێ.[٦]

ئایدیای سادە و ئایدیای لێکدراو[دەستکاری]

لە ڕوانگەیەکی «لۆکی»یەوە، دوو جۆر ئایدیا ھەیە: سادە و لێکدراو. ئایدیا سادەکان خشتەکانی بینای ئایدیا لێکدراوەکانن و، «ئەگەرچی زەین لە وەرگرتنی ئایدیا سادەکاندا سڕ و ناچالاکە، بەڵام بۆ بیناکردنی ئایدیا لێکدراوەکان زۆر چالاک و نەسرەوتووە».[٧] بە باوەڕی لۆک، ئایدیای زگماک نییە و، زەینی ساوای تازەلەدایکبوو چۆڵ و بەتاڵە. بەڵام، ئەندامە ھەستییەکانی خێرا زەینی بە ئایدیاگەلی سادەی ھەمەجۆرە، وەک زەردی و سپێتی و نەرمی و ڕەقی و گەرمی و ساردی و تاڵی و شیرینی، پڕ دەکەنەوە. ئەم ئایدیایانە سادەن، واتە دابەش ناکرێن بە سەر ئایدیاگەلی تردا؛ کەم تا زۆر لێکجیا و تاک و سەربەخۆن. سەرەتا، مناڵی ساوا، بە شێوەیەکی سڕ و خۆبەدەستەوەداو و خۆنەویست وەریان دەگرێ. بەڵام، دواتر کە لە بیرگەیدا تۆمار کران، زەین چالاک دەبێتەوە و ئایدیای تریان لێ دروست دەکا. لۆک دەڵێ کاری زەین ئاوەھایە: لەبەرگرتنەوە و ھەڵبژاردن و سەرلەنوێ پێکەوەنانی ئایدیا سادەکان و بیناکردنی ئایدیا لێکدراوەکان. بۆ نموونە، زەینی مرۆڤ لە کاتی لەدایکبووندا ئایدیای «فەرق یا جیاوازی»ی تیا نییە. کاتێ بۆ وێنە دایکی ئەوەڵ شیر و دوای ئەوە دەرمانێکی تاڵی پێ دەدا، ئایدیای «جیاوازی» لە ناو زەینیا شێوە دەگرێ.[٦]

دیڤید ھیووم[دەستکاری]

ھیووم دەیوت پێزانین و دەرکپێکردن لە مرۆڤەکاندا دوو جۆرە: بە یەکێکیانی دەوت ئەمپرێسیۆن (impression، شوێندانان، شوێنخستن، ئینتیباع) و، بە ئەوی تریان ئایدیا (وێناکردن، تەسەوور). مەبەستی ھیووم لە ئەمپرێسیۆنەکان دراوەگەلی ڕاستەوخۆی ھەست و ئەزموونە کە یەکەوڕاست شوێنی خۆیان لەسەر زەینی مرۆڤ دادەنێن. ئەمپرێسیۆنەکان زیندوون، وەکوو ئەو کاتەی چاوی خۆمان دەکەینەوە و دیمەنێ لە دیمەنەکانی سروشت دەبینین. لە بەرامبەردا، ئایدیا دووبارەبوونەوەی ھەمان پێزانین و دەرکپێکردنە دوای پچڕانی پەیوەندییە ھەستییە ڕاستەوخۆکە، لە ڕێگای خەیاڵ و بیرەوەرییەوە کە وەکوو جاری پێشوو زیندوو نییە و کەمھێزتر و بێوزەترە.[٨]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Glossary of Philosophical Terms - Oxford University Press
  2. ^ Cambridge Dictionary of Philosophy
  3. ^ "پێناسەی idea". فەرھەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد. بڵاوگەی زانکۆی ئۆکسفۆرد. 2014. ١٤ی تەممووزی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ جەمادی, سیاوەش (1386). زەمینە و زەمانەی دیاردەناسی (بە فارسی). تاران: قەقنەس. p. 83.
  5. ^ Locke, John (1689). Wikisource link to An Essay Concerning Human Understanding. ویکیسەرچاوە. § What Idea stands for.. 
  6. ^ ئ ا Robinson, Dave; Mayblin, Bill. Introducing Empiricism. Translated by سیاح, علی. pp. 24–50.
  7. ^ Sheridan, Patricia (2010). Locke: A Guide for the Perplexed. A&C Black. ISBN 978-0-8264-8983-8.
  8. ^ Hume, David, "Enquiry Concerning Human Undlerstanding", Open Couvrt, 1488, Section II, 63-66. P