تورکیا: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
[وەشانی تاوتوێ نەکراو][وەشانی تاوتوێ نەکراو]
ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
ب r2.7.2) (ڕۆبۆت: زێدەکردنی za:Dujwjgiz
ب r2.6.5) (ڕۆبۆت: زێدەکردنی or:ତୁର୍କୀ
ھێڵی ٦٠٧: ھێڵی ٦٠٧:
[[nv:Tʼóok Bikéyah]]
[[nv:Tʼóok Bikéyah]]
[[oc:Turquia]]
[[oc:Turquia]]
[[or:ତୁର୍କୀ]]
[[os:Турк]]
[[os:Турк]]
[[pam:Turkey]]
[[pam:Turkey]]

وەک پێداچوونەوەی ‏١٥:٢٣، ٣ی شوباتی ٢٠١٢

Turkey
ئاڵا دروشم
سروود: سروودی نیشتمانی تورکی
پایتەختئەنقەرە
39°55′N 32°50′E / 39.917°N 32.833°E / 39.917; 32.833
گەورەترین ئەستەمبوڵ
زمانە فەرمییەکان تورکی  تورکیا
زمانە ناوچەییەکان کوردی ، زازاکی
دەوڵەت جەماوەری
 -  سەرۆکی وڵات عەبدوڵڵا گول
 -  سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەییب ئەردۆغان
 -  سەرۆک پەرلەمان مەهمەت عەلی شاهین
 -  سەرۆکی دادگای دەستوری هاشک کیڵتیچ
 -  وەزیری دەرەوە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ
سەربەخۆیی لە دەوڵەتی عوسمانی 
 -  پەیماننامەی لۆزان ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٢٣ز 
 -  ڕۆژی کۆماری ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ 
ژمارەی دانیشتوان
 -  بەراوردی  ٨٥٬٣٧٢٬٣٧٧ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە 
 -  سەرژمێریی ٢٠٠٩ 72,561,312 کەس 
دراو لیرەی تورکی (TL)
ناوچەی کاتی UTC + 2 (UTCUTC + 3 (لە هاویندا))
لای لێخوڕین ڕاست
پاوانی ئینتەرنێت tr.

تورکیا (بە تورکی:Türkiye)، بە فەڕمی ناسراوە بە کۆماری تورکیا، دەوڵەتێکە بەشە گەورەکەی ئەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا و بەشە بچوکەکەی تری ئەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، خاکەکانی تورکیا گەرووی بۆسفۆر و دەدردەنیل و دەریای مەڕمەڕە کە دەریای ڕەش بە دەریای ئێژەوە ئەبەستێت و ئاسیا بە ئەوروپا ئەگەیەنێت ئەگرێتە خۆی، ئەمەش وایکردووە کە شوێنێکی ستراتیژی و کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو دەوڵەتانەی بەسەر دەریای ڕەشدا ئەڕوانن، لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ جۆرجیا و ئێران و ئەرمینیا و ئازەربایجان، لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق و سوریا و دەریای ناوەڕاست، و سنووری دەریایی هەیە لەگەڵ قوبرس و دەریای ئێژە و یۆنان و بولگاریا لە ڕۆژئاواوە، دەریای ڕەشیش لە باکووریەتی[١][٢]، و ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری ئابوری دەریای ڕەشە.

تورکیا ناوەندی حوکمی عوسمانی بووە تا ساڵی ١٩٢٢ و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ز.

ناونان

ناوی تورکیا لە وشەی تورکەوە وەرگیراوە، تورک ئەو ھۆزە بوون لە تورکیای ئێستادا ژیاون لە سەدەی شەشی زایینییەوە، و چینییەکان یەکەم کەس بوون کە ئەو ناوەیان بەکارھێنا بۆ ئەو خەڵکانەی لە باشووری شاخەکانی ئاڵتای ئەژیان لە ناوەڕاستی ئاسیادا.

مێژوو

سەردەمە دێرینەکان

کتێبخانەیەک لە شاری ئیفسوسی ئیغریقی دێرین لە ئەنادۆڵ، ئەگەڕێتەوە بۆ ١٢٥ پ.ز

ئاسەوارناسەکانی تورکیا بەڵگەیەکیان دۆزییەوە کە ئاماژە بە بوونی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو دەکات لە شوێنی تورکیای ئێستادا لە ساڵی ٦٠٠٠ پێش زایینەوە، و بە پێی ئەوەی لە ڕووی مێژووییەوە نووسراوە، ھیتییەکان بۆ یەکەم جار ئەم ناوچانەیان ئاوەدان کردۆتەوە، لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ پ.ز ھیتییەکان دەستیان بە کۆچکردن کرد لە ئەورووپا و ناوەڕاستی ئاسیاوە بۆ بەرزاییەکانی ئەنادۆڵ. دوای سەدان ساڵ ئەم ھیتییانە توانیان دەست بگرن بەسەر زۆربەی ناوچەکەدا، و لە ساڵی ١٥٠٠پ.ز توانیان ئیمپڕاتۆرییەتێکی بەھێز دابمەزرێنن و ببن بە یەکەم سەرکردەکانی ناوچەکە، دواتر بەشێکی فراوانی بەرزاییەکانی ئەنادۆڵ کەوتە دەستی فەریجی و لیدییەکان و ھەندێک کۆمەڵی‌تر، ئەمەش لە ماوەی نزیکەی ساڵی ١٢٠٠ تا ٥٠٠ پ.ز بوو، ھەر لە ھەمان ماوەدا یۆنانییەکان چەندین دەوڵەتی بچوکییان دروستکرد لەسەر کەنارەکانی دەریای ئیجە لە بەرزاییەکانی ئەنادۆڵدا.

و ئیمپڕاتۆری فارسی توانی دەسەڵاتی بکێشێت بەسەر ئەنادۆڵ و تراقیادا ھەتا گەیشتنی ئەسکەندەری مەزن، پاشای مەقدوونیا، ئەو کاتە سوپای فارس شکان لە ساڵی ٣٣١پ.ز، لە دوای مردنی ئەسکەندەری گەورە ساڵی ٣٢٣پ.ز ناوچەی ئەنادۆڵ بوو بە مەیدانی شەڕ و کوشتار لە زنجیرەی ئەو شەڕانەی جێنشینەکانی ئەسکەندەر ھەڵیانئەگیرساند، پاشان چەند مەمالیکێکی بچوک دامەزران ھەتا ساڵی ٦٣پ.ز، دواتر کۆتاییان پێھات کاتێک سەرکردەی بۆمبی دەستی گرت بەسەر ھەرێمەکەدا و کۆنتڕۆڵی کرد، لە دوای ئەوە بارودۆخەکە جێگیر بوو لە ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانییدا کە نزیکەی ٤٠٠ ساڵ بەردەوام بوو.

