عەبدولڕەحمان قاسملوو: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
No edit summary
ب r2.7.1) (بۆت زیادکردن: no:Dr. Abdul Reham Qasemlo
ھێڵی ٦١: ھێڵی ٦١:
[[ku:Ebdulrehman Qasimlo]]
[[ku:Ebdulrehman Qasimlo]]
[[nl:Abdul Rahman Ghassemlou]]
[[nl:Abdul Rahman Ghassemlou]]
[[no:Dr. Abdul Reham Qasemlo]]

وەک پێداچوونەوەی ‏٠٢:١٥، ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١

پەڕگە:Qasemlou.jpg
دوکتور قاسملوو


عەبدولڕەحمان قاسملوو (١٩٣٠ - ١٩٨٩) زانیاری بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی، خەباتکەر و سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵانی ١٣٥٠ ھەتا ١٣٦٨. لە شاری ورمێ لە دایک بوو و لە شاری ڤییەن تیرۆر کرا. دوکتور قاسملوو کاتێ دەگەڵ چەند ھاوڕێی، ئامادەی وتووێژ سەبارەت بە ئاشتی نێوان کورد و ئێران بوون، لە شاری ڤییەنی وڵاتی ئۆتڕیش، بە دست نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کرا.

سەرەتای ژیان

عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ٢٢ی دیسامبری ساڵی ١٩٣٠، شەو زستان (شەوی یەلدا)ی ساڵی ١٣٠٩ی ھەتاوی دا لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەکی خاوەن مڵکی دەست ڕۆیشتوودا لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی، لەپێشدا لە ورمێ و دواتر لە تاران تەواوکرد. ھێشتا زۆر منداڵ بوو کە لەگەڵ بابەتە سیاسییەکان ئاشنا بووو بیرو باوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشکیدا جووڵا. بۆ خۆی لەم بارەیەوە لە کتێبی چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادیدا پاش باسی سەفەری ٣٠ کەس لە کوردەکان بۆ باکۆ لە سەر بانگھێشتی دەوڵەتی سۆڤیەت، دەنووسێ :

ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی راکێشا بووم. بابم یەکێک لە ئەندامانی ئەو ھەیئەتە بوو. زۆر باشم لە بیرە کە لە باکۆ ھاتەوە چەندین تا قەندی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، تاپڕێکی باشیشی پێ بوو. وادیارە سۆڤیەتییەکان قەند و تفەنگ و شتی دیکەیان بە دیاری دابوو بە ھەموو ئەندامانی ھەیئەت. قەند بە تایبەتی زۆر بە نرخ بوو، چونکە ئەو کاتە لە ئێران زۆر کەم و گران بوو. من ئەو کارەم زۆر پێ سەیر بوو، چونکە لە ماڵی ئێمە براکانم و ئامۆزاکانم کە لە من گەورەتر بوون، باسی ئەوەیان دەکرد کەبابم لەگەڵ چەند کەسی دیکە چوون بۆ باکۆ حەق و ئازادیی کوردان داوا بکەن. بۆیە راست و رەوان لە بابم پرسی: ئەدی مافی کوردان چی لـێ ھات؟"

(چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی، چاپی دووھەم، ١٣٦٧ لاپەری ٦٢ـ ٦١).


سەرەتای خەباتی سیاسی

عەبدولڕەحمان قاسملوو ساڵی ١٣٢٤ تێکۆشانی سیاسی خۆی بە دامەزراندنی یەکێەتی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پی کرد. ساڵی ١٣٢٥، کۆماری کوردستان لە مەھاباد رووخا. بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران. ساڵی ١٣٢٧ بۆ درێژە پێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایتەختی فەڕنسا. گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تەقە کردن لە شای ئێران لە زانکۆی تاران (٢٥ی رێبەندانی ١٣٢٧) کە بوو بە ھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانییەکان لە پاریس پێک ھات کە لەوێدا عەبدولڕەحمان قاسملوو بە درێژی لە دژی شاو رێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکام دا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ حەمە رەزا شا نارد. ئەم کارە بوو بە ھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حکوومەتی فەڕنسا بۆ سەر قاسملوو. لەئەنجامدا ناچار بوو پاریس بە جێبھێڵی و وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانی یەکیەتی نێونەتەوەیی خوێندکاران چوو بۆ پڕاگ پێتەختی چیکوسڵۆڤاکی. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕنسا بوو، بە ھاوکاری چەند خوێندکاری دیکەی کورد، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا یان دامەزراند.

لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکیەتی نێونەتەوەیی خوێندکارانیشدا بەشدار بوو. ساڵی ١٣٣٠ ھەتاوی بە نوێنەرایەتی خوێندکارانی ئێران لە دووھەم کۆبوونەوەی ئەم رێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا، بەشدار بوو. ھەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوە و کۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیھانی لاواندا لە شاری بووداپێست پێتەختی مەجارستان بەشدار بوو.