ئیمپڕاتۆری رۆمانی، قوستەنتیین، کە حوکمی ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ئەکرد لە ساڵی ٣٣٠ز، ھەستا بە گواستنەوەی پایتەخت لە ڕۆماوە بۆ یەکێک لە شارە دێرینەکان کە بە بیزەنتە ناودەبرا و ئەکەوتە ھەرێمی تراقیا. و ناوی پایتەخت گۆڕا لە بیزەنتەوە بۆ قوستەنتینیە (ئەم شارە ئیستەنبوڵی ئێستایە)، و ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی بوو بە دوو بەشەوە لە ساڵی ٣٩٥ز دا، یەکێکیان ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ڕۆژهەڵاتی بوو کە ناوچەکانی ئەنادۆڵ و تراقیای ئەگرتەوە، و بەشی دووەمیان ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ڕۆژئاوایی بوو. بەڕبەڕییەکان غەزووی ڕۆمانی ڕۆژئاواییان کرد و دەستیان بەسەردا گرت لە ناوەڕاستی سەدەی پێنجی زایینیدا، بەڵام ڕۆمانی ڕۆژھەڵاتی کە بە ئیمپڕاتۆری بیزەنتیش ناو دەبرا ماوەیەک گەشەسەندنی بەخۆوە بینی، و بیزەنتییەکان دەستیان بەسەر ھەموو ئەو ناوچانەدا گرتبوو کە ئێستا بە تورکیا ناسراون ھەتا کۆتاییەکانی سەدەی ١١ی زایینی.

تورک و عوسمانییەکان

مزگەوتی سەلیمی لە ئەدەرنە، یەکێک لە ئاسەوارە بیناسازییە ناسراوەکانی سەردەمی عوسمانی

تورکە سەلجووقییەکان یەکەم ھۆزی تورکی بوون کە حوکمی تورکیایان کردووە، ھۆزێکی ئیسلام بوون لە ناوەڕاستەکانی ئاسیا لە ڕۆژھەڵاتی دەریای قەزووینەوە ھاتبوون، لە ناوەندی سەدەی ١١ی زایینی توانیان ئەرمینیا و فەلەستین و زۆربەی ئێران بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و پاشان غەزووی ناوچەی ئەنادۆڵیان کرد، سالی ١٠٧١ توانیان زۆر لە بەھێزی دەرکەوتنی بیزەنتییەکان کەم بکەنەوە بە سەرکەوتنیان لە شەڕی مەڵازگرد، پاشان تورکە سەلجوقییەکان ئیمپڕاتۆرییەتێکیان دامەزراند کە قۆنیەی ئێستا پایتەختی بوو، لەو کاتەوە وردە وردە ئایینی ئیسلام و زمانی تورکی ناوچەکانی ئەنادۆڵی گرتەوە لە جێگەی مەسیحییەت و زمانی یۆنانی، پاشان مەسیحییەکانی ئەورووپا ھەڵمەتە خاچپەرستییەکانیان دەست پێکرد بە مەبەستی داگیرکرنی قودس و لەم میانەیەشدا ئیمپڕاتۆڕی بیزەنتی توانی سێ یەکی ئەنادۆڵ بگیڕێتەوە بۆ خۆی، و ئیمپڕاتۆری سەلجوقی بەردەوام بوو تا ساڵی ١٢٤٣ز پاشان رووبەڕووی غەزووی مەغۆلەکان بوویەوە.

مەغۆل لاواز بوون بە ھۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە پاشان داڕمان، لەم میانەیشدا دەسەڵاتی تورکی بەھێز بوو لە ئەنادۆڵدا، لە سەدەی ١٤ی زایینیدا لەسەر دەستی کۆمەڵێکی تورک دەوڵەتێکی بەھێز دامەزرا کە بە عوسمانییەکان ناسرابوون بە گەڕاندنەوە بۆ ناوی دامەزرێنەرەکەیان سوڵتان عوسمانی یەکەم، سالی ١٣٢٦ز بۆرسەیان گرت و کردیان بە پایتەخت بۆ دەوڵەتەکەیان، فراوانبوون دەستی پێکرد ھەتا دەستی گرت بەسەر ئیمپڕاتۆڕی بیزەنتی و بولگاریا و سربیا، پاشان ماوەیەک فراوانبوونەکەی وەستا بە ھۆی تێکشکانی بایەزیدی یەکەم ناسراو بە (ھەورە بروسکە) لە ساڵی ١٤٠٢ز، ئەم شکانە ماوەیەکی پێکدادانی سیاسی بە دواداھات، پاشان دەوڵەتی عوسمانی ھاوسەنگیەکەی گەڕاندەوە و بەردەوام بوو لە فراوانبوون لە سەردەمی موڕادی دووەم دواتر سوڵتان محەمەد فاتیح، توانی فەتحی قوستەنتینیە بکات لە ساڵی ١٤٥٣ز و کردیان بە پایتەخت بۆ دەوڵەتەکەیان و ناوەکەی گۆڕی بۆ ئیسلامبول (ئیتسەنبوڵی ئێستا) و بەمەش کۆتایی بە بوونی بیزەنتی ھێنا لە ناوچەکەدا.

بەردەوام بوون لەسەر فراوانبوون و گەشەسەندن، لەسەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەمدا بە لای ڕۆژھەڵاتدا دەوڵەت فراوان بوو، سوریایان گرت لە ساڵی ١٥١٦ و میسر لە سالی ١٥١٧ و پاشان لە سەردەمی سوڵتان سولەیمان قانونی کە لە ئەورووپادا بە سولەیمانی مەزن ناسراوە دەوڵەت گەیشتە بەرزترین ئاستی و پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و سنووری دەوڵەتەکەی فراوان کرد، بەڵام دواتر چەند قۆناغێکی گەڕانە دواوەی بەخۆوە بینی ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن و چاکسازی تری ھەبوو، بەڵام لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ دۆخی پێشتری.

کۆماری تورکیا

دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی پێھات و مستەفا کەمال ئەتاتورک بە تەواوی خەلافەتی ھەڵوەشاندەوە لە ساڵی ١٩٢٤ز و تورکیا لە دوای شەڕی جیھانی یەکەم بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی بەخۆیەوە بینی کە ئەتاتورک سەرکردایەتی ئەکرد، دوای ئەوەی کۆماری تورکیا ڕاگەیەنرا و سەرۆکایەتیەکەی گرتە دەست لە ساڵی ١٩٢٣ز ھەتا مردنی لە ساڵی ١٩٣٨، و بنەما ئیسلامیەکانی گۆڕی بۆ عەلمانی و نوسینی لە تورکیا لە عەرەبیەوە گۆڕی بۆ زمانی لاتینی، پاشان لە دوای ئەوە (عیسمەت یونیو) دەسەڵاتی حوکمی گرتە دەست تا ساڵی ١٩٥٠ز، و بەدوایدا حوکمی شارستانی (ئەھلی) دەستی پێکرد تا ساڵی ١٩٧٣، پاشان سەربازەکان حوکمیان گرتە دەست، ئەمەش بوو بە ھۆی بارودۆخێکی ناجێگیر لە تورکیادا و توندوتیژی سەری ھەڵدا لە ساڵی ١٩٨٠ز، و حکومەتی تورکیا دووچاری ناڕەزایی کورد و ئەرمەن بویەوە.

جوگرافیا

شاخی ئارارات، بەرزترین لوتکەی تورکیا

ڕووبەری خاکەکانی تورکیا ئەگاتە ٧٧٩،٤٥٢کم و %٩٧ی ئەکەوێتە قاڕەی ئاسیاوە و ئەوەی تری ئەکەوێتە ئەوروپاوە، ڕۆژئاوای تورکیا بەسەر ڕووباری ئێژەدا ئەڕوانێت و باشوری بەسەر دەریای ناوەڕاست و سوریا و قوبرس ئەڕوانێت و باکوریشی بەسەر دەریای ڕەشدا، هاوسنوورە لەگەڵ هەشت دەوڵەت ئەوانیش؛ عێراق و سوریا و ئێران و جۆرجیا و ئەرمینیا و یۆنان و ئازەربایجان و بولگاریان.

لە تورکیادا چەندین سەرچاوە هەن بۆ ئاوی سازگار لە ڕووبار و زرێچەکان، و زیاتر لە سێ یەکی ڕووبەرەکەی خاکی کشتوکاڵیە و دارستانەکان زیاتر لە چارەکێکی زەوییەکانی دادەپۆشن، و چەندین شاخی لە خۆگرتووە بەرزترینیان شاخی ئاراراتە بەرزیەکە ئەگاتە ٥١٣٧ مەتر، و تورکیا کۆنتڕۆڵی چەند دوورگەیەکی لە ژێر دەستدایە زۆربەیان لە دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستدان و گرنگترینیان دوورگەی ئەمڕوزە (٢٧٩کم چوارگۆشەیە).

ھەروەھا لە تورکیادا ژمارەیەکی زۆر دەریای سوێر ھەیە، لەگەڵ چەندیین ڕووباردا، بەڵام زۆربەی ڕووبارەکان لە ھاویندا ووشک دەبن، و ھاوینەکەی جیادەکرێتەوە بە پلەی گەرمای بەرز و وشکی، بەڵام لە وەرزی بەھاردا دۆڵەکانی زۆربەی ئەم ڕووبارانە پڕ دەبن لە ئاو کە لە تاڤگە و بەرزاییەکانەوە ئەڕژێن لە دوای توانەوەی بەفری بەستووی سەر لوتکەکانیان.

زۆربەی ناوچەکانی ئەکەونە تراقیا و بەشە کەنارییەکانی ئەنادۆڵ لە نزمایی و دەشتی سەوزی درێژەوەبوو پێک دێن، و تورکیا لە ڕووی سروشتییەوە دابەش دەبێت بۆ چوار ھەرێمی سروشتی کە ئەمانەی خوارەوەن؛

یەکێک لە دۆڵە بەردیینەکانی تورکیا
  1. دەشتاییەکانی باکوور؛ ناوچەی تراقیا دەگرێتەوە، ئەکەوێتە لەسەر کەناری دەریای ڕەش، سەوزەڵانێکی فراوانە کە لەبارە بۆ کشتوکاڵ و لەوەڕ، و جوتیارەکان میوە و گەنمەشامی و گوێز و توتنی تیا ئەڕوێنن.
  2. دۆڵەکانی ڕۆژئاوای باکوور؛ ئەمەش دۆڵی ڕووبارەکان ئەگرێتەوە، کە بە فراوانی و بەپیتی جیادەکرێنەوە، درێژدەبێتەوە بە کەنارەکانی دەریای ئیجەدا، و ئەم ناوچەیە جۆ و گەنمەشامی و زەیتون و توتن و گەنم بەرھەم دەھێنێت، و دەستکەوتی ئەم ناوچەیە بە ئەندازەی دەستکەوتی ھەموو ھەرێمەکانی ترە.
  3. دەشتاییەکانی باشوور؛ ھێڵێکی تەسکە لەسەر کەناری دەریای ناوەڕاست، و خۆڵەکەی بەپیتی جیادەکرێتەوە، بەرھەمی ھەمەجۆری ھەیە وەک دانەوێڵە و لۆکە و زەیتون.
  4. بانی ڕۆژئاوای باشوور؛ لە چەند بان و دۆڵی ڕووباری جیاواز پێک دێت، لە ناوچەکانی ناوەڕاستی دەشتی ئەنادۆڵەوە درێژدەبێتەوە، بارانی زۆر کەمە، و جۆ و گەنم ئەچێنرێت لە دۆڵەکاندا.
  5. دەشتاییەکانی ڕۆژھەڵات؛ ناوچەیەکی بێ پیت و شاخی بەرزی تیایە، ئەم ناوچەیە سنووری ھەرێمی دەشتاییەکانی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە تا سنووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا، و شاخی ئارارات ئەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە کەبەرزترین لوتکەی تورکیایە.
  6. بەرزاییەکانی شاخەکانی باکوور؛ ھەروەھا پێی ئەوترێت ھەرێمی شاخەکانی بونت، ئەکەوێتە نێوان دەشتاییەکانی باکوور و بانەکانی ئەنادۆڵ.
  7. بەرزاییەکانی شاخەکانی باشوور؛ زنجیرە شاخەکانی تراقیا و ھەندێک زنجیرە شاخی بچوکی تر ئەگرێتەوە کە ئەکەونە لای باشووری بانی ئەنادۆڵەوە.
  8. نزماییەکانی نێوان دوو رووبار؛ دەشتی بە پیتن، دۆڵی ڕێڕەوی ڕووبارەکان ئەگرێتەوە، ئەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژھەڵاتی بانی ئەنادۆڵەوە، دانەوێڵە و میوە لەم ناوچەیەدا ئەچێنرێت لەبەر بە پیتی خاکەکەی.

کەش و ھەوا

کەش وھەوای تورکیا لە ھەرێمێکەوە بۆ ھەرێمێکی تر زۆر جیاوازە، لە ناوچەکانی تراقیا و کەنارەکانی ئەکەونە باشوور و ڕۆژئاوای بانی ئەنادۆڵەوە، زستان ھاوسەنگ و باراناوییە و ھاوینیان زۆر گەرم و وشکە، پلەکانی گەرما لە ھاویندا دەگاتە ٣٢ پلەی سەدی لە کەنارەکانی دەریای ئێژەدا، بەڵام لە کەنارەکانی دەریای ڕەشدا ھاوین کەمتر گەرمە، و تێکڕای پلەی گەرما ٢٢ پلەی سەدییە.

تێکڕای باران بارینی ساڵانە لە ناوچە کەنارییەکانی ھەریەک لە دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاست لە نێوان ٥٠-٧٥سم، بەڵام ئەو ھەرێمانەی ئەکەونە سەر دەریای ڕەش تێکڕای باران بارینییان ئەگاتە ٢٥٠سم لە ساڵێکدا.

وەرزی ھاوین ھاوسەنگە لە باکووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا لە کاتێکدا زستانی زۆر سەخت و ساردە، پلەی گەرما دەگاتە ٤٠ پلە لە ژێر سفرەوە، بەڵام باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا و بەشەکانی ناوخۆی بەرزاییەکانی ئەنادۆڵ زستانیان زۆر ساردە لەگڵ ھەڵکردنی زریانی بەفری زۆر توند، وەرزی ھاوینیان گەرما و وشکە لەگەڵ بوونی ڕەشەبادا.