خەباتی سیاسی

ساڵی ١٣٣١ ھەتاوی لە سەردەمی حکوومەتی میللی دوکتور موسەدیقدا عەبدولڕەحمان قاسملوو پاش ئەوەی لە زانکۆی پڕاگ لیسانسی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەرگرت گەڕایەوە ئێران. ئەو کاتە لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی توودەی ئێراندا یەکیەتی تەشکیلاتی ھەبوو. قاسملوو پاش شەش مانگ تێکۆشان لە تاران ھاتەوە مەھاباد و لەوێ بەرپرسایەتی کاری حیزبی دیموکراتی گرتە ئەستۆ.


پاش کودیتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ناچار بوو بە تەواوی خۆی بشارێتەوە و بە نھێنی لە تاران و لە کوردستان خەریکی کاری حیزبی بێ. لەو ماوەیەدا عەبدولڕەحمان قاسملوو سەرپەرستی رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بە ئەستۆوە بوو کە تەنیا پێنج ژمارەی بە نھێنی لـێ دەرچوو. ھەر لەو ماوەیەش دا بوو کە کۆمیتەیەکی سەرانسەری بۆ کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەرپرسایەتی ئەو پێک ھات.


عەبدولڕەحمان قاسملوو پاش پێنج ساڵ تێکۆشانی سیاسی لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، ساڵی ١٣٣٦ جارێکی دیکە چۆوە چیکوسڵۆڤاکی، ساڵی ١٣٣٧ (١٩٥٨) پاش سەرکەوتنی شۆڕشی عێراق و بووژانەوەی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی عێراق قاسملوو لەگەڵ چەند ئەندامی بەرپرسی دیکەی حیزبی ھەوڵیان دا لە رێگای عێراقەوە رێکخراوەکانی حیزبی زیندوو بکەنەوە. بەڵام بە ھۆی کارشکێنی ھێندێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەو کارەدا سەرنەکەوتن. ساڵی ١٣٣٩ عەبدولڕەحمان قاسملوو بە دەستووری دەوڵەتی عێراق لەو ولاتە دەرکراو گەڕایەوە بۆ پڕاگ.


ساڵی ١٣٤١ (١٩٦٢) قاسملوو لە زانکۆی پڕاگ، دوکتورای زانستی ئابووری وەرگرت و ھەتا ساڵی ١٣٤٩ لە زانکۆی پڕاگ دەرسی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیئۆریی ھەڵدانی ئابووریی گوتەوە. لەو ماوەیەدا دوکتور قاسملوو چەندین کتێب و نامێلکەی لە سەر گیرو گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نووسی کە لە ھەموویان بە ناوبانگتر کتێبی کوردستان و کوردە. ئەم کتێبە لە جێدا بە زمانی چێکی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەکانی ئینگلیزی، سڵۆڤاکی، لەھێستانی، عەرەبی و کوردی و فارسی و ھێندی و چەند بەشیشی بە فەرانسەیی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

دوکتور قاسملوو زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، فەرانسە، ئینگلیزی، چیکی و ڕووسی بە باشی دەزانی و بە زۆر زمانی دیکەش وەک ئەڵمانی و زمانەکانی سڵاو تا ڕادەیەک ئاشنا بوو. ساڵی ١٣٤٩ پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی مارس و رێککەوتنی نێوان رێبەرایەتی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی عێراق و دەوڵەتی ئەو وڵاتە ھەلی تێکۆشانی سیاسی لە کوردستانی ئێران زیاتر بوو. لەو کاتەدا دوکتور قاسملوو لە ئەوڕووپا گەڕایەوەو بە ھاوکاری چەند کەس لە ھەڤاڵانی نیزیکی ئەرکی زیندوو کردنەوەی رێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی بەئەستۆ گرت. لە کۆنفرانسی سێھەمی حیزبدا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٠ گیرا، دوکتور قاسملوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ھەڵبژێردراو لەو کاتەوە لە ھەموو کۆنگرەکانی حیزبی دا وەک سکرتێری گشتی ھەڵ بژێرایەوە. بەم جۆرە بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ لە پلەی یەکەمی بەرپرسایەتیدا کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا بەڕێوەبرد.


تیرۆر

مامۆستای رێبەر دوکتور قاسملوو رۆژی ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩ (٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨) لە کاتێکدا بۆ دۆزینەوەی رێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کورد لە ئێراندا لەگەڵ چەند نوێنەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ڤییەن لە سەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ ھاوڕێیی کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئەوڕووپا، بەدەست بە ناو نوێنەرانی دەوڵەت بۆ وتووێژی ئاشتی، تیرۆر کرا. لەو تیرۆرەدا دوکتور فازل رەسووڵ کوردی عێراقی مامۆستای زانکۆ لە ڤییەنیش تیرۆر کرا.

سەرچاوەکان

لاپەڕەی تایبەت بە دوکتور قاسملوو لە ماڵپەڕی P.D.K.I