دیمۆگرافیا

گرووپە ڕەگەزییەکان لە تورکیادا (٢٠٠٨)[٣]
گرووپە ڕەگەزییەکان ڕێژە
تورک
  
٧٦٫٠٪
کورد
  
١٥٫٧٪
ئەوانی تر
  
٨٫٣٪

ژمارەی دانیشتوانی تورکیا ئەگاتە نزیکەی ٧٢ ملیۆن کەس بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٨ز، و لە تورکیادا دەیان نەژادی جیاواز ئەژین کە هۆکاری ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی کە ناوچەیەکی فراوانی ئەگرتەوە لە ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقادا، و حوکمی چەندین نەتەوەی کردووە، ئاماری فەڕمی نیە بۆ ژمارەی دانیشتوان بە پێی نەژاد، لەبەر ئەوەی حوکمەتی تورکیا بە چاوپۆشی لە نەژادیان، تورکیا بە وڵاتی تورک هەژمار ئەکات، کە ئەمەش ڕەت ئەکرێتەوە لە لایەن نەژادەکانی‌ترەوە بەتایبەتی کورد. بە پێی خەمڵاندن لەم بوارەدا، تورکەکان زۆرترین دانیشتوانی تورکیا ئەگرنەوە کە ئەگەنە %٧٦، پاشان کوردەکان بە ڕێژەی (%١٦) و دواتر زازا (کە هەر کوردن بەڵام بە دیالێکتێکی جیاواز ئەدوێن) و ڕێژەیان %٢، و ڕێژەی عەرەب %١ وجەرکەس %٠،٥ و جۆرجی %٠.٥ و چەند کەمایەتیەکی تر هەن وەک ئەرمەن و یۆنانی و ئاشوری و کلدان و بەنتی و بۆسنەیی و ئەلبانی و چیچانی بولگار و لازی و ئەوانیتر. و کەمایەتیە قەڕمی و تەتەری و ئەزەری و غاغازی و ئۆزبەگی و و قیرغیزی و تورکمانی و کازاخی بە کەمایەتی تورکی هەژمار ئەکرێن.

کۆچ نشین

چەندین کۆمەڵی کۆچکردووی گەورەی تورکی هەیە لە دەرەوەی تورکیادا و زۆربەیان لە وڵاتەکانی یەکێتیی ئەوروپادا کۆدەبنەوە، بۆ نموونە گەورەترین کۆمەڵگەی کۆچ نشینی تورکیا لە ئەڵمانیایە، کە ژمارەیان ئەگاتە نزیکەی ٤ ملیۆن کەس، هەروەک چەن کۆمەڵێکی کۆچکردووی تورکی گەورە هەن لە وڵاتە یەکگرتووەکان و کەنەدا و ئوسترالیا.

ئاستی تەمەن

ئاستی تەمەن لە تورکیادا (2000)
0—46,033,346
پیاوانئافرەتان
5—96,449,363


10—146,615,428


15—196,693,554


20—246,390,252


25—295,845,812


30—345,450,131


35—394,759,742


40—443,899,599


45—493,210,416


50—542,453,379


55—592,062,228


60—641,872,635


65—691,513,508


70—741,098,952


75—79720,935


80+597,397


زمان

زمانی فەڕمی، زماتی تورکییە، کە %٧٧ دانیشتوانی وڵاتەکە پێی ئەدوێن[ژێدەر پێویستە]، و زمانی کوردی لە %٢٠ دانیشتوان پێێ ئەدوێن[ژێدەر پێویستە] و %٢ هێشتا بە زمانی عەرەبی قسە ئەکەن لە نێو ئەو تورکانەی بە ئەسڵ عەرەبن، و زمانەکانی تر زمانی کەمایەتیەکانی تری وڵاتەکەیە، وەک؛ ئارامی و ئەرمەنی و ئەلبانی و جۆرجی و یۆنانی و لازی و چەرکەسی. هەروەها زمانی تورکی چەندین دیالێکتی هەیە، ئەگوڕێت بە پێی ئەو ناوچانەی دەوریان داون، زمانەکانی ئینگلیسی و ئەڵمانی و فەڕەنسی بڵاوە بە تایبەت لە نێو چینە بەرزەکاندا و لە شارە گەورەکاندا و لە ناوچە گەشت وگوزاریەکان، و زمانی ئەڵمانی بڵاوە لە نێو چینی کرێکارەکان ، کە لە ڕۆژانێکدا لە ئەڵمانیا ئیشیان کردووە.

ئایین

ئایینەکان لە تورکیادا
ئایینەکان ڕێژە
ئیسلام
  
٩٩٫٠٪
ئەوانی تر
  
١٫٠٪

زۆربەی دانیشتوانی تورکیا ئیسلامن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا عیلمانیە و ئاینێکی فەڕمی نیە هەروەک دەستوری تورکی باوەڕی بە سەربەستی ئایین و بیروباوەڕ هەیە، بە پێی ئامارەکان %٩٩ تورکیا موسڵمانن، لە نێو ئەمانیشدا (٨٥-٩٠%) لەسەر مەزهەبی سوننەن و (١٠-١٥%) پەیڕەوی شیعە ئەکەن و ژمارەیان ئەگاتە ٧ بۆ ١٠ ملیۆن کەس، و ڕێژەی مەسیحیەت %٠.١ کە زۆربەیان ئەرسەدۆکسین و ڕێژەی یەهودی %٠.٠٤. جێبەجێبوونی عیلمانیەت لە تورکیا لە بیری کەمالیەوە هاتووە کە ئەگەڕێتەوە بۆ کەمال ئەتاتورک، دامەزراوە ئیسلامیەکان و پیاوانی ئاینی ئەبرێن بەڕێوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئاینی کە ساڵی ١٩٢٤ دامەزرا، کە هەڵدەستێت بە پاراستن و بنیاتنانەوەی ٧٥،٠٠٠ مزگەوت لە وڵاتەکەدا، ڕێکخراوە ئاینیەکانی تر بە شێوەیەکی فەڕمی پاڵپشت ناکرێن بەڵام لە بەرامبەردا بەڕێوەبردنی خۆیی و ئازادی ئیشکردنیان هەیە.

سیاسەت

ڕژێمی سیاسی

دەوڵەتی تورکیا ڕژێمێکی سیاسی هەیە کە وەک ڕێکخراوە دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوایە، و بە گشتی دابەش دەبێت بۆ یاسادانان و جێبەجێکردن و تەحقیق کەران، و وڵات ژیانی دیموکراسی بەخۆیەوە بینی دوای جێبەجێکردنی دەستوری ١٩٨٢ دوای چەند ساڵێک لە حوکمی سەربازی، مەجلیسی نەتەوەیی تورکی یان پەرلەمان (Türkiye Büyük Millet Meclisi)مەجلیسی یاسادانان پێک دەهێنێت، مەجلیسەکە پێک هاتووە لە ٥٥٠ نوێنەر، هەر پێنج ساڵ جارێک هەڵئەبژێردرێن ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە، هەموو هاوڵاتیەکی دانیشتووی تورکیا مافی هەڵبژاردنی هەیە لە تەمەنی هەژدە ساڵیەوە، بەرزترین ئاستی سیاسی لە وڵاتدا سەرۆکی دەوڵەتە، کە حەوت ساڵ جارێک لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، ڕێگە نادرێت بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە پێی دەستور، سەرۆکی دەوڵەت سەرۆکی پارتی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردندا ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، تا ببێت بە سەرۆکی حکومەت، پاشان سەرۆکی دەوڵەت هەڵدەسێت بە قبوڵ کردن یان ڕەتکردنەوەی ئەندامەکانی حکومەت، دادگای دەستوری بەرزترین دادگای تورکیایە، دادگا هەڵدەسێت بە چێککردنی مەودای لەیەکچوونی یاسا دەرچووەکانی پەرلەمان لەگەڵ بەندەکانی دەستوردا.

کورتەیەکی مێژوویی

عەبدوڵڵا گول، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ٢٠٠٧وە.

سوپای بەھێزی تورکیا-کە خۆی بە پارێزەری سیستەمی عیلمانی وڵات دەزانێ و رابردوێکی درێژی ھەیە لە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی ئەو وڵاتەدا. بەلام لەم ساڵانەی دواییدا کە ھەوڵەکانی تورکیا بۆ چونە ناو یەکێتیی ئەوروپا چڕتر بونەتەوە ھەبونی سوپا لە ژیانی سڤیلی تورکیا کەمتر بووە و دسەتورەدانەکانیشی لەسیاسەتدا سنوردارتر کراوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە کاتی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ بە قوڵ بونەوەی ململانێی نیوان عسلمانیەکان و پارتی داد و گەشەپێدان کە بە ئیسلامی بوون تۆمەتبار دەکرا، سوپا گومانی خستە سەرحکومەت دەربارەی پابەندنەبونی بە بنەماکانی عەلمانییەت و ھەرەشەشی کرد لەدەست کاروباری سیاسی وەربدات گەر سیستەمی عەلمانی تورکیا بکەوێتە مەترسیی.

لەگەڵ ئەوەشدا پارتی دادوگەشە پێدانی تورکیا کە ئێستا دەسەڵاتی تورکیای بەدەستەوەیە، بەردەوامە لە ململانێکانی لەگەڵ سوپا و توانیویەتی پشتیوانییەکی ناوخۆیی ودەرەکی فراوان دەستەبەر بکات بۆ سنوردار کردنی دەسەلاتی سوپا. حکومەتی تورکیا توانی بۆجاری یەکەم لە مێژووی ولاتەکەیدا کۆمەڵێک ژەنراڵ و ئەفسەری ئێستا و پێشوی سوپای تورکیا بە بیانوی دەستوەردان لە کاروباری حکومەت و ھەوڵدان بۆکودەتا لە چوارچێوەی دۆسییەی ئەرگەنەکۆندا راپێچی دادگا بکات.

چارەنوسی دورگەی قوبرس و کێشەی سنوورەکانی لە دەریای ئێژە لەگەڵ وڵاتی یۆنان وەکوو یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکانی سیاسەتی دەرەوەیی ئەنقەرە وای کردووە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو ولاتەدا ئاڵۆز بێت.

حکومەتی تورکیا ماوەی زباتر لە ٥٤ ساڵە داوای کردووە ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بەلام تاوەکو ئێستا ئەو داواکارییەی پەسندنەکراوە و تەنیا لە ساڵی ١٩٩٩دا حکومەتی ئەردۆگان توانی وڵاتەکەی بکاتە کاندیدی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا. یەکێتیی ئەوروپا داوای ھەندێک چاکسازی بنەڕەتی دەکات لە تورکیا لە بواری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا. سزای لەسێدارەدان لە تورکیا ھەڵگیراوە و ھەنگاوی جیدی بۆ نەھێشتنی ئەشکەنجە ھاوێژراون ھەروھا یاسای سزای وڵاتیش چاکسازی بەسەر ھاتووە. ھەندێک چاکسازی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمایەتیەکان و سیستەمی پەروەردە و بواری راگەیاندن کراون. تورکیا تەنیا ٨% خاکی ولاتەکەی لە ئەوروپادایە. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا زیاتر لە دەیان ساڵە کە ئەندامی ڕێکخراوی ھاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە.

پاڵاوتنی عەبدوڵڵا گول -وەزیری دەرەوەی پێشو- لەلایەن پارتی داد وگەشەپێدانەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری دژایەتی توندی عیلمانیەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.بەڵام لە ئاکام دا پاش چەند مانگ مشتومڕ لە ساڵی ٢٠٠٧ پارلەمانی تورکیا عەبدوڵا گولی وەک سەرۆک کۆمار و شوێنگرەوەی ئەحمەد نەجدەت سەزەر ھەڵبژارد. عەلمانییەکانی تورکیا نیگەران بون لەوەی کە سەرۆک کۆمارێک بچێتە کۆشکی چانقایا کە رابردوویەکی ئیسلامیی ھەیە و خانمەکەیشی کە دەبێتە خانمی یەکەمی تورکیا لەچک بەسەر بێت. لەبەر ئەوە بەرپرسە باڵاکانی سوپا و پارتی گەلی کۆماری لە ئاھەنگی سوێند خواردنی گولدا بەشدار نەبوون. عەبدوڵا گول لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆگان و ھاوبیرەکانی لە ٢٠٠١ دا پارتێکی نوێیان بە ناوی پارتی داد و گەشەپێدان دامەزراند و ھەوڵیان دا لە رابردوی ئیسلامی خۆیان دورکەونەوە. ئەو پارتە پارتێکی سیاسییە و کەسانی لە رەوت و بیرکردنەوەی جیاواز لە دەورەی یەک کۆکردۆتەوە. و لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ دا سەرکەوتنی بەدەست ھێنا و عەبدوڵا گول بوو بە سەرۆک وەزیر. وەرگرتنی ئەو پۆستە لە لایەن گولەوە بە ھۆی ئەوە بو کە ئەوکاتە ئەردۆگان قەدەغەی وەرگرتنی پۆستی سیاسی لەسەر ھەبوو، سەرەتا گول بووە سەرۆک وەزیر تا ئەو کێشەیەی لەسەر ئەردۆگان هەبوو کەوت دوای چەند مانگێک پاشان ئەردۆگان کاروباری سەرۆک وەزیرانی گرتە دەست.

پەڕگە:EU Turkey flag.png
تورکیا بە فەڕمی گفتوگۆی بە ئەندامبوونی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دەست پێکردووە لە ٢٠٠٥دا

سیاسەتی دەرەوە

تورکیا هەوڵی بە ئەندام بوون دەدات لە یەکێتی ئەوروپادا لە دامەزراندنی یەکێتیەکەوە لە ساڵی ١٩٩٣، و بە فەرمی سیفەتی دەوڵەتێکی پاڵێوراوی وەرگرت لە ساڵی ١٩٩٩ و وتووێژی بە ئەندام بوون دەستی پێکرد ساڵی ٢٠٠٤، و ئەم باسە ئەندامەکانی ئێستای یەکێتی ئەوروپای دوو بەشن لەسەری، هەندێکیان پشتگیری دەکەن و ئەوانی تر ڕەتی ئەکەنەوە و ئەڵێن تورکیا وڵاتێکی ئەوروپی نیە و بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیریەوە جیاوازە لە مەرجەکانی بە ئەندامبوون، بەڵام لایەنگرەکانی ئەڵێن؛ کە ئەم بە ئەندامبوونە ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بیرۆکە توند وتیژەکان ئەگرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەک ئو ئاستە ئابوریە باشەی تورکیا هەیەتی سوود بە ئابوری ئەوروپا ئەگەیەنێت، ئەو ئیشە باشانەی لە ئەنجامی ئەم هەوڵەی تورکیا و ئەو مەرجانە یەکێتیەکە بۆی دانابوو کەوتەوە، کەمبوونەوەی کۆنتڕۆڵی سوپا بوو بەسەر سیاسەتی وڵات و گەشەکردنی ئازادیەکان و مافی مرۆڤ و بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستە بە مافی کەمایەتیەکان بە تایبەت کورد، هەروەها تورکیا هەوڵێکی زۆری دا لەم دواییانەدا بۆ چارەسەری کێشەی قوبرس، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٤ دەستی گرتبوو بەسەر بەشی باکوریدا لە ژێر ناوی پاراستنی مافی کەمایەتیە تورکیەکەی ئەوێ.

ڕەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا

پەیوەندی تورکی عەرەبی

لە ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانیەوە و دوای ئەوەی وڵاتە عەرەبیەکان دابەش کران لە نێوان دەوڵەتە ئیستعماریەکان، تورکیا لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیدا لە سەرەتای سەدەی بیستەوە، هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە لەسەر پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا، هەروەها سیاسەتە ئاوی و کشتوکاڵیەکانی تورکیا و بنیاتنانی چەندین بەند لەسەر ڕووباری دیجلە و فوڕات کە گرنگن بۆ ژیانی سوریا و عێراق و هاتنە ناوەوەی سەربازی تورکیا لە باکووری عێراق (کوردستانی عێراق)، بوو بە هۆی زیادبوونی تەنگەژەی سیاسی بە تایبەت لەگەڵ عێراق، هەروەک کێشەی هەرێمی ئەسکەندەرۆنە کە ناکۆک بوون لەسەری لەگەڵ سوریادا و تۆمەتارکردنی سوریا لە لایەن تورکیاوە بەوەی یارمەتی پارتی کرێکارانی کوردستانی ڕاگیراو دەدات لەوەدابوو کە بگاتە ناکۆکی سەربازی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە.

لە دوای ئەوەی پارتە ئیسلامیە میانڕەوەکان حوکمی تورکیایان گرتە دەست لەم ساڵانەی دواییدا، تورکیا هەوڵی باشکردنی پەیوەندیەکانی دا لەگەڵ دراوسێکانیدا بە تایبەت عەرەب، تورکیا دژی سیاسەتی دروستکردنی کۆمەڵگە جێنشینەکانی ئیسرائیل و هەڵمەتە سەربازیەکانیان لە دژی خەڵکی فەلەستین وەستاوە چەندین جار، و لە ساڵانی دواییدا پەیوەندی سوریا و تورکیا پێشکەوتنێکی گەورە و گرنگی بە خۆیەوە بینیوە لە زۆر ڕووەوە، لە سیاسەت و ئابوری و گەشت وگوزارەوە و چەندین ڕێکەوتننامەی گەورە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بەستراوە کە پەیوەنیەکانیان گەیشتۆتە بەرزترین ئاست، و زانکۆی حەلەب لە سوریا دکتۆرای فەخری بەخشی بە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆگان لەبەر هەڵوێستە جوانەکانی بەرامبەر کێشە عەرەبیەکان، بە تایبەت هەڵوێستە جوامێرانەکەی بەرامبەر شەڕی ئیسرائیل لەسەر غەزە و بە هەمان شێوە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەموو وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبیەکان بە تایبەتی بەرو پێش چووە و ئەردۆگان سەرۆک وەزیرانی تورکیا چەندین خەڵات و دکتۆرای فەخری لەلایەن ئەو وڵاتانەوە پی بەخشراوە، هەروەها تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا ڤیزەی لابردووە لە نێوان خۆی و زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکاندا.

دابەشبوونی کارگێڕی

ناوچەکان

تورکیا لە ڕووی کارگێرڕییەوە دابەش دەبێت بۆ حەوت ناوچە، کە ئەمانەی خوارەوەن؛

پارێزگاکانی تورکیا

تورکیا لە ڕووی کارگێریەوە دابەش دەبێت بۆ ٨١ پارێزگا، ئەم لیستەی خوارەوە ١٠ گەورەترین پارێزگاکانی ئەو وڵاتەن؛

لیستی پارێزگاکانی تورکیا
ژمارە ناوی شار ڕووبەرەکەی ژمارەی دانیشتوان
١ ئیستەنبوڵ 5،170 10،018،735
٢ ئەنقەرە 25،615 4،007،860
٣ ئیزمیر 11811 3،370،866
٤ بورسا 11،087 2،125،140
٥ ئادانا 14،256 1،849،478
٦ قۆنیە 40،824 2،192،166
٧ ئانتالیا 20،599 1،719،751
٨ گازی ئانتەپ 7،194 1،285،249
٩ قەیسەری 17،116 1،060،432
١٠ دیاربەکر 15،162 1،362،708


ئابووری

پەڕگە:Lev Ist Tur 1.jpg
ناوچەی لاڤانت لە ئیستەنبوڵ

ناوەندە پیشەسازی و بازرگانیە تورکیەکان چڕ دەبنەوە لە دەوری ناوچەی شاری ئەستەنبوڵ و شارە گەورەکانی تر بەتایبەت لە ڕۆژئاوادا، و جیاوازییەکەی گەورە هەیە لە ئاستی گوزەران و بارودۆخی ئابوری لە نێوان ڕۆژئاوای پیشەسازی و ڕۆژهەڵاتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتەدا، کەرتی کشتوکاڵ بە گەورەترین کەرت دادەنرێت لە ڕووی بەکاربردنی کرێکارەوە کە نزیکەی %٤٠ لە هێزی ئیشکەری وڵاتەکە پێک دەهێنێت، بەڵام نزیکەی %١٢ لە بەرهەمی نەتەوەیی بەرهەم دەهێنێت، کەرتی پیشەسازی نزیکەی %٢٩.٥ بەرهەم ئەهێنێت و کەرتی خزمەتگوزاریەکان %٥٨,٥ بەرهەمی نەتەوەی تورکیا بەرهەم دەهێنێت، لە کەرتی پیشەسازیدا %٢٠.٥ هێزی ئیشکەر ئیش دەکەن و %٣٣,٧ لە کەرتی خزمەتگوزاریدان.

وڵات دووچاری ئەزمەی ئابووری بوویەوە لە ساڵەکانی ١٩٩٤ و ١٩٩٩و ٢٠٠١دا کە بوونە هۆی داڕمانی لیرەی تورکی تا نزمترین ئاستی و لە ساڵی ٢٠٠٥ لیرەی تورکی نوێ جێگەی گرتەوە.

  • گرنگترین پیشەسازییەکانی لە تورکیادا چنین و کەرەستە خواردەمەنیەکان و خواردنەوەکان و کارەباییەکان و ئۆتۆمبێل و کیمیایەکانە.
  • گرنگترین سەروەتە کانزاییەکانی کە لەسەر خاکەکانی تورکیا هەیە؛ خەڵوزی بەردین، خەڵوزی ڕووەکی، ئاسن، قوڕقوشم، مس و زیوە، هەروەها تورکیا بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەم هێنەکانی کرۆم دادەنرێت لە جیهاتدا، و پاشەکەوتێکی نەوتی بچوک هەیە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
دیمەنێکی ئاسۆیی شاری ئیستەنبوڵ
  • لە گرنگترین بە رهەمە کشتوکاڵیەکانی تورکیا؛ لۆکە، چا، زەیتون، ترێ، ترشەمەنیەکان، میوە، سەوزە، گەنم و جۆیە، و تورکیا گەورەترین بەرهەمهێنی بوندقە لە جیهاندا.

گەشت و گوزار لە تورکیادا

گەشت وگوزار یەکێک لە پایە ئابوریەکانی تورکیا پێک دەهێنێت بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا، ئاژانسی هەواڵی تورکی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ژمارەی سەردانکەرە هاتووەکان بۆ تورکیا گەیشتۆتە ٣٠،٩٢٩،١٩٢ کەس لە ساڵی ٢٠٠٨، و داهاتیان بۆ تورکیا بە بڕی ٢١.٩ ملیار دۆلار بووە[٤]، کەنارەکانی باشوری ناوبانگی هەیە بە جوانی سروشتەکەی و کەنارە درێژبووەکانی بە شێوەیەک کە ئەناسرێت بەناوی ڕیفیرای تورکی وەک لێچواندنێک بە ڕیفێرای فەڕەنسی، هاوکات لەگەڵ چەندین ناوچەی گەشت وگوزاری‌تر لە تورکیادا.

پەیوەندییەکان و گواستنەوە

کۆمپانیای پەیوەندیەکانی تورکی (Türk-Telekom) خاوەن و تاکە هەڵسوڕێنەری هێلی پەیوەندییە نۆرماڵەکانە، و چەندین کۆمپانیای تایبەت هەن بۆ بەگەڕخستنی هێڵەکانی مۆبایل لەوانە تورک سێڵ و ئەڤیا (turkcel،aveya.)، و ژمارەی بەشداربووانی هێڵی مۆبایل بە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس ئەخەمڵێنرێت.

گواستنەوە

تورکیا شوێنێکی زۆر هەڵکەوتووی گرنگی هەیە لە نێوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا کە گرنگیەکی گەورە ئەدات بە کەرتی گواستنەوە لە ڕووی ئابوریەوە، گواستنەوە وشکانیەکان بەزۆری لەسەر ڕێگەوبانەکانە بەڵام سکە ئاسنینەکان بەکاردێن بۆ ماوەی دیاریکراو گواستنەوەی شت ومەک، سەرمایەی حکومەت لە کەرتی گواستنەوە و گەیاندن گەیشتۆتە ڕێژەی %٢٧,٣ لە ساڵێکدا کە ئەمەش گرنگی ئەم کەرتە ڕوون ئەکاتەوە، و ڕێژەی %١٤ بەرهەمی گشتی نەتەوەیی دەوڵەت پێک دەهێنێت بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠٠٠.

  • ڕێگەی وشکانی؛ کۆی ڕێگە وشکانیەکان ئەگاتە ٤١٣,٧٢٤کم، لەمەش ١،٨٠٠کم ڕێگەی خێرایە و ٦٢،٠٠٠کم ڕێگەی ئاساییە و ٣٥٠،٠٠٠کم بە رێگە گوندییەکان ناو دەبرێت، گرنگترین ڕێگەی وشکانی ئەوەیە کە ئەستەنبوڵ بە ئەنقەرەوە ئەبەستێت، و ڕێگەی گازی ئانتەپئادانا و ڕێگە کەنارییەکان و ڕێگەی ئیزمیرمانیسایە.
  • شەمەندەفەر؛ درێژە هێڵی سکە ئاسنیەنەکان ئەگاتە ١٠،٥٠٠کم، %٢٠ کارەبایین، و خەتی ئاسنینی خێرا هەیە لە نێوان ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە.
  • فڕۆکەخانەکان؛ هێلی ئاسمانی تورکی، کۆمپانیایەکی فەڕمیە کە موڵکی دەوڵەتە و ساڵی ١٩٣٣ دامەزراوە، و لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێگە درا بە دامەزراندنی کۆمپانیای تایبەت لەم بوارەدا، لەوانە، ئۆنور ئایەر (Onur Air)، ئەتڵەس جەت (Atlasjet) و سەن ئیکسپرێس (SunExpress )، و ٣٨ فڕۆکەخانە هەیە لە تورکیادا، لەوانە چواردەیان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتین و گرنگترینیان فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی نێودەوڵەتیە لە ئەستەنبوڵ، و١٥ ٦ بەندەری دەریایی هەیە لە تورکیا، کە گواستنەوەی شتومەک تیایدا گەیشتۆتە١٠,٤٤٤,٦٦٣ تەن.
  • میناکان؛ گرنگترین میاناکانی وڵاتەکە لە ئەستەنبوڵ و ئیزمیر و ئەدەنەدایە، وهاتوچۆیەکی دەریایی چڕوپڕ هەیە ل نێوان هەردوو بەشی ئاسیایی و ئەوروپی دا و جۆڵەیەکی گرنگی شتومەک هەیە لە نێوان شارە تورکیەکانی سەر دەریای ڕەش و ڕووسیا و ئۆکرانیا و ڕۆمانیا و بولگاریا و لە نێوان شارەکانی سەر دەریای ناوەڕاست و قوبرس و یۆنان.
پەڕگە:Istanbulpanoramicview.jpg
وێنەیەکی ئاسۆیی پردی بۆسفۆرس، لە ئیستەنبوڵ

ڕۆشنبیری

پەڕگە:Turkish folk.jpg
سەمای تورکی

ڕۆشنبیری تورکیا هەمەجۆرە و تێکەڵێکە لە ڕەگەزە تورکیە جیاوازەکانی ئوغوز، ئەنادۆڵ و عوسمانی (کە ئەمە لە خۆیدا بەردەوامی هەریەک لە یۆنانی و ڕۆمانی و ڕۆشنبیرییە ئیسلامییەکان و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی و داب و نەریتەکانە، کە دەستی پێکرد لە بەڕۆژئاوابوونی عوسمانییەکان و ئیمپڕاتۆرییەتەکەیان و بەردەوامە هەتا ئێستا)، کە ئەم تێکەڵبوونەش لە خۆیدا دەرئەنجامی بەیەکگەیشتنی تورکەکان و ڕۆشنبیرییەکەیان بوو لەگەڵ ئەو نەتەوانەی لە کۆچکردنەکەیاندا پێیان گەیشتن لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ ڕۆژئاوا.

هۆکارە مێژووییە هەمەجۆرەکەی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دیاریکردنی پێناسی تورکیای نوێ، ڕۆشنبیری تورکی بەرهەمی هەوڵێکە بۆ بوون بە دەوڵەتێکی نوێی ڕۆژئاوایی لەگەڵ پاراستنی ئاکارە ئیسلامی و مێژوویەکانیان. حکومەت بەردەوام بوو لە سەر چەند بابەتێکی زۆری هونەرە جوانەکان لە سەرەتای کۆماری تورکیەوە، وەک مۆزەخانەکان و شانۆکان و ئۆپێرا و ئەندازەی تەلارسازی.

هونەر و ئەدەب

مۆسیقای تورکی و ئەدەبەکەیان ئاوێتەیەکی گەورە پێک دەهێنێت لە ڕووی کاریگەری ڕۆشنبیرییەکان، کە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی دەوڵەتی عوسمانی و جیهانی ئیسلامییە لەگەڵ ئەورووپادا، ئەمەش یارەمەتی دروستبوونی بەرهەمێکی داوە کە ئاوێتەیەک بێت لە تورکی و ئیسلامی و نەریتە ئەوروپیەکان، هەروەها ئەدەبی تورکی کاریگەری ئەدەبی فارسی و عەرەبی لەسەر بووە لەسەردەمی عوسمانییەکان، بەشی زۆری ئەدەبی تورکی بەو زمانە تورکییە نوسراوە کە لە سەردەمی عوسمانییەکان بەکارهاتووە، و بابەتەکانی پەیوەستن بە ئایین و ژیان، بەڵام ئەدەبی تورکی نوێ بایەخ ئەدات بە شێوەیەکی فراوان بە بیری نەتەوەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مێژووی تورک. و بەپێی لێکۆڵینەوەکان %٧٠ی دانیشتوانی تورکیا هۆگرن بە خوێندنەوە.

یەکێک لە دەروازەکانی تەلاری دۆڵمپاشا لە ئەستەنبوڵ

بیناسازی

گرنگترین ئەو ئیشانەی تورکیا لە بواری هونەردا بە ئەنجامی گەیاندووە لە بواری بیناسازییدایە، ئەو ڕەگەزە تەلارسازیانەی ئێستا لە تورکیادا هەیە، شایەدن لەسەر تێکەڵبونێکی گەورە لە نێوان نەرێتەکاندا بە درێژایی سەدەکان، لەگەڵ بوونی چەندین پاشماوەی بیزەنتی لە شوێنە جیاوازەکانی تورکیا لە هەمانکاتدا چەندین شاکاری تەلارسازی عوسمانی ئەبینرێت، لە ئیستەنبوڵدا کەنیسەی ئایا سۆفیا هەیە، کە نموونەیەکە لە بیناسازی بیزەنتی و لە سەدەی شەشی زایینیدا بنیاتنراوە ئەو کاتانەی تورکیا بەشیک بوو لە ئیمپڕاتۆڕی بیزەنتی، بەڵام لە دوای فەتحی عوسمانییەکان ئەم کەنیسەیە گۆڕا بۆ مزگەوت هەر بە هەمان ناوەوە.


چەندیین مزگەوت بنیاتنراوە لە تورکیا و لە ناو ئەنادۆڵدا لە سەدەی سیانزەی زایینی، و زۆربەی منارەکان بە شێوازی تەلارسازی فارسی و عەربی نەخشێنراون، لە هەمان کاتدا چەندیین بینای جوانی‌تر هەیە کە مێژووی بنیاتنانییان ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی، و مزگەوتی سولەیمانی لە ئیستەنبوڵ بە نموونەیەکی باڵای تەلارسازی و یەکێک لە جوانترین مزگەوتەکانی جیهان دادەنرێت، هەروەها سەدان ساڵە هونەرسازەکانی تورکیا سەرقاڵن بە دروستکردنی ئیشە جیاوازەکانی سیرامیکەوە، لە گرنگترین ناوەندەکانی سیرامیک ناوەندی کوتاهیەیە لە بەرزاییەکانی ئەنادۆڵ، بە هەمان شێوە نەخشە سازی و ئیش چنین جێگەیەکی دیاری هەیە لە نێوانیاندا.


جەژن و پشووە فەڕمیەکان

وەرزش

جەماوەریترین وەرزش لە تورکیادا تۆپی پێیە، و ناودارترین یانەکانیان، گاڵتەسەڕای و فەنەرپاشە و بجیکتاشە، لە ساڵی ٢٠٠٠ گاڵتەسەڕای کاسی یەکێتی ئەوروپی و کاسی سوپەر ئەوروپی بە دەست هێنا، و دوای دوو ساڵ هەڵبژاردەی تورکی سەرکەوت بۆ قۆناغی کۆتایی کاسی جیهانی ساڵی ٢٠٠٢ لە ژاپۆن و کۆریای باشوور، و ساڵی ٢٠٠٨ هەڵبژاردەی نەتەوەیی تورکی گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی لە کاسی ئەوروپادا.

لە وەرزشە سەرەکیەکانی‌تر باسکێتە، هەروەها زۆرانبازی لە سەردەمی عوسمانیەکانەوە وەرزشی باوی تورکیایە و جەماوەرێکی زۆری هەیە، هاوکات بەرزکردنەوەی بەرزایی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی ژنان و پیاواندا لایەنگری هەیە، وەرزشی ئۆتۆمبێل و پێشبڕکێ بە هەمان شێوە لایەنگری خۆیان هەیە.

فێربوون لە تورکیادا

نزیکەی لە %٢٥ تورکیا لە تەمەنی خوێندنی ناچاریدان کە دەست پێدەکات لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە تا تەمەنی هەژدە ساڵی، و لە دوای قۆناغی سەرەتایی ئەچنە قۆناغی ناوەندییەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ، و ڕێژەی نەخوێندەواری لە تورکیادا %٦ لە نێو پیاواندا و %١٨ لە نێو ژناندا لە کۆی ژمارەی دانیشتوان بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٠.

لە تورکیادا ٥٣ زانکۆی حکومی و ٢٤ زانکۆی تایبەتی باوەڕپێکراو هەیە، و نزیکەی ١٦ هەزار خوێندکاری بیانی هەیە کە زۆربەیان لە وڵاتەکانی ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوون بە کاریگەریان بە ڕۆشنبیری تورکی.

لەگەڵ ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی تورکیا موسڵمانن، ڕێگری فەڕمی هەیە لەسەر پۆشینی لەچک لە خوێندنگە و زانکۆ و دامەزراوە فەڕمیەکاندا، ئەم یاسایە جێبەجێکراوە بە درێژبوونەوە بیری کەمالی بانگەوازکاری عیلمانی بۆ ئەوەی خوێندنگە و زانکۆکان بەتاڵ بکاتەوە لە کاریگەری ئاینی ئەگەر تەنها بە ڕووکەشیش بێت، ناڕەزاییەکی توند هەیەیە بۆ ئەم یاسایە لە لایەن دانیشتوانە پارێزگارەکانییەوە لەبەرئەوەی ڕێگە لەو سەربەستیە ئایینیە ئەگرێت کە دەستورەکەیان ڕێگەی پێداوە، وئەم بابەتە چەندین جار مشتومڕی لەسەر کراوە.

وێنە

سەرچاوەکان

ak:Turki